وێنەی من!

Sunday, 08/04/2012, 12:00

1777 بینراوە








ئەو كاتەی ھەواڵی بیستنی بڕیاری سەرۆكی ھەرێمم بیست، گوایە بڕیاری داوە وێنەكانی سەرۆك ، لە خاڵە پشكنینەكان قەدەغە بكرێ، منیش زۆر شادمان بووم و فرێمسك بە كوڵمەمدا بۆ سەر لاجانگم قەتارەی بەست.
كوڕە 10 ساڵانیەكەم، كە چەند مەترێك لەو لامەوە دانیشت بوو، زۆر بەسەر سامیەوە پەڕییە سەر سەرم و پرسی: دوو دوو! ئەوە بۆ چی دەگری؟ ئەم دوو دووەش چیرۆكی خۆی ھەیە؛ ئەگەر خوا یار بوو بۆتانی باس دەكەم، منیش یەكسەری وەڵامم دایەوە گوتم حەیاتی بابەی لە خۆشیان دەگریم ، زۆر سەر سەرسام بوو! بۆ؟ - منیش بۆم ڕوون كردەوە كە یەكێك لە سەركردەكانی كورد، بڕیاری داوە وێنەكانی چیتر لە شۆێنە گشتیەكان ھەڵنەواسرێ، - بۆ ئەوانیش وێنەیان وەك تۆ زۆرە؟ ھاھا.. من لە بەر خۆمەوە خەریك بووم بتەقمەوە ئەوەندە پێكەنین لە ناخمدا پەنگی خوارد بۆوە، لە گەڵ خۆشم دوام و بەخۆمم وت - ئاخر كەی وێنەی من لەم ماڵە چۆتە دەرەوە، بۆیە پرسیم كوا وێنەی من ئەوەندە زۆرە؟ - بەی چۆن لە ژووری دانیشتن ھەیە، لە ژوری نوستنەكەی من ھەیە، لە سەر فەیس بووكیش ھەردەم كراوەیە و بەرامبەرم دانیشتووی ، ،،، ھتد ، كاتێ تەواو بوو، ئیستێكم كرد ، زانیم ڕەزام گران بووە و ئاگام لێنیە، بۆیە بڕیارم دا لە ماڵەوە وێنەكانم گشتی لابەرم و تەنھا ئەوەی سەر پەڕەی وێبەكەم بھێڵمەوە، بۆ خۆشم بەخۆمم وت ‎: باشە ئەمە كوڕی خۆمە، لە خۆێن و گۆشتی خۆمە، وێنەكانم وا ھەراسانی كرد بێ ، ئەی ئەبێ بابایەكی نەدیتە بێتە ماڵەكەمەوە چەندە توڕە و تەنگاو ببێ بە بینینی ئەم ھەمو وێنانە، ئاخۆ چەند كەس بە دەبەنگی ناو بردبم و نەم زانیبێ، كاتێ بە شانازیەوە وێنەكانی خۆمم لەم سەری مێزی ژوری دانیشتنەكە بۆ ئەو سەری مێز ڕیز دەكردن. ئمممم!
بۆیە دەڵێم سەرۆك دەستت خۆش، ھەرچەند درەنگە، بەڵام ئەنجامدانی ئەم كارە ھەر زووە! ھەر چۆنێك بێ دەرگایەك دەكەیتەوە بۆ دوا ڕۆژ. بریا ئەوانەی سەرجادەكانیشتان بەدەستی خۆتان دەھێنا خوارەوە، لە فەرمانگەكانیش چیتر نەدەمان، واتان كردبا خەڵكی بەدوای وێنەكانتان دا عەوداڵ بان بۆ ئەوەی بە دەمبۆزێك لەسەر سینگی خۆیان قایم كردبا.
ھەوڵیشتان بۆ ئەوە با، وێنەتان لەسەر دڵی گەل چاپ بكەن، نەك لەسەر كاغەزێك و خەڵكی چاویان لێوەرگێرن، كە بەبەردەمیا گوزەر دەكەن، من ئەو بیرەوریەم ھەیە ، كۆ چۆن وێنەی تۆمان لەساڵانی 1985 كاندا لە ماڵی خۆمان بە نھێنی وەك دڵ و چاوی خۆمان ئەمان پاراست ، كاتێ كەس دیار نەبا ، باوكم ئەی ھێنا خوارەوە و بە ئاگادار كردنەوەوە كە لای كەس باسی نەكەین ، نیشانی دەداین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە