تكای باوكم: تکایه‌ چیتر چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌م موسته‌شار و خۆفرۆشانه‌دا مه‌که‌ن

Wednesday, 10/11/2010, 12:00

1339 بینراوە


بۆ سەرجەم میدیا كوردیەكان (بینراو ، بیسراو، خۆیندراو) تكایە، تكایە! بەڕێزان ھیچیتر چاو پێكەوتن لە گەڵ ئەم مستەشارو خۆفرۆشانە مەكەن، ئەگەر بەمەبستی ڕسوا كردن نەیەت، بەتایبەتی ئەوانەی ناویان لە لیستی تاوان باراندا ھاتووە، حیكمەتی ئەم بانگەوازەی من چیە! بۆچییە؟
یەكەم: گەر ئەمانە تاوانبار نین و تاوانیان نیە! ئەوە دادگا دەبێ بڕیاری پاكی و بێگەردیان بدا، مەرج نیە 100% گەوھەری تەواو بن، بەڵام مەرجە لە لەدادگا بە ڕێژەی 50% دەر بچن ، بۆ ئەوەی میللەت بڕوانامەی كوردبوونیان پێبداتەوە.
دووھەم: من گوومانم ھەیە لەم چاو پێكەوتنە بێسەرەو بەرانەی بەناو ڕۆژنامە نوسەكان و پەیام نیرەكان ئەنجامیان دەدەن. گومانەكەشم ناشارمەوە بۆی ھەیە بە دەعوەتێك ئەم مستشارانە بیان ھەوێ ڕووی خۆیان سپی بكەنەوە.
سێھەم: ئەم چاو پێكەوتنانە دەبێتە ھۆی ئازار و سۆ بۆ خانەوادە بەشەرەفەكان، جا یان خانەوادەی شەھیدانە یان ئەو خانەوادانەن كەوا تا ئێستا دەستیان نە بەخۆینی گەل و نە گیرفانیان لە پارەی گەل پڕ كردوە، لە گەڵ ئەوەی توانایان ھەبووە بەڵام ویژدانی خۆیان بۆ ساتێكیش نەفرۆشتووە ، تائێستاش بەنەبوونی خۆیان و (سەربەرزی و ئازادی بۆگەل ڕازین) بە پەنھانی لە زۆرێك لەو بەناو بەرپرسانە بەرامبەر بە میللەتەكەیان بەرپرسترن.

كاتێك لەم لاو ئەولا دەخۆیندرێتەوه‌ كاكی ئەنفالچی و خۆفرۆش زۆر شانازی بەڕابوردویەوە دەكات ، تائێستاش ھەر ھەمان گەف و فیزی جاران لێدەدات و تۆزی خیانەت بەسەر تێكۆشەراندا بە پتك دادەتەكێنت، بەڕاستی ئەمە
كارەساتە، ئەمە بریندار كردنی ھەستی پێشمه‌رگه‌ و قوربانییه‌کانه‌، ڕاچڵەكاندنی گوڕی ئەو كەسانەیە كە بەسەربەرزی ئەم ژیانەیان جێھشتوە، ئامادە نەبوون بۆ ساتێكیش سازش لەسەر ھەڵویست و بیروڕایان بكەن بەرامبەر بە ئازادی بۆ میللەتەكەیان.

كە سێك بەناوی فەتاح بەگ كە لە كوردستانپۆست چاوپێكەوتنەكەیان بڵاو كردۆتەوە كە گوایە ھەموو عێراقیەك به‌عسی بووە، باوكمی ڕاپەڕاند و شەو ھاتە خەونم گوتی كوڕم ڕووت ڕەش بێت گەر وەڵامی ئەم خۆفرۆشە نەدەیتەوە پێی بڵێ، باوكی من تێكۆشەر بووە به‌عسی نەبووە ھەردەمیش سەری بۆ خیانەت كاران و به‌عس شۆڕ نەكردوە، بە كەمێك پارە نووقمی خیانەت و خۆفرۆشتن نەبووە ،

ئێمە گووتمان میللەتێكی لیبوردەیەن، با نەڵین سادەین ، ھاتین و لە خۆفرۆشەكانمان خۆش بووین، ڕیزمان گرتن و گووتمان با ببنه‌وه‌و به‌ كورد و ئێمەش كوردین، لە خۆین و گۆشتی خۆمانن ، ئەوان كردیان با ئێمە نەیكەین! خوای گەورەش میھرەبان و لیبوردەیە، بەڵام خەریكە پەندە كوردیەكە خۆمان نیشان دەدات (ھەر گوتیان پشیلە گووەكەت بەدەرمان دەشێ) ئەوانەش خەریكە وایان لێدێت، خۆیان لە بیر دەچیتەوە، كاتێك ڕاپەڕین بوو زۆربەیان بە زەبری شمشیر ھاتنە ڕای و ملیان دا، تا پێان كرا خۆینی خەڵكی بێتاوانیان ڕشت، لە چ زەمانێك و لە چ میژوو ێكی میللەتان دا بووە، لە خۆفرۆشەكانیان خۆش ببن، ئەوانە دەبوو بكرێن بە پەندی زەمانە، دەبوا نەوەكانیشیان چاو بەرەو ژێری نەوەی شەھیدەكانمان بن .
ئەگەر بەخۆمان ڕانەگەین و سەرشۆڕو ڕسوایان نەكەین ئەوە نەوەكانیان لە پاشەڕۆژدا داوامان لێدەكەن شەقام و فلكەكان بە ناوی باپییرەكانییانەوە ناو بنرێت، لە قوتابخانەكان ناویان لە ڕیزی شكۆمەندارەكان ریزبەند بكرێن، داوای پاداشت و بودجەی تایبەت لە میللەتەكەمان دەكەن.
بۆیە پێوویستە و ئەركی سەرشانی ڕۆشنبیرانە گوڕێك بخەنە بەر خۆیان و ڕاپەڕینێكی تازە بۆ ڕسوا كردنی ئەم خۆفروشانە سازبكەن، بۆ ئەوەی بەنەوەی دوای ڕاپەڕنیان بناسێنن سەرشۆڕ و ڕسوای ناو گەل خانەوادەكەی خۆیان بكەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە