تکایە باوەڕ بەتاڵەبانی مەکەن .. درۆتان لە گەڵ ئەکات !!

Monday, 17/10/2011, 12:00

1362 بینراوە






کوردستانی نوێ و پۆک میدیا لە ١٦/١٠/٢٠١١ لە ووتارێکدا نوسیوییەتی (سه‌رۆك تاڵه‌بانی هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 چڕكردۆته‌وه‌و له‌ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌كیشدایه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی سنووری ئیداری كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان كه‌ به‌مه‌ش قۆناغی یه‌كه‌می جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه‌ به‌فیعلی ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌)
ئەگەر چاودێرانی سیاسی ئەم بابەتە بخەنە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوە وتاوتوێکردنێکی ڕەخنەگرانەوە ،بۆ هەمو لایەک ئاشکرا ئەبێ کە میدیای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خەریکی جەواشەکاریە لە سەرو بەندی لابردنی سەرۆکی حکومەت کە سەر بەیەکێتیە و دانانی سەرۆکی حکومەت لە لایەن پارتییەوە بە پێی ئەو ڕێکەوتنە ستراتیجییەی نێوانیان ،لە لایەکی ترەوە نزیکبونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ، کە یەکێتی باش ئەزانێ تاکە حیزب ئەبێ کە زەرەر مەند ئەبێ و پێگەی جەماوەری لە دەست ئەدا ، بۆیە لە ئێستاوە پلان و بەرنامەی جەواشەکاری داناوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەندامان و هەوادارەکانی ،ناڵێم سەرنجی گەل چونکە جەماوەری گەلەکەمان لە ماوەی حوکمڕانی ئەم دوو زلهێزەی کوردستان لایان ئاشکرایە کە ئەمانە خاوەنی بەڵێن نین و درۆکانیان زۆر بڕ ناکات ،هەروەکو کورد ئەڵێ (ئەگەر جارێک منت جەواشەکرد خوا بتگرێ ،ئەگەر دوەمجار چەواشەت کردم و قسەم نەکرد خوا خۆمان بگرێ) ئەمجارە جەماوەر بێ دەنگ نابێ و میدیای یەکێتی و قەڵەمە شکاوەکانیان و ووشە بریقەدارەکانیان و بەڵێنە دروینەکانیان ناتوانن کەس چەواشە بکەن .
مادەی ١٤٠ی دەستور بەداخەوە تەنها بوە بە ژمارەیەک و شۆڤێنیەکان بە بێ بایەخ باسی ئەکەن و سەرانی کوردیش هیچ لێدوانی لە سەر نادەن . ئێوارەی ڕۆژی ١٥/١٠/٢٠١١ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئوسامە نوجەیفی لەلەندەن کۆبونەوەیەکی فراوانی بۆ جالییەی عێراقی سازکرد ،چوار ئەندامی کورد لە پەرلەمانی عێراقی لەو شاندە بون ، عەرەبەکان زۆر ڕەخنەو گلەییان ئاراستەی حکومەتەکی مالکی کرد ،بە دیکتاتۆر ناویان برد ،یەکێک لەو کەسانەی کە ڕەخنەی توندی گرت معد فیاچ نوسەر لە الشرق الاوسگ بوو ، ووتەکانی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق زۆر لە یەک جیاواز بون و هەر یەکێکیان لەئاوازێک ئەیخوێن و بەپێێ بەرنامە و کاری حیزبی خۆیان لێکدانەوەیان هەبو بۆ وەزعی نالەباری عیراق ، سەبارەت بە دەستوری عیراق .سەرۆکی پەرلەمان زۆر بە ڕاشکاوانە ووتی (دەستور لە کاتێکدا نوسرایەوە کە عێراق لە وەزعێکی زۆر نا ئارامدا بوو .ئەمەریکیەکان فشاری زۆریان خستبوە سەرمان ،ئەو سەرکردانەی کە تازە گەڕابونەوە لە ئەمەریکا و ئەوروپاوە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەستوریان نوسیوە ، ئێمەش ئەزانین کە ئەو دەستورە ئەبێ دەستکاری بکرێت کە لە گەڵ یەکگرتنەوەی خاکی عێراق یەکبگرێتەوە) سەبارەت بە سیستەمی فیدرالی لە عێراقدا ،سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ووتی ئەمە کێشەیەکی زۆری بۆ دروستکردوین ،زۆر لایەن داوای مەرکەزییەت ئەکەن ، هەروەها ووتی ئەوەتا کورد ١٧% ی بودجە ئەبات بەڵام شارمان هەیە وەکو موێل ١.٥% ی بۆ تەرخانکراوە ئەمە ناعەدالەتییە .
مام جەلال هەر لە سەرەتای دەست بەکاربونییە وەکو سەرۆک کۆمار ئەیتوانی مادەی ١٤٠ بخاتە بواری جێ بەجێکردنەوە ، بەلام نەیکرد بۆ؟
*ژیانی سیاسی مام جەلال لە سەر بنەمای پشت بەستن بە زلهێزەکان بوە ، پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمەریکا و بەریتانیا لە دوای ڕاپەڕینەوە بە شێوەی چڕ و پڕ دەستی پێکردوە ، هەردو ووڵات لە سەر ئاستی دەزگا هەواڵگرییەکانی و پاراستنی ئەمنی قەومی خۆیان ئەم سەرکردە کوردەیان بینوە ، لە بەرامبەر هەر داواکارییەک کە تاڵەبانی داوای کردوە ئەمان دەیان شەرتیان بە سەر کوردا فەرزکردوە .یەکێک لەوانە بە ڕەسمی داوایان لە تاڵەبانی کردوە کە بە هیچ جۆرێک هەوڵ نەدات یان ڕێگا نەدات داوای سەربەخۆیی یان جیابونەوە لە عێراق بکرێت ،
* تورکیا یەکێکە لە دوژمنە سەر سەختەکانی کورد ، لە چەندین کۆبونەوەی نهێنی و ئاشکرادا تاڵەبانی لە دژی پارتی و شەخێی مەسعود بەرزانی ،خزمەتەکانی خۆی پێشکەش بە تورکیا کردوە ،هەر لە لێدانی پەکەکە و پەژاک و هەر بزوتنەوەیەکی نەتەویی تر مەترسی بێ بۆ ئەمنی قەومی تورکیا هەروەها بەڵێنی شەرەفی پێداون کە کەرکوک ناخەنەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان .
* بۆ خۆنزیکخستنەوە لە شۆڤێنەیە عەرەبەکان و بەعسیەکان کە دژی ئەوە بون کوردێک ببێت بە سەرۆک کۆمار ،تاڵەبانی لە ڕێگەی وەفیق السامرائی وچەند بەعسییەکی تر لە سوریا بەڵێنی پێداون کە هەتا ئەم سەرۆک کۆمار بێ مادەی ١٤٠ لە دەستوری عێراق جێ بەجێناکرێ ،پێی وتون ئەوە کاری منە ئێوە دڵنیا بن کە من وەکو سەرۆککۆماری عێراق کار ئەکەم نەک وەکو کوردێک ، هەروەها لە نامەیەکدا بۆ وەفیق السامرائی ئەنوسێ (منیش وەکو حیزبی شیوعی ئەکەم بۆ ئەم کارە دەیان لیژنە دروست ئەکەم لە خەڵکی دژ بەیەک کە هەرگیز نەتوانن کارەکان ڕاپەڕێنن)
ئەگەر تەماشایەکی ووتارەکەی کوردستانی نوێ بکەن ئەبینن دوای چەند دێڕیک سەبارەت بەو پرۆژەییە تاڵەبانی ،وردەکاری تری پرۆژەکەی نەخستوەتە بەر دیدی خوێنەرانی بەڵکو بارگەی گوستوەتەوە بۆ لای جەند کەسێکی تر وەکو خالد شوانی و کاکە ڕەش سدیق ..هتد ، ئەمانە چەواشەکارین دەزگا میدیاکانی یەکێتی بە فیتی ئازاد جوندیانی و چەند قەڵەمێکی شکاوی تر ئەیانەوێ خۆڵ بکەنە چاوی گەلەکەمانەوە ،من وەکو چاودێرێکی سیاسی هەمو کورد دڵنیا ئەکەمەوە کە هەرگیز چاوەڕوانی تاڵەبانی نەبن کە هەوڵی بە ئەنجام گەیاندنی مادەی ١٤٠ ی دەستور بدات ، مام جەلال سیاسیەکی فاشیلە لە پێناوی مانەوەی خۆی وپاراستنی دەسکەوتەکانی بنەماڵەکەی ئامادە نییە دلێ برا عەرەب وتورکمانەکانی زویر بکات ، بۆ زیاتر شارەزا بون لە بۆچونەکانی مام جەلال سەبارەت بە کورد و عەرەب کتێبی العرب و الاکراد لە نوسینی ئیبراهیم ئەحمەد بخوێننەوە .
جەماوەری بەشەرەفی کەرکوک لە دڵسۆزیان بۆ خاک و نیشتیمانەکەیان سەدان شەهیدیان داوە و لە کاتی خەباتی چەکدارییدا پاشترین ڕۆڵەکانیان ناردە شاخ و چەندین سەرکردەی وەکو شەهید ئازاد هەورامی و ئەنوەر حەسەن یان کردوە قوربانی . بەلام لێم ببورن خەڵکی قارەمان کەرکوک کە پێتان بڵێم شارەکەتان فرۆشراوە و ئەوەی کە حیسابی بۆ نەکرابێ ئێوەن . بە قسەی بریقەداری تاڵەبانی و دارو دەستەکەی فریو مەخۆن ،هەتا خاوەنی تاڵەبانی و بەرزانی بین ،یەک بست لە خاکی کەرکوک و دەوروبەری نایاتەوە سەر خاکی هەرێم ،هەتا ماون هەر ئەبێ برا بچوک بن . ئەرکی ئێوەیە کە هۆشیارانە لە ڕێگەی خۆپیشاندان و کەمپەینکردن و پەیوەندیکردن بە نەتەوە یەکگرتوەکانەوە داوای جێ بەجێکردنی دڕگەی ١٤٠ بکەن ..ئەگینا هەر زوو پەنجەی پەشیمان ئەگەزن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە