تاڵەبانی، عاشقە سەرسەختەکەی دەستەڵات

Saturday, 21/11/2009, 12:00

1533 بینراوە


لەوەتەی تاڵەبانی چۆتە بەغدا، کوردستانی لەبیرکردووە. ئەو تەنها ئەو کاتانە کوردستانی بیردێتەوە کە لەناو حیزبەکەی خۆیدا هەست بە مەترسییەک دەکات. هەرگیز ئەو کاتانەی مەترسی رو لە کورد دەکەن، کوردی بیرنایەتەوە.
تاڵەبانی لەوەتەی چۆتە بەغدا بیری تەنها لای یەک شتە؛ مانەوەی بە سەرۆک کۆماری عێڕاق تا هەتایە. ئەمە پۆستی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نییە، لەوانەیە رۆژێک بێت بەجێیبهێڵێ. ئەگەریش جێی نەهێڵێ، نەوشێروانێک دێت و داوای چۆڵکردنی لێدەکات. بۆیە؛ وا باشتر بو ئیشی بۆ کورد کردبووا. ئیش بە مانای ئیش، ئیش نەک بۆ مانەوە، بەڵکو بۆ شكۆ و سەروەریی کورد.
ئەو ماوەیە تاڵەبانی ئەبووا بەغدای جێنەهێشتبووا، هەر هیچ نەبا لەبەر خۆی، چونکە ئەو ئەگەر بیەوێت ببێتەوە سەرۆک کۆمار، پێویستی بە کورسی پارلەمانی زیاتر دەبێت. بەڵام ئەو قبوڵیکرد کە سلێمانی 4 ساڵە هیچ مرۆڤێک لەداییک نەبووە. دەبێت تاڵەبانی لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت، چۆن قبوڵیکرد ئەو یاسایە قبوڵبکرێت. من تەنها بیرم لە یەک شت کردەوە، ئەویش ئەوە بو کە تاڵەبانی هەر ئەوەندەی بە سلێمانی رەوا بینی بێ. بۆ نا، چونکە ئەوانەی لە سلێمانی دەنگیان بە لیستی گۆڕان دا، چیتر لای تاڵەبانی دەنگیان جێی رێز نییە. مەگەر ئەوە نییە لە پلینیۆم تاڵەبانی چی گوت.
من پێموایە دوای ئەوەی تاڵەبانی چوار ساڵ سەرۆک کۆمار بو، هیچی لەوە نەگۆڕی کە پێویستبو بگۆڕدرابووایە. ئەوە تاڵەبانییە کەرکوکی بەو دەردە برد. ئەوە هەر تاڵەبانییە ئەیەوێت بە چوار پارێزگای کوردستان، قبوڵی بێت بە قەد بەش و چارەکێکی موسڵ بین. ناکرێ کەسێک باڵاترین بەرپرسیارێتی هەبێ و خۆی بدزێتەوە لەو ئەرکانەی کە دەبێ جێبەجێیبکا.
بیرکردنەوە لەوەی دڵخۆش بین بەوەی کەسێکی ناکورد سەرۆک کۆماری عێڕاق بێ نەک کوردێک، گەمژەییە. بەڵام گەمژەییشە دڵخۆش بین بە کوردێکی سەرۆک کۆمار کە ئەوەندەی بیری لای مانەوەی خۆی بێت، بیری لای کورد نەبێت.
ئەو، واتا تاڵەبانی، زو سەلماندی کە ناتوانێت سەرۆکی هەمووان بێت. ئەو لە هەڵبژاردنەکان بوبو بە بەرپرسی راگەیاندنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیستی کوردستانیی و مەسعود بازرانیی. ئەی ئەو سەرۆک کۆمار نەبو، بۆ وایکرد؟ ئەگەر کوردێکی سەرۆک کۆماری دڵسۆزە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی نەتەوەکەی، بۆ فڕۆکەوانەکەی ئازدکرد؟ ئازادکردنی فڕۆکەوانەکە لەلایەن تاڵەبانییەوە، ئەو چرکە ساتانە بون کە چیدیکە کوردایەتیی ئامانج نییە لای ئەو، بەڵکو مێژوی خۆیشی خستە ژێر پرسیارەوە.
تاڵەبانی لە پلینیۆمدا، جارێکی تر چووەوە ئەو بەرەیەی کە کێشەکانی کوردستان قوڵتر بکاتەوە نەک چارەسەریان بکات. ئەوە دیسان تاڵەبانی دەیەوێت گوتاری کوردی بەرامبەر بەغدا لاوازبکات، کە خۆی لە ئەساسدا بەهێز نەبووە.
سەرۆکایەتیی هەرێم و لە سەروی هەموشیانەوە مەسعود بارزانی، لەماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردودا، ئەوەندەی هەڕەشەی جێبەجێنەکراویان کردووە، ئەوەندە ئیشیان لەپێناو چارەسەریی کێشەکان لە بەرژەوەندیی کورد نەکردووە. نازانم هەڕەشەی ئەم جارەشی بەکوێ دەگات؟ خۆ لەوانەیە ئەو حەزیشی لە دروستکردنی لیژنەیەکی تر بێ بۆ چارەسەریی کێشەکان. ئاخر ئەو چەندان لیژنەی دروستکردووە و زۆربەیان بە هیچ شوێنێک نەگەییشتون. ئەو لیژنەیەی کە قادر عەزیز بۆ کەرکوک سەرۆکی بو، هەر دەنگوباسی نەما.
پەکو کاک قادر تۆش دوای وەرگرتنی ئەو لیژنەیە هەر دەردەسەریی بو تا ئەوەی کە فێڵێکت لە عەلی باپیر و سەڵاحەددین بەهادین کرد. خوای کرد تۆ دەرکەوتیتەوە. عەلی باپیر دوای ئەو فێڵەی تۆ هێشتا نەیتووانیووە خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام سەڵاحەدین باش بو زوتر خەبەری بووەوە.
تاڵەبانی دەیەوێت وا پیشانی جیهانی عەڕەب و عێڕاقی عەڕەبیی بدات کە ئەو هەر خۆی خاوەن بڕیارە. ئەو دژیەکییەی ئێستا لەنێوان بڕیارەکەی تاڵەبانی و بارزانییدا دیارە، جێی پێکەنینە. پێکەنینێک کە دواجار دەمانباتە بەر دەرگای خەمێکی قوڵ. خەمێک لە کەرکوک، یەکێک لە ژمارەی کورسییەکان. یەکێکی دیکە لە نەوت و یەکێکی تر لە پێشمەرگە.
تاڵەبانی، ئێستا عەشقی پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاقە. ئەو عەشقە هی سەردەمی منداڵییەتی، خۆ من دژی عەشق نیم، بەڵام ئەو عەشقە نابێت وامان لێبکات کوردبونی خۆمان لێبستێنێ. ئەوەش عەشقی شێخ سەنعان نییە بۆ کچە گاوور و لە دینی خۆت وەربگێڕێتەوە. ئەوە مەسەلەی نەتەوەیەکە.
تاڵەبانی، وەک مەسعود بارزانی، هەمو خزم و کەسی خۆی کردۆتە بەرپرسی باڵا. دووایین کاری تاڵەبانیی کە میدیای یەکێتیی ماوەیەکە خەریکن ئەو کارەمان بە سەروەرییەکی دیکەی سیاسەتە "حەکیم"ەکانی تاڵەبانیی پێئەفرۆشنەوە، دەستنیشانکردنی خێزانەکەی بو بە بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی. ئا ئەمە بو گۆڕانکارییەکانی پلینیۆمە ئەفسوناوییەکەی یەکێتیی کە دەیەوێت یەکێتیی بگێڕێتەوە سەردەمی زێڕینی. ئەو بەکورتی، عاشقێکی سەرسەختی دەستەڵاتە. ئەو تا ئێستا سکرتێری حیزبێکە و سی چل ساڵێکە کەس جورئەتی نەکردووە بڵێ من، تا نەوشێروان جێیهێشت. ئەیەوێ تا چل ساڵی تریش سەرۆک کۆماری عێڕاق بێت.
سەرکردایەتیی کورد، زۆر هەژارە لە سیاسەتدا. ئەو هەژارییە هەمو هێزە بچوکەکانی دیکەشی گرتۆتەوە. هێزێک نییە لە کوردستاندا هەژار نەبێت لە گەمەی سیاسییدا. پێشنیازدەکەم ئەو سەرکردە و حیزبە سیاسییە ناتەندروستانەی ئێمە سوواڵ بکەن. بچن بە وڵاتان بگەڕێن و بڵێن هاتوین سوواڵبکەین و هەندێک سیاسەتمان بدەنێ، بۆئەوەی ئێمەش لەو نەزانینە رزگارمان بێت و چیتر هاووڵاتیی کورد نەبێتە قوربانیی نەزانیی ئێوە.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە