ڕێزلێنان بـــــــــــۆ بێڕێزەكان.....

Sunday, 27/06/2010, 12:00

1707 بینراوە


لێرە لە كوردستان هیچ شتێك لە شوێنى خۆى نیە. نە كەس كارى خۆى دەكات و نە لە هیچ بوارێك تایبەتمەندى هەیە.نە داهێنان بوونى هەیە و نە زەمەنى ئەمڕۆ دەتوانێ ئینسانى چاڵاك و پۆزەتیڤ و خاوەن كەفائە بێنێتە وجود.هەموومان چاومان لەیەكترى كردووە شتێك تروسكاییەك جوانى پێوەبێت لاسایى دەكەینەوە و لە كوێش پاروویەك نان هەبێت تەواوى میللەت ڕووى تێدەكات.ئەمڕۆ پتر لە هەموو سەردەمێك جوانیەكان كاڵ بوونەتەوە.هەگبەى زیباترین هەوڵەكان بەتاڵ بوونە لە بیركردنەوە و بیردۆز و گریمانەكان دابڕاوین. نە سوودمان بۆ خۆمان هەیە نە دەشكرێ دان بە ڕاستیەك بنێین. ئێمە خولقێنەرى ئەو دۆخە پەنگ خواردووەین.هیچ فریاد ڕەسێكیش شك نابەین بەهاناى ئەو مردنە لەسەرەخۆیە بگات.لەسەر هەموو ئەوانەش ,ساڵانە سەندیكا و دەزگا هەمەچەشنەكان بەناوى داهێنان و چاڵاكى جۆراوجۆر ڕێز لە كەسانێك دەگرێ و دڵیان خۆش دەكات.ئەوانەى ڕێزیان لێ دەگیرێت ئەوانەن
1-هەرزەكارێكى تەمەن 15 ساڵ لە پاى ئەزموون و شارەزایى.
2-فیتەر و نانەوا و بۆیاغچى لەبەرامبەر داهێنانیان لە بوارى ڕۆژنامەنووسى.

3- چاوش و بەندبێژ و زوڕناژەن وەكو گەورەهونەرمەندێكى مۆسیقى.
4-كەسێك, پێنەگەیشتوویى بیرى دەسەڵات بە دەرفەت دەزانێ و ئامێرێك لە دەرەوەى ووڵات دەخزێنێتە كوردستان و بەناوى داهێنان.
پڕ دەكرێت لە دۆلار گیرفانى..
5-نوكتەباز و قسەخۆش لە جیاتى ئەحمەد سالار و حسێن میسرى ..
6-ماستاوچى و دز و گەندەڵ لەپاى كۆشش و هەوڵ و خەمخۆرى.
7-سەدان لاو تەنها لە میدیاكان چاوى لێیە, پیرەمێردێكى 50 ساڵە بەناوى لاوى ساڵ خەڵات دەكرێ.
8= كۆترباز و كورتەباڵا و چەقەنەلێدەرەكان كۆمەڵە و سەندیكایان هەیە, وەلێ ڕۆژنامەنوسانى وەرزشى لە كوردستان كۆمەڵەیەكیان نیە. لەگەڵ ئەوەش كەسێكى لابەلا بۆ ناودەركردنى دەزگا و كۆمپانیاكەى خۆى هەڵدەستێ بەناوى ڕێزلێنان 70 خوێندەوار بە قەلەم جافێك خەڵات دەكات.ئەوەى هەستاوە بە سەرپەرشتى كردنى ئەو مەسەلەیە بەو پێوەرە خەڵاتەكانى دابەشكردووە.
أ-چەند كەسێكیان لە ڕۆژنامە و بڵاوكراوەكانیان بەسەریان دا هەڵگوتووە.
ب-هەندێك لەوانەى خۆیان بە بوارەكە شۆڕكردۆتەوە و وەكو بنیشتى كوردى خۆیان بە وەرزشەوە نوساندووە.وەرزش هیچ كات بەلایاندا نەچووە.
ج-هەندێكیان لە بەرامبەر ئەوەى ڕێزیان لەو سەرپەرشتیارە گرتووە. ئەویش ڕێزیان لێ دەنێتەوە.نەوەك هیچ پەیوەندیەك لەنێوان میدیا و ئەواندا نیە.
د=پەیوەندى هاوڕێیەتى خۆ ئەگەر ناویان تێدا نەبا لێى زوویر دەبوون.شەوێكیش بەر لەو ڕێزلێنانە تكایان لێى كردووە و لێى پاڕاونەتەوە كە ناویان داخیلى ئەو لیستە بكات,
(تكایان كرد و پاڕانەوە كە ڕێزیان لێ بگرن).
ه= هەندێك لەوانەى بۆخۆشى خۆیان ڕۆژێك لە ڕۆژان بۆ دیتنى یاریەك لە یاریگا دانیشتوون. و چەندان نەخوێندەوار و حەیرانبێژ و بانگ خوێنى مزگەوت و شەربەت فرۆش و شاعیر و بێ ئیشى دیكە لەو مەراسیمە ئامادەبوون و بەناو ڕێزیان لێ گیرا.
لەسەرووى هەموو ئەوانەشەوە دوور لەهەموو پێوەر و ئامارێك ڕۆژنامەیەك,تەلەفزیۆنێك,ڕادیۆیەك هەرلەخۆیەوە نازناوى ئیمپراتۆر دەداتە پاڵ شاعێرێك.جەنەڕاڵ بۆ هونەرمەندێك و پاشا بۆ وەرزشەوانێك.ئاخر لەتەواوى دونیا شتى وا بوونى نیە. ئەوە كارى دەزگایەكى گەورەى زانستى و كەسایەتیەكى پرۆفیشناڵى تایبەتمەندە بە بوارەكە ئەگینا بە چ هەقێك ڕۆژنامەنوسێك لەبەرئەوەى بەرپرسە حیزبیەكە هاوڕێیەتى بە مانشێتێكى گەورە دەنوسێك فریادڕەس و سومبول و ڕەحمەتى ئاوەدانى شارەكە بەڕێز فلانە. پێوەر چیە بۆ سەلماندنى هەموو ئەو قسانە.ئەگینا تۆ بە چ هەقێك ئەو ڕایەى خۆت بەسەر خەڵك دەسەپێنى ئەگەر بە بەرپرسێك , هونەرمەندێك
یان بە وەرزشەوانێك سەرسامى.ئەوە تەنها ڕاى خۆتە بۆچى بەسەرخەڵكى فەرزى دەكەیت؟
بەڕاى خۆم هەموو ئەو تێكەڵى و ئاڵۆزیە تەواو لە ئەستۆى دەسەڵاتە لە كوردستان .دەسەڵاتە بە ئاشكرا بێ باكى خۆى لە هەوڵ و ماندوبوون و داهێنان نیشاندەدات.ئەو نە پێویستى بە كردەوەى جوانە. نە چاویشى جوانى دەبینێت.دەسەڵاتە ئەو دۆخەى خوڵقاندووە , نە دەزگا و دامەزراوەیەكى وەبەرهێن و سوود بەخشى درێژخایەنى هەیە,
نە دەشیەوێت خەڵك چۆنى بوێت وەها بژیت.ئەگینا دارتاش و جوتیار و بەند بێژێك ڕازى نین بەوەى دەست بدەنە قەلەم و لەشوێنان بە ڕۆژنامەنوس خۆیان بناسێنن.دەهۆڵ كوت و زۆڕنا ژەن هەرگیز ویژدانیان قەبوڵ ناكات وەك چۆن بە مەزهەرى خاڵقى دەوترێت بەهەمان شێوەش بەوانیش بگوترێت هونەرمەند و ڕێزلێنانیشیان بۆ سازبكرێت.هەموو ئینسانێك لە سروشت و بنیات و ئەساڵەتى خۆیدا جوانە. ئەوانەش كە لە ئاوێنەى ژیان خۆیان ناناسنەوە, ئەو كەسانەن بۆ بژێوى ژیان تایبەتمەندى خۆیان وون دەكەن و خۆیان دەكەنە شارەزاو ئەزمووندارى كارێك كە هیچ كات شایەنیان نیەو نابێتە پیشەى ئەوان.


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە