کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ: مه‌سعود بارزانی کابرایه‌کی ڕاڕایه‌، شۆڕشگێر نییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوڕی مه‌لامسته‌فایه‌

Wednesday, 01.06.2010, 12:00

846 بینراوە


ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ له‌یه‌که‌م ژماره‌ی گۆڤاری 31 ی ئاب دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ .
ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ ده‌سته‌ی نووسه‌ران له‌ئێواره‌ی 1996 .12 16 له‌گه‌ڵ کۆسره‌ت ڕه‌سوڵدا له‌سلێمانی کاتژمێر 18 ئیواره‌ له‌ ژوری سه‌رۆک وه‌زیران که‌ئێستا باره‌گای مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌ ئه‌نجامدراوه‌ . ناونیشانی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ بریتییه‌ له‌ " کاک کۆسره‌ت بۆ گۆڤاری 31 ی ئاب ده‌دوێت " له‌ لاپه‌ڕه‌ی 4،5،6،7 دا بڵاو بۆته‌وه‌ .

له‌ده‌ستپێکی چاوپێکه‌وتنه‌کدا که‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی ڕووبه‌ڕوو هاتوه‌ کۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌رچواندنی گۆڤارێک به‌ناونیشانی 31 ئاب به‌کارێکی داهێنانه‌ ده‌زانێت .
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ " ده‌ستتان خۆش بێت بۆ ئه‌م داهێنانه‌ ، چونکه‌ ئه‌م کاره‌ساته‌ نابێ له‌بیر بکرێت "
هه‌روه‌ها له‌ کۆتای چاوپێکه‌وتنه‌که‌ به‌م شیوه‌یه‌ سوپاسیان ده‌کات
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ : " منیش سوپاستان ده‌که‌م هیوادارم له‌ده‌رچواندنی ئه‌م گۆڤاره‌ به‌رده‌وام بن "

ـ له‌و چاوپێکه‌وتنه ‌چڕوپڕه‌دا کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ ده‌ستتێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ به‌عسدا ‌تۆمه‌ت بار ده‌کات، وپه‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان پارتی وسه‌دامیش به‌مێژووی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و بۆ سه‌رتاکانی که‌فوکوڵی ڕاپه‌ڕین ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ : ‌" له‌ ساڵی 1991 په‌یوه‌ندی به‌ڕژێم هه‌بووه‌ ، هه‌روه‌ها له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ ساڵی 1992 ڕژێم زۆر یارمه‌تی پارتی داوه‌ ، وه‌ ڕژێم هانی پیاوانی خۆی داوه‌ که‌ده‌نگ بده‌ن به‌پارتی ، به‌مه‌بسه‌تی ئه‌وه‌ی پارتی ده‌نگی زیاتر بهێنێت و بیباته‌وه‌ وبه‌یه‌کجاری کورد ته‌سلیم به‌ڕژێم بکاته‌وه‌ " دیاره‌ لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ڕژێم ، ڕژێمی به‌عس بووه‌ .

ـ له‌دڕێژه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا کۆسره‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات به‌پێی قسه‌کانی کاک کۆسره‌ت که‌ ئه‌ویارییه‌ی پارتی وڕژێم بۆیان نه‌چووه‌ سه‌ر به‌پێی کاک کۆسره‌ت " پارتی % 44 ی ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستانیان هێناوه‌ ، باقی حیزبه‌کانی موعاره‌زه‌ش ده‌نگه‌کانی تریان هێناوه‌ ."
ئه‌گه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستان له‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 دا ڕێژه‌ی له‌%44 ی ده‌نگه‌کانی هێنابێت ئه‌وا تێزی په‌نجا به‌په‌نجا که‌ساڵگه‌لێکی زۆر ، یه‌کێتی وپارتی له‌سه‌ری ناکۆک و به‌مدوایانه‌ش ته‌با وهاوپه‌یمانی ستراتیژی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ .

ـ کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌ دریژه‌ی لێدوانه‌کانیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که ‌زانیارییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان سه‌دام وپارتی به‌ڵام له‌وباوه‌ڕه‌دا نه‌بوون که‌ به‌و قورسای یه‌ سه‌دام له‌شکر کێشی ده‌کات بۆ سه‌ر هه‌ولێر !؟

کۆسره‌ت ره‌سوڵ : ئێمه‌ پێشتر وپێش دوو سێ رۆژ مه‌علوماتمان هه‌بوو له‌مه‌ر ئه‌م هێرشه‌ ، چونکه‌ ساڵی 1995 یش به‌هه‌مان شێوه‌ هێزێکی زۆریان هێنا بوو بۆ پشتیوانی کردنی پارتی ..... ئێمه‌ له‌وباوه‌ڕه‌دا نه‌بووین که‌ ڕژێم به‌و هێزه‌ زۆره‌وه‌ ته‌داخول بکات و هه‌روه‌ها به‌پێی به‌لێنی وڵاتانی هاوپه‌یمان و ئه‌مریکا که‌ڕژێم ناتوانێت داخلی هه‌ولێر بێت ، ئه‌گه‌ر داخلیش بێت لێی ده‌ده‌ن ..... نه‌مان ده‌زانی ڕژێم به‌وهه‌موو هێزه‌ زۆره‌وه‌ به‌شداری ده‌بێ وه‌ پارتیش ئه‌وخیانه‌ته‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌کات وبه‌و زه‌قی یه‌ "
سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ له‌م لێدوانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که‌ یه‌کێتی دره‌نگ وه‌خت زانیاری هاوکاری سه‌دام و پارتی له‌ هێرشی 31 ئاب دا پێگه‌یشتووه‌ ، هاوکات بێده‌نگی وڵاتانی هاوپه‌یمان وئه‌مریکا له‌مه‌ڕ هێرشه‌که‌ی سه‌دام بۆ سه‌رهه‌ولێر جێگه‌ی تێرامانه‌ ، به‌تایبه‌ت پێده‌چێت ئه‌مریکاییه‌کان یه‌کێتییان دڵنیا کردبێته‌وه‌ به‌وه‌ی که‌ سه‌دام حسێن ناتوانێت داخڵی هه‌ولێر بێت وسنوری هێڵی 36 ی پاراستنی کورد ببه‌زێنێت ... خۆئه‌گه‌ر داخڵیش بێت ئه‌وا ئه‌مان به‌رپه‌رچی ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌ڵام ، هاوپه‌یمانه‌کان له‌ئاست به‌ڵێنه‌کانیان به‌یه‌کێتی به‌جۆرێکی تر مامه‌ڵه‌یان کرد ... له‌لایه‌کی تر خودی ئه‌م به‌ڵێندانه‌ به‌یه‌کێتی و هاریکاری ڕژێمی پێشو بۆ پارتی له‌گرتنه‌وه‌ی هه‌ولێر ده‌ستتێکه‌ڵکردنێکی ئاشکرایه‌ له‌گه‌ڵ هێزی بیانی وناکوردی ...بۆ یه‌کتر خواردن ویه‌کتر شکاندن ، ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت که‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌وقۆناغه‌دا خۆی به‌وه‌ تۆمه‌تباره‌ که‌ ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئێران دا تێکه‌ڵ کردووه‌ ، ڕه‌نگ بێت بێده‌نگی ئه‌مریکا وهاوپه‌یمانه‌کانی له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت که‌ هه‌بوونی سه‌دامێکی بچوکراو له‌ناوچه‌که‌ له‌ئێرانێکی گه‌وره‌ی زلهێز باشتر بێت ... وکار به‌چه‌مکی سیاسه‌تی ئه‌مری واقیع کرابێت . له‌وه‌ش بترازێت پارتی دیموکراتی کوردستان له‌چه‌ند قۆناغێکدا له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵدا بووه‌.


ـ له‌درێژه‌ی قسه‌کانی دا کۆسره‌ت ئاماژه‌ به‌ حه‌جمی به‌شداربوونی هێزه‌کانی ڕژێمی به‌عس ده‌کات له‌ گرتنه‌وه‌ی هه‌ولێر ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ڕۆڵی قیادی نێچرڤان بارزانی ، وقوسه‌ی سه‌دام حسێن ده‌کات ، و به‌پێی قسه‌کانی کۆسره‌ت له‌سه‌رده‌بابه‌کان سه‌رپه‌رشتی هێزه‌کانیان ده‌کرد .
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ :
" قواته‌کانی حه‌ره‌س جمهوری وهه‌ردوو فه‌یله‌قی (یه‌ک ، پێنج) به‌ قیاده‌ی قوسه‌ی ووه‌زیری دیفاع .. وچه‌ندین ئه‌لوییه‌ به‌شداریان له‌گرتنی هه‌ولێردا کرد ، ... له‌وباوه‌ڕه‌دا نه‌بووین 60 هه‌زار جوندی به‌شداری بکات ، پارتیش ته‌ناه ده‌وری ئه‌وه‌ بوو که‌چاوساغیان بۆ بکات له‌ناو ده‌بابه‌کان .... نێچیر وقوسه‌ی له‌سه‌رده‌بابه‌کان سه‌رپه‌رشتی هێزه‌کانیان ده‌کرد"


ـ له ئاست ‌پرسیاری ئه‌وه‌ی که‌ دواڕۆژ کۆسره‌ت به‌نیازه‌ چی بکات بۆ هه‌ولێر له‌پاش 31 ی ئاب به‌م شێوه‌یه‌ باسی ده‌کات

کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ " ئیمڕۆش هه‌ولێر بۆته‌ مه‌نتیقه‌ی سیراع و دوژمنان ڕقیان لێده‌بێته‌وه‌ که‌ پایته‌ختی حوکمه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ وه‌ ئه‌م شاره‌ زه‌ره‌رو زیانی زۆری به‌رکه‌وتووه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ که‌ هه‌ولێر ئازادکرا وکه‌ته‌ باوه‌شی گه‌ل گرنگییه‌کی باشی پیده‌ده‌ین و تۆڵه‌یان بۆ ده‌که‌ینه‌وه‌ "

ئه‌گه‌ر که‌مێک به‌وردی بڕوانینه‌ ئه‌م جۆره‌ لێدوانه‌ کۆمه‌ڵێک شت به‌دی ده‌که‌ین گرنگترینیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ لایه‌نێک یان چه‌ند لایه‌نێک پێی ناخۆشه‌ هه‌ولێر بۆته‌ پایته‌ختی حوک‌مه‌تی هه‌رێم ، به‌م پێیه‌ش ده‌بێت له‌بنه‌ڕه‌تدا شارێکی تر هه‌بووه‌ له‌ کوردستان به‌ر له‌هه‌ولێر ویسترابێت ببێت به‌پایته‌خت . هه‌روه‌ها به‌پێی کۆسره‌ت هه‌ولێر له‌پاش 31 ی ئاب داگیرکراوه‌ و له‌باوه‌شی گه‌لدا نییه‌ . خاڵێک که‌زۆر گرنگه‌ له‌سه‌ری بوه‌ستین ئه‌وه‌یه‌ که‌ چه‌مکی تۆڵه‌ له‌پاش ئازادکردنی هه‌ولێر له‌وسه‌رده‌مه‌دا بوونی هه‌بووه‌ . بڕوانه‌ وته‌زای " گرنگییه‌کی باشی پێ ده‌ده‌ین تۆڵه‌یان بۆ ده‌که‌ینه‌وه‌ " هه‌ڵبه‌ت ئه‌و باس له‌ میکانیزمی تۆڵه‌سه‌ندنه‌که‌ ناکات به‌ڵام هه‌موو پێوه‌ره‌کان به‌وئاراسته‌یه‌ ده‌مانبه‌ن که‌ پلانێک هه‌بووه‌ بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ جه‌ماوه‌ری پارتی له‌هه‌ولێر.

ـ کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌مه‌ر پرسیاری زه‌ره‌روزیانی 31 ئاب به‌چه‌ند ده‌خه‌مڵێنرێت به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌
"ئێمه‌ به‌ته‌واوی نازانین لیژنه‌ی بۆ داده‌نێین ئیحسا ده‌که‌ین ، به‌ته‌سه‌وری من به‌ دوو ملیار دینار مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت "

خه‌مڵاندنی زیانه‌ مادییه‌کانی گرتنه‌وه‌ی هه‌ولێر به‌ دوو ملیار دینار ته‌نها له‌ شه‌وێکی شه‌ڕی ناوخۆ ،به‌ره‌پرسیارێکمان ده‌بات ، پێویسته‌ بپرسین داخۆ چه‌ند سه‌دان ملیار خه‌رجی ساڵانه‌ی شه‌ڕ و گرتنی که‌پکی حه‌مه‌دئاغاو کڵاو قاسم ، ته‌پۆلکه‌کان خه‌رجکرابێت ، ئه‌وپاره‌یه‌ که‌ خه‌رجکراوه‌ له‌ کوشتنی یه‌کتریدا ، سه‌رچاوه‌که‌ی له‌کوێوه‌ به‌ده‌ستکه‌وتووه‌ ، ئایا باجی سه‌رسنوره‌کان ئه‌و هه‌موو خه‌رجییه‌ی پێدابین ده‌کرێت ، یاخود ئه‌وڕایه‌ جێگه‌ی باوه‌ڕه‌ که‌ یارمه‌تی لۆجیستی ده‌ره‌کی هه‌بوو بۆ لایه‌نه ‌شه‌ڕکه‌ره‌کان .... خۆئه‌گه‌ر به‌داهاتی حیزبه‌کان خۆشییان شه‌ڕی یه‌کترییان کردبێت بۆچی ئه‌وداهات وسامانه‌ له‌خزمه‌ت گه‌لدا خه‌رجنه‌کرا.

ـ ڕای کۆسره‌ت له‌سه‌ر که‌سیه‌تی مه‌سعود بارزانی که‌ئیستا خۆی جێگریه‌تی ومه‌سعودبارزانیش سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ له‌و دیاداره‌ دا به‌م شێوه‌یه‌ بووه...‌
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ " مه‌سعود بارزانی خۆی کابرایه‌کی ڕاڕایه‌ ، "متردد" و شۆڕشگێر نییه‌ ، ته‌نها سیفاته‌کانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوڕی مه‌لامسته‌فایه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ قیاده‌ی به‌وراسه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌ "
ئه‌م سه‌رنجه‌ له‌سه‌رکه‌سیه‌تی مه‌سعود بارزانی جێگه‌ی لێکدانه‌وه‌ وشیکردنه‌وه‌یه‌ ، چمکێکم هیج پێوه‌رێکی سیاسی ئه‌وه ‌قبوڵناکات که‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیک بدریته‌ که‌سێکی ڕارا وه‌ هیچ مه‌رجێکی قیادی تێدا به‌دی نه‌کرێت ، کوڕی مه‌لامسته‌فای لێ ده‌رچێت .... چونه‌ ژێر به‌یداخی ئه‌و سه‌رۆکایه‌تیشه‌ گومانێکی گه‌وره‌ جێده‌هێلێت .

هه‌روه‌ها به‌پێی کۆسره‌ت ره‌سوڵ پارتی و خودی مه‌سعود بارزانی باوه‌ڕی به‌شۆرش نه‌ماوه‌ و مه‌سعود بارزانی به‌ سه‌رۆک جاش ناوده‌بات
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ " پێیان وابوو جارێکی تر شۆرش هه‌ڵناگیرسێته‌وه‌ و دژایه‌تی کورده‌کانی ئێرانیان ده‌کرد . له‌سه‌ر سنوره‌کان کاسبیان ده‌کرد .... ئیستاکه‌ش باوه‌ڕیان به‌وه‌ نه‌ماوه‌ که‌جاریکی تر پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌بات بکه‌ن ئه‌گه‌ر ڕژێم هیچیشی نه‌دانی پێم وایه‌ له‌گه‌ڵ رژێم هه‌ر رێکده‌که‌وێت ، بۆ ئه‌وه‌ی ئیحتیفاڤ به‌ جێگاو ڕیگای خۆی بکات وه‌ک پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند یان وه‌ک سه‌رۆک جاشێک یان وه‌ک سه‌رۆک حیزبێکی کارتۆنی چونکه‌ ئه‌مه‌ ناخی مه‌سعوده‌ ".

ئه‌م لێدوانه‌ له‌سه‌ر که‌سیه‌تی مه‌سعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ، هی پتر له‌ دوازده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌ ، پرسیاره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ ده‌بێت ئه‌و تێڕوانینه‌ بارگاوییه‌ به‌چی گۆڕدرابێت ، تا وابکات کۆسره‌ت ره‌سوڵ قبوڵی بێت ببێته‌ جێگری مه‌سعود بارزانی ، ئایا ده‌کرێت بڵێن که‌ بۆ کۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌رکه‌وتوه‌ ئه‌و له‌سه‌رهه‌ڵه‌ بووه‌ کاتێک که‌لای وابووه‌ مه‌سعود بارزانی که‌سێکی شۆرش گێر نییه‌ ، یان ئه‌وڕایه‌ نزیکتره‌ له‌قبوڵکردن که‌ ئه‌میش به‌نیازی بازرگانی وکه‌سابه‌ت جێگرایه‌تی قبوڵکردووه‌ . ئه‌گه‌ر ناخی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆک جاشێک بوبێت ، وه‌ سه‌رۆکی حیزبێکی کارتۆنی ، له‌وبه‌ریه‌که‌وتنه‌دا ده‌بێت چی له‌ئێستای ناخی کۆسره‌تدا بگوزه‌رێت .

ـ له‌به‌شێکی تری لێدوانه‌کانی کۆسره‌ت له‌مه‌ڕ کاردانه‌وه‌کانی 31 ی ئاب و له‌بابه‌تی په‌یوه‌ست به‌گڤتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی دا کۆسره‌ت به‌م شێوه‌یه‌ ده‌دوێت ...
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ " له‌ناو پارتیدا چی له‌به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌که‌یاندا بێت ئه‌وه‌ ده‌که‌ن . ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی بهاتبایه‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ' ی.ن.ک' بکه‌وتایه‌ گفتوگۆ ئه‌وا زۆر شه‌ریف تر ده‌بوو و خه‌ڵکیش پێشوازیان لێده‌کرد نه‌وه‌ک رووی خۆی ڕه‌ش کردبایه‌، به‌ناردنی نامه‌ بۆ سه‌دام حسێن بۆ گرتنه‌وه‌ی هه‌ولێر به‌پاڵپشتی ده‌بابه‌و حه‌ره‌س جمهوری "

ـ کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌به‌شێکی لێدوانه‌که‌یدا باس له‌ مه‌رکه‌زی بریاردان ده‌کات له‌لای پارتی تێدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ سێ بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ لای پارتی وبازنه‌ی یه‌که‌م که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزنی یه‌ مه‌رکه‌زی قه‌رار به‌ده‌ستی ئه‌وانه‌ ، و لای وایه‌ که‌ مه‌کته‌بی سیاسی و جێگره‌که‌ی به‌قه‌د چایچییه‌ک ده‌ستی ناڕوات
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ : حه‌زده‌که‌م ئه‌م ڕاستیه‌تان بۆڕون بکه‌مه‌وه‌ که‌له‌ناو پارتیدا سێ مه‌رکه‌زی قه‌رار هه‌یه‌
دائیره‌ی یه‌که‌م : ماڵی بارزانییه‌... دائیره‌ی دووه‌م : ده‌زگای پارستنه‌ ..دائیره‌ی سێهه‌م : مه‌کته‌بی سیاسی ونائیبه‌که‌یه‌تی که‌ به‌قه‌د چایچییه‌کی مه‌سعود ده‌ستی ناڕوات "


ـ به‌پێی لیدوانه‌کانی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ده‌رده‌که‌وێت له‌ڕووی ته‌کتیکی سه‌ربازییه‌وه‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌مه‌ڕ ڕووداوه‌کانی 31 ی ئاب هه‌ڵه‌یه‌کی ستراتیژی کردووه‌ ، چمکێکم ، نه‌خشه‌و پلانی کشانه‌وه‌یان نه‌بووه‌.ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ دوو سێ رۆژ پێش گرتنه‌وه‌ی هه‌ولێر زانیارییان هه‌بووه‌ له‌سه‌رنه‌خشه‌ی هاریکاری نێوان سه‌دام وپارتی . هه‌روه‌ها پێده‌چێت سه‌رکردایه‌تی سیاسی وسه‌ربازی یه‌کێتی له‌هه‌ولێر ئاگای له‌یه‌کتری نه‌بووبێت ، چونکه‌ به‌پێی کۆسره‌ت که‌له‌شاری هه‌ولێر ده‌رچوون مه‌سیری سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نه‌زانراو بووه‌ ، ته‌نانه‌ت هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د که‌خێزانی تاڵه‌بانی یه‌ و دکتۆر که‌مال فوئاد و دکتۆر فوئاد مه‌عسوم ، ئاسۆئه‌ڵمانی شاهێدی ئه‌و لێکدابڕان وبێ ئاگاییه‌ن که‌ کۆسره‌ت باسی ده‌کات .
کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ : " که‌له‌شاری هه‌ولێر ده‌رچووین به‌شێکی زۆری براده‌ران مه‌سیریان مه‌علوم نه‌بوو ، وه‌لێکدابڕاین چو‌نکه‌ به‌رنامه‌یه‌کمان نه‌بوو بۆ ده‌رچوون له‌هه‌ولێر ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شه‌وبه‌ناچاری ده‌رچووین ... "
ده‌کرێت نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌ک بۆ کشانه‌وه‌ له‌هولێر به‌ند بێت به‌وزانیاری به‌ڵێندان و له‌خۆهه‌ڵکێشانه‌ی که‌یه‌کێتی هه‌یبوو له‌شاری هه‌ولێردا ، هه‌ربۆیه‌ش سه‌رئه‌نجام وه‌ک کۆسره‌ت ده‌لێت ناچار بووین شه‌و هه‌ولێر جێ بهێڵێن .

جێگه‌ی خۆیه‌تی که‌ ئه‌م به‌دواداچوونه‌ شیکارییه‌ به‌ ده‌ستپێکی لێدوانه‌کانی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ کۆتای پێ بهێنین کاتێک که‌ده‌ڵێت "تامێژووش مابێ ئه‌و خیانه‌ته‌یان لێ خۆش بوونی بۆ نییه‌ ، دیاره‌ مێژووش ره‌حم به‌که‌س ناکات"



په‌راوێز و سه‌رچاوه‌ :
1 ـ گۆڤاری 31 ی ئاب ژماره‌ 1 ده‌رچووی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 1996

سه‌رنج " ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ژماره‌ 15 ی ده‌رچوی 18 ی ته‌موزی 2009 له‌ گۆڤاری ڕێگادا بڵاوبۆته‌وه‌ .

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)