وەزارەتى كارەساتە سروشتیەكان

Saturday, 25/08/2012, 12:00

1443 بینراوە










وەزارەتێك وەزیرەكەى بە سەیارەى جام رەشى بێ رەقەمەوە بچێتە ناو پەرلەمانەوەو هەموو وەزارەتەكەى لەنێو جانتایەكى رەشدا بێت و وەزیرەكەى كورسى بزنسمانى پێ لەكورسى حكومەت و دەوەڵەتمەدارى گە ورە تر بێت، وەزارەتێك وەزیرەكەى رۆژێك بڵێت پێنج ملیار دۆلارمان هەیەو رۆژێ تر بڵێت قڕانێكمان نیەو شیرینیە،
لە كاتێكا ئەگەر ئاشكرا كردنى بوونى ئەو پارەیە زیانى بۆ ئاسایشى هەرێم هەبێت ئەوا پێویستە ئەو وەزیرە بدرێتە دادگا، چونكە كارەكەى ئەم نەك ئەوەى كارزان كەریم بڤە ترە، لە ئەسڵا ئەوەى كارزان هەر بڤە نیەو فرۆكە خانەكانى ئێمە ئەگەر چى دوو دەسكەتى نیشتمانین بەڵام زۆر ترین كەم وكووڕیان هەیە،
وەزارەتێك وەزیرەكەى زانیارى لە پەرلەمانتاران بشارێتەوە ووەزیرى داراى هەرێمیش ئاگاى لە سەروەت و سامانى نەبێت و بە پەرلەمانتارانیش بێژێ بڕۆن زانیارى لە سەرۆكى حكومەت وەربگرن ، بێ ئەوەى یەك پارلەمانتار كەنوێنەرى خەڵكن پێى بڵێت ئەى تۆ وەزیرى چیت ئەفەندم، ئاخۆ ئەم وەزارەتە وەزارەتێكى ناسروشتیە یان وەزارەتى سامانە سروشتیەكان ،
بە بڕواى من باشترە ئەم وەزارەتە ناو بنرێت وەزارەتى كارەساتە سروشتیەكان زۆر باشترە هەرلەوەى ئەم وەزارەتە دەیان كۆمپانیاى هێناوەتە كوردستان و هەموویان بەر بوونەتە جەستەوخاكى كوردستان و هەڵیدەدڕن ، هەر لەوەى كوردستان پڕبووە لە پاڵاوگەو مەسفاى شەق و شڕى بەرپرسەكان وژینگەى كوردستان وێران دەكەن.

هەر لەوەى كە لەم دووسێ ساڵەى رابردوودا بە بەرتاقاى بیست ساڵ تەنكەر ى نەوت و نەفتاو شتى تر زۆر بووە وبەو هۆیەشەوە بەقەدەر بیست ساڵ زیاتر ئەو تەنكەرانە كارەساتیان درووست كردووەو سوتاون و خەلچكیان كوشتوەو جادەو بانیان وێران كردوە، تا ئێستا كەس نازانێت ئەم وەزارەتە چى دەسدەكەوێت و چۆن دەستى دەكەوێت و چۆن خەرجى دەكات لە دنیادا ئەم جۆرە وەزارەتانە هاوكاریەكى باشى وەزارەتە خزمەتگوزارى و مرۆییەكان دەكەن،بەڵام من نەمبیست ئەم وەزارەتە رۆژێك قوتابخانەیەك یان نەخۆشخانەیەكى لانى كەم بۆ ئەو شوێنانەى جەرگى كون كون دەكەن دروست كردبێت، ئەم وەزارەتە ببێت یان نا هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت وباشترە بكرێتە مەكتەبێك سەر بە ئەنجومەنى وەزیران و بەوەش سەر هێشەیەكى زۆر لە كۆڵ كورد دەكەینەوەو رەنگە كارو بارەكانیشى زۆر باشتر بە رێوە بچن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە