به‌یانیتان باش گه‌ریلا وڵاتپارێزه‌کان..

Saturday, 24/07/2010, 12:00

1771 بینراوە


سه‌ردار قادر بەر لەوەی باڵندەو مەلەكانی سپێدەو سەر لە بەیان لە ئاسمانى ئازادیتانا مەستانە بخوێنن پێتان دەڵێم بەیانیتان باش.
بەر لەوەی پرچی ئاڵتونی خۆر تێكەڵ بە ئاوی كانــــیاو بێ.
بەر لەوەی كتری یە ڕەشەكانتان لەسەر ئاگــــــر گۆرانی بڵێ.
بەر لەوەی تفەنگەكانی سەركەوتنو شانازی لە شانتان كەن.
بەر لەوەی سروەو شنەی بای ئازادی هەڵمژن لە بە بەهاری نیشتمانێ
بەر لەوەی لەتە ئاوێنەكان بگرنە دەست بۆ ڕووخساری گەشو ئاڵتان
بەر لەوەی چای گەرمی ڕەنگ شەرابی بخۆنەوەو پێكی پەرداختان بێ
بەر لەوەی نیشتمان لەگەڵتانا پێبكەنێ
بەر لەوەی عەشقی نیشتمان پڕتان كا لە بۆنی باوەڕو ئیرادە
بەر لەوەی سروودی سەركەوتن لە گەرووتانەوە نم نم دابارێ
بەر لەوەی مەزارگەی شەهیدانی قارەمان بەسەر كەنەوە لە ڕۆحتانا سروودی سەركەوتنی بۆ بڵێن
بەر لەوەی بەفر لەگەڵ مێژووی خۆرەتاوا چیرۆكی سەركەوتن بنوسێتەوە
بەر لەوەی لوتكەى چیاكان لێتان كا گەرمی سڵاوێ
بەر لەوەی شەفەق خوێنى تێزێ بە خەندەی خۆرەتاوێ
بەر لەوەی گوڵاڵە سوورەكانی بەهار لە خەو هەستن لە كۆماری شۆڕشتانا
بەیانیتان باش - بەیانیتان باش - گەریلا وڵات پارێزەكان بەیانیتان باش
بەیانیتان باش گەریلا مەچەك پۆڵایینەكانی پژاك، بەیانیتان باش لاوە دڵ گەرمەكانی كوردی ئازا، ئەى شەرەفی پیرۆزی كوردو هەر چوار پارچەى نیشتمان بەیانیتان باش، كچە گەریلاكانی مەعشوقی خاكو ووڵات پارێز بەیانیتان باش سەنگەرەكانی قەڵاو بەرخوردانی پڕ لە ئاواتو هیوا، سڵاو ئومێدە سەوزەكانی هەموو ئاواتی كورد بەیانیتان باش ئەى هەموو سەروەریەكانی سەركەوتنی گەلو نەتەوە بەیانیتان باش گەریلا ووڵات پارێزەكانی سەرزەمینێك لە مرۆڤی پەرێشان، بەیانیتان باش مەشخەڵە داگیرساوەكانی شەوگاری نیشتمان، بەیانیتان باش بروسكە تیژ تێ پەڕەكانی نێو هەورو بارانە زریان بەیانیتان باش بەم بەیانیە تازەى نێو قەڵەمەكەى دەستمەوە خەرمانێك ووشەى جوان بە پەخشانە شیعرەوە دەنووسم بۆتان ها ئەوە دڵو ڕۆحم ئەم بەیانیە منیش بە خەیاڵ دێمە ناوتان لەگەڵ ئێوەدا پێنووسە چاو تەڕەكەم لە خەوم هەستاوەو بەیانی باش لە ئێوەی قارەمانو لە بەهاری نیشتمانم دەكا، تۆش بەیانیت باش قەندیلەكەم سڵاو زەوی یە بە ئازارەكەی نیشتمانم، سڵاو لە ئێوەش گەریلا گیان بازەكان هەموو گەل وەك من بە هیوای سەركەوتنی ئێوەی وڵات پایرێزەوەیە، بەیانی باش لەو چیاو كەڤرانەی كە ئێوەی لە ئامێز گرتووە، بە عەشقەوە ڕۆحم هەموو سپێدەیەك دەچێتە سەر مەزارگەی شەهیدانی بنارتانو بە چرپەوە بەوانیش دەڵێم بەیانی ئەم شەهید بوونەتان باش، خۆ دەزانم هەر كە هەستان لە خەو و زیندوو بوونەوە هەموو پێكەوە دەڵێن سەركەوتن سەركەوتن جارێكی تر چەكەكانتان دەگرنە شانو دەچنەوە نێو، تیپی گەریلاكانو بۆ كوردستان بۆ نیشتمان بۆ هەر چوار پارچەى پڕ لە باوەڕو ئازادی ژیان خەباتو تێكۆشان دەگرنەوە بەر جارێ تریش بەیانیتان باش وڵات پارێزەكان، كە بە ڕۆحێكی پڕ باوەڕو ئیرادەی بەرزەوە بێوچان كۆڵ نادەن لە تێكۆشانو بەرخوردان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە