پارتی و یەکێتی بەدرێژایی مێژوو زیانی گەورەیان لە دۆزی کورد داوە

Saturday, 23/02/2019, 1:34

10432 بینراوە


ئەم دوو هێزە زۆر بەروونی دژایەتی یەکتر دەکەن لە پێناو پشک و بەرژەوەندی و پۆستەکانیان لە عیراق و کوردستان، بۆیە ناگەن بە رێککەوتن لە گەل یەکتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دیاریکردنی سەرۆک کۆماری عیراق وەک نزیکترین ململانێ ی پ.د.ک و ی.ن.ک، بوە هۆی زیاتر بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی عیراق و هێزی کوردستان بەرابەر بە تورکیا و ئێران و عیراق. 
پ.د.ک زانیاری پێش وەختەی هەبو پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ ی.ن.ک یەکلابۆتەوە، ئەی بۆ ئەم بەزمەی دروستکرد؟! بۆچی سازشی بۆ ی.ن.ک نەکرد لە پێناو کورستان وەک هەمیشە بانگەشەی بۆدەکەن کە حیزبێکی نەتەوەیین.
 ئەوەی کە شاراوە نیە ئەم دوو پارتە هەر لەسەرەتای ململانێکانیان لە نێوان بالی مەکتەبی سیاسی و مەلا مستەفای بارزانی تاوەکو ئیمرۆ هەرجارە و بونەتە نۆکەر و کەوا سورەی بەرلەشکری هێزانێکی داگیرکەر بۆ شکاندنی یەکتری، دواجاریش بە زەرەری تەواوی میللەتی کورد کۆتایی هاتوە. هیچ کات ئامادەنەبونە سازش بۆ یەکتر بکەن لەسەر بابەتە نەتەوەیەکان کە بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاوبگرن و نەبنە مایەی لەکەدارکردن و شکاندنی شکۆی میللەتی کورد. 
لە سالانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو تاوەکو ئیمرۆ ئەم دوو پارتە  ئەوەندەی هەولی شکاندن و لەکەدارکردن و لەناوبردن و سرینەوەی یەکتریان داوە گەر ئەوەندە هەولی سەرخستنی دۆزی کوردستانیان دابوایە ئێستا حالی کورد زۆر باشتر دەبوو لە ناوچەکە و دەبوو  بە خاوەن هێزێکی کاریگەر. ئەم دوو پارتە وەک دوو هاوبەش و خاوەن پشک لە کۆمپانیایەک مامەلەیان لەگەل نیشتیمان کردوە  کە هەریەکەیان سالانە چەند دەستکەوت و داهاتی هەیە لەم هەرێمە. 
لەکاتی رزگارکردنی عیراق لە سەدامی دیکتاتۆر سالی 2003 بەپێى پلانێک راستەوخۆ لەلایەن پێنتاگۆنەوە سەرپەرشتى و چاودێرى عیراق دەکرا، (پۆلبریمەر) وەک حاکمى مەدەنى عێراق دەستنیشان کراو لە کتێبەکەیدا لەبارەی عیراق کە بە ووردى باسی دۆزی کورد دەکات لە بەشێکیدا دەڵێت: (کە بەرنامەرێژى جەنگى عیراقمان کرد هیچ شتێک لامان قورس و کۆسپ نەبوو تەنها کوردەکان نەبن واتە گوتمان قورسترین ئەجێندا کە رووبەرووى ببینەوە ئەجێنداى کوردە چونکە دەمانزانى عێراق هەڵدەوەشێتەوەو سوپاى نامێنێت و تارێک دەخرێتەوە کات و کارى پێویست دەبێ، بەلام کوردەکان دەیکەنە ئەمرى واقیع و داواى دەوڵەتى سەربەخۆ دەکەن ئێمەش ناچار دەبین دانى پێدا بنێین. کە هاتین بۆ عێراق پێشوازیم لە هەردوو سەرکردەی دوو پارتەکەی کورد کرد بارزانى و تالەبانى گوتم ئێوە چ داواکاریێکتان هەیە لە عیراقی نوێ یەکسەر داواى سەدا 25 ى بودجەیان کرد و منیش راستەخۆ پەیوەندیم بە پێنتاگۆنەوە کردو گوتم کێشەى کوردم چارەسەرکرد ئەوانیش سەرسامیان پیشانداو باوەریان نەدەکرد گوتم کورد کێشەى پارەو بودجەى هەیە و منیش بۆم کردن بە سەدا 17ەو رازیم کردن)
ئەم دوو پارتە خاوەن میلیشییایە هەمیشە ئامادەبونە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان پەنا بۆ هەموو کارێک ببەن کە تەنانەت نۆکەری بێگانەیان قەبولە بۆ مانەوەیان لە دەسەلات و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان، بۆنمونە دوایین هەولەکانی یەکێتی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەل تورکیا وە رازیکردنی دلی ئۆردوغان ئەوەبوو هەلیکوتایە سەر تەواوی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی لەسنوری سەوز وە دایخستن، تەنانەت سینەما سالمی لە شاری سلێمانی داخست و رێگایان نەدا فیلمی (ساکینە جانسز) نمایش بکرێ. 
بەمانەشەوە نەوەستان دەستیانکرد بە گرتنی ئەندامەکانی تەڤگەری ئازادی کوردستان بەبێ یاسا و بەبەرچاوی هەمو ریکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ! گرتنی تارا حسێن ووتەبێژی تەڤگەری ئازادی کوردستان و هەریەکە لە (شەهێن محمد و حاجی ئازاد) هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی کوردستان لەگەل هاورێکانیان لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی لەلایەن ئاسایشی ی.ن.ک دیکتاتۆریەتی بنەمالەی تالەبانی نوێکردەوە. ئەمانە هەموی لە پیناو بەرژەوەندیەکانی بنەمالەی تالەبانییە بۆ باشترکردنی پەیوەندیاکانیان لەگەل تورکیا و ئاساییکردنەوەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی سلێمانی بەرەو تورکیا کە بەرژەوەندی ملیۆن دۆلارییە بۆ بنەمالە ی تالەبانی. بەهەمان شێوە پارتی لە سنوری زەرد هەلساوە بەگرتنی دەیان چالاکوان و رۆژنامەنوس کە نارەزایەتیان دەربریوە دژ بە دەولەتی دیکتاتۆری تورکیا تا هەنوکەش ئازادی نەکردون.
شارەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق لەلایەن ئەم دوو پارتەوە مامەلەی بازرگانیان پێوەکراوە و خیانەتی گەورەی مێژووییان لێکراوە، جلال تالەبانی سەرۆکی کۆچکردوی ی.ن.ک لەسالی 1988 بۆ بەرژەوەندیەکانی پارتەکەی هەلەبجە دەکاتە مۆلگەی پاسداران و دەبێتە کەوا سورەی بەرلەشکری داگیرکەری ئێران و دەیانهێنێتە خاکی هەرێمی کوردستانی عیراق، دواتر سەدامی دیکتاتۆر ئەم شارە دەکاتە قەسابخانەیەکی گەورەو جینۆسایدی خەلکەکەی دەکات بە درەندەترین شێوە دەبێتە هۆی کوشتنی هەزاران خەلکی سیڤیل و بێتاوان بە چەکی کیمیاوی! لەسالی 1996 ئەمجارەیان مسعود بارزانی بۆ بەرژەوەندیەکانی پارتەکەی دەبێتە کەوا سورەی بەرلەشکری داگیرکەر و هەولێر دەخاتە بە ردەمی سەدامی دیکتاتۆر و دەیکاتە جەهنەم بۆ برا کوردەکانی! 
کەرکووک، کە مستەفا بارزانی پێ ی دەگوت دڵ و جلال تالەبانی پێ دەگوت قودس هەرجارە و دەبێتە مامەلە بازرگانی بۆ لایەکیان،
کەرکووک جارێک لەلایەن پ.د.ک خیانەتی لێدەکرێ جارێک لەلایەن ی.ن.ک. چەندین جار مال وێرانیان بەسەر کەرکووک و خەلکەکەیدا هێناوە لەپێناو بەرژەوەندیە کاتیەکانیان. 
لە 21 مانگی ئۆکتۆبەری سالی 2016 ئەو کارەساتەی بەسەر شاری کەرکووک داهات هەرگیز نابێ لەبیر بکرێ، پلانەکە لەلایان پ.د.ک و تورکیا دارێژرا و بە داعش جێبەجێکرا کە بوە هۆی کوشتنی 99 کەس و برینداربوونی 230 کەس کە زۆربەی قوربانیەکان پۆلیسی شاری کەکووک بوون کەژمارەی پۆلیسە کوژراوەکان گەیشتە 42 پۆلیس. چەکدارانی داعش لە بەرەبەیانی  رۆژێکی هەینی بە چاو ساغی هێزەکانی پارتی لەو سنورە دزەیان کردبوە ناو شار کەرکوک و لە‌گەڕەکەکانی‌ (یەکی‌ حوزەیران و ئەسره و مەفقودین و تسعین‌ و دۆمیز) پەلاماری چەند شوێنێکیان دا و ژمارەیەکیتر لە چەکدارەکان‌ لە (هۆتێلەکانی سنوبەر، مەجیدیە و جیهاد و مزگەوتێکی‌ گەڕەکی‌ دۆمیز) جیگیربوون و بەچەکی‌ قەناس تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیان دەکرد، ئەوکات دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک و هەندێ لە فەرماندە سەربازییەکانی سەر بە ی.ن.ک باسییان لە چۆنیەتی دزەکردنەکە کرد و گوتیان زیاتر لە 100 چەکداری داعش دزەدەکەنە ناو شاری کەرکووک لە دەروازەیەک لە دەروازەکانی کەرکووک و پاشان لە ناو شاریشدا کەسانێک هاوکارییان کردوون.
دواهەمین خیانەتیش لە کەرکووک کە تائێستا بەهۆیەوە خەلکی کەرکووک باج دەدات خیانەتی 16 ئۆکتۆبەری سالی 2017 بوو لەلایەن ی.ن.ک و بەسەرپەرشتی بافێلی کوری جەلال تالەبانی پلانەکە جێبەجێکرا، رێککەوتنەکە وابوو دەبوایە بەبێ هیچ رووبەرووبونەوەیەکی چەکداری کەرکوک تەسلیم بە میلیشیا شیعەکان و هێزەکانی سەر بە ئێران و بەناو هیزی سەربازی عیراق ، کە چی تەنها بۆئەوە ی لە دەزگاکانی راگەیاندن بۆ بەرچاوی گەلی کوردستان بلێن هێزەکانمان شەریانکردوە لەسەر کەرکووک زیاتر لە 60 کورە هەژاریان لە هێزی ی.ن.ک بەکوشتندا لەو شەوە لە پشتی پەردەشەوە لە شەوە سورەکان رێککەوتنەکە کۆتایی پێهاتبوو! لاهوری ئامۆزای بافێل تالەبانی گوتی زیاتر لە 60 پێشمەرگەمان شەهیدبوە و شەرمانکردوە بەلام هێز نابەرابەر بوە و چەکەکانی ئەوان زۆر لە ئەوانەی ئێمە بەهێزتر بونە و شەرێکی نابەرابەرمان ئەنجامداوە!! بەلام چەند رۆژێک دواتر بافێل لەسە کەنالە ناوخۆیەکان و جیهانیەکان دەرکەوتو زۆر بێشەرمانە گووتی بە لێ رێکەوتنمان هەبوە و 38 ئەندامی سەرکردایەتی ی.ن.ک لە کۆی 50 ئەندام ئاگادارن و واژوویانکردوە و بە رێککەوتن هێزەکانمان کشاندۆتەوە و هێزە عیراقیەکان هاتونەتەوە شوێنی خۆیان! ی.ن.ک هەرچی چەکی قورسی هەبوو لە سنوری کەرکوک بەرەو رێگای سلیمانی و هەولێر پاشەکشیان پێکرد لەو شەوەدا.  
رۆژانی ئەم کارەساتە پر لەنەهامەتیە کە ئەم دوو پارتە بەسەر هەرێمی کوردستانی عیراقیان داهێنا بە ریفراندۆمێکی سەقەت و ئەو خیانەتەی 16 ئۆکتۆبەر لە بەرچاوی تەواوی جیهان ئابروی میللەتێکیان لەکەدارکرد، نەتەوەیەکیان بێهیواکرد! گەلی کوردستانیان گەراندەوە بۆ سالانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو! گەورەترین زیانیان بە دۆزی کورد گەیاند لە عیراق و جیهان وەک هەلوەشاندنەوەی شۆرشی ئەیلولی سالی 1974 لە لایەن مەلا مستەفا بارزانی. لەوانەیە چەندین نەوەیتر باجی ئەم هەڵە مێژووییە گەورەیەی ئەم دوو پارتە بدەن لە داهاتوودا!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە