فریای سلێمانی بكەون ، بەعس دەیەوێ داگیری بكا

Wednesday, 20/04/2011, 12:00

1406 بینراوە


ئەمڕۆ بەعس بەناو سلێمانیدا هاتوچۆی دەكرد، هەر بەعسی بوو پەیتا پەیتا لەناو ئۆتۆمبێلەكانیانەوە دادەبەزین و بەجلی ڕەشەوە دەمامكەكان یان توند دەكردەوە و لەگیانی خەڵك بەردەبوون... من لەبەردەم زانكۆی سلێمانی بووم ، ئەوەی بینیم تەنیا 1983 لەقوات خاسەكانم بینی.. ئەوان لەیەك شتدا جودا بوون، ئەوان بەعەرەبی قسەیان دەكرد ئەمان بەكوردی... ئەوان سەر بەئایدۆلۆژیای بەعس بوون، ئەمان سەر بەرێكخراوێك بوون بەناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەڵگری ئایدیای سۆسیال دیموكراتن، كاتێك هێرشیان كردە سەرم و لێیاندام وتم تۆ بڵێی هەموو حزبە سۆسیال دیموكراتەكانی ئەوروپا وا رەفتار لەگەڵ مافەكانی مرۆڤدا بكەن.

بەهاوڕێكانم وت بەعس هاتووە سلێمانی داگیر بكات ، فریاكەون ، فریا كەون ئەو شارەی كە سێ دەیەی تەمەنی بۆ یەكێتی تەرخانكردوو گەنجەكانی بۆ ئەو بەكوشت دا ئێستا پاداشتی ئەداتەوە و رەشبگیری تێدەكا.

بینیم .. هاوڕێكانم بڕواتان بێ بینیم ملازم موحسین و چەكدارەكانی لەموسەلەحەكەیان دابەزین و بەربونە گیانی كچە خوێندكارە و كوڕە خوێندكارەكان ، بەڵام مولازم موحسینەكەی ئەمڕۆ رەنگی پەڕیبوو دەترسا ئاسۆی دەلاك راست بێتەوە و دەمانچەكەی خاڵی كاتەوە لەدڵی ئەو زۆردارانەدا ، رۆحی مولازم موحسین هات و خوێندكارانی توڕە كرد تا ئەوان دار و فیشەك و فەلاقەی زیاتریان ئاراستەی خوێندكاران بكردایە ئەمان دڵ یان گەرمتر دەبوو ، بینیمان بەعس یەكان مان بینی چۆن سەر قسەی ناشیرین یان بە خوێنی شەهیدانی كوردستاندا ، ئەوەی قەد بیرم ناچێتەوە خوێندكارێك كەوتە بەردەستی یەكێك لەو دەمامكدارانەو وتی : تو خوێنی برا شەهیدەكەم كە شەهیدی یەكێتی یە بەرم بدەن كەچی ئەو وتی: لەگۆڕی براكەت بەم.

ئەوكاتە بۆم دەركەوت ئەوانە نەك وڵات ناپارێزن بەڵكو حزبەكەشیان ناپارێزن بەڵكم كۆمەڵێك میلیشیا و خۆفرۆش و جەلادی سەردەمی بەعسن و زیندوو بونەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە