خۆ یەكێتی ووتیان رەگ چواركەسن ئەم حەڤدەیە چییە ؟

Tuesday, 05/05/2009, 12:00

1780 بینراوە


یەكێتی كەوتۆتە ناو هیستریایەكی سەیرو بە راست و چەپدا ئەخوازێت وەك سەردەمی شەری براكوژی نمایشی سەنگەر گواستنەوەكانمان پیشان بداتەوە وەك مۆدێلێكی فاشی،چۆن نەفس نزم و جاشەكانمان ئەبینی دەمێ ئەچونە باوەشی پارتی و دەمێ ئەهاتنەوە بۆ ناو سەنگەری یەكێتی و دەمێ ئیسلامی، ئەمەش بووبوویە نوكتەو ئیدیۆم و ناوی لێنرا سەنگەرگواستنەوەو هیچی لە پشتەوە نەبوو جگە لە ئیمتیازو چەك و پارە نەبێت، هی وا هەبوو ئەوەندە سەنگەرگواستنەوەی كردبوو نەیئەزانی پارتییە یان یەكێتی و حیزبیش ئەمەی بۆ تەبلیغات و پروپاگەندەی حیزبی بەكاردەهێنا، ئێستاش ئەم حەڤدەیە گوایە راستیەكانیان بینی بۆیە هاتنەوە ریزی گەل و شۆرش و رەگیان بەجێ هێشت، جگە لە سیناریۆیەك هیچی تر نییەو ئەوانە پێشتریش هەر رەنگە كادری هەلپەرست بووبن و پرەنسیپی فیكری و ئایدۆلۆژیای راستەقینە لە مێشكیاندا نەبووە، ئەوەی كە بەلاشیدا نەچوبن پرسی ریفۆرم و گۆرانكارییە لە گەندەڵی ناو یەكێتی نەك یەكێتی ناو یەكێتی، رەنگە رەگیشیان وەكو ئیمتیازو پارە سەیر كردبێت نە وەكو بزوتنەوەیەكی فیكری و نەقدی و گۆرانخواز، راگەیاندنی یەكێتی هەردوێنێ بوو لە كەناڵەكانی خۆیدا رایدەگەیاند كە برادەرانی رەگ هیچ نین و تەنها ئەو چواركەسەن و كاریگەریان نییەو دەرمانكردوون و كەسیان لەگەڵدا نییەو رێكخستنەكانی یەكێتی وەك خۆیان ماونەتەوە، كەچی ئێستا بە سیناریۆیەكی فریودەرانە ناوی حەڤدەكەسمان بۆ ریز ئەكەن و كۆبونەوەیان پێئەكەن لەگەڵ تاڵەبانی كە پاشگەزبوونەتەوە لەو بریارەیان كە چوونەتە پاڵ رەگ، ئەمەش تەنها بە خاتری ئەوەی كە لیستی گۆران لە بەرچاوی خەڵك و جەماوەر لاواز بكەن و بێ بەهاو سوكی بكەن و بڵێن ئەها خەڵكی لێیان ئەتەكێتەوە، وەك چۆن سایتی چاودێریش ئەڵێت 23 پێشمەرگەو 9 كادری رادیۆ نەوا وازیان هێناوە لەبەر دۆراندنی بێلایەنی رادیۆكە، كە ئەمەش هەر سیناریۆو گەمەیەكی ناشیرینی حیزبە و یەكێتی زۆر قەڵسە بەوەی كە رادیۆ نەواو كەناڵەكانی دیكەی كۆمپانیای ووشە هەماهەنگی تەواو هەیە لە نێوانیانداو وەك بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی سیستماتیك یەكێتی و پارتیان لەرەگەوە هەڵتەكاندووە، ئەگینا پێشمەرگە هەر پێشمەرگەیەو كەی حەقی هەبووەو بینیومانە لەسەر پرسە سیاسیەكان هەڵوێست وەرگرێت ئەگەر كۆمیتەكانی ئێوە بەزۆر ئەم كارەی پێنەكردبن، بۆچی رۆژێك نەمانبینی ئێوە گوێ لە سكاڵای پێشمەرگەیەك بگرن تا ئێستا ئەم بەزمە بكەنە كاڵای ئیعلامی، باشە ئەی مام جەلال بۆچی پێشوازیش لەو 23 پێشمەرگەیەی نەوا ناكات ئەگەر راست ئەكەن؟ بۆ ئەوا ئینسان نین و ئیمتیازو دەمانچەیان ناوێ؟ بەڵام بەم گوشارانە بۆ سەر رادیۆ نەواو لابردنی بورجەكانیان لە هەندێ شوێن و ژاوەژاوی پاشگەزبوونەوەی ئەو حەڤدەیە هیچ لە پرسەكە ناگۆرێت و رەگ هەر رەگەو گۆرانیش هەر بەردەوامەو دڵنیاین ئاستی هیستریاو فۆبیاكەی یەكێتی ئەوەندە بەرزە وەك پەتایەك گەشتۆتە برادەرانی پارتیش، رەنگە بەوەشەوە نەوەستن و توندوتیژی بخەنەوەو كوشتاریش رووبدات تەنها بۆ ئەوەی كە كەرامەتیان نەشكێندرێ لەبەردەم دەنگدەری كوردیدا، ئەوەتا تاڵەبانی سازش لەدوای سازش ئەیكات بۆ پارتی و بارزانی بە پێدانی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بەپارتی، تەنها لەبەر خاتری ئەوەی ئەم هەیكەلە بۆشەی یەكێتی ئاواهی بمێنێتەوە، برادەرێكم كە بەرپرسیارێتی هەیە لە یەكێتیداو پۆستێكی حكومیشی هەیە بەڵام دڵی هێشتا ئەوەتا لە گردەكەو لای نەوشیروان مستەفا ووتی، ئەترسم پارتی ئەوەندە یەكێتی بترسێنێ بە دۆران لە هەڵبژاردنەكاندا هەموو شتێكی بەسەردا فەرز بكات و هەموو سازشێكی پێبكات و قبوڵیشی بكات، ئەگەر بە دانانی كارگێڕێكی مەكتەب سیاسی پارتیش بووە لەناو مەكتەب سیاسی یەكێتیدا !! چونكە دەمێكە پارتیەكان كار بۆ ئەوە ئەكەن یەكێتی بكەنەوە بە پارتی و مامەش لاری نییە.

تێبینی / ئەو حەڤدە كەسە دیارە رەگیان وەكو رەوتی گۆرینی دیموكراسی نەناسیوە، ئەوەندەی وەكو رەوتی گۆرینی گیرفان و ئیمتیاز بینیوە، بۆیە زوو پەشیمان بوونەوە، ئەگینا لە سلێمانی و هەڵەبجە چیتان بینی جگە لەوەرگرتنی هەندێ ئیمتیازی چەور لە مەلا بەختیارو تاڵەبانی، باشە كاتێ سەیری هەڵەبجەتان كردو بەراوردتانكرد ساڵی 2009ی هەڵەبجە وەكو ساڵی 1992 نییە راستە گۆراوە، بەڵام با ئەوەندەش جورئەتتان بكردایە سەیرێكی گیرفانی تاڵەبانی و مەلا بەختیاریشتان بكردایەو بەراوردتان بكردایە، بتانزانیایە ساڵی 1992 چەند پارەو ووردەنانی تیا بووەو ئەی ئێستای 2009 چەند هەزار بلۆكە دۆلاری تێدایە، خۆ ئێوە شوكور گیرفانناسن ؟!

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە