دڵسۆزەكانى ئەتاتورك لە هەولێر و بەغداد

Monday, 08/06/2009, 12:00

1429 بینراوە


ئەگەر لە بیرتان بێت یەكێتى و پارتى و خودى مەسعود بەرزانى زۆرسوربوون لەسەر ئەوە كە دەبێت دەستەیەك لە كوردستانەوە سەرپەرشتى هەڵبژاردنەكان بكات,زۆر هەوڵیان دا تاوەكو نۆكەرو بەكرێگیراوەكانى خۆیان كە لە كۆمسیۆنى هەڵبژاردنەكان تاعین كراون ئەوان سەرپەرشتى هەڵبژاردنەكان بكەن و بەغداد بۆى نەبێت تەداخول بكات ,بەڵام لەبەر ئەوەى پارەى هەڵبژاردنەكەیان بۆ سەرف نەدەكردن ئەگەر بەتەنها نۆكەرەكانی خۆیان سەرپەرشتى هەڵبژاردنەكانیان بكردایە بۆیە لە پێناوى 37 ملیۆن دۆلارى مەسروفى هەڵبژاردنەكان دەستەى هەڵبژاردنەكانى هەرێم و فەرەج حیدەرى و ئەندامانى كۆمسۆنیان هەرزان فرۆش كرد و لەو پێناوەدا بڕیاریاندا سەرپەرشتى هەڵبژاردنەكان لەگەل بەغداد پێكەوە ئەنجامى بدەن .

بوونى كەسانى خاوەن هەڵوێست و دڵسۆز و دەست پاك و داوێن پاك لەسەرپەرشتى كردنى هەڵبژاردنەكاندا زامنى هەڵبژادنێكى پاك و بێغەلو غەش و سەركەوتووە,هەڵبژاردنێكى پاك و بێگەرد واتە تابووتى مەرگى هەموو دەستەڵاتێكى تۆتالیتارى هاوشێوەى یەكێتى و پارتیی,بەم قیاسەش بێت ئەوەى تۆسقاڵێك شعورى هەبێت و خاوەنى ئینسانیەت بێت یەكێتى و پارتى ڕێگەى پێنادەن سەرپەرشتى شتێك بكات كە دەستەڵاتى ئەوان لە مەرگەوە نزیك بكاتەوە.
لەساڵانى شەستەكانەوە تا دوو هەزارو سێ كۆمەڵێك لەبەرپرسان و پێشمەرگە و سەركردەى حیزبى خۆیانیان لێكردبووین بە دڵسۆز و شۆرشگێر بەڵام كاتێك بەعس ڕووخا و مەلەفەكانیان لە ئەمنى عامە و ئیستخبارات دۆزارانەوە و بڵاو كرانەوە ئەوكات ئیتر بۆ هەتا هەتایە ڕویان ڕەش بوو,ئێستاش كۆمەڵێك خەڵك ئیدیعاى ئەوە دەكەن كە سەربەخۆن لە كۆمسیۆن و ڕێگە نادەن دەستەڵات دەست بخاتە كارو بارەكانیانەوە بەڵام ئێمە ڕۆژانە دەبینین و هاواریش دەكەین كە ئەم كۆمسیۆنە سەربەخۆ نین و نۆكەرو بەكرێگیراوى یەكێـى و پارتی و پیاوەكانى ئەتاتوركن لە بەغداد,بەڵام لەبەر ئەوەى دەستەڵاتیان لەپشتە زۆر زەحمەتە بەم نزیكانە ڕسوا بكرێن لەلایەن خەڵكەوە ,بەڵام كاتێك یەكێتى و پارتیش وەك بەعس كۆتایان هات ئەوكاتە ئەندامانى دەستەى هەڵبژاردنەكانیش مەلەفەكانیان كەشف دەبێت و نۆكەرى و بەكرێگیراویان ئاشكرا دەبێت.تاوانى فەرەج حیدەرى و ئەندامانى دەستەى هەڵبژاردنەكانى هەرێم و وەزارەتى بەناو ئاسایشى عێراق بەرامبەر لیستى هیوا هیچى كەمتر نییە لە تاوانى سەدام و على كمیاوى و سوڵتان هاشم و هیچیشى كەمتر نییە لە خیانەت لە نیشتمان.بۆیە پێویستە كۆمسیۆن بە بیانووى ئەوەى كە جیهەتى تەنفیزین خۆیان نەخەڵەتێنن و بڵێن ئەوە بڕیارى سەرەوە و ئێمە جێبەجێى دەكەین ,چونكە ئەوەى ئێوە دەیكەن لە سوكایەتى كردن بە دیموكراسى و هەڵبژاردن و بنەماكانى كۆمەڵگاى مەدەنى بەدەر نییە, بایكۆتكردنى لیستى هیوا لەهیچ كەس قبوڵناكرێت بەهەر بڕو بیانویەوەكەوە بێت.هەوڵدانى یەكێتى و پارتى بۆ سەرپەرشیكردنى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمان بۆ دوو مەبەست بووە :
1- بۆئەوەى ئەو دەستەیەى كە بۆ سەرپەرشتیكردنى هەڵبژاردنەكانى هەرێم دیارى دەكرێن لەژیر ئەمرەكانى خۆیاندا بن و نەتوانن هیچ هەڵسوكەوتێكى بكەن كە زیانى هەبێت بۆیان وەئەگەر هەر كارێكیان پێسپاردن بە ببێ هیچ ڕێگریەك بۆیان جێبەجێ بكەن,هەتا ئێستا كۆمسیۆن لە فرمانەكانى یەكێتى و پارتى دەرنەچووە و هەنگاو بەهەنگاو ڕێنمایەكانى مەكتەب سیاسى پارتى و یەكێتى جێبەجێدەكات.
2- بۆئەوەى لە ڕێگەى نۆكەرو بەكرێگیراوەكانى خۆیان لە كۆمسیۆنەوە بتوانن نۆكەرى و دڵسۆزی خۆیان بۆ ووڵاتانى دراوسێ بەتایبەتى بۆ دەوڵەتى توركیا بسەلمێنن,بایكۆت كردنى(لیستى هیوا)لەلایەن كۆمسۆنەوە بە بیانوى بڕیارى سیاسى وەزارەتى ئاسایشى عیراق كە كۆمەڵێك میت و ئیتڵاعات و سیخوڕى ووڵاتان سەرپەرشتى دەكەن هیچمان پێنەڵێت ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە كوڕانى میت و كوڕە دڵسۆزەكانى ئەتاتورك بڕیار لەسەر چارەنووسى لیستەكانى هەڵبژاردن دەدەن و سەرپەرشتى هەڵبژاردنەكان دەكەن,ڕێگە نەدان خیانەتە لە دیموكراسى خیانەتە لە هەڵبژاردن.
بیانوى كۆمسیۆن بۆ بایكۆتكردنى لیستى هیوا ئەوەیە كە ئەم لیستە نزیكایەتى هەیە لەگەڵ پارتى كرێكاران و ئەو پارتەش بە پارتێكى تێرۆرستى ناوزەند كراوە لەلایەن توركیا ئەمەریكا و حكومەتى عێراقەوە بۆیە ئەو لیستە ڕێگەى پێنادرێت,بەڕاسى وەزارەتى بەناو ئاسایشى عیراق و فەرەج حیدەرى و كۆمسیۆنەكەى ڕووى توركیایان سپى كرد ,هەموومان ئەوە دەزانین كە DTP))پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى بە ئاشكرا هاوسۆزو هاوخەباتى PKK یە بەڵام لە توركیا ڕێگەى پێدرا و ڕێگەشى پێدەدرێت لە گشت هەڵبژاردنەكاندا بەشدارى بكات.
وەزارەتى بەناو ئاسایشى عیراق(وەزارەتى میتى توركیا)و فەرەج حیدەرى و كۆمسیۆن ئەگەر شارەزایان نییە لە هەڵبژاردنەكانى توركیا ئەوا ئێمە ئامادەین بەرچاویان ڕوون بكەینەوە ئەو هەموو خۆپیشاندان و بەرزكردنەوەى وێنەى ئۆجەلان و هوتافەكانى پەكەكە و وتەكانى ئاپۆ بخەینە بەرچاوتان كە لایەنگرانى دەتەپە لەكاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكانى توركیادا نمایشیان كرد ,ئێوەش باش دەزانن ئەوە قەندیلە بڕیار دەدات كێ لە دەتەپە دەڕواتە پەرلەمان و كێ دەبێتە بەرپرس,ئێوەش باش دەزانن ئەوە قەندیلە لە ئامەد و شرناخ و هەموو شارەكانى باكورى كوردستان خۆپیشاندان ساز دەكات ,بەڵام هەتا ئێستا بایكۆتى DTP)) لە هەڵبژاردنەكانى توركیادا نەكراوە !عەجەب ئێستا وەزارەتى بەناو ئاسایش و على قادر و كۆمسیۆن بوونەتە كوڕە بە ئەمەكەكەى ئەتاتۆرك لە ئۆردۆغان خۆیان بە دەستى خۆیان خۆیان سەرشۆڕو زەلیلى میت و توركیا دەكەن.

ئەگەر كۆمسیۆن و فەرەج حیدەرى خۆیان لە گێلى نەدەن و نۆكەرى میت و میتەكانى بەغداد و ئەنقەرە نەبن چۆن بڕیارێكى نا دیموكراسى جێبەجێ دەكەن؟وەزارەتى بەناو ئاسایشى عێراق ئەگەر بەتەنگ داهاتووى كوردستان و عێراقەوە بوایە ئەبوایە تەكلیفتان لە هەموو گروپە توندڕەوەكان بكردبا بهاتنایەتە ناو ململانیەى دیموكراسى و هەڵبژاردن و زەمینەیەكتان ساز بكردبایە بۆ ئەوەى هەموو گروپە تونڕەوەكانیش لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە ململانیان بكردایە,ئەوانەشى كە خۆیان TNTڕێژكردووە پەشیمان بوونایەتەوە.
ئەگەر هەركەس ئاگادارى دونیاى دەرەوە بێت ئەوا ئەو ڕاستیە دەزانێت كە لەئێستاى ئەوروپاشدا گروپى ڕاست ڕەوى وەها هەیە كە لە پرۆسەى هەڵبژاردندا بەشدارى دەكات كە پەكەكە بە حەوت ئاو شۆراوەتەوە لەچاویدا,بەڵام ئەو گروپانە لە ئەورووپادا لەپرۆسەى هەڵبژاردن بەشداریان پێدەكرێت و بایكۆت ناكرێن.بەڵام لە دونیاى ڕۆژهەڵات و لەنێو عەقڵیەتە عەربی و كوردیە دۆگماییەكانى دونیاى سیاسەتى سەقەتى دەستەڵاتداراندا بایكۆتى لیستێكى وەك لیستى هیوا دەكەن كە خاوەنى فیشەكێكن نین و باوەڕیان بە هەڵبژادرن هەیە.شەرمە بۆ دەستەڵات بایكۆتى بەشدارى كردنى كەسانێك بكات لە هەڵبژاردندا كەلەڕووى بیروباوەڕو دڵسۆزى نیشتمان و بتوەڕبوون بە دیموكراتى و كۆمەڵگاى مەدەنى هەزاران فەرسەخ لە پێشەوەى ئەو عەقڵیەتەوەن كە ئەمڕۆ دەستەڵاتى سیاسى و عەسكەرى هەولێرو بەغدادى بەدەستەوەیە.
هەڵەبجەى شەهید
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە