گاندی: (ئەگەر بوێریی ئەوەت نییە قسەی حەق بکەیت، چەپڵەش بۆ کەسانێک لێ مەدە کە قسەی ناحەق دەکەن)


دوو یادگاریم لەگەڵ زانا محەمەدى قائیمقام و دوو قسەش دەربارەى خنکانى

Thursday, 04.19.2012, 12:00

565 بینراوە







من لێرەدا بەموتڵەقى دەربارەى خنکانى زانامحمەد قسەناکەم،(چونکە تائێستا تەنها بەئەگەرباس لەخنکانى زانادەکرێت)جگەلەوەش(زانا تەنها وەک تۆمەتبار لەلایەن دادگاوە داواکراوە نەک تاوانبار)هەربۆیەش دەبێت نەتەڕەفگیرى زانا بکەم ونەتانەشى لێبدەم، چونکە تاکوئێستا ڕوداوەکە تەمومژاویەو هەریەک بەجۆرێک باسى دەکات، وەلێ ئەوەى دەمەوێت لێرەدا باسى بکەم دووخاڵى پۆزەتیفى ئەم پیاوەیە، ئەویش مامەڵەى هەمیشەدروستو ئەخلاقیانەى زانابوە لەگەڵ تەواوى ڕۆژنامەنوسانداو هەروەها قسەیەکی جەوهەریش لەبارەى خنکانیەوە دەکەم.

یەکەم:من بۆمێژوو ئەمە دەڵێم ڕەنگە زۆرینەى ڕۆژنامەنووسانى مێدیاى ئەهلى ومێدیاى خیزبیش شایەتى ئەوەم بۆبدەن کەئەم پیاوە هەمیشە دەرگاى ئاوەڵابو بەروى ڕۆژنامەنووساندا بۆ پێدانى زانیارى و لێدوان بۆ مێدیاکان،هەرکات تەلەفۆنت بۆ مۆبایلەکەى بکردایەو لێدوانێکت بویستایە بۆئامادەکردنى هەواڵێک یان ڕاپۆرتێک ئەم پیاوە بەزەردەخەنەکەى سەرلێوى وبە(وەى بەسەرچاوە)هەمیشەیەکەى ئامادەبوو لێدوانت بۆبدات، من وەک ڕۆژنامەنووسێک قەد ڕۆژێک لەڕۆژان هەواڵێک یان ڕاپۆرتەهەواڵیکم نەبینیوە پەیوەندى بە قائیمقامى مەرکەزى سلێمانیەوە هەبێت و زانا ئامادەنەبوبێت لێدوان بدات، وەک زۆرێک لەبەرپرسان بەتایبەت کەسوربزانن ڕۆژنامەنووسێک لەسەرگەندەڵیەک داواى وەرگرتنى لێدوانیان لێدەکات،یان ئامادەنین لێدوان بدەن، یانیش وەڵامى تەلەفۆن نادەنەوە، (تەنانەت هەندێکیان زۆرجار هەڕەشەشیان کردوە لەو ڕۆژنامەنووسە ئەگەر بێت وئەو هەواڵە بڵاو بکاتەوە)، ئەوکات لەکوردستانیش بوم کاتێک بابەتێکى ڕۆژنامەوانیم ئامادەبکردایە تەنانەت ئەگەربابەتەکەم پەیوەندى بەپارێزگارى سلێمانیشەوە هەبوایەو لێدوانى لایەنى پەیوەندیدارم دەست نەکەوتایە، پەیوەندیم بەزانا محمەدەوە دەکردو لانیکەم سەرەداوێکى بابەتەکەم دەست دەکەوت بەلێدوانێکى ئەم پیاوە، هەروەها قەت ڕۆژێک لەڕۆژانیش نەمبیستوەو نەمبینیوە زانا دڵى ڕۆژنامەنوسێکى لەخۆى هێشاندبێت، لێرەدا من دوویادەوەرى خۆم لەگەڵ زانا محمەد باس دەکەم.
باش لەیادمە ساڵى(2008) بوو لەدوتوێى چاوپێکەوتنێکمدا لەگەڵ زانادا بۆڕۆژنامەى هاوڵاتى کۆمەڵێک پرسیارى زۆر ئیحراجم لێکرد، لەکۆتاى چاوپێکەوتنەکەشدا بەپێکەنین و شۆخیەکەوە پێى وتم:(ئەرێ کاکە بەس نەبێت چى ژێربەڕەهەبووهێناتەسەربەڕە)، دوایش هەرخۆى وتى:(سوعبەت ئەکەم کاکە گیان چیترت لەدڵدایە بەئیسراحەتى خۆت پرسیاربکە، ئەمەوێت کەڕۆیشتیت هەمووپرسیارەکان لێرەجێبێڵیت و هیچ لەگەڵ خۆتا نەبەیتە دەرەوە!.)
هەر لەساڵى(2008)دا لەکاتى بەستنى کۆنفرانسى بودجەى پارێزگاکانى عێراقدا لەهاوینەهەوارى دوکان، زانا محمەد نوێنەرى پارێزگارى سلێمانى بوو، لەوکاتەدا کەلێدوانێکم لێوەرگرت بۆڕادیۆى نەوا ڕۆژنامەنوسێک لەسلێمانیەوە تەلەفۆنى بۆکرد ویستى لێدوانى لێوەربگرێت، دیاربوو کەڕۆژنامەنوسەکە خۆى پێناساندو داواى لێدوانێکى لێکرد سەبارەت بەبەستنى ئەوکۆنفرانسە، زانا محەمەد ڕۆژنامەنوسەکەى ناسیوە و بەپێکەنینەوە پێى وت:(ئەمەتۆى کوڕى باش؟!، ئەرێ ئەوە چیە ئەوهەموو شتە ناڕاستەت لەسەر بڵاوکردوینەوە؟ کاکە بڕوابکە ئەوەى تۆبڵاوت کردۆتەوە نیوەى زیاترى هەڵەیە،بەس بەهەرحاڵ دەبوو تۆ پەیوەندیت بەمنەوە بکردایەو قسەى منیشت لەوبارەیەوە وەربگرتایە، چونکەناکرێت تۆ شتێک لەسەرئێمەبڵاوبکەیتەوەو قسەى ئێمەش وەرنەگریت؟!) دواى موناقەشەیەکى دورودرێژ لەکۆتایدا بەڕۆژنامەنووسەکەى گوت:(دەى بەهەرحاڵ ئێستا چى پرسیارێکت هەیە باوەڵامت بدەمەوە)، من لێرەدا زانا وەک فریشتە نیشان نادەم، بەڵام دڵنیام ئەوەبەرپرسێکى دیکەبوایە تەلەفۆنەکەى بەسەر ئەوڕۆژنامەنوسە دادەخستەوەو تاهەتاشە بایکۆتى دەکرد!.

دووەم: ئەو خاڵە جەوهەریەش کەدەمەوێت قسەى لەسەربکەم ئایا زانا خنکێندرا؟!، یاخود حۆى خنکاند؟!.
زانا ئەگەر لەلایەن یەکێتیەوە خنکێنرابێت، (کە تاکو ئێستا زانیاریەسەرەتایەکان زیاتر ئەو ڕووە تاریک ونامۆیەمان نیشان دەدەن!) هەرچەندە تائێستا هیچکام لەو لیژنانەى کەبۆى پێکهینراوە دوابڕیاریان نەداوە، بەڵام بەپێى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان وبەپێى هەندێک لەوسەرچاوە ڕەسمى وناڕەسمیانەى کەدزەدەکەن بۆڕاگەیاندنەکان وبەتایبەتیش (رٍاگەیاندنە ئەهلیەکان)، هەروەها بەپێى وتەى چەند یاساناسێکبێت زیاتر باس لەئەگەرى خنکاندنى زانا دەکرێت، خۆئەگەر دوانەتیجەش هەروا دەرچوو، ئەمە پەڵەیەکى گەورەى هێندە ڕەشوناشرین دەبێت بەناوچەوانى یەکێتیەوە جیاواز لەهەموو تاوانەکانى ڕابردووى ئەم حیزبە، چونکە یەکێتى ودامودەزگا ئەمنیەکانى ئەگەر لەسەردەمى شاخ دەیان ئەندام وکادرى خۆیان بێسەروشوێن وبزر کردبێت، یان دەرمان خوارد کردبێت، ئەگەر لەسەردەمى دواى ڕاپەڕینەوە بەتایبەت لەسەروبەندى شەڕى شومى ناوخۆدا وەها کارێکیان کردبێت قەت نەدەبو لەم سەردەمى بانگەشەى دیموکراسیە ڕەهایەى سکرتێرو بەرپرسانى باڵاى ئەم حیزبەو لەم شانازیکردنەیان بەئەندامى سۆسیال ئینتەرناسیۆنالەدا وەها کارێکیان بکردایە!، یەکێتى باش دەزانێت دۆسیەى زانا دەگاتە تەواوى دونیا بەتایبەتیش لەلایەن ناوەندو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بە (ڕێکخراوى سۆسیال ئەنتەرناسیۆنالیشەوە!)، هەروەها بەر لەڕووداوێکى لەوجۆرەش یەکێتى درکى بەو فەزاحەتە ناشرینە کردوە، کەواتە زانا ئەگەر خنکێنرابێت و ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان وەها دەرچوون، جگەلەوەى ئەم پیاوە ئەگەر لەڕابردوودا ناشرینترین و گەندەڵترین بەرپرسى ناو یەکێتیش بوبێت(کەمن دڵنیام زانا بەچارەکى هەندێک لەبەرپرسە باڵاکانى ناویەکێتى گەندەڵ نەبوە)، ئەوا زانا تاهەتایە وەک فریشتەو پیاوێکى پاک وبێگەردو بێگوناه وتەنانەت زوڵم لێکراویش لەئایدیاى تاکى کورددا ناوى دەمێنێتەوە، هاوکات ئەو سەروەرى یاسایەش کەهەمیشە دەسەڵاتى زۆنى سەوز بانگەشەیان بۆکردوە بەراورد بەزۆنى زەرد، نەک هەردەکەوێتە ژێر پرسیارەوە بەڵکو بەمەترسیدارترین سیناریۆى سەروەربونى یاسا خوێندنەوەى بۆدەکریت!.
ئەگەرى دووەمیش خۆ خنکاندنى زانایە، بەبڕواى من جوانى وبەرائەت و ویژدانى ئەو مرۆڤانە هێندە گەورەیە پێناسە ناکرێت کاتێک کەسروشتى ژیان وەهابێت کەس بێ کەموو کوڕى نەبێت وهەموکەس موعەرەزبێت بۆهەڵە، تانانەت(حاکم، سەرۆک، پیاوى دینى، پارێزەر، ڕۆژنامەنوس...هتد)بەڵام گەورەى ئەو مرۆڤانە لەوێدا دەردەکەوێت، کاتێک مرۆڤێکى سیاسى کاربەدەست لەهەرکۆمەڵگەیەکدا هەڵەیەکى گەورەبکات وتاسەر ئێسک هەست بەئازارى ئەو هەڵەیەى خۆى بکات و هەندێکجار بگاتە ئەوڕادەیەى خۆى بکوژێت جابەهەر جۆرێکبێت، دیسان جارێکى دیکە دەڵێمەوە ئەمە گەورەترین خەڵاتە بۆزانا، چونکە ئەگەر زانا خۆشى خنکاندبێت، دەبێت بیهێنینە بەرچاومان لەوکاتەدا زانا ڕوبەڕوى چ فشارێکى دەرونى بوبێتەوە؟! دەبێت درک بەوەبکەین زانا چەند بیرى لەسومعەو شەهامەتى خۆى کردۆتەوە؟! گومان لەوەدانیە ئەگەر زانا سەد دەر سەد خۆى بەتاوانبار زانیبێت پێیوابوە شکۆى کەرامەت و ئەخلاقى بەداواى لێبوردنێک لەبەردەم کۆمەڵگادا پاک نابێتەوەو تاهەتایە وەک مرۆڤێکى ناشرین لەلایەن کۆمەڵگاوە سەیردەکرێت، بەتایبەتیش لەکۆمەڵگایەکى وەک کۆمەڵگاکەى خۆماندا گەر مرۆڤێک لەژیانیدا تاکە تاوانێک بکات، ئیدى تاکۆتاى ژیانى وەک تاوانبار تەماشادەکرێت و بە سزایەکى یاساى، یاخود داواى لێبوردنێک مەحاڵە لەبەرچاوى کۆمەڵگاى کوردیدا پاک بێتەوە!.
بەڵام پرسیارى جەوهەر ئەوەیە، ئەى چیبڵێین بەوانەى نەک هەر(تاوانێک،گەندەڵیەک،خیانەتێک) بەڵکو هەتائەمڕۆشى لەگەڵدابێت تەراتێن بە سامانى میللەتێکەوە دەکەن؟ ئەى ئەوانەى هەرئانوساتێک گەرەکیانبێت گەورەترین خیانەت دەکەن ودواجار لەدوتوێى بەیان نامەیەکدا ناوى دەنێن کارێکى مەزنى نیشتیمانى و ڕەهاترین شانازیشى پێوە دەکەن؟ ئەى ئەوانەى هەتائەمڕۆش یارى بەمەشاعیرى کۆمەڵگایەک دەکەن لەپێناوبەرژەوەندیەکى سیاسى تایبەتداو دواجار ناوى دەنێن دەستکەوتى نیشتیمانى؟ ئەى ئەوانەى هەموو ژیانیان ناشرینى بوەو خۆیان ناوناوە خەباتگێڕ؟ ئەى ئەوانەى پەڕلەمان وحکومەتیان ئەتک کردو کەچى پەڕلەمان وحکومەتیش بەگەورەترین ئەزمون وێنادەکەن لەزهنى میللەتدا؟ ئەى ئەوانەى تۆمەتبارن بەکوشتنى هاونیشتیمانیانى هەرێم، یاخود تۆمەتبارن بەئەنفال کردنى ڕۆڵەى کورد، یانیش بەگەورەترین گەندەڵى وبەهەدەردانى سامانى نیشتیمانى، کەچى سەرۆک یاخود دەیانخاتە بنەوپاڵى خۆى ولەتەنیش خۆیەوە خانویان پێدەدات، یانیش ڕەوانەى دەرەوەى هەرێمیان دەکات وناهێڵێت بۆ وەرگرتنى تاکەئیفادەیەکیش بچنە بەردەم دادگا؟.
لەکۆتایدا زانا بەهەردوو دیوەکەدا خنکێنرا، یان خۆى خنکاند، بەهەموو ناشرینى وگەندەڵیەکانى ڕابردووشیوە دواجار بەوپەڕى بەرائەت وجوانیەوە کۆتاى بەژیانى هات وماڵئاواى لەژیان کرد....من دەڵێم سڵاو لەجوانى ولەمەزنى وگەورەیت زانا محەمەد ساڵح.

[email protected]