مەلا بەختیار، پیاوە زۆربڵێکەی نێو یەکێتی

Saturday, 04/04/2015, 19:48

8056 بینراوە


دەمێکە مەلا بەختیار هاژو هوژیەتی. ، جار جار، دەیدرکاند کە گوایە خەباتی داهتویان دژی سەلەفیەکانە.  ئێمەش وەک کەسانی ئازادیخواز، بەم هەواڵە زۆر دڵ خۆش بوین و چاوەڕوان بوین و دەمان ووت، ئاخۆ ئەم خەباتە چلۆن بێت و بەچی دەست پێ بکات. وتمان ئۆخەی واخەریکە پیاوانی سیاسی کوردوستان خەبەریان دەبێتەوە بەرامبەر بەو هەموو بێڕێزیەی بە کوردوستان، بە پێشمەرگە، بە ئافرەتان، بە ئێزیدی و  بەتاکی کورد دەکرێت بە ئاشکرا لەلایەن ئیسلامی سیاسیەوە لە مزگەوتەکانا.
ئەو مەلایانەی کە بە ڕۆژی نیوەڕۆ، لە مزگەوتەکانا بە ئاشکرا بە بەردەم بەرپرس و سەرۆکەوە، لەسەر پەیجی فەیسبوک، لەبەردەم میکرۆفۆنەکانیانا، چەندەها منداڵ و گەنجی تازە پێگەیشتوی کوردوستان گوێڕایەڵیانن، هەر مەلایەک بۆخۆی دەتوانێت زیاتر لە حوجرەکان، چەندەها کەسایەتی ئیسلامی داعش بەرهەم بهێنێت،  بەرهەمەکەشیان دەبینین دوای چەند ساڵێلکی تر. خۆ ئەگەر بنەماڵەی بارزانی بە پێجەوانەی مەلا بەختیارەوە لەم  فێنۆمێنە بێدەنگن ئەوا بێ شک دەزانن بە قازانجی ئەوان دەشکێتەوە، چونکە چاوەڕوانن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەسەڵاتی خۆیان  و بنەماڵەیان بسەپێننەوە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا وەک سیسی لە میسر و بەهەمان شیوە خۆیان وەک ڕزگارکەرێک پیشان بدەن لەبەردەم کۆمەڵگای کوردیدا. ئەم یاری شەترەنجە دەمێکە دەستی پێکردوە و هەر بۆیەش گۆڕان بێدەنگە لێی و بە هیچ جۆرێک خۆی هەڵ ناقورتێنێتە سەر باسی ئیسلام هەتاوەک و بە قازانجی پارتیدا نەشکێتەوە.
تاکی کورد، بەشیوەیەکی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا، بەرپرس و سەرۆکەکان لە ژیانی سیاسیانا، تاک لایەنانە بڕیاری وتارەکانیان دەدەن، لەبەر ئەوەی خۆیان زۆر لەوە بەگەورەتر دەزانن هەتاوەکو لە باسێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتیدا پرس بە راوێژکارێک بکەن پێش ئەوەی شەکر بشکێنن، ئەمە نەک لە وتارەکانیان بەڵکو لە هەڵس و کەوتیانا بەهەمان شێوە، لەبەر ئەوەی خۆیان بە کولفی کول دەزانن و بە کەمی دەزانن ئەگەر پرس بە ڕاوێژکارێک بکەن لەهەر بابەتێکدا، بەو پێیەی کە ئەوان ڕاستەوخۆ لەناو کۆمەڵگادا ناژین  و ناتوانن بۆچونێکی تەواویان هەبێت لەسەر باسەکان، بەڵام ئەوان بەو لۆژیکە کاردەکەن کە مادام گەیشتونەتە ئەو بەرزیەی دەسەڵات کەواتە لە تواناشیانا هەیە باسی هەموو شتێک بکەن.
مەسعود بارزانی کەیەکەم وتاری وت، هێندە وشەی عەرەبی لە وتارەکەیدا دەبیسترا کە خەلکی هاواریان لێ بەرزبوە و بەشتێکی ناڕەوایان زانی کەسەرۆکێک نەتوانێت بە زمانەکەی خۆی بدوێت، ئەوە بو هەرخیرا دەوروبەرەکەی لە وتاری داهاتودا فێری زمانی کوردیان کرد، بەڵام هەتاوەک و ئێستاکە وتارێکی جوانمان لێ نەبیستوە، وتارەکانی لە چەند دێڕێکدا خۆیان دەبیننەوە، وەک : هێڵی سور، ئێمە بنەماڵەکەمان هەزار پیاوین یان ئەوە قبوڵ  ناکەین......تاد، یان هەندێکجار کە دەبیرێت فۆتۆگرافیەک لەگەڵ کۆمەڵە کەسێکدا یان کۆمەڵە پێشمەرگەیەکدا دەگرێت، وادەبیرێت کە فۆتۆشۆپە نەک وێنەیەکی ڕاستی، چونکە مەسعود بارزانی بە ڕۆح لەگەڵ ئەواندا نیە و کەسیش نیە فێری بکات چۆن بوەستێت و هەڵس و کەوت بکات.
سەرەتای شەڕی خلیچ بوو، بەو بۆنەیەوە، زۆر لە پیاوە سیاسیەکانی کوردوستان،  میوانداری کرابوون لە پاریس لەفەرەنسا، لەگەل پیاوانی ئۆپۆویسیۆنی عێراق، لەو هٶڵەی کە پەیمانی سێڤەری تیادا ئیمزا کرابوو، منیش لە هۆلەکەدا بووم و سەرنجی پیاوانی سیاسیم دەدا، لە جۆری وتار و قسەکردنیان. کچێکی کوردوستانی باکوریشم لەگەل بوو، کەبینی پیاوانی سیاسی کورد چۆن دەجولانەوە: یەکێکیان لوتی دەخوراند و ئەوی تریان ناوگەڵی، یەکیکی تریان بە چیلکە ددانی پاک ئەکردەوە وادیار بوو گٶشتی قەل لەددانی گیرابوو. کە ئەو کچە ئەو دیمەنەی بینی، ووتی ئەرێ کەسیک نیە فێریان بکات چۆن هەڵس و کەوت بکەن لەم شوێنانەدا، ئەوە ئیتر باسی وتارەکانیان ناکەم کە هەمووی رستەی سوا و دوبارەبوو بە بی ئەوەی لە سەرنج و لێکٶڵینەوەیەکی قوڵەوە هاتبن.
بە بینینی مام جەلایش وەک سەرۆک کۆمار، کە چۆن خۆی چەماندەوە لەبەردەم ژنەکەی سارکۆزیدا، کە تەنانەت ژنەکەی سارکۆزی خۆیشی سەری سوڕما لەو دیمەنە کۆمێدیە. بەبینینی مامی گەورە، مرۆڤ شەرمی لە کورد بونی خۆی دەکرد، هەرچەندە لە سەر تەلەفزوێنی فەرەنسی لەبەر ڕێزیان بۆ کورد، ئەو دیمەنەیان پیشان نەدا بەڵام ئەو دیەمەنە هەتا هەتایە دەمینیتەوە، بەتایبەتی کە ژنەکەی سارکۆزی هێندە ڕێزی نیە لای خەڵکی فەرەنسی، خۆ ئەگەر لەبەردەم دانیال میتراندا ئاوا خۆی بچەماندایەتەوە ئەو کاردانەوەی نەدەبو، بەڵام وادیارە ئەوان نازانن  سەر بۆ خەڵکی دڵسۆز دانانەوێنن ئەگەر بۆ بێگانەو کەسانی دوژمن نەبێت.
 یان کە  مەلا بەختیاریشمان بینی دەستی ئۆردوگانی گوشی، وەک قوتابیەک دەبینرا لەبەردەم مامۆستاکەیدا، ئەو مەلا بەختیارە نەبوو کە لە سلێمانی لە کۆبونەوەکاندا هەڕەشەی دەکرد.
ئەم جۆرە هەڵس و کەوتو جۆری وتار خوێندنەوانە، بۆمان دەردەخەن کە سیستەمی کۆمۆنیکاسیۆن لەکوردوستان بە هیچ جۆرێک گرنگی پێ نادرێت، لەبەر ئەوەی سەرۆک  و بەرپرس هەمیشە خۆیان زۆر بە پیرۆز و گەورە دەزانن، وای دەبینن ئەگەر داوای یارمەتی لە ڕاوێژکارەکانیان بکەن بۆ وتارێک یان کارێکی تری کۆمەڵایەتی ئەوا ئاستیان نزم دەبێتەوە.
ووتارەکەی مەلا بەختیاریش ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات کە بێ شک  بۆ باسێکی ئاوا گرنگ هیچ ڕاوێژکارێکی نەبوە. مەلا دەبوایە بگەڕایە و پرسی بەو کەسانە بکردایە کە ژیانی خۆیان تەرخان کردوە لە سەر ئیسلام و مێژوی ئیسلام و ئیسلامیەکانی کورردوستان، وەک کاک  سۆران سورکانی، کاک سەروەر پێنجوێنی، یان کاکی  هەڵەبجەیی.....تاد، چونکە بەم کارەی دەیتوانی پرۆگرامێکی باشتر و وتارێکی باشتر ڕێک بخات کە ئیسلامیەکان نەتوانن هەروا بەئاسانی بیخەنە بەر ڕەخنە و لەهەمان کاتیشدا هاندانی ئەو کەسانە دەبو کە بەردەوام بن لە کارەکانیانا لەسەر زانیاری کۆکردنەوە  لەسەر ئیسلام.
هەژاری وتارەکەی مەلا بەرختیار بەرامبەر بە باسێکی ئاوا گرنگ ، ئاستی تەواوی هۆشمەندی سیاسیمان پیشاندەدات لە کوردوستان، بۆیە هەر خێرا ئیسلامیەکان هەموو وتارەکەیان بۆ بچوک کردەوە لە ڕستەیەکدا ئەویش باسی گۆشتی حوشتر و گۆشتی بەراز، مەلا بەختیار دەبوایە وتارێکی بنوسیایە کە ئتیسلامیەکان نەیان توانیایە جوابی هەروا بەئاسانی بدەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وتارەکەی لە کەسێکی هەرزەکار دەچو کە تازە  فێری بیری شۆڕشگێڕی بوە لە سەر فەیسبوک دژی ئیسلامیەکان، خیرا کەوتە بەر ڕەخنەیەکی زۆر، ڕەخنەی ئیسلامی سیاسی نا بەڵکو ئیسلامی دایک و بابمان.
وام دەزانی مەلا وەک کەسێکی سیاسی باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە چۆن داوا لە پەرلەمان دەکات کە وتاری کەسانی ئیسلامی وەک عەبدول واحید و هاوڕی سەلەفیەکانی  بە تیرۆر بناسێنێت و بە مەترسیەکی بناسێنێت بۆ سەر ئاسایشی کوردوستان و ژیانی پێشمەرگە، وام دەزانی مەلا بەرگری لە ئافرەتان دەکات دژی ئەو هەموو وتارانەی مەلاکان دژی ئافرەتان دەیدە لە مزگەوتەکانا، وامان دەزانی مەلا داوا لە ئیسلامیەکان دەکات کە بە ئاشکرا دژی داعش بوەستنەوە، یان داوا لە ئیسلامیەکان دەکات بە ئاشکرا بەرگری بە جیناۆساید ناساندنی ئێزیدیەکان بکەن،  وام دەزانئی مەلا باسی ئەوە داکات کەچۆن هێندە مزگەوت زۆر بوە لە کوردوستان  کە شوێن نەماوە بۆ سینەماو شانۆ و شوێنی تری کەڵچەری، نە خێر مەلا لەو ئاستەدا نەبوو، مەلا وەک کەسێکی نەخوێندەوار هات دژی ئیسلام قسەی کرد، نەک ئیسلامی سیاسی، بۆیە هێندەی تر کردینی بە قوراو دیاریەکی جوانی پێشکەش بە ئیسلامیەکان کرد و هێندەی تر رەوای پێدان کە بکەونە قسە و تانەو هەتا تۆی مەلاش ناچار بیت بڵێیت ؛ خوا و ئیسلام و قورعان هێڵی سورن، ئەوەی ی کە هەتاوەکو ئێستاکە ئێمە کۆششما بۆ دەکرد کە بتوانین ڕەخنە لە قورعان بگرین،  لەو هەمو تێکستە بێ مانایانەی لە قورعانا هەن دژی ئازادی ئافرەت و مافی مرۆڤ، ئەو هەموو دژواریەی لە سورەتەکانا دەبینرێن، ئیتر بە بۆنەی مەلاوە چونە هێڵی سورەوە.
 فەرەنسا، ئەو وڵاتەی گەورەترین کۆمەڵگای ئیسلامی تێدا کۆبۆتەوە لە ئەوروپا، موشکیلەیەکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاگادارن هەرگیز قسەیەک دژی ئیسلام ناکەن، هەمیشە روی دەمیان لە ئیسلامی سیاسیە، بۆ نمونە لە مەکتەبەکان لە کاتی نانخواردندا بڕیار دراوە ئەگەر گۆشتی بەراز دانێن لە کاتی نان خواردندا دەبێت گۆشتێکی تر دانێن بۆ منداڵانی موسڵمان و جولەکە، وەک وەزیری پەروەردە ووتی؛ گرنگ ئەوەیە کە ئەو منداڵانە برسیان نەبێت، بەڵام گۆشتی حەلال یان کاشێری جولەکە دانانێن چونکە فەرەنسا بەناوبانگترین وڵاتی عەلمانیە لە ئەوروپا، واتە حکومەت دینێکی تایبەتی نیە، لەبەر ئەوە نابێت دین بچیتە سیستەمی پەروەدەوە، بەڵام نەخواردنی بەراز زۆر جار پەیوەندی بە ئاینیشەوە نیە و بۆتە دیاردەیەکئی کەڵچەری، خەلکی هەن کە باوەڕدار نین بەڵام بەراز ناخۆن
 یان هەندێک جار من خۆم وەک کەسێک کۆمێنتم بە فەرەنسی جێهێشتوە لەسەر هەندێ پەیجی ڕۆژنامەکان لەسەر ئیسلام، هەرچەندە کۆمێنتەکان توندڕەوی نەبوون بەڵام سڕاونەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەو موشکیلەیە بەجۆرێکی تر چارەسەر بکەن و  قسە نەدەن بە دەمی ئیسلامی سیاسیەوە، دەڵێن ئێمە پێنج ملوێن ئیسلامان هەیە لەفەرەنسا ئەبێت چارەسەر بدۆزینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کەسێک قسەیەکی توندوتیژ بکات ئەگەر ئایەتێکی قورعانیش بێت ئەوا وەک مەلا کرێکار چۆن خۆی بینیەوە لە بەردەم دادگادا بەهەمان شیوە، کەواتە کاری ئێمە  کاری یاساییە بەرامبەر بە  وتاری توندو تیژی ئیسلامی سیاسی،  کەچۆن بتوانین ئەمانە بە یاسا بکەینە کارێکی تیرۆریستی دژی ئاسایش و پێکەوە ژیان.
لە کاتێکدا کە لە وانەی ئاین زانیندا لە کوردوستان لە سیستەمی پەروەردەدا نوسراوە ؛ قورعان کتێبمانە، لەهەمان کاتا لە میسر خوێندنی وانەی ئایینی لە مەکتەبا قەدەغەدەکرێت هەتاوەک و مداڵان بپارێزن لە توند و تیژی و هەنگاوێکە بەرە و عەلمانیەت، یان لە تونس پیاوانی  ئایینی دەیانەوێت بیسەلمینن کە بە پێی شەریعەتی ئیسلام بورقە قەدەغەیە، جا بۆیە کاری تۆی مەلا بەختیار دەبوایە هەوڵت بدایە لە سیستەمی پەروەردەوە دەستی پیبکەیت نەک لە گۆشتی بەراز و قسەی لاوەکی کە هیچ سودێکیا نیە، دەبوایە بەرگریت لە ئازادی تاک بکردایە بە قانون، ئەو قانەنەی کە پارتەکەی ئێوە بەشداری تیاکردوە لە داڕشتنیدا، کە دەتوانرێت کەسێک تاوانباربکرێت وەک چۆن کاک یوسف یوسف محەمەد تاوانبار کرا لەبەر ئەوەی لەسەر پەیجەکەی ڕای خۆی دەربڕیبو دژی هەندێک سورەتی قورعان کەئەمەش دەچیتە خانەی ڕادەربڕین و ئازادی تاک نەک  یاسای تیرۆر بە پێی یاسای کوردوستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە