بڕیار گابار: ساحەكە لەبەردەستى ئاكەپە دایەو ئاپۆ و كەجەكەش تۆپەكەیان خستۆتە بەردەم ئەردۆغان

Thursday, 28/07/2011, 12:00

2240 بینراوە


بڕیار گابار: بەڕێز ئاپۆ دوو جار نامەى بۆ بەشار ئەسەد ناردووە
ڕۆژئاوا پەیامەكەى جلال تاڵابانى و ئۆجەلان و بارزانى چی لە خۆگرتبوو


لە گفتوگۆیەكى تایبەتدا بڕیار گابار ئەندامى كۆنسێى سەرۆكایەتى باس لە دەرئەنجامەكانى هەڵبژاردنى توركیاو كاریگەرى بەرزبوونەوەى پێگەى كورد دەكات. گابار باس لە دوایین پەیامى ئۆجەلان لەبوارى پێشخستنى دۆسى كورد و مەسەلەى پڕۆژە سىً قۆڵیەكەى (بارزانى و تاڵەبانى ئۆجەلان) بۆ كوردانى ڕۆژئاواو مەسەلەى دانیشتن لەگەڵ بەشار ئەسدا دەكات و باسیش لە نامەیەكى ئۆجەلان بۆ بەشار ئەسەد دەكات.
گفتوگۆى: سەلمان كۆچەرى

كۆچەرى: ئەنجامى هەڵبژاردنەكانى توركیا وەك ئەوەبوو كەئێوە پێشبیتان دەكرد بەوەى كورد ئەوەندە كوسیە بەدەست بهێنێت یان پێشبینى گۆڕانكارى زیاترتان دەكرد؟
بڕیار گابار: هەڵبژاردنى 12ى حوزەیرانى 2011 لەتوركیا گرینگیەكى تایبەتى هەیە، چونكە جیهان و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بەقۆناغێكى گرینگ دا تێدەپەڕێت. وەكو گۆڕانكارییەكانى تونس ، میسر، لیبیا و ووڵاتانى تر ڕووى دا و ڕوودەدات كاریگەرى لەسەر توركیا هەیە. چونكە كۆمەڵگاى توركیا هەم لەناوخۆى ووڵات و هەم لەدەرەوەش بەچاوێكى جیاوازەوە سەیرى ئەنجامى هەڵبژاردنەكانى دەكرد دیارە بۆ كوردیش ئەم هەڵبژاردنە گرینگیەكى تایبەت بەخۆى هەبوو سەرەڕاى ئەو هەموو كەم و كوریى و ئاستەنگانە كورد توانى سەركەوتنێكى گەورە بەدەست بهێنێت. دیارە لەڕووى پێكهاتەى هەڵبژاردنەكانیشەوە هیچ گۆڕانكاریەك ڕووینەدابوو، چونكە پارتە بەشداربووەكانى تەنیا ئەو پارتانە بوون كەساڵانى ڕابردوو بەشداریان كردبوو وەكو: ئاكەپە ()، مەهەپە و جەهەپە، كوردیش بەهۆى ئەوەى كەئاستەنگى 10% لەبەردەمیدا ڕێگربوو نەیتوانى وەكو پارتێكى سیاسى بەشدارى هەڵبژاردن بكات، بەڵكو وەكو كاندیدى سەربەخۆ بەشدارى كرد. سەرەڕاى ئاستەنگیەكان كورد توانى ڕێژەیەكى سەركەوتووانە بەدەست بهێنێت و دەواتنم لەبەر ئەو هۆكارانە ئەو ئەنجامە بەسەركەوتوو لەقەڵەم بدەم : یەكەم لە توركیاو سیتەمێكى دواكەوتووى هەڵبژاردن هەیە ئەویش ئەوە پارتێك كە لە 10% نەهێنێت ناتوانێت بچێتە پەرلەمان ئەو سیستەمە تەنیا لە ڕوسیاو ئەڵمانیا هەیە، ئەویش لەڕووسیا لە(7%) لەئەڵمانیا(5%)ە. لە توركیا بەربەستى لە 10% لەدواى دەستورى ساڵى 1980 لەبەردەم كوردا دانرا، خاڵى دووەم ئەوەیە كەپارتە سیاسیەكان بۆ بەشدارى لەهەڵبژاردن بڕێك پارە لەخەزێنەى دەوڵەت وەردەگرن، بەڵام ئەم بڕەپارەیە بۆ پارتى ئاشتى و دیموكراسى نەبوو ئەوەى كردى بەپشتیوانى گەل بوو ، سێیەم تەنیا لەماوەى ساڵ و نیوێكدا زیاتر لەچوارهەزارپێنج سەد كەس لەتێكۆشەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانى سیاسى و مەدەنى دەستگیركراون دیارە نەبینراوە لەهیچ شوێنێكى ئەم جیهانەدا پارتێكى سیاسى 4500 كادیرى پێشەنگى دەستگیربكرێت بتوانێت ئەم سەركەوتنە گەورەیە بەدەست بهێنێت.
چوارەم تێكەڵ و پێكەڵى ناوى كاندیدە سەربەخۆكان لەسەر لیستى دەنگدان، چونكە پەرلەمانتار هەبووە چووە بۆ دەنگدان لەكاتى دۆزینەوەى ناوەكاندا زەحمەتى بینیوە خوێندكارانى زانكۆ زەحمەتیان بینیوە سەرەڕاى ئەو ئاستەنگیانەى پێشوتر باسم كردن لەبەرژەوەندى پارتەكەى ئاكەپەدا سەرجەم كەل و پەل و پێداویستیەكانى دەوڵەت خرابوونە كار و هەتا كڕینى دەنگ بەپارە و ترس و تۆقاندن و دەستگیركردن.
دیارە ئەنجامى هەڵبژاردنەكان ئەوە دەردەخەن كەكۆنفرانسێكى نەتەوەیى لەئێستادا پێداویستیەكى زۆر گرینگە و پێكهاتەى بەرەى رەنج ئازادى دیموكراسى كارێكى نوێ بوو، چونكە لەسەرجەم پێكهاتەكانى ناو توركیاى تێدابوو لەئیسلامیەكان چەپەكان لیبڕالەكان و نەتەوەییەكان و سەرجەم چین و توێژەكانى تر ئەوە كارێكى گرینگ و سەركەتووبوو ئەم بەرەیە توانى سەرجەم چینەكان لەئازادیخوازەكانى لەخۆگرتبوو بەرەیەكە توانى نوێنەرایەتى سەرجەم چین و توێژەكان لەباكورى كوردستان لەوە زیاتر یەكێتى نەتەوەیى بكات.
كۆچەرى: ئەم سى و پێنج كورسیە كێرڤى دەسەڵات لەتوركیا دەگۆڕێت و كورد دەتوانێت وەكو كارتێك بەكاریان بهێنێت ؟
بڕیار گابار: تێكۆشانى ئازادیخوازى گەلى كورد لەباكورى كوردستان بەردەوامە لەڕووى كۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندن و چەكدارییەوە، هەڵبژاردنیش بەشێكە لەم خەباتە لەڕاستیدا ئەنجامى ئەم هەڵبژاردنە خیتابى سیاسى توركەكانى لەباكور شكست پێهێنا، چونكە گەلى كورد قۆناغى هەڕەشە چاوسوركردنەوە و پارە و پۆستى تێپەڕاند. گەلى كورد دەنگى بەنوێنەرانى ڕاستەقینەى خۆى داوە و ئیدى كاتى ئەوە هاتووە كەتوركیاش هەنگاوى ڕاستەقینە بنێت و بۆ چارەسەرى كێشەى كورد لەچوارچێوەى دەستورى توركیا و لەم ڕوووەوە دەبێت. بەدەستكاریكردنى دەستوور كێشەى گەلى كورد چارەسەربكات.
كۆچەرى: ئاكەپە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد دا دەكات بۆ ئەوەى گۆڕانكارى لەدەستوردا بكات یاخود ئەوە دەرفەتێكى باش نابێت بۆ كورد؟
بڕیار گابار: دەبێت ئاكەپە لەدواى 12ى حوزەیرانەوە نیەتى ڕاستەقینەى خۆى لەبەرامبەر چارەسەرى كێشەى كورد دا دەرببڕێت دیارە ئێستا كەئۆجەلان بانگەوازێكى ئاڕاستەى بزوتنەوەى گەلى كورد كردووە ئەویش ئەوەیە كەدەڵێت " لەدواى 15ى حوزەیرانەوە ئاگربەستى تاكلایەنەى كەجەكە كۆتایى دەهات داواى كردبوو درێژبكرێتەوە"، دواى ئەم بانگەوازەش كۆماجڤاكێن كوردستان وەڵامى بانگەوازەكەى سەرۆك ئاپۆى داوەتەوە و دەڵێت ئێمە پابەندین بەبانگەوازى سەرۆكمانەوە و بەمەرجێك ئۆپەراسیۆنەكان كۆتایى بێت بۆ ئەوەى دەرفەت لەپێش چارەسەرى بكرێتەوە ئێمە ئامادەین ئاگربەست درێژبكەینەوە.
دیارە بانگەوازەكەى ڕێبەر ئاپۆ و وەڵامى كەجەكە كاردانەوەى باشى لەناوخۆى توركیا و هەبووە،. ئێستا سەرۆك ئاپۆ و كەجەكە تۆپەكەیان خستە ساحەى ئەو پارتەى كەلەلایەن پارتى دادوگەشەپێدان دروست دەكرێت دەبێت ئەویش وەڵامى ئەم دەستپێشخەریانە بداتەوە.
كۆچەرى: ئەندام پەلەمانە تازەكانى كورد چۆنن؟
بڕیار گابار: ئەندام پەلەمانەكانى كورد هەموو كەسى خاوەن ئەزموون و شارەزان و ڕۆڵ و پێگەى گرنگیان هەیە، وە زۆریان شارەزایى باشیان لە سیستەمى حكومڕانى توركیادا هەیەو ئەو ئەندام پەرلەمانتارانە لەوانى پێشوو لە ڕووى ئەزموونەوە جیاوازیان هەیەو دەوتوانن ئاڕاستەى پەرلەمان بگۆڕن.
كۆچەرى: بەباوەڕى بەڕێزت كام لەپارتە توركیەكان دەرفەت هەیە بۆ ئەوەى گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت و گەر وەكو احسن موجود بێت ئاكەپە لەوانى تر باشتر نییە؟
بڕیار گابار: مەسەلەكە باش زانى ئێمە نیە، چونكە لەهەموو توركیا چوار هێز لەساحەكەدا هەیە كەئەوانیش پارتى دادوگەشە كەزۆرینەیە و حكومەت تەشكیل دەكات. دواى ئەوانیش جەهەپەیە كەلەدواى ئاكەپە ڕێژەیەكى زۆرى كورسى بەدەست هێنا، پارتى سێهەم مەهەپەیە كەپارتێكى ڕەگەزپەرستە ئەویش دژى كورد و هەموو شتێكە و هەرشت ڕەتدەكاتەوە، هێزى چوارەم بەرەى ڕەنج بۆ ئازادى و دیموكراسیە كەپێكهاتەیەكى گشتیە و كار لەسەر دۆزى كوردو بەرگرى لە مافى كوردان دەكات. چارەسەرى كێشەكانى توركیا لەدەستى ئەم چوارهێزەدایە مەسەلەكە لەزانینى ئێمەدانیە بەڵكو ئەركەكە لەئەستۆى ئەواندایە.

ڕۆژئاوا و جلال تاڵابانى و ئۆجەلان و بارزانى

كۆچەرى: پەیامەكەى ئۆجەلان و بارزانى و تاڵەبانى كە دوایان لە پارتە كوردییەكانى سوریا كردبوو لەگەڵ بەشار ئەسەدا كۆببنەوە چۆن هەڵدەسەنگێنى، لات وانییە لە ئێستا ئەو دەستەڵاتە تۆلیتاریەو دۆگماییە هاوشێوەكانى بەرەو ڕووخان دەچن ئەوە لاوازى پەیامى ئەو سێ سەركردەیە نییە لەوەها بارودۆخێكدا؟
بڕیار گابار: دیارە سیستەمە دیكتاتۆریەكان لەخۆرهەڵاتى ناوەڕاست ڕووخان یاخود لەلێوارى ڕووخاندان. سوریاش كەسیستەمێكى بەعسیە ئێستا لەقەیران و بەرەو هەڵوەشاندایە و تاكە سیتەمێكى بەعسیە كە تەمەنى ماوە، ئێستاش كەشۆڕش و ڕاپەڕین سوریاى گرتۆتەوە دەرفەتێكى باشە بۆ ئەوەى كورد هەلەكە بقۆزێتەوە بتوانێت مافەكانى خۆى بەدەست بهێنێت دیارە پارتى یەكێتى دیموكراتیك دەستپێشخەریەكى كرد بۆ كۆبوونەوەى نێوان سەرجەم لایەنە كوردیەكانى ڕۆژئاوا ئەویش دەرئەنجامێكى باشى لێكەوتەوە. ئەویش یەك بەرنامەیى بوو بەرامبەر هەڵوێستەكانى ڕژێم دیارە ئەمە هەنگاوێكى باش و سیاسەتێكى سەركەوتوو بوو جا ئەو گۆڕانكارییانە بەهۆى ڕیفۆرمەكانى بەشار ئەسەد دەبێت یاخود ڕووخانى بەشەر ئەسەدەوە دەبێت دیارە بەڕێز ئاپۆ دوو جار لەڕێگەى پارێزەرەكانیەوە نامەى بۆ بەشەر ئەسەد نارد لەدواى ئەم نامەیەشەوە ئەسەد داواى كرد كۆبونەوەیەك لەگەڵ پارتە كوردییەكان بكرێت. بۆ ئەم قۆناغەش دەبێت گەلى كورد یەكڕیز و یەكگرتوو بێت، چونكە دۆخەكە زۆر گرینگە ئەمە نەك بۆ ڕۆژئاواى كوردستان بەڵكو بۆ هەرچوارپارچەى كوردستان گرینگ و زەروورە، وە دەبێت بە هەموو پارچەكانەوە یارمەتى ڕۆژئاوا بدرێت چونكە لە كاتى شۆڕش و بزووتنەوەكانى لە باكور، باشور و ڕۆژهەڵات هەمیشە ڕۆژئاوا یارمەتى پارچەكانى ترى داوە بۆیە ئێستا دەبێت هەموو پارچەكانى تر یارمەتى ڕۆژئاواى كوردستان بدەن.
كۆچەرى: ئایا پەكەكە بیرى لەوە كردۆتەوە كەسێك لەجێگاى ئۆجەلان دابنێت؟
بڕیار گابار: بڕیار گابار نەخێر بیرى لەوە نەكردۆتەوە.

كۆچەرى: دواى ئەوەى لە باشورى كوردستان خۆپێشاندانى فراوان بەڕێوەچوو بارودۆخى كوردستان گۆڕانكارى بەسەردا هات، لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەدا ئێوە هەوڵ نادەن ئیدارەى قەندیل فراوان بكەن؟
بڕیار گابار: گەریلا لەزۆرینەى ناوچە و شوێنەكانى كوردستان هەیە و ئیدارەى ڕواڵەتى ناوچەكە دەكات. لەڕووى چەمكى نەتەوەیى قەندیل شوێنێكى وەهایە كەدەكرێت كادیرى نەتەوەیى و بەهێزى لێ پەروەردە بكرێت، وە شوینێكى گشتیەو پێگەیەكى گرنگى خەبات و تێكۆشانە و ئێمەش كەمتەرخەمى لە بەڕیوبردنى ئیدارەكەیدا ناكەین، لە ناوچەكەشدا گوندى زۆرى لێیەو خەڵكەكەشى ئاسایى ژیان بەسەردەبن و ناوچەكەش زۆر هێمن و بێ كێشەیە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە