هەستی خود- هەستی ئەویتر- ئازادی. بەشی چوارەم

Tuesday, 27/05/2014, 12:00

2996 بینراوە



  زەمانی داهاتوو.
خوێنەری من تایبەتمەندیەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەروا بە سەرووشەکان ودیرەکاندا ناڕووات، بەڵکوقووتیان دەدات وبە باشی فامیان دەکات!
پێش ئەوەی کە بڕۆینە سەر وەزعیەتی زەمانی داهاتوو. لاموایە دەبێت جەخت بکەینە سەر ئەوەی کە ئەم لێکدوانە بۆ کۆی دەڕوات و مەبەستی ئاخری ئێمەچیە؟ وەڵام بەم پرسیارە ئەوەیە کە ویستمان باشتر لە چۆنیەتی" هەستی خود " بەرانبەر بە " هەستی ئەویتر" یان تەواوی خودی هەستی، بە نیسبەتی " ئازادی " روون بکەینەوە و بزانین لە ئاکامدا ئەم هەستیە یان بوونەوەرە، دەتوانێت بەئازادی درێژە بدات بە ژیانی خۆی یان نا؟! ئەمە خاڵی زۆر سەرەکی بابەتەکەیە. چونکە زۆر لە خەڵکان پێان وایە کە تاکەکەس یان کۆمەڵگەکان لە بڕێك وەڵات وەکو ئۆروپا یان ئەمریکا مەسەلەن، ئازاد دەژین! کە من لاموایە پێچەوانەی ئەم وتراوە درووستە.
لەدرێژەی باسەکەدا، گەیشتینە خاڵی زەمانی " داهاتوو ". ئیستە بزانین ئێگۆ یان فینۆمنی هەستی خۆد لە کاتی داهاتوودا، خاوەنی چ وەزعیەتێکە؟ چۆن دەگۆڕێت و بۆچی؟ ولە هەمو گرینگتر ئەوەی کە لە کاتی داهاتوودا، ئایا دەکرێت بەرنامەیەکی بۆ دابڕێژین کە لە کۆیلە‌بوون ڕزگاری بێت و بە ئازادی درێژە بدات بە ژیانی خۆی؟ ئەگەر ئێمە بتوانین لە ڕادەیەکی بەرزەوە، ئەم دیاردەیە بگەیەنین بە ئازادی کە حەقی ڕەسەن و ڕاستەقینەی خۆیەتی، ئینجا دەبی بتوانین بیروڕایەکیشمان هەبێت بۆ چۆنیەتی ژیانی ئازادی تەواوی کۆمەڵگای جیهانی! بەڵام مادام بەو قەناعەتە نەگەیشتووین کە ئیگۆ یان هەستی خود و خودی ڕاستەقینە یان واقیعی، هێشتا دیل و کۆیلەیە_ ئیترناشتووانین قسە لە ئازادی کۆمەڵگەی جیهانی یان کۆمەڵگەی کوردەواری خۆمان بکەین! واتە: گرینگی ئەم باس و لێکۆڵینەوە تا ئەو ڕادەیە کە هەبوون و هەستی خودی خۆمان دەردەکەوێت کە چۆنەو بۆچی کەوتووتە نێو وەها گێژاوێك کە لە هەرلایەکەوە بە سەریا دەکوتن؟ وژیانی پڕ دەکەن لە مەترسی هەزاران لایەنە!
بەزووی دێمەوە سەرفینۆمنی هەستی " خودی ڕاستەقینە "_ بەڵام لێرەدا با وورد بینەوە لە سەر کاتی داهاتوو.
پێشتر ئیشارەمان کرد بەوەی کە ئەگەر زەمانی ئێستە یان حاڵ، لە ناو خۆیا بوەستی! مانای ئەو حاڵەتە دەبێت بەوەی کە ئیترناتووانین خاوەنی ڕابردوویەك، یان چاوڕوانی داهاتوویەك بین! وێستانی کات لە حاڵدا، یانی وێستانی زەمان کە وەهاشتێك هەرگیز بەدی ناکرێت. بەڵام یەك نۆکتە هەیە کە لەمخاڵەدا گرینگە_ بە وتەی ئیسبات کراوەی ئەنیشتەین، ئەگەر بونەوەرێك بتوانێت بە تووندی تیشك سەفەر بکات، کات یان زەمان بۆ ئەو بوونەوەرە زۆر شل وخاو دەبێتەوە وبە هێواشی دەڕوات. لێرەدا خاڵێکیتردەکەوێتە بەرچاومان کە ئەویش فینۆمنی "خێرایی" یان تووند رۆیشتن لە نێو زەماندایە کە لە چۆنیەتی ڕۆیشتنی کات وئەو فینۆمنەی کە خەریکی ڕۆیشتنە، کاریگەرییەکی تایبەتی خۆی دەکات. بە مانایەکی دیکە، حەرەکەت یان جووڵە، یەکێك لە گرینگترین فینۆمنەکانی هەستیە وئینسانیش بێ حەرەکەت لەناو خۆێدا و ژیانی لە نێو کۆمەڵگەی خۆێدا، یانێ بەتاڵ بوونەوە لە مانای ڕەسەنی هەستی ئەو، وەکوو بوونەوەرێکی خاوەن فیکر وهەستی لەنێو گەردووندا!
بە وتەی سارتێر: کات یان زەمان لە ساتەکاندا، بەرەوداهاتوو دەرئەچێت. بەڵام بەڕای من تەنیا وەها نیەو کات لە زەمانی ئێستەش ها ڵە حاڵی دەرچووندا بەرەو ڕابردووش! پێشتریش ئیشارەم کردبوو بەوەی کە کاتەکانی ڕابردو تەك داهاتوودا، لە زەمانی ئێستە یان حاڵ، خاڵێکی هاوبەش وجۆرێك شەریکییان هەیە. ئەم خاڵەش زۆرزۆر گرینگە_ بەڵام بۆچی؟ چونکە ئەم خاڵە دەرخەری ئەوەیە کە من لە زەمانی ئێستەدا، دەتووانم چۆنیەتی ڕابردووم بەدی بکەم_ و هەروەها دەتوانم چۆنیەتی داهاتووشم، لانی کەم بە گۆمانەوە بە دی بکەم یان بە دەست بێنم! مانای ئەم قسە ئەوەیە کە ئێگۆ- هەستی خود،(ئەمن) دەتوانێت لە چۆنیەتی خۆی لە ڕابردوو یان داهاتوو، ئاگای بێت!
من دەزانم کە لە ڕابردوودا کۆیلە بووم_ بەڵام دەمەوی لە داهاتوودا لە کۆیلایەتی ڕزگارم بێت و بە ئازادی بژیم. ئەم خۆاستی منە، شتێك دژی‌هیچ فینۆمنێکیترنیە و حەقی سەرەکی و مافی سرووشتی و ڕەسەنی و ڕاستەقینەی منە‼ و ئەگەر بۆ وە دەست هێنانی وەها مەبەستێك کە مافی سرووشتی وزۆر ساکاری منە، دەکەومە نێوشەڕێك کە" هەستی ئەویتر "ئەو شەڕە پێك دێنێت وبەرگیری دەکات لە ژیانی ئازادی من، ئەوە باسێکی گرینگە کە لە کاتی خۆیدا، قسەی لێ دەکەین.
بینەوە سەرئەم خاڵە کە زەمانی ئێستە، بەرەو داهاتوو دەر ئەچێت. سارتێرلە کتێبی هەستی و نا-هەستیBeing and nothingness دەڵێت: "ئەوەڵ دەبێ بزانین کە هەستی لە خود، تاکوو ئەوکاتەی کە هەیە ناتووانێت داهاتووبێت، یان بەشێك لە داهاتوو لەخۆی ڕابگرێت. وەزعیەتی ئەستێرەی مانگ لە کەماڵ و بەدری خۆیدا نیە. کاتێك کە من وەزعیەتی مانگ تەواشا دەکەم، هەر ئەوەیە کە دەیبینم. مانگ نە لە ڕابردوودایە، نە لە داهاتوو. لە زەڕەکانی خۆێدا هەر ئەوەیە کە دەیبینم وهیچ حاڵەتێکی بەرەو داهاتوو نیە! مانگ هەستی کامیلە لە زەمانی ئێستەدا، بەڵام داهاتوویەك لە مانگدا بوونی هەیە کە لە کاتی ئێستەدا نابینرێت."
سارتێر لێرەدا دەیەوێت ئاشکرا بکات و جەخت بکاتە سەر ئەوەی کە حاڵەتەکانی" کات_ زەمان " سەربە خۆ یان موستەقیلن. مانگ هەر ئەوەیە کە لە کاتی ئێستە دەبیندرێت. بەڵام ئەوەش دیارە کە داهاتوویەك لە مانگدا بەدی دەکرێت کەلە کاتی ئێستەدا نابینرێت! واتە مانگ بەرەو داهاتوویەك دەڕوات کە لە کاتی داهاتوودا، هەستی تەواوی خۆی نیشان دەدات. بەڵام ڕێك لەم کاتەی ئێستەدا، ئەوەیە کە ئێمە دەیبینین.
دەبێ بەم خاڵە نادیارە ئیشارە بکەم کە هەرلەم میسالەدا، مانگ بە چاوی ئێمە مەسەلەن نیوەیە_ ئەمە وەزعیەتی ئێمەیە لە سەر زەویدا کە لەم گۆشە یان زاویەوە دەڕوانین، بەمجۆرە مانگ دەبینین_ بەڵام ئایا بە ڕاستی وەزعیەتی ڕاستەقینە یان ئێگزیستانسیالی سرووشتی مانگ هەر وایە کە بە چاوی ئێمە دێت؟ نا. مانگ لە ڕاستیدا هەرتەواوە_ بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە بەنیسبەتی خۆر، مانگیش دەخۆلێتەوە وهەروەها بە نیسبەتی زەویش دەخۆلێتەوە، دەبێت وەزعیەتەکانیشی بۆ ئێمە بگۆڕدرێت. ئێمەلە نیوەی مانگدا، مانگ بە نیوە دەبینین، بەڵام ئەو نیوەیتری قەد وون نەبووە، هەر لە جێگای خۆیەتی، واتە مانگ لە ڕاستی ئێگزیستانسیالی خۆێدا هەر ئەوەیە کە هەیە. بەڵام بە نیسبەتی من لە سەر زەویدا، جۆرێکیتربەر چاو دەکەوێت. ئەمە یانێ چی؟ ئایا غەیری ئەوەیە کە هەستی ئەویتر هەر لەم کەیسەدا، یانێ خۆر و زەوی وهەروەها وەزعیەتی ئەوان بە نیسبەتی مانگەوە، لە هەستی من و مانگدا، کاریگەری هەبووە؟! واتە لێرەشدا هەر گەیشتین بە کاریگەری هەستی ئەویتر- لە سەر هەستی خود. ئێنجا ئەم هەستی خودە لێرەدا ئەگەر ئێگۆ بێت مانایەکی هەیە تایبەت بە خۆی_ ئەگەر هەستی خۆد دابنێن هەستی مانگ، مانایەکی دی دەگرێتەوە! بەڵام بە هەر کات کاریگەری هەستی ئەویترلە هەستی خود، جووان دیارە.
ئێستە بزانین ' داهاتوو ' ها لە کۆێدا؟ بە چ شێوەیەك بە دی دەکرێت؟
من لاموایە کە " داهاتوو " ها لە نێوخودی زەماندا_ لە ناو زات وجەوهەری زەماندا بوونی هەیە. بەڵام داهاتوو تەنیا یەك حاڵەتە لە زەماندا. وەکووئەوەی کە بڵین: زاتی چەقۆ، بڕینە! ئەگەر ئەو زاتە یان تایبەتمەندیە یان بڵین ئەو جەوهەرەی لێ جێا بێتەوە، ئیتر چەقۆ مانای خۆێ لە دەست دەدات. بەڵام داهاتوو بە چ شێوەیەك بەدی دەکرێت؟ ئەمە پرسیارێکی بە نیسبەت دژوارە. ئێمە پێشتر ئاماژەمان بەوە کردبوو کە زەمان بریتیە لە بی نەهایەتی " سا ت ". ئەم ساتانەش هەمووکات جێگەی خۆیان دەگۆڕن بە یەکتر. داهاتوو دێت، دەگۆڕدرێت بە ئێستە و ئێستەش دەکەوێتە بەرەی ڕابردوو. ئەم ڕووداوەش ووتمان کە بەردەوامە و ئەگەر کاتی ئێستە هەر لە کاتی ئێستەدا بمێنێتەوە_ مانای قسەکە دەبێت بەوە کە زەمان وێستاوە. ئەوەشمان ئاشکرا کرد کە وەها شتێك قەد بەدی ناکرێت بەڵام لە خودی زەماندا، چۆنیەتی خێرایی یان هێواشی لە ڕۆیشتندا کاریگەری دەبێت لە فینۆمنەکان. واتە زەمان شتێکی نا- وێستاوە! هەر چەند دەبێ جەخت بکەمە سەر ئەوەی کە لە گەرووندا، هێچ فینۆمنێكی وێستاو، بە دی ناکرێت_ تەنانەت بە خەیاڵیشدا فینۆمنی وێستاو لە مانا خاڵیە.
کە دەگەینە ئەم خاڵە کە هەموو شتێك هالە حاڵ ڕۆیشتن و گەڕان و گۆڕاندا_ دینەوە سەر ئەوەی کە چۆن دەبێت ئێگۆ، لێرەدا ناوی بنین " ئینسانی تاکە کەس " لە زەمانی ئێستەدا وەستابێت؟ نەگۆڕدرێت! یان خۆی نەگۆڕێت! دیارە ئەم گۆڕانە سرووشتیە لە هەستی خود، بەردەوام دەڕواتە پێشەوە! بەڵام گرینگی بابەتەکە لەوێدایە کە بۆچی ئەم تاکەکەسە، لە خۆی وورد نابێتەوە_ ناڕواتە نێو قووڵایەکانی خۆیەوە_ باشتر خۆی ناناسێ_ داهاتووی خۆی دیاری ناکات_ یان چی بە سەردا هاتووە کە لە تەك زەماندا دەڕوات، بەڵام هەر لەو جێگەی خۆیە جمەی دێت؟! جمەی دێت، چوونکە جمە کردن، لە جێگەی خۆی جۆرێك جێ بە جێ بوونە_ حەرەکەتی نییە! ناڕواتە پێشەوە _ داهات و داهاتووی خۆی دیاری ناکات. وەکوو ئەو چەقۆە لە جەوهەری خۆی بەتاڵ بووەتەوە! پرسیار_ کێ ئەو جەوهەری گۆڕان وگەڕانەێ لە هەستی خودی تاکەکەس، دزیوە یان وەریگرتووە، یان بڵێن ناچاری کردووە کە درێژە بدات بە کۆیلەیی خۆی؟ کێ؟ کام هەستی ئەویترئەمکاریگەرییەی هەبووە و هەیە؟!
بزانین سارتێر چی دەڵێت:
I try to determine exactly what I am, to make up my mind to be my true self without delay_ even though it means consequently to set about searching for ways to change myself.
"ئەمن تێدەکۆشم دەقیقەن دەسنیشانی بکەم ئەو شتەی کە هەم. دەبێ بۆ خۆم ساغ ببمەوە لەوەی کە ببم بە خودی ڕاستەقینەی خۆم، بێ هیچ دوواکەوتنێك(لە دەست دانی کات)_ تەنانەت وەهام فامکردووە کە بەردەوام بگەڕێم بە دووای ڕێگاکاندا تا بزانم چۆن خۆم بگۆڕم."
ئەمە یانێ چی؟ سارتێر خەریکە چی دەڵێت؟ بۆ چی دەبێ هەموو ڕێگاکان تاقی کاتەوە یان بیانناسێت تا بەڵکوو چارەیەك بدۆزێتەوە بۆ گۆڕینی خۆێ؟ ئایا مەبەستی سارتێر بەس گۆڕینی خۆیە وەکوو تاکەکەس؟ نا. لێرەدا تەنیا خۆی ناگرێتەوە کە تەواوی ئێنسانەکان و تەواوی کۆمەڵگەکان دەگرێتەوە. ئەگەر وەها نەبووایە، پێویستی بەم هاوارە لە تێکستەکەدا نەدەکرد. دەڕۆیشتە لائێکەوە و ئەو تێکۆشانەی بۆ گۆڕینی خۆی بە ئەنجام دەگەیەند. سارتێرپێمان ئەڵێت کە " هەستی خود " وەکوو ئێگۆ یان تاکە کەس و هەروەها وەکوو هەستی خودی کۆمەڵگە، دەبێ خۆی بگۆڕێت‼ و مادام خۆی نەگۆڕێت، ئەم ژیانەی کە هەیەتی، هەر بەم کارەساتەوە، دەڕواتە پێشەوە! ئێگۆ هەر وەکوو کۆیلە دەمێنێتەوە و هەستی ئەویتر لە هەیکەلی سیستەمی حاڵ، هەر بەمجۆرە لە تەك هەستی کۆمەڵگە، هەڵسووکەوت دەکات و ئەم چێ کردنی کۆیلایەتیە لە هەستی خود، بەردەوام درێژەی دەبێ! بۆیە ناچارم وەکوو هەستی خود_ بگەڕێمەوە سەر سرووشتی خۆم! ئەوەش دیارە کە هەستی ئەویترلە هەیکەلی سیستەم و فەرهەنگی نێو کۆمەڵگە، کە خودی سیستەم بە شێوازی دەوڵەت و حکومەت ویاسا، درووستی کردووە، لەم بە خۆ هاتنەوەی مندا تووشی بە خۆ هاتنەوەی خۆ دەبێت و ئاشکارە کە پیلانەکانی بۆ درێژەدان بە کۆیلەبوونی من، دەگۆڕێت! ئەم قسە یانێ چی؟
یانێ ئەوەی کە هەستی ئەویتربەردەوام خەریکی پیلانگێڕی وچاڵە کەندنی بەر پێ منە. بۆچی؟ چوونکە پێویست و داخۆازی ئەو، وەهایە کە من وەکوو تاکەکەس و کۆمەڵگە لە خزمەتی ئەو بم و بەردەوام لە ڕێگەی بەرژەوەندیەکانی ئەودا، بژیم_ ئەمە ڕێك یانی درێژە دان بە کۆیلە بوونی من وەکوو هەستی خود.
بەڵام دەبێ بەمخاڵەش ئیشارە بکەین کە لێرەدا فینۆمنێکیتر هەیە بە ناووی" هەستی خودی ڕاستەقینە ". کە ئەم فینۆمنە بە جووانی شارەزای ڕووداوەکانە_ بە جووانی ئاگای لە پیلانگێڕیەکانی هەستی ئەویترە! دەی باشە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەگەر وایە، ئەو هەستیە چیە وبۆچی هەستی خود لەم کارەساتە، ڕزگار ناکات؟ با هەر لێرەدا وەڵام بەمەوە کە هۆی ئەم کارەساتە ئەوەیە کە هەستی خۆدی ڕاستەقینەش تووش ودیلی هەستی ئەویترە! فەلسەفیتر بڵین، وەهایان ڕا هێناوە!
هەستی خودی ڕاستەقینە، لای من بریتییە لە تەواوی من! بەڵام ئەوەی کە نووسیم هەستیەك یان فینۆمنێك هەیە کە ئاگاداری چۆنیەتی وەزعەکانە_ ئەوە لای من، زەینی ناخۆ وشیارە_ لە فارسیدا پێ دەڵێن " ناخودێگاه " . ووشەی ئینگلیسی زەینی ناخۆ وشیارواتە Unconscious. کە بەردەوام خەریکی کاری خۆیە. شەو و ڕۆژی بۆ نیە_ خەون و وەستانی نییە_ حەساندنەوە یان پشووداننی نییە وبە وردی خەریکی لێکدووانی خۆیە وکاریگەریەکی زۆر قووڵ و قۆرسی هەیە لە هەستی خود وتەواوی ئیشەکانی هەستی خود بە ڕیوە دەبات. ئەوە کە دەزانێت چۆن و بۆچی هەستی خود بەردەوام هالە ژێر ڕەکیفی هەستی ئەویتردا؟! بەڵام زەینی ناووشیار، بە دەستی زەینی ووشیارەوە بەدی دەکرێت و ئیگزیستانسی دەبێت_ بە مانایەکی دیکە دەبێ بڵێن ئەمە زەینی ووشیارە کە لە چۆنیەتی هەستی وکاریگەری زەینی ناووشیاردا، دەسکردی هەیە. ئێنجا ئەوەی وا وەکوو پڕۆگرام و بەرنامەیەك دراوە بە زەینی نا ووشیار، ڕێك و ڕاست بە ئەنجام دەگات. ئەگەر زەینی ناووشیار وەها بەرنامەی پێ درابێ کە خاونەکەی بۆ میسال لە چ کاتێکدا لە خەو هەستێ؟ ئەو جەڕەسی بە خەوەر کردنی خاوەنەکەی لێ دەدات. لێکدانەوەی چۆنیەتی، بەرژەوەندی یان خراپ بوونی ئاکامی کارەکان بە دەستی زەینی ووشیارە کە دیاردەکان دەناسێتەوە_ بەڵام بە دیکردنی کارەکان و ئەنجامدانی کارەکان، بە ئەستۆی زەینی ناووشیارە. ئەمەش ئیزافە کەین کە زەینی ناووشیار بە هێزترین فینۆمنێ ئێگۆیە.
کۆی خاڵەکە لەوێدایە کە بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی ئێگۆ یان هەستی خود، دەبێت لە زەمانی ئێستەدا، پڕۆگرامێك یان بەرنامەیەك بۆ زەینی ناووشیار دابڕیژرێت کە هەستی خود لە کۆیلایەتی ڕزگار بکات. واتە زەمانی ئێستە یان حاڵ، گرینگتر لەوەیە کە خەڵکی لێ دەڕوانن. ئێمە لە زەمانی ئێستەدایە کە چۆنیەتی داهاتوومان پێک دێنین_ هەرلە زەمانی ئێستەدایە کە چۆنیەتی ڕابردوومان پێک دێت. ئەگەرچی ناتووانین دەست بخەینە نێو ڕابردوو، بەڵام هەر لە زەمانی ئێستە دەتووانین چۆنیەتی ئەو داهاتووە پێك بێنین کە هەر ئەو داهاتووە، لە کاتێكدا دەگۆڕدرێت بە ڕابردوو‼
لەبابەتی زەمانەوە دەبێ ئاماژە بدەین بەوەی کە حاڵەتێکیتر هەیە کە پێ دەڵین زەمانی بەعید یان دیارینەکراو. مەسەلەن من دەڵێم: کاتێک من گەیشتمە ئەوی_ ئەو گیانی لە دەست دابوو! دەبێ باش فام بکرێت کە من لە کاتی ئیستە دا خەریکم شتێك دەڵێم. بەڵام چۆنیەتی ووتارەکە جێگای سەرەنجە! با وورد بینەوە لە دێرەکە. بەشی یەکەم وەهایە کە: _کاتێك گەیشتمە ئەوی_ یانێ زەمانێك ئەمن گەیشتمە ئەو جێگایە(مەکان). بەڵام ئەو کاتە کە گەەیشتوومە ئەوی، ئیستە ڕۆیشتووتە نێو ڕابردووەوە، بەڵام هەر لەو کاتە کە بووم، زەمانی حاڵ بووە! کە ئەو حاڵەش ئیستە گۆڕاوە بە ڕابردوو! بۆیە لە کاتی ئیستەس کە دەتووانم یاد لە ڕابردوو بکەم. بەشی دووهەمی دێرەکە ئەمەیە کە_ ئەو گیانی دابوو!_ واتە کەسێك مەسەلەن لە شۆێنی ئەو ڕووداوە یان دەعم یان تەسادۆفە دا، گیانی لە دەست داوە. بەڵام کەێ؟ چۆن؟ کاتێك کە ئەو ڕووداوە ڕوی داوە، زەمانی حاڵی ئەو کاتە بووە! _ ئەو کەسەی کە گیانی لە دەست داوە، داهاتووەکەی لە کاتی خۆێنڕژاندنیا گەیشتووە بە زەمانی حاڵی ئەو کاتە‼ و بە هۆی خۆێن ڕژاندنی، گیانی لە دەس داوە. بەم مانایە کە داهاتوو، لەو کاتەدا گۆڕدراوە بە حاڵی ئەو کاتە_ ئێنجا زەمانی حاڵی ئەو کاتەش گۆڕدراوە بە ڕابردوو! بەڵام من ئیستە ئیتر ناتووانم لەو ڕووداوە بەرگیری بکەم یان بڵێن دەست بخەمە نێو ڕابردوو. بۆیە ئەم حاڵەتە زەمانیە نادیارو بەعیدە.
نۆکتەیەکی دی ئەوەیە کە " ئیمکان "ی ئەوەش هەر لەو زەمانی دەعمەدا، هەبووە کە دەیتووانی ڕووداوەکە بگۆڕێت بە پێچەوانەی مەرگی ئەو کەسەوە! بەڵام چۆن؟ وەکوو فەرزێكی فەلسەفی دەڵین ئەو ئیمکانەش هەبوە کە کەسێکیتر کە لە بۆاری پزیشکی یان لەشساغیدا وەکوو دۆکتۆرێك، ڕێك هەر لەو کاتەدا و لەو شوێنەدا وەکوو ڕێبوارێك بڕۆیشتبایە_ ئەو دەیتووانی بەرگیری بکات لە خۆێنڕێژی کردنی زۆرتری ئەو کەسە! ئەگەر ئەو ئیمکانە بەدی بکرابایە_ بەپێچەوانەی ڕووداوی مەرگی ئەو کەسە، ژیانی ئەو لە جێگای خۆی دەماوە. نابێ لەمخاڵە بە ساکاری لابدەین کە " ئیمکان " وەکوو فینۆمنێکی زۆر تایبەت، دەتووانێت کاریگەری بکات لە هەستی خود و هەستی ئەویتر و تەواوی گەردوون! تەنیا شتێک کە لەم زەنجیرە باسە نەڕۆیشتین بە دووایدا فینۆمنی " جێگا یان مەکان " بوو. هەرچەند لاموایە خۆێنەرخۆی باش دەزانێ کە زەمان لە تەك مەکاندا، پێوەندی زۆر تایبەتیان هەیە_ بەڵام بە نیسبەتی ئێگۆ، ئەگەر هەر وەکوو هەستی خودی تاکەکەسی یان کۆمەڵگە تەواشای بکەین_ شۆینی ژینگەی ئەم هەستی خودەش خاوەنی گرینگییەکی زۆر زۆر تایبەتە و شۆێنی ژینگە فینۆمنێك نیە کە لە هەستی خود کاریگەری نەبێت! گەرچی پێچەوانەکەشی هەروایە. زۆر پێشتریش ئیشارەمان کردبوو بە گلۆبالایزشن. یان تووانەوەی سەهۆڵەکانی جەمسەری! کە چ کاریگەرییەکی هەیە لە سەر تەواوی گیانلەبەرانی سەر زەوی.
من لە خۆم دەپرسم، دەسکەوتی ئەم زەنجیرە نووسراوە چیە؟ بە خۆمیش وەڵام دەدەمەوە کە ئەوەی کە دەبوایە بنووسرابای، نووسراوە_ تەواوی دێرەکان وگشتی بابەتەکە، دەسکەوتی ئێمەیە. بە تایبەت ئەوەی کە دەبێت بۆ پەیدا کردن وساغ بوونەوە لە سەر" هەستی خودی ڕاستەقینە " بە فەرموودەی ژان پۆل سارتێر، هەمو ڕێگاکان بۆ گۆڕانی خۆمان بناسین ودەبێ حەتمەن خۆمان بگۆڕین. ئەمە بۆ هەستی خود وبو تەواوی هەستی ئێگۆ وەکوو تاکە کەس و وکوو کۆمەڵگە، زۆر زۆر گرینگە.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە