ئەوە دڵسۆزى نەبوو!

Saturday, 26/12/2009, 12:00

1543 بینراوە


زۆر گەشبین بووم بەوەى كەئەو برادەرانەى بەناوى پسپۆڕ و شارەزا زۆرترین قسە لەسەر دۆسیەى كورد لەباكوور دەكەن بەتەواوەتى گەیشتونەتە قەناعەت لەوەى كێ خاوەن ماڵە و هەق بەدەستى كێیە پێویستە چى بكرێت لەتوركیا بۆ ئەوەى كێشەى كورد چارەسەربكرێت وەلێ مخابن بەهەڵەداچووم چونكە هاتنى وەفدى پەرلەمانى توركیا ئەو قەناعەتەى بۆ دروست كردم كەئێمە كەسێكمان نیە بەتەواوى پسپۆڕى هەبێت لەكێشەى كورد لەباكوور و چۆنیەتى سەرهەڵدانى ئەم كێشەیە مێژووى چەوساندنەوەى كورد بەدرێژایى هەشتا و حەوت ساڵى ڕابردوو ئێستاشى لەگەڵدابێت كورد چۆن خەباتى كردووە ئیمڕۆ پارتەكەى ئەردۆگان بەچەند هەنگاوێكى بچوك و ڕۆتینى بۆتە جێى سەرنجى ئەم بەڕێزانەى بەناوى پسپۆڕ و شارەزای دۆسیەى توركیا قسە دەكەن پێیان وایە ئەم ئەردۆگانە نیەتى ئەوەندە پاكە و دەیەوێت كێشەى كورد چارەسەربكات و پسپۆڕانى ئێمە لەدۆسیەى كوردى باكور دەگەنە ئەو باوەڕەى خەباتى گەلەكەیان لەباكوور بەبێ بایەخ وەسف بكەن زۆرجاریش بێویژدانى گەورە بەبەرامبەر ئەو كەسانە دەكەن كەهەمیشە مەرگ و زیندان نزیكترین هاوڕێیانن پسپۆڕانى بەڕێز ئەوە لاى هیچ كەسێكتان شاراوە نیە كەپارتى كرێكارانى كوردستان گەورەترین و بەهێزترین پارتى كوردیە لەباكوور بەلام خۆشتان ئەوە دەزانن پەكەكە خەباتى كردو دەتەپە هاتە سەر حازرى دەتەپە داخرا یەكێكى تر دێت ئەى ئەگەر پەكەكە نەبوایە ئەم پارتانە دەیانتوانى بەمشێوەیە خەبات بكەن و بچنە ناو پەرلەمانى توركیاوە ئەگەر پەكەكە نەبوایە دەتەپە دەیتوانى 100 شارەوانى بەدەست بهێنێت برادەرانى پسپۆڕ هەر ئێوەبوون لەداخستنى دەتەپەش پارتەكەى ئەردۆگانتان بێبەرى كرد و شتێكى ئەوتۆم لێتان نەبیستكەپێى سەرسام ببم بۆیە پێویستە زیاتر مێژووى خوێناوى براكانتان لەباكوور بخوێننەوە و جارجارەش سەیرى دیمانەكانى موراد قەرەیلان و جەمیل بایك بكەن بۆ ئەوەى وەڵامى ئەو پرسیارانە بدەنەوە كەڕووبەڕووتان دەكرێتەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە ئینجا قسەى لەسەربكەن ئەوەى من سەیرم پێى دێت ئەوەیە كەئێوە دەڵێن دەتەپە ئیرادەى ئەوەى نەبوو ببێتە بەشێك لەچارەسەرى ئەو قسەیەش وەڵامەكەى ئاسانە بۆیە دەڵێم هیچتان دیمانەكەى موراد قەرەیلان تان نەخوێندۆتەوە كەلەگەڵ حسن جەمالى ڕۆژنامەنوسى تورك سازكرابوو قەرەیلان باسى لەوە كرد ئەگەر تورك كەناتوانێت لەگەڵ ئێمە دانیشتن بكات ئەوا دەتوانێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان دانیشتن بكات ئەگەر لەگەڵ ئەویش ناتوانێت ئەوا دەتوانێت لەگەڵ ئیرادەى هەڵبژێردراوى گەلى كورد دانیشتن بكات ئایا ئەم قسەیە هى منداڵێكە كەدواتر بڵێت من قسەى وام نەكردووە یان هى بەرپرسانى كلاسیكیە بڵێت من وام نەوتووە بەڵكو والێكدراوەتەوە نا نەخێر ئەوە قسەى موراد قەرەیلان كەسى یەكەمى پارتى كرێكارانى كوردستان تائێستاش قەرەیلان خاوەنى قسەكەى خۆیەتى پەشیمان نەبۆتەوە ئایا ئەمە بێئیرادەیى كێ نیشان دەدات هى تورك یا هى دەتەپە ئەوەى من مەبەستمە هەواڵى میدیاكانى توركیابوو لەبارەى هاتنى وەفدى كوردى لەپەرلەمانى توركیا بۆ هەرێمى كوردستان بەڵام بەئەرێنى نا بەڵكو بەشێوەیەكى نێگەتیڤ لەم نێوەندەشدا خۆمان دەست پێشخەریمان كرد بەندە ئامادەى دانیشتنەكەى هۆتێل چوارچرا نەبوو لەگەڵ پەرلەمانتارانى كورد بەڵام كاسێتە ڤیدیۆیەكەم بینى كەبەچ شێوەیەك پرسیاریان لێدەكرێت بیانوو دەدرێتە میدیاكانى تورك بۆ ئەوەى هەلەكە بقۆزێتەوە و بەئارەزووى خۆى ڕوماڵى دانشتنەكەى چوارچرا بكات ئێوەش ناچاربكات بەوەى بڵێن ئەوەى بڵاوكراوەتەوە قسەى ئێمە نیە بەندە لەگەڵ ئەوەدایە كەڕەخنەیان لێبگیرێت و پێشنیاریان بۆ بكرێت چونكە پەرلەمانتارانى كوردیش لەباكوور بێ كەم و كورتى نین بەڵام ئەوەى ئێوەى بەڕێز كردتان لەوانەیە بەدڵى خۆتان لەدڵسۆزیتانەوە بێت بەڵام نا ئەوەى ئێوە كردتان دڵسۆزى نەبوو چونكە دڵى برا و خوشكە میوانەكانتان برینداركرد لەكاتێكدا ئێوە پێویست بوو هانیان بدەن بەوەى بەردەوام بن لەسەر خەبات و تێكۆشان میوانەكانتان تازە پارتیان داخراوە و زۆربەى هەڤاڵە دڵسۆزەكانیان سیاسەتیان لێ قەدەغەكراوە و بەشێكى تریشیان ماوەیەكى درێژە لەزینداندان بۆیە ئەگەر لێم زیز نەبن من دەڵێم ئەوەى ئێوە كردتان دڵسۆزى نەبوو....
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە