"كابینەكەى دكتۆر بەرهەم لەبەردەم بومەلەرزەى هەڵبژاردنى پارێزگاكاندا"

Thursday, 19/11/2009, 12:00

804 بینراوە


"بۆ ڕەخنەكردنى كابینەكەى دكتۆر بەرهەم نەوشیروان مستەفا گلۆپى سەوزى بۆ كۆمپانیاى ووشە هەڵكرد"
بەرهەم ساڵەح سێبەرەكەى تاڵەبانى
د.بەرهەم ساڵەح ئەندامى مەكتەبى سیاسى كانیدی یەكێتى و ڕاسپێردراوى لیستى كوردستانى بۆ پێكهێنانى كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێم لەماوەى ڕابردوودا یەكێك بووە لەو سیاسیانەى نێو دونیاى كوردی كە بە بەبێ هیچ پێشینەیەكى شاخ بە پاڵپشتى تاڵەبانى بوویە یەكێك لە جەمسەرە سەرەكیەكانى ئێستاى یەكێتى,لەبەر ئەوەى بەرهەم ساڵەح لەڕابردوودا خودى خۆى لە كۆكردنەوەى ئەو بەرهەمەدا بەشدارى نەكردووە كە ئەمڕۆ دەستى كەوتووە لەبەر ئەوەش ناتوانێت پارێزگاریشى لێبكات.چونكە لەماوەى ڕابردوودا بەرهەم ساڵەح بۆسەركەوتن بەسەر پلەكاندا هەمیشە دەستى بە سوچێكى پاڵتۆكەى تاڵەبانیەوە بۆ ئەوەى بەدواى خۆیدا بیبات وەك دواجاریش بینیمان گەیاندی بە پۆستى جێگیرسكرتێرى یەكێتى و تاڵەبانى كردیە یەكێك لە دوو جێگرەوەكەى خۆى,بەرهەم ساڵەح كوڕى نێو دونیاى واقیعى سیاسەتى كوردى نییە هیچ كاتێكیش خاوەنى ستراتیژى كاركردنى تایبەت بەخۆى نەبووە بەڵكو هەمیشە شوێنى پراكتیزەكردنى ئەجێنداى بەرنامەكانى تاڵەبانى بووە ,هەمیشە وەك سێبەرى تاڵەبانى هەڵسوكەوتنى كردووە چونكە هەروەك چۆن سێبەر ناتوانێت لە موجەسەمى سبَبەر دروستكەرەكە جیابێتەوە بەهەمان شێوەش دكتۆر بەرهەم لەماوەى ململانیەكانى نێوخۆى یەكیتیدا نەیتوانیوە لە تاڵەبانى دوور بكەوێتەوە...
كابینەكەى د.بەرهەم وێستگەیەكیترى سازشەكانى یەكێتى بۆ پارتى
تاڵەبانى بۆ دكتۆر بەرهەمى هەڵبژارد بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆكى حكومەتى هەرێم؟ئەمە ئەو پرسیارە كە وەڵام دانەوەى زۆر گران نییە ,وەك لە پێشەوە باسمان كرد بەرهەم ساڵەح لەماوەى ڕابردوودا كارەكتەرى جێبەجێكارى ئەجێنداكانى تاڵەبانى بووە ئەوەش لەبەر ئەوەى كەسى تاعینكراوى دەستى تاڵەبانیە لە مەكتەبى سیاسى هەروەها لە فرمانەكانى دەرناچێت و خۆشى خاوەنى پێشینەیەكى خەباتى شاخ و كوتلەى تایبەت بەخۆى نییە بۆ ئەوەى ببێت بە پاڵپشتى و تواناى ئەوەى هەبێت لەسەر لاقى خۆى بوەستێت ,هەموو ئەمانەش وادەكەن زیاتر كەسێكى گۆێڕایەڵى تاڵەبانى بێت ,دەستنشانكردنى بەرهەم ساڵح ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت كە ئەمجارەیان تاڵەبانى لە ڕێگەى بەرهەمەوە سازشەكانى بۆ پارتى بەردەوامى پێدەدات,ڕەنگە لەناو یەكێتیدا هیچ كەسێك نەبێت ئامادەبێت سەرۆكى حكومەتى هەرێم بێت دەسەڵاتى نەبێت بەسەر هێزەكانى ئاسایش و وەزارەتى ناوخۆ و هێزى پێشمەرگەو دارایی چەندین دەزگاى گرنگتر كە یەكێتى و پارتى لە ڕێگەى ئۆرگانە حیزبیەكانى خۆیانە تەحەكومیان پێوە بكەن ,بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بەرهەم ساڵەح لەو چەند ساڵەدا لەناو قەیرانێكى گەورەى بێدەستەڵاتى و كارەكتەرێكى جێبەجێكاردا كابینەكەى بەڕێبكات..
بەرهەم ساڵەح بەهێزترین كارتى تاڵەبانى لەدژى باڵى ڕیفۆرم
پێش ساڵى 2001 وەرگرتنى پۆستى سەرۆك وەزیران(ئیدارەى سلێمانى)دكتۆر بەرهەم كەسێكى ناسراو نەبوو چ لەناو یەكێتى و چ لە سلێمانی و كوردستاندا بەڵام پاش وەرگرتنى ئەو پۆستە و جێبەجێكردنى تەواوى خواستەكانى تاڵەبانى لەماوەى سەرۆك وەزیرانى ئیدارەى سلێمانیدا و بەكارهێنانى ئەو پۆستە بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆى توانى پێگەى خۆى تاڕادەیەك بەهێز بكات ئەوەش بە پشتیوانى تاڵەبانى لێى ,پاش ئەوەى تاڵەبانى تێگەشت كە دكتۆر بەرهەم ئەو كەسەیە كە دەتوانێت لەبەرامبەر نەیارانى ناو حیزبەكەیدا بەكارى بهێنێت بۆ بەرژەوەندى خۆى بۆیە بڕیاریدا لە ڕاگەیاندنەكانى حیزبەوە تیشكى بخرێتە سەر و گەورە بكرێت ,لەماوەى چەند ساڵى ململانێى نێوان كوتلەكانى نێوخۆى یەكێتیدا دكتۆر بەرهەم وەك كارتێك بەرامبەر نەیەرەكانى بەكار هێنراوە ,كاندیدكردنى دكتۆر بەرهەم لەلایەن تاڵەبانیەوە بۆ سەرپەرشتى كردنى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و كاندیدكردنى وەك سلێمانەییەك بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆك وەزیران لەبەر ئەوە نییە كە كەسێكى بەتوانایە بۆ ڕاستكردنەوەى بارى لارەبووى یەكێتى بەڵكو ئەوەندەى مونافەسە پێكردنی بوو لەبەرامبەر هاوتا سلێمانیییەكەى كە نەوشیروان مستەفایە.
لەماوەى ڕابردوودا لەكاتى كێشە ناوخۆیەكانى ناو یەكێتدا د. بەرهەم یەكیك بووە لەو كەسانەى بە شێوەیەكى زۆر توند و بەنهێنى دژایەتى ڕیفۆرمەكانى ناو یەكێتى كردووە ئەو یەكێك بوو لەو مەكتەب سیاسیانەى كە ئیمزاى ئەو یاداشتەى نەكرد كە مەكتەبى سیاسى و بەشێك لە سەركردایەتى یەكێتى بۆچاكسازى و سنورداركردنى دەسەڵاتەكانى سكرتێرى گشتى یەكێتى پێشكەشى تاڵەبانیان كرد, تەنانەت بۆ شكست هێنان بەو پرۆژەیەى نەوشیروان مستەفا و هاوڕێكانى هەستا بە ئامادەكردنى پرۆژەیەك بەناوى چاكسازیەوە,ئەم كارەشى بە ئیعازى تاڵەبانى و لەپێناوى بەرژەوەندى ئەودا كردودواتریش لەسەر دەركردن و نان بڕین و سزادانى هەوادارانى لیستىگۆڕان كەمترین هەڵوێستى پۆزەتیفانەى نەبووە بەرامبەر ئەو سزا دانانەى ئەندامان و لایەنگرانى گۆڕان لەناو یەكێتیدا,بۆ جارى دووەمیش لەكاتى پێشكەش كردنى پرۆژەكەى چوار مەكتەب سیاسیەكەى باڵى ڕیفۆرم و كۆسرەت ڕەسوڵ لەمانگى دوو ئەمساڵدا جارێكیتر بە ئیعازى تاڵەبانى دكتۆر بەرهەم كەوتە پێشكەش كردنى پرۆژە تەنها بۆ لەباربردنى ئەو پرۆژانەى كە پێشكەش دەكرێن.هەموو ئەو كاتانەى كە دكتۆر بەرهەم وەك كارتێك لە دژى نەوشیروان مستەفاو باڵى ڕیفۆرم بەكار هاتووە.
دكتۆر بەرهەم لە دژایەتیكردنى نەوشیروان مستەفاوە بۆ پاڕانەوە
پاش ئەو هەموو مللملانییە لەبەرامبەر باڵى ڕیفۆرمو لە ڕابردوو لیستى گۆڕان لە ئێستادا دواجار دكتۆر بەرهەم گلۆڵەى دەكەوێتە لێژى و هانا دەباتە گردى زەرگەتە ڕەنگە هەندێك كەس پێیان وابێت كە چونى دكتۆر بەرهەم بۆ گردى زەرگەتە پێشكەشكردنى داواكارى بێت لە لیستى گۆڕان بۆ بەشدارى كردنى لە كابینەكەیدا بەڵام پێش چوونى بۆ گردى زەرگەتە دكتۆر بەرهەم وەڵامى گردەكەى لە نێو پەرلەماندا بیست كە تێكڕا ئەندامانى لیستى گۆڕان دەستى ناڕەزایەتیان بۆ كاندیدكردنى دكتۆر بەرهەم بەرز كردەوە.پاش ئەوەى لەكاتى ڕاسپاردنى دكتۆر بەرهەم جێگرەكەى بۆ دەنگدان لەناو پەرلەماندا لیستى گۆڕان بە تێكڕا دەنگیان نەدا بە دكتۆر بەرهەم ئەمەش دكتۆر بەرهەمى تێگەیاند كە ئەگەرى ئەوە هەیە كە سزاى هەموو دژایەتیكردنێكى ڕیفۆرمەكانى یەكێتى لە ئێستادا لەسەر دەستى لیستى گۆڕان بچەژێت ,دكتۆر بەرهەم ئێستا هەست بەوە دەكات كە چیتر كاتى ئەوە هاتووە عیقابى هەموو ئەو دژایەتیكردنەى باڵى ڕیفۆرمى ناو یەكێتى وەربگرێتەوە بۆیە بۆیەكمجار دكتۆر بەرهەم لەناچاریدا پەنا دەباتە بەر گردى زەرگەتە و داواى هاوكارى لە نەوشیروان مستەفا دەكات ..
نەوشیروان مستەفا گلۆپى سەوزى بۆ كۆمپانیاى ووشە هەڵكرد
لەكاتى سەردانەكەیاندا بۆ گردى زەرگەتە هەریەكە لە د.بەرهەم ساڵح و ئازاد بەروارى داواى هاوكارى و بەشداریكردنى لیستى گۆڕانیان كرد لە حكومەت و كابینەى شەشەم بەڵام سەركردەكانى لیستى گۆڕان ڕەتیان كردەوە بەشدارى حكومەت بكەن و ڕیانگەیاند ئێمە وەك ئۆپۆزسۆن دەمێنینەوە,پاش چەند ڕۆژێك نەوشیروان مستەفا لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵى كەىئێن ئێن گلۆپى سەوزى هەڵكرد بۆ ڕاگەیاندنەكانى كۆمپانیاى ووشە بۆ ئەوەى بكەونە خۆ و خۆیان حازر بكەن, لەو لێدوانەیدا نەوشیروان مستەفا بە بێ پەردە باسى لە لاوازی دكتۆر بەرهەم كرد,كە پرسى ئایا بۆچى ماوەى زیاتر لە 3 مانگە پۆستەكەى دكتۆر بەرهەم لە بەغداد كە جێگیرى سەرۆك وەزیرانى عێراقە بە چۆڵى ماوەتەوە و پارتى و یەكێتى نەیانتوانیوە لەسەر كەسێك ڕێكبكەون و بپاڵێون بۆ ئەو پۆستە ؟یان لەماوەى 4 ساڵ كاركردنى دكتۆر بەرهەم لەو پۆستەدا دەستكەوتى چى بووە؟ئەم دوو پرسیارە لەلایەن نەوشیروان مستەفاوەو ناوهێنانى دكتۆر بەرهەم لەم وەها كاتەدا ماناى هەڵكردنى گڵۆپى سەوزى نەوشیروان مستەفایە بۆ كۆمپانیا ڕاگەیاندنەكەى ووشە چونكە ماوەیەك لەمەوبەر دەنگۆى ئەوە بڵاو بوویەوە كە كۆمپانیاى وشە چاوەڕوانى گڵۆپى سەوزى نەوشیروان مستەفا دەكەن بۆ ئەوەى بەڵگەنامەى گرنگ لەسەر دكتۆر بەرهەم بڵاو بكەنەوە,بۆیە پێدەچێت لەسەروەختى ڕاگەیاندنى كابینەكەیدا بەڵگەنامەكان بڵاو بكرێنەوە.
گۆڕان لەپەرلەمانەوە دەگەڕێتەوە سەرشەقامەكان
ڕاگەیاندنەكانى یەكێتى و پارتی ڕۆژ لە دواى ڕۆژ برینى نێو جەستەى لیستى گۆڕان قوڵتر دەكەنەوە لەسەر ئاستى بەرپرسە باڵەكانیش كۆببوونەوە موجامەلەییەكان و جێبەجێنەكردنى بەڵێنەكانى بەرپرسان بۆ بەدواداچوونى نان بڕاوەكان و داواكاریەكانى لیستى گۆڕان و ساردو سڕى پەرلەمان و دواخستنى دانیشتنەكانى و بڕیاردانى پێشوەختى ئەندامانى لیستى كوردستانى ,هەموو ئەمانە ئەو شەڕە دەرونییەن كە یەكێتى و پارتى لەبەرامبەر لیستى گۆڕانى دەیكەن,بۆ ئەوەى گەورەترین گورزى خۆیان لە لیستى گۆڕان بسرەوێنن,لە ناچاریدا ئەگەرى ئەوە هەیە لیستى گۆڕان دەست بۆ كارتێكى بەهێز بەرێت كە ئەویش جووڵانى شەقامە,چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ تۆكمەكردنى بەرەى ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەماندا لیستى گۆڕان سەر شەقاكانیش بكاتە كارتێكى فشار بۆسەر كابینەكەى دكتۆر بەرهەم چونكە لیستى گۆڕان پێى وایە ئەگەر نەكەوێتە خۆى و ڕێگا چارەیەك نەدۆزیەتەوە بۆ دەربازبوون لەو تونێلەى كە ئەو سەرى گیراوە ئەو ئەنجامێكى خراپ چاوەڕوانى دەكات لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا,لیستى گۆڕان تێگەیشتووە كە تەنها لە ڕێگەى ئاراستەكردنى شەقامەوە دەتوانێت ببێتەوە بە پێشەنگ ئەو شەقامانەى كە لیستى گۆڕانیان گەیاندە پەرلەمان.ئەوەى لیستى گۆڕانى سەرخست كۆنترۆڵ كردنى شەقامەكان بوو لەسەروەختى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا ئەوەشى بتوانێت جارێكیتر لیستى گۆران سەربكەوێت خرۆشاندنى شەقامە شەڕى سەر شەقامەكان بۆ ئەمرۆى لیستى گۆڕان هێندەى شەڕى ناو پەرلەمان گرنگە چونكەنەوشیروان مستەفا تەنها لە شەقامەكانەوە توانى لە هەڵبژاردنەكاندا لە دكتۆر بەرهەم بباتەوە بۆیە پێدەچێت بۆ ئەوەى جارێكیتر دكتۆر بەرهەم بە دۆڕاندن بكەن پەنابەرنەوە بەر فشارى شەقامەكان .
بومەلەرزەى هەڵبژاردنى پارێزگاكان كۆتایى بە كابینەكەى د.بەرهەم دێنێت
دواى ئەوەى لە هەڵبژاردنەكانى 25ى7 لیستى گۆڕان توانى 25 كورسى پەرلەمان بەدەست بهێنێت و لە پارێزگاى سلێمانى %51 دەنگەكان بەدەست بهێنێت و لەكۆى 15 قەزاى ئەو شارە لە 11 قەزادا یەكەم بێت ئەمەش گورزێكى زۆر گەورە لە ڕێكەوتنە سترتیژیەكەى نێوان یەكێتىو پارتى وەشاند چونكە بەم ئەنجامە سەرلەبەرى هاوكێشە سیاسیەكانى نێوان یەكیتىو پارتى بەشێوەیەك تێكدا كە ئەستەمە جارێكیتر بتوانرێت ڕێك بخرێتەوە,ئێستا ناهاوسەنگیەكى وا لە نێوان هەردوولا دا دروست بووە كە ئەستەمە بەهیچ شێوەیەك بارەكە هاوسەنگ بكرێتەوە, ئایا دواى هەڵبژاردنى پارێزگاكان چى ڕوو ئەدات؟لە هەڵبژاردنەكەى 31-1-2005 بۆ ئەنجومەنى پارێزگاكان بە پێى ئەنجامەكەى یەكێتى توانى لە سلێمانى و گەرمیان یەكەم و پارتیش لە دهۆك و هەولێر یەكەم بێت بەكۆكردنەوەى دەنگەكانیش دەركەوت یەكێتى دەنگى زیاترى لە پارتى هێناوە بەڵام ئەمجارەیان ناتوانرێت ئەو هاوسەنگیە دروست ببێتەوە ئەوەش لەبەر هاتنە كایەى لیستى گۆڕان بەدەست هێنانى ئەو 25 كورسیە لە هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى كوردستاندا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆ هەڵبژاردنى پارێزگاكان و یەكە ئیداریەكان كە بڕیارە بكرێت یەكێتى و پارتى چۆن بەشدارى دەكەن؟ئایا بەیەكەوەن یان هەرلایەكیان بە جیا بەشدارى دەكات؟.بۆیە پێشبینى دەكرێت كابینەكەى دكتۆر بەرهەم لەبەردەمە بۆمەلەرزەى ئەنجامەكانى هەڵبژاردنى پارێزگاكاندا خۆى پێڕانەگیرێت هەر ئەمەش یەكێتى و پارتى تائێستا ئامادە نین باس لە هەڵبژاردنى پارێزگاكان بكرێت ئەگەر چى لە 31-1-2009 ماوەكەى بەسەر چووە بە بڕیارێكى سەرۆكایەتى هەرێم ماوەى سالێك درێژ كرایەوە بەمەرجێك لە پێش كۆتایهاتنى ساڵى 2009 هەڵبژاردنى پارێزگاو یەكە ئیداریەكان ئەنجام بدرێت, بەڵام چەند مانگێكى ماوە بۆ بەسەرچوونى ماوە درێژراوەكە و یەكێتى و پارتى هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بەو ئاراستەیە,چونكە دەرەنجامەكانى ئەو هەڵبژاردنە كابینەكەى دكتۆر بەرهەم و ڕێكەوتنە ستراتیژیەكەى نێوان یەكێتى و پارتى جارێكیتر دەخاتەوە بەر مەترسى هەڵوەشاندنەوەى یەكجارەكى ,ترسى یەكێتى و پارتیش لە دەرەنجامى هەڵوەشاندنەوەى ئەو ڕێكەوتنامە ستراتیژیە دەركى پێدەكرێت بۆیە یەكێتى و پارتى ئەوەندەى لە خەمى دۆزینەوەى ڕێگە چارەیەكدان ئەوەندە لە خەمى كابینەكەى دكتۆر بەرهەمدا نین.
-هەڵەبجەى شەهید
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە