راگەیاندنی كەمپینی"سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەربڕین" لە شاری هەولێر

Monday, 28/06/2010, 12:00

1542 بینراوە


كەمپین ئاشكرایە كە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسی(سەردەشت عوسمان) یەكێكە لەو هەوڵە ترسناكانەی كە دەدرێت بۆ سنورداركردنی ئازادی را دەبڕین لە هەرێمی كوردستاندا. هەر لە سەرەتاشەوە بەشێكی زۆری هاووڵاتیان و نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندان و خەڵكانی ئازادیخوازی كوردستان لەسەر ئەم تیرۆركردنە ناڕەوایە هاتنە دەنگ، بەڵام ئەوەی هەست دەكرێت هەوڵەكان تا ڕاددەیەك پەرش و بڵاوی پێوە دیارە. بۆیە پێمان باش بوو كە هەوڵەكانمان لە چوارچێوەی كەمپێنێك رێكبخەین، بۆ كاركردنی بەردەوام لەسەر كەیسی شەهید(سەردەشت عوسمان).
ئێمە وەكو دەستەیەك نووسەر و رۆژنامەنووس و كەسانی ئازادیخواز لە شاری هەولێر كەمپینێكی نوێ رادەگەیەنین بەناوی(كەمپینی شەهید سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی را دەربڕین) و هەموو هەوڵەكانمان چڕ دەكەینوە بۆ كاركردنی بەردەوام لەسەر ئەو كەیسە و ئازادی بیروڕا لە سەرانسەری دونیا بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان.
ئاشكرایە كە تاوەكو ئێستا هیچ هەوڵێكی ئەوتۆ نەدراوە بۆ ئاشكرا كردنی بكوژانی شەهیدی رۆژنامەنووس و خوێندكار(سەردەشت عوسمان)، ئێمە جگە لەوەی نیگەرانین لەو كەمتەرخەمییانەی دەزگاكانی ئاسایشی و پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ و تەواوی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان، پێمانوایە مەترسی لەسەر ئازادی را دەربڕین هەیە لە هەرێمی كوردستان و دەبێت هەموومان كار بۆ فراوانتركردنی ئازادییەكان بكەن. هەروەها هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆئەوەی كەیسی تیرۆركردنی (سەردەشت عوسمان) بە كراوەیی بمێنێتەوە تا ئاشكراكردن و بە سزا گەیاندنی تاوانباران.
لێرەوە بانگەوازی جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان و رۆژنامەنووسان و هەموو كۆمیتە و كەمپینەكانی (سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی) لە دەرەوە و ناوەخۆی كوردستان دەكەین هەموومان هەوڵەكانمان لە یەك كەمپین و رێكخراوی سەرانسەری و فراوان چڕ بكەینەوە لەپێناوی بەئەنجام گەیاندنی دۆسیەی شەهیدی رۆژنامەنووس(سەردەشت عوسمان) و بە ڕەسمی ناسینی ئازادی رادەربڕین لە كوردستان.
لەڕێی ئەم راگەیاندنەوەی ئەوە رادەگەینین كە ئامانجی سەرەكیمان ئاشكراكردن و دادگایی تاوانباران و بكوژانی شەهید سەردەشت عوسمان و بە رەسمی ناسینی ئازادی رادەربڕینە لە كوردستاندا كە ئەوە ئامانجێكی سەردەشت و هەموو سەردەشتەكانی ترە. هەروەها ئامانجێكی دیكەمان كاركردنە بۆ تەواو بوونی پەیكەری (ئازادی شەهید سەردەشت عوسمان) و دواتریش لەسەر بەچاپ گەیاندنی پەرتوكێك كار دەكەین كە تەواوی نووسینەكانی شەهید سەردەشت و ئەو نووسنانەش كە لەسەر تیرۆركردنەكەی نووسراون لەخۆ دەگرێت. جگە لەمانەش چەند پرۆژەیەكی دیكەمان دەبێت بۆ داهاتوو. سوپاسی هەر كەسێكیش دەكەین ئەگەر هاوكاریمان بكات. جا چ لە كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ پەیكەرەكە یاخود لە كارەكانی دیكەمان.

كەمپینی"سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەبڕین" لە شاری هەولێر
2010-06-26

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە