كۆچى پێچەوانەى ناوچە جێ ناكۆكەكان بۆ ...؟

Wednesday, 10/11/2010, 12:00

1512 بینراوە


لەسەرەتاى روخانى ڕژێمدا ئەوەى كە جێگاى دڵخۆشى بوو عەرەبێكى زۆرى هاوردە بە خواستى خۆیان گەڕانەوە بۆ شوێنى خۆیان و لە بەرامبەریشدا كوردێكى زۆرى ئاوارەى شارەكانى سنورى دەسەڵاتى هەرێم گەڕانەوە بۆسەر زێدى خۆیان و خاكى باو باپیرانیان. بەڵام وە نەبێت لە سەرەتاوە چ گەڕانەوەى هاوردەكان و چ گەڕانەوەى ئاوارەكان بە رێكەوتن و بەرنامە و ئالیەت بوبێت ، هەروەها لەوكاتەوە تا ئەمڕۆش بێجگە لە ناردنى فەرمانبەرانى عەرەب بۆ ئەوناوچانە لەلایەن دەسەڵاتى مەركەزیەوە لەژێر ناوى دامەزراندندا ، ناوبەناو لێرەو لەوێ دەبیستین و دەبینین كە لەلایەن بەرپرسانى كوردى ئەو ناوچانەوە پسولەى گەڕانەوە و نیشتەجێ بون بۆ كەسانى دەرەوەى ئەو ناوچانە دەكرێت ، دیسان نە لەلایەن حكومەتى مەركەزى و نەدەسەڵاتى خۆجێیەتى و نە حكومەتى هەرێمیشەوە ئاوڕى جدى نەدرایەوە لەو ئاوارانەى كە گەڕانەوە بۆ سەر زێدى خۆیان ، ئەوە حەوت ساڵ زیاتر تێدەپەڕێت بەسەر گەڕانەوەیاندا ، بەڵام گیرۆدەن بەدەم دەیان كێشەى جۆراوجۆرى وە ك نیشتەجى َبون و نەبونى ئاو و كارەبا و كێشەى خوێندن وخوێندنگە و رێگاوبان ولە سەروى هەموشیانەوە تیرۆر و تۆقاندن ... كەچى ئەوان خۆڕاگرانە ژیانى خۆیان گوزەراندووە بەئومێدى ئەوەى رۆژێك لە رۆژان بگەن بەو ئاسودەییەى كە خەونى چەندین ساڵەى ئاوارەییان بوو ، بەڵام مەخابن دواى ئەو هەموو ساڵە لە ئاوارەیى و ئەو چەند ساڵەش كە گەڕاونەتەوە كەچى ژیانى ئەوان هەر لە دوودڵى و ترس و دڵە ڕاوكێدایە .
من نازانم ئەو داتاو ژمارانە چەند ڕاستن كەباس لە گەرانەوەى دوبارەى عەرەبە هاوردەكان دەكەن بۆ سنورى ناوچە جێناكۆكەكان ، یان داتاو ژمارەى ئەو خێزانە كوردانەى كە جارێكیتر سنورى ناوچە جێناكۆكەكان جێ دەهێڵن و رولە شارەكانى سنورى دەسەڵاتى هەرێم دەكەن . بۆ چارەسەرى ئەو كاردانەوە نەخوازراوە كە بووە بەدیاردە با واز لە چارەسەر لاى دەسەلاتى مەركەزى بهێنیین ، چونكە لەوانەیە راستەو خۆ یان ناراستەو خۆ ئەوان دەستیان لەو كارەدا هەبێت ، بەڵام گەلۆ ئەى ئایا لەلایەن سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت و پەرلەمانى كوردستان و دەسەڵاتە خۆجێییەكانەوە چەند كار بۆ رێگە گرتن لەو دیاردەیە كراوە و دەكرێت ...؟ ئایا لە رێگا جۆرا و جۆرەكانى وەك رێگاى دیبلۆماسى و كارتى فشار و بەخشینى پارەوە چەند هەوڵیان داوە ڕێگە لەو دیاردەیە بگرن ...؟ یان دەسەڵاتى خۆجێیەتى كە هەمویان ئەندام نوێنەرى هەردوو گەورە حیزبەكەن ئەوان چەند توانیویان كە سەركردایەتى خۆیان لەو ڕەوشە نالەبارە ئاگادار بكەنەوە ...؟
من دڵنیام هەموو لایەك كەمتەرخەمن لەسەر هەڵدانى ئەو دیاردەیە ، ئاخر ئەگەر لە هەڵبژاردنێكى خاوێندا (بەقەولى ئێوە) نوێنەر و لیستەكانى ئەوان دەنگى زیاتریان هێنا لە نوێنەر و لیستەكانى ئێمە ئەوكاتە چۆن دەیسەلمێنن كە ئەو شار و ناوچانە ناوچەى كوردنشینن .؟ ئەمە لەسەردەمى دوێنێى ێەدامى دكتاتۆردا نا ، بەڵكو لەسەردەمى سەرەك كۆمارى كوردى وجێگرى سەرەك وەزیران و ئەنجومەنى نیشتیمانى و وەزیرى دەرەوەى كوردیدا . ئاخر خەڵكیش ناحەقیان نییە كە جارێكیتر خۆیان ئاوارە دەكەنەوە ، ئەگەر جارى پێشو رژێم بەزۆر ئاوارەى كردن دەى ئەوا ئەمجارەش بە جۆرێكیتر لە ژێر هەرەشەى دوژمنان و كەمتەر خەمى لە بەدەمەوە چونى سەركردایەتى كوردیدا ئاوارە دەبنەوە .
وەكو هەمو گرفتەكانى تر سەیرى ئەم ئەم كێشەیەش مەكەن ، چونكە ڕەوشەكە زۆر لەو خوێن ساردیەى ئێوە ترسناكترە ...!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە