زۆر بەڕێز: وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى حكومەتی هەرێم

Tuesday, 28/06/2011, 12:00

1638 بینراوە


ئەم كاتە و گشت كاتێكت شاد...

كاك دكتۆر...
ئەوەى من دەمەوێت بۆ جەنابتى باس بكەم بریتی نییە لە دەستخۆشی و ژماردنی چاكسازییەكانى جەنابت ، چونكە دەزانم ، كە بەڕێزتان پێویستتان بەوە نییە و ، دڵنیاشم لەوەی كە بۆ ئەمە ئەم ئەركەتان نەخسۆتە سەرشانى خۆتان و ئەوەی كردووتانە و دەیكەن خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و تەنانەت خەڵكی بازاڕیش بە چاوی خۆیان دەیبینن ، بۆیە پێویستە ئەوان خۆیان عادلانە بڕیاربدەن...
من دەمەوێ لێرەدا تەنها یەك بڕیاری بەڕێزتان ڕوونبكەمەوە ، كە من و زۆربەى هاوڕێیانم بە باشى نابینین... ئەویش ئەو بڕیارەیە ، كە پاڵێوراوانى بەرنامەى تواناسازی بۆیان نییە لە خوێندنی ماستەرى ناوخۆ داواكارى پێشكەش بكەن و هەر كاندیدێكیش پاشەكشە بكات تاوەكو (3) سێ ساڵ دەخرێتە بلاك لیستەوە....
لە چەند ڕوویەكەوە ئەو بڕیارەى بەڕێزتان هەڵدەسەنگێنم:
1. لە ڕووی دارایییەوە:
خۆتان دەزانن و خوێندنی پارالێلتان ڕاگەیاندووە كە لە چەند هەزار دۆلارێكی كەم تێپەڕناكات ، بەڵام هەر خوێندكارێك ، كە دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات بەس خەرجی خۆی دەیان هەزار دۆلارە ، جگە لە كۆرسی زمان و كۆرسی ئەكادیمی و كرێى تەیارە و لایەنی تەندروستی .... ، ئایا ئەگەر بێت و كەسێك لە ناوخۆ بخوێنێت لە ڕووی داراییەوە زیادتر سوود بە وەزارەت و حكومەت ناگەیەنێت؟؟!! ئەوە بۆ جەنابتان جێ دێڵم ، كە چۆن هەڵیدەسەنگێنن...
2. لە ڕووی پسپۆڕییەوە:
من دەمەوێ تەنها پسپۆڕییەكەی خۆم بۆ بەڕێزت و سەرجەم هاووڵاتیان ڕوونبكەمەوە ، كە (كوردییە) ، كە لە هیچ وڵاتێكدا زانكۆیەك نییە بۆ خوێندنی (زمانى كوردی) جگە لە زانكۆیەك لە (بەڕیتانیا) بەناوى (EXETER) ، كە ئەویش تەنها سەنتەرێكی هەیە بۆ خوێندنی كوردی ، نەك زمانى كوردی ، واتە تەنها كەلتور و مێژووى كوردی و چەند شتێكی دیكە لەم بەشەدا دەخوێندرێت ، جگە لەوەی كە دەبوو ئێوە وەك وەزارەت هەوڵتاندابا ، كە خوێندنی كوردی لە ناوخۆی كوردستاندا بەهێزبكەن و پێداچوونەوە بەو خوێندنەدا بكەن بۆ ئەوەی خەڵكی لە وڵاتانى ترەوە بێنە وڵاتی خۆمان و زمان و ئەدەبی كوردی بخوێنن ، ئێمەش دەڵێین: با پسپۆڕییە زانستییەكان لە دەرەوەی وڵات خوێندن تەواوبكەن و بە زانست و زانیارى نوێ شادبن ، بەڵام بۆ هەندێ پسپۆڕى هەروەك بە نموونە هێنامانەوە ، من خراپییەك لە وڵاتى خۆمان نابینم...!!!
3. لە ڕووی كاتەوە:
هەروەك دەزانین هەر خوێندكارێك كە دەچێتە دەرەوەی وڵات سەرەتا دەبێت كۆرسی زمان وەربگرێت ، كە (ساڵێكە) ، كە ئەویش بە بڕیارى جەنابتان لە (شەش) مانگەوە كرا بە ساڵێك ، كە من دەستخۆشیتان لێدەكەم بۆ ئەو بڕیارە نایابە چونكە پێم وانییە كەس بە شەش مانگ بتوانێ زمانى دووەم فێربێت.... من لێرەدا دەمەوێت باسی ئەوەت بۆ بكەم هەر خوێندكارێك كە دەڕوات وەقتێكی زۆری دەوێت بۆ تەواوكردنی خوێندن و گەڕانەوە بۆ وڵات ، كە زیادتر لە دوو ساڵى پێدەچێت بەڵام ئەگەر بێت و ئەو خوێندكارە لە زانكۆكانى ناوخۆ وەربگیرێت ئەو كاتەى كە لە دەرەوەی هەرێم بە كۆرسی زمان سەرفی دەكات بەسیەتی بۆ ئەوەی كۆرسە ئەكادیمییەكانى تەواوبكات و دەست بكات بۆ نووسینی نامەكەى...
جا لێرەدا دەپرسم كردنەوەی ئەم هەموو زانكۆ تازانە پێویستى بەوە نییە لە زووترین و كەمترین ماوەدا كادیری پێویستیان بۆ پێ بگەیەنرێت؟؟!!
4. لەڕووی سەركەوتنەوە:
نامەوێ لە جەنابتان و سەرجەم هاووڵاتیانی بشارمەوە ، كە لە وڵاتى ئێمەدا بە خۆشمەوە زۆرجار شتەكان بە چاولێكەرى و سەیركردنی یەكتر دەڕۆن بەڕێوە بەرنامەى تواناسازیش لەو كارە بەدەر نییە ، چونكە بۆ یەكەمجارە لە مێژووى كوردستان و ناوچەكەدا خەڵك ئاوا بەم زۆرییە و بەو هەموو خزمەتەوە بنێردرێتە دەرەوەی وڵات ، من دەپرسم: ئایا ئێوە بە چ جۆرێك دڵنیان لەوەی كە هەموو ئەو خوێندكارانەی ، كە دەڕۆن سەركەوتوو دەبن ، ئەوەی من لە ئێوەم بینیوە تەنها یەك (بەڵینامە)یە لە نێوان وەزارەت و خوێندكاراندا دەكرێت ، كە تێیدا هاتووە ئەگەر هاتوو خوێندكارەكە سەركەوتوو نەبوو ، ئەوە دەبێت سەرجەم مەسروفاتەكانى كە كردوویەتی بە شێوەى قیست بیگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم ، من لێرەشدا بە داخەوەم ، كە ڕەخنەم هەیە لە وەزارەت و ئەم كارەى ، ناڵێم نەدەبوو ئەوە هەبێت بەڵى كارێكی باشە بوونی بەڵام وەك پێشتر گوتم: كە چاولێكەرى زاڵە بەسەر كارەكەدا ، ئەو خوێندكارانەى كە دەشڕۆن بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان كوڕەهەژار و گەنجی تازە پێگەیشتووی ئەم وڵاتەن... بۆیە دەڵێم: دەبووایە وەزارەت هەڵسەنگاندنی تایبەتی هەبووایە بۆ ناردن بە جۆرێك لە سەركەوتنی كەسەكان دڵنیابا ، ڕاستە لە خولی دووەمدا بڕیارێك هەیە ، كە هەر كەسێك لە (4)ى (Ilets) كەمترى هەبێت بەڕى ناكرێت ، بەڵام ئەوەش بە تەنها بەس نییە بۆ هەڵسەنگاندن ، جگە لەوەش كە كاندیدێك دەیەوێ پاشەكشە بكاتە لە بەرنامەكە هەق نییە بخرێتە ناو بلاك لیستەوە ، چونكە: ڕەنگە كۆمەڵێك هۆكار كە پێوەندییان بە خودی خوێندكارەكەوە هەیە ببنە هۆی ئەم كارە و ڕێگربن لەوەی كە خوێندكارەكە سەفەر بكات ، جگە لەوەش غەریبی و فێربوونی زمان كارێكی ئەستەمە ڕەنگە زۆر كەس نەتوانێ لەگەڵ ئەم بارودۆخە خۆی بگونجێنێت ، وەرگرتنەوەی پارەكەش بارا گرانی دروست ناكات لەسەر داهاتووی كەسەكە ، با خۆشی بڕیارێكی هەڵە و بە پەلەى دابێت ، ئەدی حكومەت و وەزارەت باوكی میللەت نین!!
5. نەهێشتنی كێبڕكێ:
سەرەتا دەمەوێ دڵخۆشى خۆم بە بڕیارە تازەكانى خوێندنی ماستەرى ناوخۆ دەرببڕم ، بە تایبەتی مەرجی دەرچوون ، كە هەڵگیرا لە تاقیكردنەوەی توانستى زانستیدا و ، نەهێشتنی كێرڤــ ، كە پێم وایە هەقی زۆر لە خوێندكاران دەگێڕێتەوە...
ئەوەی دەمەوێت ڕوونی بكەمەوە ئەوەیە كە خۆتان دەزانن هەموو ئەو خوێندكارانەی كە لە بەرنامەى تواناسازیی ناویان دەرچووە و سەفەریان كردووە و سەفەردەكەن ئەوانەن ، كە تێكڕاى دەرچوونیان بەرزە و تەمەنیان كەمە ، واتە زۆربەى خوێندكارە كۆنمرە بەرزەكان لە ناو بەرنامەى تواناسازیدان و بۆ ئەمساڵى خوێندنیش كۆمەڵێكی زۆر لە كورسى خوێندنی ماستەرى ناوخۆ ڕاگەیاندراوە ، ئەوەی من تێبینی دەكەم كەسانێكی كۆنمرە بەرز نابینم داوایان پێشكەش كردبێت ، كە ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستى خوێندنى ناوخۆیی بە دیدی من ، خەڵكانێك دڵنیا دەكات لە سەركەوتن و بەرەو كەمتەرخەمیان دەبات!!!
بۆیە جارێكی تر من پێم وایە بڕیارەكەی جەنابتان زۆر لە جێگەى خۆی نەبوو بۆ دوورخستنەوەی كاندیدانی تواناسازیی لە خوێندنی ناوخۆ...
هەموو ئەو خاڵانەى كە خستمنە ڕوو بۆ بەڕێزتان ، بە لاى منەوە ئەوە دەردەخەن ، كە بڕیارەكەی بەڕێزتان پەلەى تێدا كراوە و سەركەوتن بە پڕۆسەى خوێندن و خوێندكاران نابەخشێت...
لە كۆتاییشدا ئەگەر لێمان قەبووڵ بكەیت چەند پێشنیار و سەرنج و تێبینییەك دەخەینە بەردەمتان ، كە تایبەتن بە وەرگرتنی خوێندكاران لە خوێندنی باڵا (ماستەر) لە ناوخۆى كوردستاندا...
1. بڕوانامەی توانست:
ئەو مەرجانەى كە دانراون بۆ تاقیكردنەوەی توانستى كۆمپیوتەر و زمانى ئینگلیزی ، كە دەبێت خوێندكار هەردوو بڕوانامەی توانستى هەبێت ، كە بە داخەوە ناچارم بڵێم هیچ جۆرە زانست و زانیارییەك لەو جۆرە بڕوانامانەدا نابینم ، بەڵگەشم بۆ ئەوە ئەو هەموو مامۆستایانەیە كە ماستەر و دكتۆراشیان تەواوكردووە ، كە تاوەكو ئێستا ئیمێلیشیان نییە و تەنانەت نازانن بەرنامە سەرەتاییەكانیش بەكاربێنن و لە ڕووی زمانى ئینگلیزیشەوە تا بڵێى كڵۆڵن ، ئەوەی كە من دەمەوێ ڕوونی بكەمەوە بریتییە لەوەی ، كە:
یان ئەو دوو توانستە بكرێنە دەرسى تایبەت و لە كاتى كۆرسەكاندا بخوێندرێن ، بۆ ئەوەی بە پراكتیكی كەسەكان زانیارییان لێوەرگرن ، یانیش بۆ هەندێك پسپۆڕى ، كە پێویستیان پێیان نییە لاببرێن...
2. تاقیكردنەوەی توانستى زانستى:
لە نێوان تاقیكردنەوەی توانست و دابینكردنی كورسیدا جۆرە لێڵى و تەمومژییەك هەیە ، ئەویش ئەوەیە ئەگەر بێت و كەسێك تێكڕاى دەرچوونی لە سەرووى (90)ەوە بێت ئەوە نمرەكەی خۆى بەسە بۆ ئەوەی وەربگیرێت، ، واتە ئەوانە بێ نمرەى تاقیكردنەوەی زانستى وەردەگیرێن ، جا بۆیە من دەڵێم ، ئەگەر بێت و كەسێك تێكڕاى دەرچوونی ئاوا بێت و ، هەموو مەرجە بنەڕەتییەكانى تێدا بێت هەق نییە خۆی بێ تاقیكردنەوە بە تایبەتی یەكەمەكان و موعیدەكانى ناو زانكۆكانى هەرێم وەك خەڵاتكردێك وەربگیرێن؟؟!!
3. ساڵانی خزمەت
ئایا دانانى مەرجی ساڵانی خزمەت بە تایبەتی بۆ یەكەمەكان ، چ سوودێكی هەیە ، ئەوەی من سەرنجمداوە و دەیبینم ، تەنها دوورخستنەوەی خوێندكارانە لە پسپۆڕى خۆیان و درەنگ پێگەیاندنی كادیرە ، كە زانكۆكان و دەستەكان زۆر پێویستییان پێیان هەیە!!...

دووبارە هیوام سەركەوتن و تەمەن درێژیتانە ، بۆ خزمەتكردن و ئومێدەواریشم سەرنج و تێبینییەكانم گەردێك لە دڵى بەڕێزتان و كەس دروست نەكات و ، وەك هەوڵیكی دڵسۆزانە لێى بڕوانرێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەى خوێندنى باڵا و بەرەوپێشبردنی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە