پێشبڕكێ بە یەك ئەسپ !

Monday, 20/07/2009, 12:00

1732 بینراوە


پڕۆسەی هەڵبژاردن یەكێكە لە سیما هەرەدیارەكانی دیموكراسی و ، فرەڕەنگی و فرەدەنگیش یەكێكە لە سیما هەرەدیارەكانی دیموكراسی ، هەركەسێكیش هەوڵی شێواندنی هەڵبژاردن بدان هەوڵی كوشتنی دیموكراسی داوەو هەركەسێكیش نەهێڵێت فرەدەنگی و فرە ڕەنگی ڕاستەقینە لە ئارادا بێت ئەوە خنجەری لە پشتی هەڵبژاردن داوە .
ئەگەر بێتوو بە مێژووی حەڤدەساڵەی كوردستانی عێراقدا بچینەوە ، هەر لە سەردەمی فیفتی بە فیفتیەوە هەتا سەردەمی ڕێكەوتنی ستراتیژی دەبینین دیموكراسی لەم كوردستانەدا توشی كارەساتێكی وەها بووە هەستانەوەى كات و كۆشش و ماندووبوونی زۆری دەوێت .
هەركاتێك هەڵبژاردن لە كوردستان هەبووبێت هەموو خەڵكی بە نوخبەو خەڵكی سەرجادەیشەوە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان ئەنجامەكەیان زانیوە !! ، چونكە زلهێزەكانی كوردستان لەسەر بنەمای (البقاو للأقوى) خۆیان كردووە بەیەك بەرە بۆ نەهێشتنی مانای هەڵبژاردن و لەباربردنی دیموكراسی .
ئەو دوو پارتە سەرەكیەی كوردستان ئەوەندەی لە خەمی پاراستنی بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتیدان ئەوەندە لە بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەییدا نین .
یەكێتی و پارتی كە ئێستا بوون بە یەك و دەیانەوێت وەك جاران بە تاقە ئەسپێك پێشبڕكێكە ئەنجام بدەن ، بۆچی كاتێك لەشەڕی براكوژیدا كوڕی كوردیان بەكورد بەكوشت دەدا ئەو كاتە لەبەر بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییمان نەئەچوون هەڵوێستی خۆیان بكەن بەیەك بۆ ئەوەی چیتر خوێنی كوڕانی ئەم گەلە نەڕێژن و ئاسایشی نەتەوەییشمان نەخەنە مەترسی یەوە ؟! .
سەرۆكی یەكێك لە دوو حیزبی خاوەن پڕۆژەی (پێشبڕكێ بە یەك ئەسپ) لە كاتی شەڕە نەگریسەكانی ناوخۆدا دەیگوت ئەو دەستە دەبڕم كە بیخەمە دەستی سكرتێری ئەو حیزبەكە ! ، هەر بەم بیانووەیش هەزاران گەنجی ئەم گەلەی دا بە كوشت ، سەرەڕای هێنانی ئۆردووی بێگانە بۆ سەر خاكی كوردستان .
بۆچی ئەو دەستلەملانێیەی كە ئێستا هەیە ئەو كاتە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگرتن لە ڕووباری خوێنی بەناهەق ڕژاوی كوڕانی كورد ئەنجام نەئەدرا ؟ .
پێم وایە لەم هەڵبژاردنەدا ڕكابەرێكی بەهێز و ڕاستەقینە هەیەو ئەویش دنگی گۆڕانی خەڵكەو وای كردووە لەو دوو حیزبە كە یەكبگرن لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتی پاوانخوازانەی خۆیاندا .
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەهۆی بوونی لیستێكی جەماوەری وەك لیستی گۆڕان پڕۆژەی (پێشبڕكێ بە یەك ئەسپ) كەوتوەتە لەرزەو وەرچەرخانێك لەسەر گۆڕەپانی دیموكراسی كوردستان درووست بووەو ئیتر سەردەمی ئەسپی تاقانە بەسەرچوو .
پێدەچێت هەندێ كەس بپرسن بۆچی لیستی چوارحیزبەكە وەك ڕكابەری ڕاستەقینە دانانێیت ؟ ، لەوەڵامی ئەمەدا دەڵێم : ئەو چوار حیزبە خۆیان بەشێكن لە گەندەڵی و كەمووكوڕیەكانی دەسەڵاتی كوردی ، جەماوەری كوردستان ئەزموونی هەیە لەگەڵیان و هەركاتێك دەسەڵات ویستبێتی دەمیان دابخات ، بەچەند پۆستێكی وەهمی و لاواز دەمی چەور كردوون و لاڵى كردوون ، هەروەك چۆن بۆ تێپەڕاندنی دەستوورەكە بە جێبەجێ كردنی یەك دووتێبینی بەڵێی پێ كردن و ڕای گشتی جەماوەری كوردستانی پێ لەبیر كردن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە