گۆڕان...دەستپێكی شۆڕشێك بۆ شەڕی دەستەڵات!

Thursday, 14/06/2012, 12:00

2506 بینراوە


نالیا ئیبراهیم ئەو گەلەی شەرم لە مێژووی خۆی بكات و دیوە دزێو و ناشرینەكانی ئارایشت بكات و بیكاتە شانازییەكی درۆینە، نەك هەر ئیمرۆی لە دەست دەدات، بەڵكو سبەینێشی لە تاریكی مێژوودا دەخنكێنێت!
كورد لە بزوتنەوەی رزگاریخوازیدا بە درێژایی مێژووەیەكی سەخت و خوێناوی كە پڕێتی لە داستانی قارەمانێتی، خاوەنی سەدان هەزار قوربانی و گیان بەختكردووی شۆڕشوان بووە، زیاتر لەوەی كە پێویستی بزوتنەوەیەك خوازیاری دەبێت، بەڵام كەمترین ئامانج و ئاكامی بە دەست هێناوە و دوو چاری زۆرترین شكست و پاشەكشە بووە!
لێرەوە دەپرسین ئەو هەموو شكست و پاشه كشه یە بۆ ؟
بۆ دەبێت گەلێك خاوەنی سەدان هەزار قوربانی و داستانی سەروەری نەوەكانی بێت و نەگاتە ئاكام؟ ئەو هۆكار و فازكتەرانە چین لەبەردەم سەربەخۆی و ئازادی گەلێكدا؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لای زۆرینەیەك لە خەڵكی كوردستان هەمان ئەو وەڵامانەیە كە سەرانی بە ناو سیاسی وسەركردە و خاوەن پارت و حیزبە كلاسیكییەكان بۆ پاساوی شكستەكانیان و خۆ دەربازكردن لەبەر پرسیارییەتی دەیهێننەوە و دەیان ساڵە گوێمان قانگ دەدەن بە دوكەڵی مێژووەیەكی تەماوی و تاوانی ڕەنجەڕۆی خەڵكی كوردستان دەدەنە پاڵ جیۆپۆلێتیكی كوردستان و بەهێزی دوژمنان و نەبوونی پشتیوانی نێو دەوڵەتی و نەهاتنەپێشی هەلومەرجی گونجاو .. هتد
جارجار لێرە و لەوێ بە شەرمەوە باس لە فاكتەر و هۆكارە ناوەكیەكان دەكەن وەك نەبوونی خیتابی نەتەوەیی، ستراتیژی هاوبەش ، یەكێتی ماڵی كورد و دواكەوتووی كۆمەڵگای كوردستان .. هتد
بەڵێ دەكرێ هەموو ئەمانە هۆكار بن و بە هەند وەربگیرێن بەڵام هۆكاری هەرە گرنگ و فاكتەری هەرە كاریگەر لە وەڵامی ئەو پرسیارەوە سەرچاوە دەگرێ كە بوێرانە بپرسین: ئایا كورد شۆرشی كردووە ؟؟؟ وەڵام: نەخێر..
رەنگە ئەم باسە ناڕەزاییەكی توندی لێبكەوێتەوە و خوێنەر سەرسام بكات و خەڵكانێكیش هەبن بپرسن چلۆن دەبێت ئەم هەموو بەناو شۆڕشانەی كورد شۆڕش نەبوبێتن؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، با بە خێرایی لە پێناسەی شۆڕش بڕوانین و بزانین شۆڕش بە مانای چی؟ شۆڕش چەمكێكی فرە ڕەهەندە و بە پێی جیاوازی جۆری شۆڕشەكان و قۆناغە جیاكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی چەندین پێناسی كۆن و نوێ و جیا لە خۆ دەگرێ بەڵام بە گشتی و بە كورتی بەبێ بوونی هەوڵی تێپەڕاندن و ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخاند ناكرێت و نابێپ پێناسێ بۆ شۆڕشێك بكرێت.
با لێرەوە لە خۆمان بپرسین كام لەو بەناو شۆڕشانەی كوردستان لە هەوڵی گۆڕانكاری و دروستكردنی سیستەمێكی نوێی كۆمەڵگادا بوون؟ بەكام فەرهەنگی نوێ و جیاواز لە فەرهەنگی دوژمن كاریان كردووە؟! خاوەنی چ پرۆژە و بەرنامە سازییەكی نوێ بوون لە بواری ئابوری و كارگێڕیدا تەنانەت لە ڕووی پەروەردەییەوە تاكی هاوڵاتیانی كوردستانیان بە چی و بە كوێ گەیاندووە؟ خۆ هەر ئەوەندە بەس نییه بە گژ داگیركەراندا بچیتەوە و بەرگری بكەیت لەمانەوە گەر خاوەنی فەرهەنگێكی جیاواز لە فەرهەنگی با و كۆن و دوژمن نەبیت. خۆ تەنیا تەشكیلدانی حیزب و ڕێكخراو لە ژێر كاریگەری ئەقلیمی و لەسەر مۆدێلی باوی بلۆكی شەرقی ئەوسا یان لەسەر ئاستی خێڵ و ناوچەوەو بۆ بەرگری لە مانەوەی دەستەڵاتی بنەماڵە و فراوانكردنی ناكاتە بەرپا كردنی شۆڕش.
شۆڕش شۆڕشی فەرەنسا بوو... بەڵێ بە كارو بەرنامەو فەرهەنگی نوێی گاندی دەوترێت شۆڕش. شۆڕشەكانی كورد لانی كەم بۆ ئێمەی ژنان هێندە بەسە بزانین كە حزب و ڕێكخراوە سیاسیەكان هاوشێوەی فەرهەنگی دوژمنان و دواكەوتوتر لە داب و نەریتی باوك سالاری و هزری دواكەوتوویی كۆمەڵگا خۆیان بە ناوی شۆڕشەوە فەرهەنگی ژن كوژیان كردە فەرهەنگی باوو و كاریان لەسەر كرد.
ئەم باسە زۆر هەڵدەگرێ و دەكرێت چەندین توێژینەوە و بابەتی لەسەر بنوسرێ كە لە دوو توێی ئەم ووتارەدا جێگای نابێت و بە جێی دێڵین بۆ ئێوەی خوێنەر و ڕۆشنبیرانی كورد ... ئەوەی گرنگە بیڵێین ئەوەیە كە كورد شۆڕشی نەكردووە! لە باشترین حاڵەتدا شەڕی بەرگریڕەی كە گۆڕان لەسەرەتاوە بانگەشەی بۆ كرد..
گۆڕان دروستكراوی ویست و ئارەزووی سەرانی تێكشكاوی سیاسی و ئەقڵی كۆن و كاریزما نەبوو ! گۆڕان دەرهاویشتەی زۆران بازی و ململانێی نێوان ێەم سەركردەو ئەو سەركردە ئەم پارت و ئەو پارت نەبوو.
گۆڕان ناوی پارت و ڕێكخراوی كۆپی كراو و هاوردە و نێدراوی ئەم وولات و ئەو نەبوو ..گۆڕان تەنها پەچە كردار و وەڵامدانەوەی پیلان و هێرشی داگیركەرانی كوردستان نەبوو.
گۆڕان لە ناو هەناوی كۆمەڵگای كوردستان دا دەستپێكی شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی مۆدێرن و بانگەشەی ئازادی و بەرامبەری بوو.گۆڕان دا هێنانی شێوازێكی نوێ بوو لە كاركردن لەسەر فكری سیاسی و ئەقڵانیەتی كۆمەڵگا.گۆڕان لە دەرەوەی حیزب و ڕێكخراو و ئەقڵی سەركردە و بەدەر لە هەوڵی ڕێفۆرم خوازی گروپ و دەستەیەك وەك بزوتنەوەیەكی جەماوەری فرە ڕەهەند لە دەنگی ناڕەزای خەڵكدا بۆ شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی دەستی پێكرد. كاتێك هەوڵەكان لە بورای ڕێفۆرم و ڕەخنەی مێدیایدا بێ ئەنجام بوون و كاتێك گەندەڵی لە دیاردەوە پەڕییەوە ناو هەموو جومگەكانی كۆمەڵگاو بووە گەندەڵی سیستەماتیك ئەو كات هاوڕێیانی گۆڕانخواز دەركیان بەو ڕاستیە كرد، كە پێویستی بە گۆڕانكاری ڕیشەیی هەیە و دەكرێت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن كاری بۆ بكەن.
لێرەوە جگە لە بنكە جەماوەریه فراوانەكەی گۆڕانخوازان چەندین گروپی ئیسلامی و چەپ و عەلمانی و ناشیونال چووەنە ژێر چەتری گۆڕانەوە، ئەم حاڵەتە بە دیوە پۆزەتیڤەكەیدا ڕەنگە شێوەیەك بێت لە شێوەكانی پلۆڕالیزم و پێكەوە ژیان و هەوڵێك بێت بۆ ڕەتكردنەوەی بە پیرۆزكردنی ئادیۆلۆژیا و دین و حیزب كە بە درێژیایی مێژووەیەك تاكی هاووڵاتی كوردستانیان پێ كۆیلە كردووەو لە ئینتیمای تەندروستی خۆی بۆ نیشتیمان و كۆمەڵگا دورخستۆتەوە... بە دیوە نێگەتیڤەكەشیدا پێكەوە كاركردن و ڕێكخستنی ئەم گرووپانە لە چوارچێوەی ڕێكخراوەی دا چەندین گرفت و كێشە لە خۆ دەگرێت كە لێرەدا لە سەری ناوەستین.
ئەوەی جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لەبەر دەم دوو ئەڵتەرناتیڤدا بوو:
یەكەم: ئیشكردن لەناو كۆمەڵگا لەسەر بەرنامە و ستراتیژێكی درێژ خایەن بە میتۆد و شێوازێكی نوێ لە كاركردن كە پێویستی بە كاری جەماوەری و مەدەنی و مۆدێرن زیاتر بوو.
دووەم: بەشداری لە هەڵبژاردن و چوونە ناو سیستەمی حكومڕانی و هاوسەنگكردنی هێز لەبەرامبەر دەستەڵاتدا .
ڕێگەچارەی دروست و هاوسەنگ ڕاگرتنی ئەو هاوكێشەیە كارێكی دژوار بوو ..ئەوەی كە زیاتریش دژوار و لاسەنگی كرد بە لا نەگەتیفەكیدا چەندین فاكتەر بوو:
یەكەم: هەوڵدان بۆ بە فەرمی ناساندن و بە ڕێكخراوه بوونی گۆڕان تا ڕێگەی كاری پێبدرێت و پێگەیەكی یاسای هەبێت.
دووەم: بێدادی لە ئەندازە بەدەر و ویستی خەڵك بۆ ئاڵوگۆڕی خێرا وایكرد گۆڕان لە نزیكترین هەڵبژاردن دا بەشدار بێت.
سێیەم: فشار و هەوڵی بەركەوتنی پارتەكانی دەستەڵات بە جۆرێك بوو گۆڕان دەبوو لە هەوڵی پارسەنگی هێزدا بێت.
چوارەم: چوونە ناوەوەی باڵی ڕێفۆرم بۆ ناو بزوتنەوەی گۆڕان گەرچی لە ڕووی چەندایەتی و قەبارەو هێزەوە بە سوود بوو بۆ گۆڕان بەڵام كاریگەری خراپی لەسەر بزوتنەوەكە دانا بەوەی كە چۆن وەبە چ پێودانگێك بەبێ چوونە ناو هەڵبژاردن و ڕاپرسییەكەوە كرانە سەركردایەتی گۆڕان .... ئەمە لە كاتێكدا كە ڕێفۆرم و گۆڕان دوو چەمكی جیاوازن و تەنانەت لە ڕووی بەرنامە و كاركردنیشەوە چەندێك تەریبیش بن هەرگیز هاو ئاراستە و یەك نین، ئەی چۆن دەبێت سەركردایەتیەك بە ئەقڵی ریفۆرمەوە بكرێتە دەم ڕاست و ڕێنیشاندەر و بڕیاردەر لە گۆڕان دا؟.
پێنجەم: نزیكی و جۆرێك لە تێكەڵ بوونی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و گروپ و حیزبەكانی بە جۆرێك كە دیدگا عەلمانی و لیبرالییەكەی گۆڕانی خستە ژێر پرسیارەوە.
شەشەم: بزووتنەوەی گۆڕان وەكو هەموو حیزب و ڕێخراوەكانی تر لاواز لە هونەری دانوستان دا بۆ ماوەی درێژخایەند نەیتوانی وەڵام بە شەقام بداتەوەو بگاتە كەمترین ئاستی داخوازی خەڵك لە دانیشتنەكانی لەگەڵ دەستەڵات.
دواجار بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستپێكی شۆڕشێكەوە به مێتۆد و ئامرازی كۆنەوە دەیەوێت لەسەر وێرانەكانی پێش خۆی تەلارسازی بكات، ئیدی بێ ئاراستە گۆڕان هەنگاو هەنگاو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە شەڕی دەستەڵاتەوە ئەگلێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە