بەیاننامەیه‌ک له‌ سەندیكای چاودێرانی دارایی هەرێمی كوردستان

Friday, 05/04/2013, 12:00

2863 بینراوە


به‌یاننامه‌
پیرۆزی ئەركی دیوانی چاودیَِری دارایی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە پارێزەری ماڵ و موڵكی گشتی ووڵاتە لە رێگای دۆزینەوەی سەرپێچیەكان و دژایەتی كردنی گەندەڵی و بەدواداچوون و دڵنیا بوون لە جێ بەجێ كردنی رێنماییەكانی بودجەی سالێ نوێ و پەسند كردنی ژمێرەی كۆتایی .
كەواتە دروست بونی دیوانی چاودێری دارایی و پاراستن و پشتگیری كردنی بە ئەركێكی نیشتیمانی دەزانین
سەرەتای دروست بونی ئەم دەزگا گرنگە نیاز پاكی و گیانی نیشتیمان پەروەری لێ بەدی دەكرا , بۆیە مایەی خۆشحاڵی هەموو تاكێكی كورد بوو چونكە دڵنیایی پێدەبەخشین لە پاراستنی موڵكی گشتی كە بە خوێنی هەزاران شەهیدی ئەم میللەتە هاتە ئاراوە .
لە ساڵی 2008 بە یاسای ژمارە (2)ی پەرلەمان بڕگە و ماددەكانی لەسەر بنەمایی یەك گرتنەوەی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەولێر و سلێمانی دارێژرایەوە كە مژدە بەخشێكی تر بوو بۆ گەلی كوردستان .
بەڵام هەردوای دەرچونی ئەم یاسایە دیوانی چاودێری دارایی هەردوولای هەولێر و سلێمانی كەوتە سستی و رۆژ لە دوایی رۆژ كارەكان نیمچە سڕیەكی پێوە دیار بوو و هەموو لایەك لە چاوەروانی ئەوەبوون كە بزانن ئەم یاسایە چۆن و كەی جێ بەجێ دەكرێت .
بە تایبەتیش لە پێدانی مافی چاودێرانی دارایی كە لە یاسایەكە دا ئاماژەی پێكراوە .
بۆیە هەموو لایەك بە پەرۆشەوە چاوەروانی ئەم یاسایە بوون.
دوای 3 ساڵ لە چاوەروانی جێ بە جێ كردنی ئەم یاسایە , لە ساڵی 2011 سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی لە لایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی دەنگ دەست نیشان كرا .
لەبەر ئەوەی كە سەرۆكی دیوانی نوێ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاتبوو سەرەڕای شارەزایی لە پیشەی چاودێری دارایی بەڵام شارەزایی لە واقعی كوردستان بە گشتی و واقعی ناو دیوانی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەولێر و سلێمانی نەبوو و ئاستی كارگێریشی لاواز بوو , بۆیە تووشی كۆمەلێك هەڵەی گەورە بوو بە هۆیەوە دوای تەنها یەك ساڵ لە پۆستەكەی لادرا .
بە پێی یاسای بودجەی پەسندكراوی ساڵی 2012 دەبوایە دوای 3 مانگ لە لادانی ئەم سەرۆكە كەسێكی تر دابنرێت بۆ سەرۆكایەتی دیوانی چاودیری دارایی .
بەڵام ئەوە نزیكەی سالێك تێدەپەرێت كار و چالاكیەكانی هەردوو دیوانی چاودێری هەولێر و سلێمانی ڕاگیراوە و پەرلەمان و بەرپرسانی كوردستان بێدەنگن .
ئێمە لێرەدا پرسیار دەكەین ئەم بارودۆخەی دیوانی چاودێری تێیكەوتوە چ ئاكامێك دەگەینێت ؟ , ئیفلیج كردن و سڕكردنی دەزگایەكی وا گرنگ و هەستیار لە بەرژەوەندی كێ دایە ؟ .
لە كاتێكدا كە لە زۆربەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و بەرپرسانی هەردوو لای دەسەلاتدار و ئۆپۆزسیون بە بەردەوامی باسی بونی گەندەلی دەكەن .
ئەم بێدەنگیە و ئەم بارودۆخەی ئێستای دیوانی چاودێری دارایی كاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر ئەدای حوكمەت و سیستەمی داراییەكەی كە گومان لە بە یاسایی بونی دەكرێت چونكە بودجە و ژمێرەی كۆتایی لە لایەن دیوانی چاودێری داراییەوە پەسند نەكراوە .
هەروەها ئەم بارودۆخەی دیوان كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر كار و چاڵاكیەكانی خودی چاودێران و كارمەندانی چونكە لە ئەركەكان دووركەوتنەوە و مافێكی زۆریان لێ دەروات لە دەرماڵە و كۆمەڵێك ئمتیازات , لەهەمان كاتدا ئەو موچە كەمەی كە لەو بارودۆخەی ئێستای دیوان وەریدەگرن لە حەڵال و حەرامیەكەی دوو دڵن .
لێرەدا ئێمە وەك سەندیكای چاودێرانی دارایی هەرێمی كوردستان خۆمان بە شەرمەزار دەزانین ئەگەر لەوە زیاتر بێدەنگ بین .
ئەم بەیاننامەیەمان دەستپێكی كار و چالاكیەكانمان دەبێت لە داهاتوو بۆ بەگڕخستنەوەی دیوانی چاودێری دارایی و هەوڵدان بۆ جێ بەجێ كردنی یاسایی ژمارە 2 ساڵی 2008 و هەموو رێگایەكی یاسایی دەگرینە بەر بۆ داكۆكی كردن لەو ئەركە نیشتیمانیەی كە خۆی لە بوونی دیوانی چاودێری دارایی و مافی چاودێرانی دارایی دەبینێتەوە .
بۆیە داواكارین لە سەرجەم ئەندام و دۆست و خەم خۆران بۆ چاڵاك كردنەوەی دیوانی چاودێری دارایی كە ئامادە بن بۆ هەنگاوی داهاتوومان ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژ ی داهاتوو ئەم داواكاریانەی خوارەوە جێ بە جێ نەكرێت :-
1- بە زووترین كات سەرۆكێك بۆ دیوانی چاودێری دارایی دابنرێت كە كەسێكی شارەزا و خاوەن ئەزموون بێت و دانیشتوی كوردستان بێت و مەرجەكانی ماددە 7 ی یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 2008 ی تێدا بێت .
2- داواكارین لە پەرلەمانی كوردستان بە ئەركی نیشتیمانی خۆی هەڵستێت و دیوانی چاودێری دارایی ئەكتیڤ بكات و گرنگی پێبدات و لەوە زیاتر بێدەنگی نەنوێنێت بەرامبەر بەم دەزگا گرنگە كە چاوی ئەوانە لە پاراستنی مولكی گشتی .
3- لادانی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بوە هۆی بڕانی كۆمەلێك ئیمتیازات لە چاودێران و كارمەندانی دیوانی چاودێری دارایی . ئێمە ئەوە بە ناحەقی دەزانین , چونكە كادیرانی چاودێری دارایی هۆكار نەبون لە وەستاندنی كارەكان و ئامادەن بۆ كار كردن لە هەموو سات و كاتێك بۆیە دەبێت ئەو مافانە بدرێتەوە .

4- گەڕاندنەوەی هەموو ئەو دەرماڵانەی كە لە یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 2008 دا هاتوە و نەدراوە بە چاودێران , چونكە پەیرەو نەكردنی ئەم یاسایە بە خواست و ویستی ئەوان نەبووە و دەبێ قەرەبوو بكرێنەوە .

لەكاتی تەنگانە ئەم دەزگایە لە دروشمەكانی هەڵبژاردنەكان ناوی دەهات كە ئەكتیڤ دەكرێت و گرنگیەكی تایبەتی پێدەدرێت . خێرە ئەمرۆ وا پەل و پێی شكاوە و بێناز وا پشتگوێ خراوە ؟ .
لە كۆتاییدا دەڵێین (یاسا سەروەرە) ... بۆیە گرنگی نەدان بە دیوانی چاودێری دارایی واتە پێشێل كردنی ئەم سەروەریەی یاسایە كە نە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نە ئێمە و نە هیچ خەمخۆرێكی ئەم نیشتیمانە قبوڵی دەكات .
بۆیە ئەگەر خۆمان بە دڵسۆزی ئەم میللەتە دەزانین نابێ چیتر ئەم بارودۆخەی دیوانی چاودێری دارایی كە ئێستا تێیكەوتوە قبول بكەین .


سەندیكای چاودێرانی دارایی هەرێمی كوردستان
4/4/2013


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە