رێبین هه‌ردی بۆ که‌ناڵی ئێن.ئاڕ.تی ده‌نوسێت: تاکه‌ که‌ناڵی سه‌ربه‌خۆیان سوتاند

Saturday, 01/03/2014, 12:00

3990 بینراوە


رێبین هەردی لە نووسینێکیدا کەناڵی ئێن ئاڕ تی، یان چاکترە بڵیین کۆمپانیای نالیا بە سەربەخۆ دەزانیت. کۆمەڵێک قسەی ریز کردووە، منیش بێ ئەوەی مێشکی خۆم ماندوو بکەم،  بە پێویستم زانی وەڵامی کورتی ئەو قسانە بدەمەوە!
راستی ئه‌م که‌ناڵه‌ ئاوایه‌: شاسوار واحید، که‌ له‌ هیچ شوێنێکه‌وه‌ له‌ بواری کاسبیکردن و پاره‌دارییدا دیار نه‌بوو، له‌ پڕ به‌هۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ زەوی درایه‌ و به‌ پڕۆژه‌ی گوندی ئه‌ڵمانی ده‌ستی پێکرد، هه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ هه‌تا دیوار و سه‌قف و کۆڵان‌، یه‌کێکه‌ له‌ پڕۆژه‌ ژێرکه‌وتووه‌کان. دوای ئه‌وه‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی تری ده‌ست پێکرد، له‌وانه‌ شاری یاری چاڤی لاند، هه‌موو بناری گۆیژه‌ی خرایه‌ به‌رده‌ست. ئەگەر ئەمە دەسەڵات ئاسانکاری بۆ نەکات و لە ژێرەوە هەموو دەستیان لەوەدا نەبێت، کێ دەتوانێت ئەو هەموو زەوییەی پێ بدرێت!؟ دانیشتوانی سلێمانی ئه‌گه‌ر غیره‌تیان هه‌بوایە ده‌بوو له‌سه‌ر بناری گۆیژه‌، که‌ کاک شاسوار وا شێواندویه‌تی راپه‌ڕینایه،‌ چونکه‌ ئه‌م بناره‌ موڵکی خه‌ڵکه‌ و نه‌ده‌بو به‌و ده‌رده‌ ببرێت، ده‌بوو بکرێت به‌ دارستان و جێگای رۆیشتن و حه‌وانه‌وه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کورد، که‌ خاک و گه‌لیان فرۆشتبێت، کەی بەلایانەوە گرنگە بناری گۆیژه‌، یان هەر بستێک لە خاکی نیشتیمان، بەبێ پلان چی لێ بەسەر دێت؟‌. ئایا که‌س ده‌زانێت ئەمە چۆن رووی داوە، ئەگەر شاسوار دارده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌بێ، چۆن دەتوانێت ئه‌و هەموو زەویانە بۆ خۆی بەرێت؟
رێبین هه‌ردی که‌ خۆی عه‌قید یان عه‌میدە، هەرچییەکیانە ئەوەندە دەزانم بەناو گۆڕانە و یەکێتیی بۆ دروستکردنی پرسیارێکی بێ وەڵام و  تێکشکاندنی کەسایەتیی و نسکۆی راپەڕینی ١٧ شوبات، دوایی هات و چەند ئەستێرەیەکی کرد بە شانی کاک رێبیندا، تا وەڵامی زەق بە پرسیارەکە بدرێتەوە، گومان و نائومێدیی زیاتر باڵ بە سەر هزر و بیرکردنەوەماندا بهێنێت، بە کاک رێبین دەڵێت لە گردەکەوە بەلار و لەنجە وەرە خوارێ، ئەستێرەکانی شانت با جوانتر ببریقێنەوە، تۆ خانەنشینی ئێمەیت، با خەڵکی وەڵامی هەموو شتێک وەربگرنەوە.
کاک رێبین ئه‌گه‌ر لای وایه‌، که‌ ئەو که‌ناڵه‌ تاکه‌ که‌ناڵی سه‌ربه‌خۆیه‌ ئه‌وا ده‌بێت له‌ روی کۆمپانیاشه‌وه‌ هه‌ر سه‌ربه‌خۆ بێت، ئه‌مه‌شیان مه‌گه‌ر قسه‌ی درۆزنەکان بێت.  چونکە دەسەڵات کە ماڵی خه‌ڵک و گشتیی داگیر دەکات ئه‌دی چلۆن کاک شاسوار‌ی وا لا شیرین دەبێت، زەویی دەداتێ و بە سەربەخۆ بەجێی دەهێڵێت؟ ئینجا بابێینه‌ سه‌ر ته‌له‌فیزیۆن و میدیاکانی، ئه‌مه‌ش روونه‌، کە کاک شاسوار له‌ ژیانییدا به‌ خۆی و مێژووی باوک و باپیریه‌وه‌ نه‌ دێڕێکیان نووسیوه‌ نه‌ سیاسی و نه‌ پێشمه‌رگه‌بوون، نه‌ زانا بوون! ئه‌مه‌ بۆ بوو به‌ خاوه‌نی کۆمپانیا و میدیا؟
وه‌ڵامه‌که‌ و مه‌به‌سته‌که‌ش دیارن، هەڵبەت دەسەڵات (پارتیی و یەکیتی) و بەرپرسەکان ده‌یانه‌وێت هه‌موو پیشەیەک سوک و ریسوا بکه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌عس بۆی نه‌کرا ئه‌مان ته‌واویی ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ بیانوی کرێی خانوه‌وه‌ پاره‌یان ده‌نارد بۆ بەرزانی برای سه‌دام، ئه‌وه‌ نه‌بوو ئەو فڕۆکەوانەی هه‌ڵه‌بجه‌ی بوردومان کرد بەرەڵایان کرد؟ ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئەم هەموو دیاردانە دەخاتە بازارەوە، تا خەڵکەکە به‌ هه‌موو سوکایه‌تیه‌ک رابهێنێت و بە هەموو شتێک رازیی بن، بەلایانەوە هەموو شتێکی ناشرین بە جوانیی ببینرێت.
خه‌ڵک خه‌ڵاتاندن له‌ لایه‌ن ئه‌م به‌ناو تێکۆشه‌رانه‌وه‌، مێژووەکەی زۆر کۆنه‌ له‌ هه‌موو سەردەمێکدا خه‌ڵکیان له‌ خشته‌ بردوه،‌ ئێستاش ئه‌م جۆره‌ میدیایه‌ دروست ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی خه‌ڵک له‌ ده‌وریان کۆببێته‌وه‌. کاکە رێبین، ئه‌وه‌ نه‌بوو ئێوه‌ له‌ به‌رده‌رکی سه‌را راپه‌ڕینی سلێمانیتان سوک کرد. سیاسه‌ت لای ئه‌م مافیایانه‌ خزمه‌تی خه‌ڵک و گه‌ل نییه‌ به‌ڵکو هەڵ خه‌ڵه‌تاندنێتی، تا ئێستا چه‌ند جارێک هێرش کراوه‌ته‌ سه‌ر که‌ناڵه‌که ‌و خاوه‌نه‌که‌ی، ئه‌م هێرشانه‌ ئه‌گه‌ر دروست کراو نه‌بن، یان بۆ دروستکردنی پاڵه‌وان نه‌بێت، یان لەو رێگایەوە گه‌لێکی پێ سووک نەکەن، دەبێت چی بێت؟ ئه‌وا دەتوانین بڵێین، کە شه‌ڕی نێوان مافیاکان خۆیانه‌. رێبین هه‌ردی خۆی باش ئه‌م راستیه‌ ده‌زانێت، چونکه‌ لێدانه‌که‌ی خۆشی له‌ 17 ی شوباتدا بۆ ئه‌وه‌ بوو، تا جه‌ماوه‌ر بڕوای پێبکه‌ن و گوێی لێبگرن، ئەم سیناریۆیەش تازە نییە، برایم ئەحمەدی رەحمەتیش، لە ژێرەوە جاسوسی ئینگلیز بوو، کاتی خۆی لە سەردەمی پادشای عێراقدا گیرا و کە هاتە دەرێ لای خەڵکەکە بوو بە قارەمان و پاڵەوان، رۆمان و شیعری کوردایەتی دەنووسی و گۆڤاری دەردەکرد و حیزبی کوردی دروست کرد، تا خەڵکەکە بڕوای پێ بکەن، به‌ڵام کورد ده‌ڵێت درۆ به‌ری کورته‌، له‌ کۆتایدا هه‌موو راستییه‌کان ده‌رده‌که‌ون و به‌ قسه‌ی رێبینیش شاسوار نابێت به‌ سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام مه‌نجه‌ڵ هه‌ڵ بده‌ سه‌ری خۆی ئه‌دۆزێته‌وه‌.

http://nrttv.com/birura-dreje.aspx?jimare=737

***************** وتارەکەی کاک رێبین******************
بیروڕا: تاکە کەناڵی سەربەخۆیان سوتاند
رێبین هه‌ردی
23-Feb-14 1:30:00 PM
ئامادەکاری بۆ دەستپیکردنی کەناڵەکە زۆر پێشتر دەستی پێکردبوو. ئەوە هیچ پێداویستیە تەکنیکیەکان، ئامادە بون بگرە کۆی ستافی تەلەفیزێۆنەکە دامەزرابون و کەوتبونە کۆکردنەوە و تێست کردن بۆ خۆیان. لەراستیدا کاک شاسوار و کاک توانا دەستیان کردبوو بە بیرکردنەوە لە هەلبژاردنی کاتیکی گونجاو بۆ پەخشکردن. کە ١٧ شوبات هاتە پیشێ، کاک شاسوار و کاک توانا بە کاتیکی گونجاویان دانا بۆ دەستپێکی پەخش.
هەڵبژاردنی کاتەکە (وەک هیزەکانی دەسەلات لیکیان دایەوە) سیاسی نەبوو، بەڵکو رۆژنامەنوسیانە بوو. واتە پاڵنەرەکە ئەوەبوو کە روداوێکی گەرم لە مەیدانەکەدا هەیە و هەموو خەڵک بۆ زانینی هەواڵ و زانیاری، بەدیاری تەلەفزێۆنەوە دائەنیشن. بەوەشدا هەموو کەناڵەکان کەمتازۆر بێلایەن نەبون، باشترین دەرفەت بوو بۆ ئەوەی کەنالەکە وەک کەناڵیکی سەربەخۆ رۆماڵی روداوەکان بکات و بۆ خەڵکی بگوێزێتەوە.
پەخشی کەناڵەکە دەستی پێکرد و بەراستیش وای لە هەموان کرد و بۆ وەرگرتنی زانیاری و هەواڵ روو لەم کەناڵە تازەیە بکەن. لانیکەم تاکە کەناڵ بوو هەم خۆپیشاندەران و ئۆپۆزسێۆنی وەرئەگرت، هەم نوینەرانی دەسەڵاتی ئەهێنا و قسەیان ئەکرد. ئەو رۆژانە جگە لە کەناڵی نالیا هیچ کەنالێکی جگە لە کەنالەکانی پارتی نەبوو کە تەنانەت یەک قسەی بەرپرسیارانی پارتی و لایەنگرانی وەربگرێت و دەرفەتی ئەوەیان بداتێ قسە بۆ خەڵک بکەن و بۆچونی خۆیان بە خەڵک بگەیەنن.
بەلام هیچ یەک لەمانە سودی نەبوو، هیزەکانی دەسەڵات یەک شتیان ئەویست یان ته‌له‌فزیۆنێكی‌ سەر بە خۆیان یان هەرچیەک هەیە دژیانە و هیچی تر. هەرەشەکان زۆر زوو دەستیان پێکرد. پیشنیارم بۆ کاک شاسوار کرد دانەنیشیت و بۆچونی خۆی وەک کەسێکی سەربەخۆ و بێلایەن بۆ هەموو لایەک رونبکاتەوە و تییان بگەیەنێت کە ئەم تەلەفیزێۆنە نە دژی کەسە و نە لەگەڵ کەسە، بەڵکو سەربەخۆیە و ئەوەتا ئەوەندەی لیداون و قسە بە نوینەرانی دەسەلات ئەدات، هەر ئەوەندەش بە ئۆپزسێۆن. خۆی هەموو ئەمانەی کردبوو و پیی گوتم برام تیناگەن و بریاریان داوە.
ئیوارەی ئەو شەوەی کەناڵەکەیان سوتاند، کاک شاسوار تیڵی بۆ کردم و وتی هەرەشەکانیان زۆر گەورە کردووە و کار گەیشتۆتە قسەی زۆر ناخۆش..من کە تەنها وەک شەریکی سایکۆلۆخی ئەمینی بە گاڵتەوە پیمگوت: گرنگ ئەوەی ئەوکاتەی گرتیانی وەک کەماڵ محمەد نەکەیت کە لەگەڵ میدیا حسێندا کردویتی و بڵیت ئەوەش ماڵی رێبینە..دوای پیمگوت ئەبیت سبەینی جولەیەکی گەورە دەست پیبکەیت و بۆچونی خۆت رونتر بگەیەنە.
شەو دەوری سەعات دووی شەو یان زیاتر بوو..تەلەفونەکەم لێیدا. کە سەیری ژمارەکەم کرد کاک توانا عوسمان بوو و هەڵم گرت و پیش ئەوەی قسە بکات بە گاڵتەوە گوتم: ها کاکە توانا گیرایت؟ بەلام گوێم لیبوو کاک توانا ئەگری و ئەڵیت کەناڵەکەیان سوتاند..بروام بە گوێم نەکرد..دوبارەم کردوە ئەڵێی چی..بەگریانەوە گوتی کەنالەکەیان سوتاندا کاکە ریبین. پێمگوت ئارام بە برام ئەوە دێم..بەپەلە خۆم گوڕی و چومە بەردەم نالیا. برادەرانی حەریق خەریکی کوژانەوە بون و پۆلیسێکی زۆر لەویا بوو. کاک توانام بینی ئەگریا باوەشم پیاکرد و ماچم کرد. ئەوەم بەلاوە گرنگ بوو کە شوکر هەموو سەلامەتن. کەمیک لەوێدا وەستام و وردە کارمەند و راگەیاندکارەکان ئەهاتن. چوینە بۆ ماڵی کاک شاسوار کە زۆر بێزار و بێ تاقەت بوو. تا کاتژێر ٦ بەیانی ماڵەکەیمان قەربالغ کرد و لەگەڵی ماینەوە.
یەکەم کەناڵی سەربەخۆی کوردستانیان بێ هیچ شەرمیک سوتاند. بەڵام هەم نالیا و هەم راگەیاندکارەکانیان لای هەمومان خوشەویستتر کرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە