قایمقام، یان سندوقە ڕەشەكەى هێڵى پان و گەندەڵستان

Sunday, 15/04/2012, 12:00

1291 بینراوە






ئاشكرابونى گەندەڵىو دزىو بەرتیلخۆرییەكانى قایمقامى سلێمانىو پاشان بڵاوبونەوەى دەنگۆى تێوەگلانى كۆمەڵێك كاربەدەستى یەكێتى لەو دۆزەدا و پاشان دەستگیركردنى قایمقام و دورخستنەوەى لەبەرچاوانو ئنجا پاكتاوكردنى، كەوتنە خوارەوەى فڕۆكەى پان گەندەڵستان بوو لەسەر ئاسمانى ئەو ئیدارە جوانەى كە یەكێتى ئیدارەى سلێمانى دەكات. هەموو بەرپرسانى یەكێتى سەرنشینى فڕۆكەكە بوونو قایمقامیش سندوقە ڕەشەكەى بوو. ئەگەر سەبارەت بەفڕۆكەى ئاسایى دۆزینەوەى سندوقى ڕەش پێویست بێت بۆ زانینى هۆكارى كەوتنە خوارەوەكەى، ئەوا نەدۆزینەوەو لەناوبردنیشى گرنگە بۆ نەهێشتنى بەڵگە و شوێنەوارى هۆكارى كەوتنە خوارەوەكەى. لە فڕۆكەى ئاساییدا دۆزینەوەى سندوقە ڕەشەكە ژیان ناگەڕێنێتەوە بۆ سەرنشینانى كە تێدا چوون بەڵكو تەنها هەندێك سەرەداومان دەربارەى هۆكارى كەوتنە خوارەوەكەى پێ ئەدات. بەڵام لە كەوتنە خوارەوەى فڕۆكەى پان گەندەڵستانى یەكێتیدا لەناوبردنى سندوقە ڕەشەكە ژیانى بۆ سەرجەم سەرنشینانى فڕۆكەكەى هێڵى ئاسمانى پان گەندەڵستان گەڕاندەوە. حەمدو سەنا بۆ تیرۆر و ئیڕهابى بەرپرسە سۆشیال دیموكراتەكانى یەكێتى.

نەوشیروان مستەفاش خەریكە خووى مام جەلال ئەگرێت!!!!

هەر كات مام جەلال بۆ هەر شوێنێك ئۆغرى كردبێت لەپاش خۆى بەرەكەتو نیعمەتى شەڕ و ئاشوب و ئاژاوەى بەجێهێشتووە. لەڕابوردودا ئەم حاڵەتە بەشێوەیەك دوبارەبۆتەوە كە هەندێك لەخەڵكى لەگەلأ ڕۆیشتنى مامەدا پێشبینى هەڵایسانى دوبەرەكییان كردوەو پێشبینیەكەشیان ڕاست دەرچووە. ئێستا خەڵكى سەرنجى ئەوەیان لا دروست بووە كە لەپاش هەندێك لە ئۆغركردنەكانى نەوشیروان مستەفاى هەڤاڵى دێرین و گیانى بەگیانى مامە ئاژاوەیەك سەرهەڵئەدات. تۆ بڵێى تەوقیتى ئۆغركردنى كاكە نەوەو كوژرانى قایمقام بێ مەڵامەت بێت؟

ئۆپۆزیسیۆنى ناتەندروست!

بەتەنها لە شارە حەیاتەكە و لەساى سەرى بەرپرسانى یەكێتى دنیایەك دۆسێو كەیسو فایلى گەندەڵى بوونى هەیەو پەرەسەندنەكانى ئەم دواییانەى بەشێك لەم مەسەلەیەش پاكتاوكردنى قایمقامى لێكەوتەوە. بەڵام گەلۆ ئێوە دڵنیابن لەوەى كە كوژرانى كاربەدەستێكى گەورەى ئیدارەى شار وەكو ونبونى دەرزیەك وائەبێت لەناو خەرمانێك پوشو پەڵاشدا. بۆچى؟ چونكە ئێمە ئۆپۆزیسیۆنێكى ناتەندروستمان هەیە. ئۆپۆزیسیۆنێك كە دژایەتى یەكێتىو پارتى ناكات بەڵكو ئیرەیى بە شوێنیان ئەبات لەدەسەڵاتدا. سەربارى ئەوە تائێستاش پەیوەندىو بەرژەوەندى ئابورىو بازرگانىو سەرمایەگوزارى گوماناوى ژێربەژێر لەنێوان ئەو ئۆپۆزیسیۆنەو دەسەڵاتدا هەیە. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنێكى تەندروستمان هەبووایە نە خوێنى عەبدولستار تایەر شەریف و نە خوێنى سۆرانى مامە حەمە و نەخوێنى سەردەشت عوسمان وەكو ونبونى زەنگیانە لەناو خۆڵو زیخدا ون ئەبوو. منیش ئەزانم ئەو غەدرلێكراوانە دەسەڵات كوشتنى، بەڵام ئەمەوێت بزانم كام بەرپرسى ئەو دەسەڵاتە؟ منیش ئەزانم قایمقام ئاسایشى دەسەڵات كوشتى، بەڵام ئەمەوێت بزانم كام بەرپرسى دەسەڵات فەرمانیدا بیكوژن، تا تێبگەم مامە ڕووى پێكهێنانى لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لەو ڕوداوەى لەكوێوە هێناوە!

چۆن بوو فڕۆكەوانەكەى كیمیابارانى هەڵەبجەش خۆى نەخنكاند!

هەموومان چیرۆكى فڕۆكەوانە بەشداربووەكەى كیمیابارانى هەڵەبجەمان بیستووە كە لەئاسایشى سلێمانى بەندبوو بەڵام لەدواییدا لەسەر داواى مامە ئازادكراو ڕەوانەى بەریتانیا كراو ئێستا بۆ خۆى بەئازادى دەژى. گەلۆ ئێوەش پێتان سەیر نییە فڕۆكەوانێك كە بەشدارى لە جینۆسایدى كورددا كردبێتو لە دەزگاى ئاسایشى شارى هەڵمەتو قوربانىو مەڵبەندى كوردایەتىو نەتەوەپەروەریىو شارى شێخ مەحمود و.. هتد بەندكرابێت، بەڵام نەك هەر خۆى نەكوژێت بەڵكو لەترساندا زەندەقیشى نەچێتو وەكو لەناو خەڵكى خۆیدا بێت لەبەغدا لە ئەعزەمیە وابێتو ترس هانى نەدات بە وایەرێكى سەیار خۆى بخنكێنێت تا بەرپرسانى ئاسایش ڕادەستى خەڵكى هەڵەبجەى نەكەنو ئەوانیش كوت كوتى بكەن؟! سەیر نییە ئەوەندەى پەیوەندى بە دانە دادگاى ئەو تاوانبارانەوە هەبێت كە بەشدارییان لە جینۆسایدى كورددا كردووە دەسەڵاتى كوردى بەبەزەیىو میهرەبانەو ئازادیان ئەكات، بەڵام ئەوەندەى كە پەیوەندى بە دانە دادگاى تێوەگلاوانى گەندەڵىو دزىو فزىو بەرتیلخۆرییەوە هەبێت دەسەڵاتى كوردى بۆ ئەوەى دەستەكەى خۆى ئاشكرا نەبێت بەزەیى نازانێتو ئەگەر قایمقامیش بێت هەر ئەیكوژێت! ئایا ئەمە ئەوە ناسەلمێنێت كە دەسەڵاتى یەكێتىو پارتى هەم لەڕابوردوو هەم لەئێستادا و هەم لە جینۆسایدى میلەتى خۆیانو هەم لە دزینى سەروەتو سامانیدا بەشدارى سەرەكین؟ ئیتر بۆچى لەیادى ئەنفالدا سەرزەنشتى ڕژێمى بەعس بكەینو ئێخەى سەرۆك جاشان بگرین لەكاتێكدا كە جەلالو مەسعود ئەو دوو سەرۆك جاشەن كە لەهەموو بەڵاو كارەساتێكى سیاسى كە بەسەر ئەم میلەتەدا هاتووە بەرپرسیارى سەرەكین؟!





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە