به‌ختیار عه‌لی چه‌کووش به بۆشاییدا ده‌کێشێت

Tuesday, 02/06/2009, 12:00

5593 بینراوە


دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه ڕێکلامێکی گه‌وره‌ی بۆ وتارێکی به‌ختیار عه‌لی به ناوی "هه‌ڵهاتن له بۆشایی" کرد، ئه‌وه‌ی که له سایتی سبه‌یدا خوێندمانه‌وه بریتی بوو له "هیچ"، که ده‌ڵێین "هیچ" به‌و واتایه‌ی ئه‌وه‌ی که به‌ختیار له وتاری ناوبراودا نووسیوویه‌تی هه‌موو شتی گوتراو و نووسراو بوون. واتا خه‌ڵکانێکی تر له پێش به‌ختیاره‌وه هه‌مان ڕاوبۆچوونیان هه‌بووه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سایت و ڕۆژنامه‌یه‌ک ڕێکلامێکی گه‌وره و گران بۆ وتاره‌کانیان بکات. ئه‌وه‌ی که پێیبگووترێت شتێکی نوێ ته‌نها قسه‌کردن بووه له‌سه‌ر هه‌ڵهاتن له بۆشایی.
به‌ختیار له‌م وتاره‌دا له هه‌ڵهاتوویه‌ک ده‌چێت، که له بیابانێکدا ده‌یه‌وێت جێگاپێی خۆی به چڵه‌دارێک، که‌ به‌دوای خۆیدا ڕایده‌کێشێت بسڕێته‌وه. کردنی هه‌ڵهاتن له جه‌هه‌ننه‌م به هه‌ڵهاتن له بۆشایی، ته‌نها کۆمێدیایه‌کی نوێیه له ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردییدا و هیچی تر.
ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ڵمانیی به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی باسیان له هه‌ڵهاتن له جه‌هه‌ننه‌م کردووه، بۆ نموونه کێشه‌ سیاسییه‌کانی سه‌رده‌می نازییه‌ت و هاتنه‌کایه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجێکی نوێ له‌دوای ڕووخاندنی نازییه‌ت، کێشه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌فریقا به‌گشتیی و کاریگه‌رییه‌ ده‌روونییه‌کانی بۆ سه‌ر ئه‌فریقییه هه‌ڵهاتووه‌کان له ئه‌ڵمانیادا.
به‌ختیار چه‌کووشێکی گرتووه به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌یدات به بۆشاییدا، به‌ختیار مێژووی دوای ڕاپه‌ڕیین به بۆشاییه‌ک ده‌چوێنێت، که تاکی کورد ئێستا هه‌وڵی هه‌ڵهاتن له‌و بۆشاییه‌ ده‌دات، ئه‌م قسه‌ و لێکچوواندنه‌ هیچ نییه، بێجگه له کۆمێدیای بیرکردنه‌وه‌ نه‌بێ، ناساندن و ناسینه‌وه. ئێمه به کاک به‌ختیار ده‌ڵێین: دوێنی شاخی ئه‌زمه‌ڕ ئاگری تێبه‌ربوو، به‌ دڵنیاییه‌وه ده‌یان و سه‌دان سمۆره، قه‌‌له‌باچکه و باڵنده و ئاژه‌ڵی تر هه‌ڵهاتن و دوورکه‌وتنه‌وه‌، بۆ نموونه با بڵێین ڕوویانکرده گۆیژه. با کاک به‌ختیار سێ مانگ چاوه‌ڕوان بکات و پاشان بچێت پرسیار له یه‌کێک له‌و سمۆرانه بکات و بڵێت: ئه‌رێ سمۆره گیان تۆ له بۆشایی هه‌ڵهاتیت یان له تاو ئاگر؟ ئه‌و مێژووه‌ی به‌ختیار به بۆشاییه‌کی سیاسیی ناوی ده‌بات بریتییه له جه‌هه‌ننه‌مێک، بریتییه له کاره‌ساتێک، که تاکی کورد هه‌تاوه‌کوو ئێستا به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێت، هه‌ر بۆیه ده‌یه‌وێت لێی هه‌ڵبێت و چیدی ئازار به‌ده‌ستیه‌وه نه‌خوات.
ژیانی تاکی کورد له دوای ڕاپه‌ڕیین تا ئه‌مڕۆ بێجگه له ژیان له جه‌هه‌ننه‌مێکدا هیچ پێناسێکی تری شیاو نییه. کورد بۆ ئازادیی ڕاپه‌ڕینی کرد، لێ ئێمه چونکه خاوه‌نی سه‌رخانێکی ڕۆشنبیریی نه‌بووین بۆ ئازادیی، نه‌مانتوانی ئه‌م ئازادییه بپارێزین، بۆیه‌ دوو ده‌سه‌ڵاتداری زاڵ ئه‌م ئازادییه‌یان بۆ خۆیان قۆرخ کرد و هه‌وڵی به ده‌وڵه‌تۆکه‌کردنی (به‌ ئیماراتکردن)ی ئه‌م پارچه ئازادکراوه‌یان بۆ خۆیان دا، هه‌وڵی چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتێکی مۆنارشییان به‌سه‌ر خه‌ڵکییدا دا، له‌پێناوی چه‌سپاندنی ئه‌م کاره‌دا شه‌ڕیان نایه‌وه و خوێنیان ڕشت، نه‌ک له‌ به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی دوو ڕای جیاوازبوون، به‌ڵکوو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌که‌یان ده‌یانویست خۆیان ببن به پاشای ئه‌م نیشتیمانه. ئێستا جیاوازیی له‌ نێوانی یه‌کێتی و پارتی دیموکراتدا نه‌ماوه، چونکه هه‌ردوولایان له‌سه‌ر پاراستنی سامان و ده‌سه‌ڵاتی یه‌کتر کۆکن. ئه‌گه‌ر چه‌قۆ له جه‌لال تاڵه‌بانی بده‌یت مه‌سعود بارزانیی خوێنی لێده‌تکێت ئه‌مه‌نده له‌ناو یه‌کدا ئاوێته‌بوون.
تاکی کورد له‌و جه‌هه‌ننه‌مه هه‌ڵدێت که سیاسییه‌کانی یه‌کێتیی و پارتی دیموکرات له‌دوای ڕاپه‌ڕییندا بۆ خه‌ڵکیان هه‌ڵگیرساند. ئه‌م جه‌هه‌ننه‌مه چ ئێستا فیزیکییه‌ن له فۆڕمێکی تردا بوونی هه‌یه، چ ده‌روونییه‌ن له هه‌ناو و ڕۆحی به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵدا ده‌ژیی.
تاکی کورد بۆیه گۆڕانی سیاسیی ده‌وێت چونکه ده‌یه‌وێت له‌ده‌ست ئه‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌ی ناو هه‌ناو و ڕۆحی ڕزگاری بێت. مێژوو هیچ بۆشاییه‌ک به‌جێ ناهێڵێت، وه‌ک به‌ختیار عه‌لی پێناسه‌ی ده‌کات‌، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ ئاینده‌یه‌، که‌ خاوه‌نی بۆشاییه‌یه، لێ ده‌کرێت پڕبکرێته‌وه.
تاکی کورد ده‌توانێت بۆشاییه‌کانی ئاینده، که هێشتا ڕوویان نه‌داوه پڕ بکاته‌وه، ئینجا پڕکردنه‌وه‌که‌ باش بێت یان خراپ، هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ناتوانێت بگۆڕدرێت مێژووه، ئه‌وه‌ی که تاکی کورد له ده‌ستی هه‌ڵدێت ئه‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌ی ناو مێژووه، ئه‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌ی ئێستایه.
تاکی کورد چه‌کووش به دیواری به‌ریینی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیی و پارتی دیموکراتدا ده‌کێشێت، نه‌ک چه‌کووش به بۆشاییدا، تاکه که‌سێک که ڕووی چه‌کووشه‌که‌ی ده‌ستی کردبێته بۆشایی ته‌نها به‌ختیار عه‌لییه‌ و هیچ که‌سی تر نا.

کاک به‌ختیار عه‌لی له چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی هاوڵاتییدا ته‌واو و ڕێک، پێچه‌وانه‌ی ئێستای  خۆی دوواوه، به‌ختیار ئه‌و کاته بێئاگایی خۆی له هه‌موو جۆره جموجۆڵێکی گۆڕان ڕاده‌گه‌یاند، له‌ نادیاردا پێی له ‌سه‌ر زه‌ویی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیی و پارتی دیموکرات چه‌قاندبوو، به‌شێوه‌یه‌ک وای ده‌سه‌لماند، که هیچ هێزێک نییه جێگای ئه‌مانه بگرێته‌وه. کاک به‌ختیار ناهه‌قیشی نییه‌، چونکه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی نه‌بوایه هیچ که‌سێکی تر نه‌ده‌بوو په‌یژه‌ بۆ به‌ختیار دابنێت هه‌تاوه‌کوو به باڵه‌خانه‌ی سه‌رکه‌وتندا سه‌ربکه‌وێت. کاک به‌ختیار به مووچه و زه‌ویی و خه‌ڵاتی یه‌کێتیی ژیاوه، ڕاسته کوردستان نیشتیمانی هه‌موانه، به‌ڵام هیچ که‌سێکی هۆشیار پارچه زه‌ویی و خه‌ڵات و مووچه‌ وه‌رناگرێت، نووسه‌ر و فه‌یله‌سوفێکی ئه‌ڵمان له‌و جۆره‌ شتانه‌ی له نازییه‌کان وه‌رنه‌ده‌گرت، با به نیشتیمانی خۆیشی بزانیبایه، هیچ که‌سێکی هۆشیار و خاوه‌ن هه‌ڵوێست پاره و مووچه و خه‌ڵات و زه‌ویی له به‌عس وه‌رنه‌ده‌گرت، با به نیشتیمانی خۆیشی بزانیبایه. کاک به‌ختیار ده‌یه‌وێت له ڕێگای هه‌ڵهاتن له بۆشاییه‌وه، که‌ ڕه‌گه‌که‌ی هه‌ڵهاتنه له جه‌هه‌ننه‌م بوونی ئێسک-سووکیی خۆی له‌لای شه‌قام به‌رێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌ی که‌ له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی هاوڵاتییدا قسه‌ی لێوه‌کرد، ئه‌و که هیچ ئاگای له جموجۆڵی گۆران نه‌بوو، ئێستا داوا ده‌کات پشتگیریی گۆڕان بکرێت، ئه‌مه چ سیحرێکه وه‌های له کاک به‌ختیار کردووه به‌خۆیدا بچێته‌وه و بانگه‌شه‌ی گۆڕان بکات. ئێمه ده‌ڵێین: ئه‌م سیحره سیحری کێشانی چه‌کووشه به بۆشاییدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە