راگەیاندنەکانی باشوور رووداوی درۆ دروست دەکەن

Monday, 02/06/2014, 12:00

2121 بینراوە


بەرواری1/6/2014 کات ژمێر دوانزەی نیوەڕۆ لەیەکێ لەکەناڵی تەلەفزیونەکان ئەم مانشێتەم خوێندوە (ئاگر لە مۆبیلیاتی مەلیک لەشاری سلێمانی کەوتەوە). بەپێی هەواڵەکە ئاماژە بەوە دەکات کارەساتەکە ئەو ساتە ڕوی داوە . لەبەر دۆستایەتیم لەگەڵ خاوەنەکەیدا بەپەلە بەرەو شوێنی ڕوداوەکە ڕۆیشتم. نە ئاگرم بینی نە دوکەڵ و نە هیچ ئاسەوارێک کە گوزارش لە ئاگر کەوتنەوە بکات. دوای پرسیار کردن بۆم ڕوون بوەوە. کات ژمێر حەوتی بەیانی ئەو ڕۆژە شقەیەک لە سەر باڵەخانەی ئەو مۆبیلیاتە گڕی گرتوەو لەلایەن بەرگری شارستانیەوە هەمان کات کۆنتڕۆڵ کراوە. بە بێ ئەوەی مۆبیلیاتی ناو براو هیچ زیانی پێ کەوتبێ یاخود سوتابێ تەنانەت دوکەڵیشی پێ نەگەیشتبو .لەهەمان کاتدا لەوێ لە بارو دۆخێکی ئارامدا دانیشتبوم سات بە سات هەر هەمان هەواڵ بڵاودەکرایەوە .سەیر تر لەهەموی ماڵپەرە کانیش وەک چاولێکەری هەمان هەواڵی بێ بنەمایان بڵاو دەکردەوە. تەنانەت وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی لەلێدوانێکیدا بۆ (pukmedia) دەڵێت بەهۆکارێکی نادیار ئاگر بەر بۆتە مۆبیلیاتی مەلیک لەشەقامی مەلیک مەحمود وە ئێستاش تیمەکانمان سەر قاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن .کاکی وتە بێژی بەرگری شارستانی هیوا دارم بۆمان ڕون بکەیتەوە ئێوە ناڕستان وتوە یابەناوی ئێوەوە ناڕستیان پێ وتوین . ئەوەی سود مەند بو لەم هەواڵە بێ بنەمایە تەنها مۆبیلیاتی ناو براو بو کەبوە ڕیکلامێکی گەورەو ناوی مۆبیلیاتی ناوبراوی بەهەموان ئاشنا کرد بێ بەرامبەر. بەپێی دوا ئامار لەهەرێمی کوردستان 748 میدیای نوسراو وە 180 کەناڵی تەلەفزیونی لۆکاڵی و 35 کەناڵی ئاسمانی و نزیکەی 250 رادیۆ لەسەندیکای ڕۆژنامە نووسان تۆمار کراون . بەڵام لەگەڵ بونی ئەم هەمو میدیایانەدا پەیام نێرە کانمان نەیان توانیوە رەچاوی پرنسیبەکانی کاری ڕۆژنامەیی بکەن وە ئاگایان لە ئیتیکی کاری ڕۆژنامەیی نەبێ. هەر ئەو هۆکارانەیە بونەتە فاکتەرێ کە ڕاگەیاندنەکان نەبونەتە سەرچاوەی باوەڕ پێکراو لای هاوڵاتیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە