لقى 12 دەیەوێت هەیمەنەى خۆى بەسەر دادگادا بسەپێنێت

Saturday, 24/01/2009, 12:00

1630 بینراوە


كاتێك لقى 12ى پارتى دیموكراتى كوردستان دەیەوێت داواى یاساى لەسەر ناسح عبدالرەحیم تۆمار بكات لەو هەوڵەدایە كە هەیمەنەى حیزبى پایەدارتر بكات بەسەر دادگاو ڕۆژنامەنووساندا ،بۆئەوەى كە ئەو یاسایایەى كە خۆیان دەینوسن تەنها دەرەوەى خۆیان بگرێتەوە چەندین مەرج دادەنێن تەنها نمونەیەك لەسەر ئەم ڕاستیە تێكدانى ئەمنى قەومى لە یاساى ڕۆژنامەنووساندا دادەنێن،ئەگەر بەرپرسێك یان بارەگایەكى حیزبى هێماى ئەمنى قەومى بێت و ڕۆژنامەنوس بۆى نەبێت لەبارەیانەوە بدوێت،ئەوكاتە دەبوایە ئەوانەى كە خۆیان ناوناوە پارێزەرانى ئەمنى قەومى كارێكیان نەكردایە وەك ئێستا ببنە جێگاى ڕەخنەى ڕاست و دروستى ڕۆژنامەنووس و نوسەران ،نەدەبوایە ئاپارتمان و ماشێنە تازە مۆدێلەكانیان لەسەر حیسابى خەڵكى داماوى ئەم مەلەكەتە بەرزتربكەنەوە ،نەدەبوایە هەزاران مرۆڤیان لە خوێندا بتلاندایەو چەندین منداڵیان هەتیو بكردایە و سەدان ئافرەتیان بێوەژن بكردایە كە بوونى پیاو یەكێكە لەمافە سەرەكیەكانى ئافرەت ،بەڵام ئەمانە لەپێناوى كورسى دەستەڵاتدا سەدان ژنى كوردیان لە مافى بوونى پیاو بێبەش كردووە ئەمانە ئەو موقەدەسانەن كە ناوبردنیان دەبێتە هۆى تێكدانى ووڵات ،ئەمانە ئەو مەعسومانەن ناوبردنیان مرۆڤ ئەم ووڵاتە دەخاتە زەمهەریرى ئاواتەكانى ئەوان.

ئەوەى لێرەدا دەمەوێت ئاماژەى بۆ بكەم بەرپرس و ئەندامانى لقى 12ى پارتى دەیانەوێت لەسەروى یاساوە بمێننەوە و داوا لە دادوەرى دادگاى هەڵبجەى شەهید دەكەن كە لیژنەیەكى دادگا بۆ لقەكەیان بنێرێت تاوەكو ئیفادە لە شكاتكارەكانى ناو لق وەربگرێت كە داواى یاساییان لەسەر نوسەرو ڕۆژنامەنووس ناسح عبدوالرەحیم تۆمار كردووە،ئەگەرچى دادوەرەى لێكۆلێنەوە نەدەبوو ناسحى رۆِژنامەنووسى زیندانى بكردایە،بەڵام جێگەى دەست خۆشییە بۆ دادوەر كە ڕازى نەبوو دەستەڵاتى حیزبى لەسەرو یاساوەبێت ،ئەم وەڵامى نەرییەى دادگا تروسكایەكە بۆ هێنانەخوارەوەى دەستەڵاتى حیزبى و سەروەریكردنى یاسا.
ئێستاش ڕووى دەممان دەكەینە سەرۆكى هەرێمى كوردستان و پێى دەڵێین:ئایا ئێوە ڕازیى دەبن كە بەرپرسانى لقى 12 داوا لە دادوەرى لێكۆڵینەوە بكەن لە بارەگاى حیزبدا ئیفادەى شكاتكارەكان وەربگرێت؟ئایا ڕازى دەبیت بەرپرسانتان لەسەرو یاساوە خۆیان ببینەوە؟ئایا پێچەوانەى ئەو پەیامە نییە كە دەڵێت با یاسا سەروەربێت ؟



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە