دەسەڵات 17ى شوباتى بۆ قوت نادرێت

Sunday, 19/02/2012, 12:00

1333 بینراوە



 

17ى شوبات چیە ؟ ئەگەر لە هەركوردێكى خاون ویژان بپرسیت پێت دەڵێت 17ى شوبات ئەو ڕۆژەیە كە دەسەڵاتى كوردى وەكو پیشەى هەمیشەى دەستى چووە خوێنى كوڕو كچى ئەم ووڵاتە تەنها لە بەر ئەوەى داواى ئازادیان دەكرد ئێستاش دواى تێپەڕبوونى ساڵێك بەسەر ئەو كارەساتە دڵتەزێنە جارێكى تر دەسەڵات تامەزرۆى مژینى خوێنى ئەم گەنجانەیە بەشێوەیەك هەموو كوچەو كۆڵانێكى ئەم نیشتیمانە بریندارەى كردوە بە جەندرمەو پازدار ناتوانم بڵێم پێشمەرگە چونكە ووشەى پێشمەرگە زۆر لەوە پیرۆز تر و گەورە ترە كە ئەمڕۆ دەسەڵات بەكاریان دەهێنێت بۆ شەهید كردنى كەس و كار و هاونیشتیمانیانى خۆیان
زۆربەى هەرەزۆرى ئەو شۆرشانەى كە لە جیهاندا بەرپابووە ئامانجەكانیان جیاواز بووە بەڵام خاڵیك هەموویان بەیەكەوە دەبەستێتەوە ئەویش ئازادیە یەكەم شۆرش كە لەساڵى 1689 لە ئنگلتەرا دەستى پێكر تا شۆرشەكانى ووڵاتانى عەرەبى و شۆرشى 17ى شوباتى خۆمان كە تائێستاش بەردەوامە خاڵى یەكەمى بەدیهێنان و فەراهەم كردنى ئازادییە بۆ هەموو تاكێك هەر ئەم خاڵەشە كە دەسەڵاتى كوردى خستۆتە ترسەوە و پێى وایە كە ئازادى كۆتایى هێنانە بە دەسەڵاتەكەیان كەهەرواش دەبێت چونكە دەیانەوێت خەڵك بەندەى ئەوان بێت بە بەڵى و نەخێرى ئەوان بجوڵێتەوە و كڕنوشیان بۆ بەرێ و لێیان بپاڕێتەوە تاوەكو لە دەزگایەك دایبمەزرێنن چاك دەزانن كە خۆرى ئازادى هەڵهات ئیتر ئەوان چاوەكانیان هیچ نابینێت چونكە هەموو تەمەنیان لە تاریكى و ستەم بەسەر بردووە
ئیمامى عەڵى رەحمەتى خواى لێبێت لەووتە جوانەكانیدا دەڵێت ((مەبە بەبەندەى هیچ كەسێك لەكاتێكدا خواى گەورە ئازادى كردوى)) لە ووتەیەكى دیكەدا دەفەرمێت ((ئەى خەڵكینە خواى گەورە ئادەمى بەندەیى و كەنیزیى دروست نەكردوە, وەهەموو خەڵكى ئازادە))
گیڤارا دەڵێت ((ئەوەى كە مرۆڤ ئازاردەدات ئەوەیە كەبەدەستى كەسێك بكوژێت لە كاتێكدا ئەو لە پێناوى بكوژەكەدا خۆى بەكوشت دەدات)) ئەم ووتەیە ئەمرۆ لەكوردستانى ئێمە دەقاو دەقە كاتێك ڕێژوان دێتە سەرشەقام كاتێك سوركێو خوێنى خۆى فیدا دەكات كاتێك ئەوانى تر ڕۆحى خۆیان دەبەخشن تەنها لەبەر ئەوەیە كە ئەم ووڵاتە سنورێكى هەبێت و ئاڵایەكى هەبێت ئازادى وەكو شنەبایەك بۆن و بەرامى بەرام بەهەموو ماڵێكدا بكات و گەندەڵچیەكان لە دەنگى بەهێزى چاكسازى هەڵبێن ئەمە داواى هەندێك لە حیزبەكانى دەسەڵاتیشە بەڕواڵەت نەك لەسەر ئەزى واقیع بیانەوێت ئەم داوایانە پراكتیزە بكەن
ئەوەى ئێمە ئازاردەدات ئەوەیە كە سوركێو و رێژوان و گەرمیان و هەردى و هەموو هاوڕێ سەربەرزەكانى دیكەمان گیانى خۆیان بەقوربانى ئەم نیشتیمانە كرد لە پێناوى هاونیشتیمانیانى خۆیان كە بكوژەكانیشیان دەگرێتەوە چونكە بەهەمان شێوە ئەوانیش هاونیشتیمانى ئەو شەهیدانەن هەموو هاو نیشتیمانیەكیش كە خاكێك كۆیان دەكاتەوە چەندین بەرژەوەندى هاوبەش پێكەوە دەیان بەستێتەوە بەڵام ئەو بكوژانە هەست بەمە ناكە واوان وا فێركراون ئەوەى كڕنوشیان بۆبەرێت ئەوە دڵسۆزیانە پەپێچەوانەوە هەموو خەڵكى دووژمنى ئەوانن .
لەئێستاشدا دواى تێپەر بوونى چەند ڕۆژێك بەسەر یادى 17ى شوبات كەدەسەڵات هەموو كون و كەلەبەرێكى كردووە بە سەرباز ئەگەرچى خەڵكى لە چەند شارێك جموجوڵیان كردوو ڕژانە سەر شەقام بەڵام دەسەڵات دەیەوێت ئاهەنگ بكێرێت كە سەركەوتوو بوو لەوەى ڕێگەى نەدا هاوڕێكانى ڕێژوان یادى ڕێژوان بكەنەوە بەڵام بێئاگایە لەوەى كە توڕەیى خەڵكى تەنها لە 17ى شوباتدا نیە بەڵكو ئیتر لە 17ى شوبات بەدواوە هەموو ڕۆژێكمان 17ى شوباتە توڕەیى خەڵكى پەنگى خواردۆتەوە دڵنیابن لەماوەیەكى كوتدا وەكو بۆمبێك پێتان دەتەقێتەوە و تەخت و تەلارى دەسەڵاتەكەتان تەخشان و پەخشان دەكات دڵتان بەوە خۆش نەبێت ئۆپۆزسیۆن بەرنامەى خۆپیشاندانى نیە بەهەمان شێوە ئۆپۆزسیۆن بەرنامەى نیە بۆ ساردكردنەوەى خەڵكى لە خۆپیشاندان دڵنیابن زۆریش دڵنیا ئەمساڵ توڕەیى خەڵكى بەهارى كوردیتان پێدەناسێنێت .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە