هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی ئەخلاق دەکات، ئەوەی کە خۆی نییەتی

Sunday, 04/11/2018, 19:26

7635 بینراوە


ئەگەر چەند ساڵیک بەر لە ئێستا گردى زەرگەتە جێگەى ئومێدى بەشێکى بەرچاو لەخەڵکى کوردستان بوو بەڵام ئێستا کوانویەکى کوژاوەیە و بریسکە وتینى نەماوە و توشى هەرەسێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى وەهابووە سەرەتاى ئاشبەتاڵى گردەکە لە ئاسۆوە دیارە ، گردەکەش بووە بەتەنێکى نامۆ لەشارى سلێمانى دا .
داوا لەخوینەرانى کوردستان پۆست ئەکەم کە بینەرى تەواوى ڤیدیۆیەکە بن بزانن کەبزوتنەوەى گۆران خودى پاریزگارى سلێمانى توشى چ داڕمانێکى ئەخلاقى بون لەسەردەستى کەسێکدا کەخۆى بە مامۆستاى ئەخلاق هەلئەخرێنێت و لەگەڵ هاو ئاوازەکانى کە کەمینەیەکى (١٣) دەنگن لەگەڵ بە شداریدایە لەحکومەت بەنمونەى حەملان و ئەم وەستاى ئەخلاقە ، ئەگەر گۆڕانێکى ویژدان زیندووت لێهەڵکەوت و بپرسیت خێرى ئەم پۆستەى پارێزگارى سلێمانی بۆشارەکە و بۆ گۆڕان چیە بێگومان وەڵامەکەى ئەوەیە کە هیچ خێرێکى نیە ، لە کەلتورى دێرینى سلێمانى دەستەواژەى بێخێر باو بووە و کەسانى وەها هەبووە شایستەى ئەم نازناوەن بەنمونە مچە بێخێر .
 ئێستا هەڤاڵ ئەبوبەکر خۆشى ئەزانێت خۆى و پۆستەکەى هیچ خێرێکى نیە ئەیەوێت بە وشە ڕیزکردن و دەملوسى بەرامبەر بێژەرێکى کەمدرک و کاڵفامى گردەکە پاساوى پوچ و بێبنەما دەهێنیتەوە ، ئاماژە بەچەند نمونەیەک ئەکەم :
 ئەڵێت لەو نۆ مانگە دەستبەکاربونى نۆ هەزار ئیشیکردووە واتە ڕۆژى ٣٣٣ ئیشیکردووە دەوامى ئاسایى ٨ کاتژمێرە واتە لەیەک کاتژمێردا ٤١ ئیشیکردووە ، بەوەش پشتى پارێزگارى واشنتۆن و تۆکیۆى شکاندووە ، یادى بەخێر ئەگەر ڕەحیمە فشە بمایە ئەوا لەداخا سەرى خۆى هەڵدەگرت .
بڕوانینە هەندێک لە ئیشەکانى پارێزگار، کە لە زارى خۆیەوە صیانەى سەیارەى کردووە ، پاداشتى بەکارمەندان داوە ، سەلەى خواردنى بۆ ئاوارەکان دابینکردووە ، نەیهێشتووە خەدەمات بوەستێت. وەزارەتى تەندروستى و تەندروستى سلێمانى شایەتە . 
ئینسان شەرم ئەکات شارێکى وەکو سلێمانى پارێزگارەکەى ئەمە ئاستى خۆى و ئیشەکانى بێت لەکاتێکدا ئەوەى مێژوى پارێزگارەکانى سلێمانى ئاشنا بێت ئەزانێت ئەم شارە چەند پارێزگارى بەشکۆ و خزمەتگوزارى هەبووە کە جێدەستیان پاش نیو سەدە پتر دیارە، نمونەیەک بۆ بیر هێنانەوە عومەر عەلى پارێزگارى سەردەمى پاشایەتى ئامادەیى پیشەسازى سلێمانى دروستکردووە هەتا ئێستا نەوە دواى نەوە پیئەگەیەنێت، پارێزگارەکەى گردەکەى چیا و نماش سەلەى خۆاردن دابینئەکات، چەند خێرخوازێک ئەناسم کارى زۆر قەبەیان بۆ ئاوارە و کەمدەرامەتان کردووە پێیان شەرمە نە باسى بکەن و نە ناویان بهێنرێت .
لەکۆتایى دیدارەکە و لە خولەکى 37 دا لە وەڵامى پرسیارێکدا کە پارێزگار کەوتۆتە بەر ڕەخنەى ئەوەى ئەتەکێتى شکاندووە و لە پێشوازى بەرهەم ساڵح دا ، لە وەڵامدا ئەڵێت : (ئەبێت بەقادرمە سەرکەوم شارەکە شارى منە خاوەنى ئەو شارە ئەو کەسە لە ئاسمانەوە دەهێنێتە سەر ئەرز) پێدەچێت ئەم کابرایە ئەم پۆستە کارتۆنیە قەوارەى ڕاستى خۆى لە بیربردبێتەوە و ئەگەر هەرچى مەکۆ و ڕایەڵەى گۆڕان کۆببیتەوە ئەم مەتەڵە هەڵدەهێنێت!
 لە بەشێکی ترى وتەکانیدا ئەڵێت:
(مامۆستاى ئەعلامم دبلۆماسیەتم خوێندووە ئەتەکێتم خوێندووە وڵاتانم دیوە ئیستقبالى وفودمان دیوە بە گەورەیى فیرى پڵاو خواردن نەبووین دەست بۆ لوتمان نابەین..
 پارێزگارەکەى گردەکەى چیا و نما بەگرژى و بارى دەرونیەکى ئاڵۆزەوە وەڵامى تەلەفیزۆنى حیزبەکەى خۆی ئەداتەوە وەکو ئەوەى کە هەموو ڕایەڵەیەک لەنێوان خۆى و دانیشتوانى گردەکە پسابێت و پێدەچت ئەو ڕەخنە و توانجانە و ئەو نوکتە زۆرانەى، کە ڕۆژانە لە شەقام و فەیسبوک و بەزارى خەڵکەوەیە ئابڕوى تکاندووە، وەها شپرزەی کردووە کە قسەکانى سەروبنیان خڕەیدێت .
ئەم کابرایە لە فڕۆکەخانەى سلێمانى :
 قاچى کۆسرەتى هەڵدەگرت، کۆسرەتێکى کەلتورەکەى شەرى کورد کوژى و نەوت و زەوى دزى و ڕاوڕوت و دەرمانى ئێکسپایەر و کۆمپانیا و قاچاخ و دیل کوشتنە بووە .
ئەم کابرایە لەهەمان فرۆکەخانە :
 هەروەکو کارمەندێکى فرۆکەخانە ، وەکو خانمێکى میواندار (مضیفة) بە قادرمەى فڕۆکەدا سەرکەوت وەکو نۆکەرێکى خەسێنراو لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا هاتە خوارەوە ، ئەگەر بەرهەم واز لە هەموو دزى و هەڵپەرستى و ملشۆرییەکى بهێنین ، بەدەمى خۆى تاریفى خۆیکردووە کە کەسێکى بێحورمەتە ، کەسێک خۆى حورمەتى خۆى نەگرێت بۆ ئەبێت خەڵک حورمەتى بگرێت . بەرهەم خۆبەسەردانى فەرمى نەهاتووە بۆ سلێمانى هەتا پارێزگار پێشوازى لێبکات، کەى ئەتەکێتى پێشوازى ئەوەیە بە قادرمەى فڕۆکەکەدا هەڵبگەڕێیت؟ ئەگەر حکومەتى هاونیشتمانیمان هەبوایە ئەبوایە ئەم پارێزگارەیان بە نوکە شەق لە پۆستەکەى بهێنایەتە خوارەوە، چونکە ئەوە شکاندنى شکۆى پۆستى شارێکە . 
بیهێننە بەرچاوتان ئەگەر مەسعود بارزانى بەفرۆکە لە سلێمانى دابەزێت ئەبێت ئەم هەڤاڵە بکەوێتە چ هەلەکە سەمایەک؟ ئەگەر بۆی بکریت باوەش بەفرۆکەکەدا ئەکات و ئەیهینێتە سەر ئەرز ، پێموایە خۆی ئەکات بە پلەیەکى قادرمەى ژێر قۆنەرەکانى مەسعود! ئەم پیاوە سووکە ئەڵێت بەگەورەییى فێرى پڵاو خواردن نەبووم، ئەپرسم کاتێک کەشکێک (دوکانچەیەک کە بتوانیت بە ئاسانى لاببرێت و بەکۆنکرێت دروست نەکرابێت)ى لەسەرچنار هەبوو پارو (لەفە)ى ئەفرۆشت لە ئێستا شەریفتر نەبوو .
ئەم پارێزگارە خاوەنى پرۆژە و سیکتەرە کە ئەڵێت : (شارەکە شارى منە خاوەنى ئەو شارە ئەو کەسە لە ئاسمانەوە دەهێنێتە سەر ئەرز ) ! وا باشترە ئۆفیسەکەى بباتە فڕۆکەخانە بۆئەوەى هەرچى و چەتە و بیحورمەت و خائین و نەوتدز و دەستو پێوەندەکانیان هەیە مامۆستاى ئەعلام بیانهێنێتە سەر ئەرز. مامۆستا ئەزمونێکى باشى هەیە و ئەتوانێت پۆلێک کادر بۆ گۆران لەو بوارەدا پێبگەیەنێت هەتا ئەگەر ئەندام پەرلەمانەکانیان بە فرۆکەکەى نێچیر بۆ سلێمانى هاتنەوە نەهێڵن هەوا لێیانبدات بەگەرمى بیانهێننەوە سەر ئەرز .
خۆى وبزوتنەوەکەى سەر و بنى زمانیان خەڵکە و پشتیوانى خەڵکە ، بەڵام ئەم خەڵکە کەوتۆتە بەر تیغى زمانە لوسەکەى و ئەڵێت :
(خەڵک نابێت دەرسى ئەخلاق فیرى من بکات ، خۆم مامۆستاى ئەخلاقم )
ئەم مامۆستاى ئەخلاقە وانەیەکى هەڵگرتنى قاچى چەتەیەکى هاندیکاپە وانەیەکی ترى مالۆس ئاسا هەڵگەڕانە بەقادرمەى فڕۆکەدا بۆ دابەزینى بێحورمەتێک ، وانەیەکی ترى قورئان خوێندنە لەسەر گۆڕى تاڵەبانیەکى خیانەت پیشە. ئەمە ئەو وانانەیە کە لەگردى زەرگەتەوە بۆ گۆڕینى سیستەم لەکوردستاندا هێناویەتى ، ئەم ئاکار و ڕەفتارانە دوورن لە پۆستى پارێزگار و ئەتەکێتى وەزیفەکە ، ئەم کابرایە بەمەبەست ئەمانە دەکات و پەیامى دڵسۆزى و ملشۆرییە بۆ یەکێتى و مسۆگەر کردنى مانەوەیەتى لە پۆستەکەیدا پێچەوانەى گۆڕانەکان بەگشتى مامەڵە لەگەڵ دەستى دوودا ناکەن و یەکسەر لە دەرگاى پارتى ئەدەن .
 لە بە شێکی ترى وتەکانیدا باسى پاراستنى کەرامەت ئەکات لەوانە پاراستنى کەرامەتى داعشێک لە زیندانى سوسێ ، سوسێەک دوورەدەست ، خۆ لە بیناى پارێزگاوە گردى زەرگەتەى لێوە دیارە ، بۆ لە ئاست بەرشەقدانى سەباحى عەلى قارەمان نزیک لە گۆڕى نەوشیروان مستەفا ، نقەى لە خۆى بڕیبو بۆ جارێکیش وشەى کەرامەتى نەخستە ڕستەوە؟!
ئەم پاریزگارە بە جەستە و قەوارە و ... یەکێتى یە و لەبەرەى دەستەڵاتدایە، هەڵەوەڕیەکەشى کەوتۆتە خزمەتى جوت بنەماڵە ئەوەتا ئەڵێت :
(بەسەر دوو خۆپیشاندانى گەورەدا هاتووە ئەگەر ئیدارەمان نەدایە وەکو کەرکوک عەفرین شەنگالى لێدەهات).
مەبەستى خۆپیشاندانەکانى سلێمانیە کە شارەکانى هەولێر و دهۆکیشى گرتەوە و خەڵک داواى مافى سەرەتایى خۆی ئەکرد ، باشە خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەر تورکە هەتا سلێمانى بکات بەعەفرین، خەڵکى مافخوراوى سەر شەقامەکان داعشن هەتا سلێمانى بکەن بە شەنگال!؟ ئایا خەڵکى بەشمەینەت و بێموچەى مانگرتوو حەشدى شەعبى و سوپاى عێراقە هەتا سلێمانى بکات بەکەرکوک؟ خۆى و حیزبەکەى ئیدرەیاندا و خۆپیشاندانەکانیان کرد بەخێمەى چا خواردنەوە و خۆنمایش بەردەم دادگاى سلێمانى کە دوور و نزیک پەیوەندى بەو پرسەوە نەبوو ، مەسجێکى پارێزگار بوو بۆ حکومەتەکەى پارتى کە گۆڕان هێشتا لە لنگەفرتێ نەکەوتوە بایى کپکردنى خۆپیشاندانەکان تینى تێدا ماوە .
یەکێتیەکى نزیک لە چەقى بڕیار وتویەتى لەم هەڤال ئەبوبەکرە سوکترمان دەست ناکەوێت ، یەکێتى کەوتۆتە ئەو قەناعەتەى کە کۆنە بەعسیەکى هەڵەوەڕ هیچ زیانێکى نییە و ورتە ورتى گردەکەشى بڕیوە. دانانى خەڵکى سوک و بێشەخسیەت لە پلەو پۆستە گرنگ و هەستیارەکاندا لە کەلتورى بەعسەوە بۆ یەکێتى و پارتى جێماوە هەتا چۆنیان بویت و چیان بوێت ئاوا هەڵیبسوڕێنن ، ئەم کەلتورەش بۆناو گۆڕان پەڕیوەتەوە ، گەلحۆیەک بە وەزیرى دارایى دائەنرێت پیشەکەى دەرگاکردنەوە بووە لەگردەکە و هەتا نەبوو بە وەزیر نەیزانیوە دارایى ماناى چییە، نمونەی تر زۆرە  ( پێشتر لە نوسینەکانمدا ئاماژەم پێکردووە )
لە دواى ڕاپەڕین و دامەزراندنى ئیدارە و وەزارەتەکان هیچ وەزیرێک و بەڕێوەبەرى گشتى و هەستیارەکان بە فلتەرى نەوشیروان مستەفا تێنەپەڕیبێت دانەنراوە، تەنها نمونەیەک بۆ بیرهێنانەوە، کەسێکى سوک و بێشەخسیەت لە ئەوروپاوە ئەهێنێت پۆستى وەزارەتى ئەنفالى پێئەدات، نمونەى گەندەڵترین و دزترین و بێئەخلاقترین کەسە، کێشەى ئەوە بوو چۆن پارەکانى لە لوبنانەوە بۆ ئەڵمانیا بنێرێت، تەلەفون بۆ کەسێک لە ئەڵمانیا ئەکات و ئەڵێت : وەرەوە بۆ کوردستان زۆر خۆشە پارە و ئافرەتى لێیە!، چ ویژدانێکى خەوتووە لە ١٨٢ هەزار ئەنفال کەسێکیان نەبوو بکرێت بە وەزیر کە خۆیان بەشێکن لە نەهامەتى و چەرمەسەریەکان.
زۆر کەس باس لەوە ئەکەن کە ڕەوانشاد وتویەتى کە ئەچنە پۆستەوە قەپ بە قەرسیلەکەدا ئەکەن ، ئەمە کەى پاساوە ئەوەى دەسەڵاتى دانانى هەیە دەسەڵاتى لابردنى هەیە، کەستان بینى لاببرێت بیگومان نەخێر، بۆ؟:
 پاش ڕاپەڕین نەوشیروان مستەفا ڕوو لە ژنێکى بەڕێزى سلێمانى ئەنێت، کە بەشدارى پۆستێکى بەرزى حکومەت بکات، ئەویش بە کاک نەوشیروان ئەڵێت خۆت و مام جەلال بەشدار ئەبن؟  لە وەڵامدا ئەڵێت: چۆن ئیمە خۆمان سوک ئەکەین .
ئەوە تەلیسمى دانانى هەڤاڵ ئەبوبەکرە بە پارێزگار.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە