بەبەڵگەوە : لەساڵێكدا مووچەخۆرانى كوردستان (نـــۆ مانگ) مووچە وەردەگرن لەبرى (دوانزە مانگ) ..

Monday, 04/03/2013, 12:00

1410 بینراوە










ئەم دەسەڵاتە گەنەى ئەمڕۆ وەك دێوەزمەیەكى ناشرین خۆى سەپاندووە بەسەر خەڵكیدا بەهەموو شێوەكان وێنەى گەنە خوێنى میللەتەكەى خۆى ئەمژێت ، جارێ بەتانكى نەوتە بەتاڵانبراوەكان و جارێكى تر بە داهاتى ونى مەرزەكان و لەبۆنەیەكى تردا بەدزینى بودجەى گشتى ، عیماد ئەحمەدى نۆكەرى دوو بنەماڵە و چەندین ئاغا دەڵێت : من 100% شەریكم لەهەموو گرێبەستە نەوتیەكانى هەرێمدا ، هاى هوو .. ئەم پیاوە هێندە گەوج و نەفام و بێشەرمە ، بەئاستێ وادەزانێ بەتاڵانبردنى سامانى نەوتى ئەم نیشتیمانە سەروەریە تاكو شانازى پێوەبكات ! ، وەك ئەوەى كۆمەڵگاى خێرنەدیوى كوردستان زۆرێك بەئاگابن لەوردەكارى ناشەفافى بەجەردەبردنى نەوتى خاكەكەمان !؟ ، ئەشێ خیانەت و فایلدارى و دزینى قووتى میللەتى ستەمدیدە بوبێتە سەروەرى و ئێمەى بەدبەخت نەمانزانیبێ !.
ماوەیەك لەمەوبەر سەركردەیەكى دەوڵەتى یاسا لەمیدیاكانەوە راستیەكى حاشاهەڵنەگرى خستە روو (بێ ئەوەى كۆیلەكى دوو بنەماڵە زاتى وەڵامدانەوەى بكەن) ، راستیەكە بەروونترین شێوە قۆرخكارى و فەسادى سیاسیەتى سووتەمەنى حكومەتى هەرێمى ئاشكراكرد كــــــاتى ئەو زاتە پرسى : ئەى گوایا دانیشتوانى هەرێم لەحكومەتەكەیان و لەخۆیان ناپرسن كــــە لەسێ پارێزگاكەى هەرێم بەدەر بۆچى لەتەواوى پارێزگانى عێراقدا بانزینخانەى ئەهلى و كەرتى تایبەتى نەوتى بوونى نیە ؟؟ ، لەناوەندەوە وەزارەتى نەوت نرخى یەك لیتر بەنزینى موحەسەنى بە تەنها (450) دینار دەستنیشانكردووە ، ئەم نرخەش لەتەواوى عێراقدا جیاوازى و بەرزونزمى تیانیە ، كەچى لەهەرێمى كوردستان هەمان جۆر بەنزین (ئەگەر خراپتریش نەبێت) حكومەتە دڵسۆزەكەى خۆمان بەناوى بەنزینى موحەسەنەوە لەرێگەى بەنزینخانە ئەهلیەكانەوە بەهاوڵاتیانى دەفرۆشێتەوە بە (950) دینار بۆ هەر لیترێك / واتە بە زیاتر لەدوو هێندە ، ئەمە بازرگانى رەشى حكومەتى هەرێمە و ئەمە ئەو خزمەتەیە كە رۆژانە لەمیدیاكانەوە بە خەڵكى ئەفرۆشێتەوە .
چەند رۆژێك لەمەبەر (مەسعود بارزانى) بەیاوەرى (ئاشتى هەورامى) وەزیرى نەوت سەرۆكى باندى جەردەیى بنەماڵە و مەسروى كوڕى سەردانى دەوڵەتى روسیایى كرد بەمەبەستى واژووكردنى گرێبەستى نەوتى تایبەتى لەگەڵ كۆمپانیایى (غازبروم) ، لەگەڵ واژووكردنى چەندین گرێبەست بۆ كڕینى چەكى روسى بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەكانى بنەماڵە ، لەوێشەوە سەروەرى چەواشەكارى مەلا مستەفاى پێفرۆشتینەوە و سەردانى ئەو ماڵەى كرد كە مەلا مستەفا تیایدا ژیاوە پاش ئەوەى خیانەتى لەكۆمارى مهاباد و قازى محمەدى شەهیدى سەرۆك كۆمارى كرد و بەرەو روسیا هەڵهات تاكو خۆى و چەكدارەكانى ببێتە خزمەتكارى سیاسەتى سەركوتكارى ستالین .
باشە خەڵكى كوردستان مافى خۆیان نیە بپرسن لەبرى سەرفكردنى سەدان ملیۆن دینار بۆ كڕینى چەك و كەرەستەى كوشتن .. مەسعودى كوڕى مەلا ئەو پارەیە كە موڵكى هاوڵاتیانى بێدەسەڵاتە بۆچى خەرجیناكات بۆ كڕینى سەدان ئامێرى پزیشكى وێنەى ئامێرى تیشكى تەنورى و نازوورى پشكنینى هەناوى .. كە تاكو سەر ئێسك نەخۆشخانەكانمان پێویستیانە بۆ خزمەتكردنى خەڵكى كەمدەرامەت ، ئەوەتا لەسلێمانى بۆئەوەى بەپارەى زۆر لەكەرتى پزیشكى تایبەت ئەمجۆرە پشكنینانە نەكەیت ، پێویستە لەنەخۆشخانەى ناوەندى سلێمانى ناوت لەسەرەى چاوەنواڕیدا بنوسیت ، ئەگەر واستەشت هەبێت بۆ پایزى ساڵى داهاتوو سەرەت بەرناكەوێ ، لەبەرئەوەى هەموو نەخۆشخانەكانى شارى سلێمانى و دەوروبەرى تەنها دوو بۆ سێ ئامێرى لەمجۆرەى تیایە ، بەم پاشەڵە جوانەى هەڵدێرى خزمەتكردنى هاوڵاتیانەوە تازەكێ جەنابى سەرۆك بارزانى داهاتى ئەم میللەتە تەخشان پەخشانى گرێبەستى نەوتى بنەماڵە و كڕینى چەكى روسى دەكات كە لەباشترین بارودۆخەكاندا یان بۆ پاراستنى بارەگاى لقەكان و كوشتنى خۆنیشاندەران بەكاردەهێنرێت ، یان بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاى حیزبەكانى ئۆپزسیۆن و سووتاندنى دەتەقێنرێت .
پاشتر ئەو گرێبەستانە ئەبێ چ خێروبێرێكى تیابێ بۆ ئەم میللەتە كە كەس نازانێت بڕەكەى چەندە و چۆن سەرف دەكرێت ، مەگەر بارام بەگ راستى نەفەرموبێت كاتێ وتبووى : (سێ بەسێ تەڵاقم كەوتبێ ئەم ئۆپزسیۆنە نەبوایە ئیستاش كەس نەیئەزانى ئاشتى هەورامى پیاوە یان بێوەژنە) .
بەگەڕانەوە بۆ تەوەرەى سەرەكى ئەم بابەتە كەزۆرێك پێویستى بەم پێشەكیە بوو ... ئەوا چەندین مانگە حكومەت فێربووە بە چل رۆژ یان زیاتر جارێك موچەى دامودەزگا حكومیەكان دەدات ، ئەمەش تەواو جۆرێكى ترە لەتاڵانى بەرنامە بۆ داڕێژراوى حكومەتە جەردەكەمان بەسەرۆكایەتى رێزدار نێچیرڤان بارزانى ، وەرن باپێكەوە بەوردى و بەزمانى ژمارە ئەو راستیە بسەلمێنین كەچۆن حكومەتى هەرێم ساڵانە لەبرى دوانزە مانگ هەشت مانگ موچە دەدات بە فەرمانبەران و چوار مانگى رەبەق بەناڕەوا و بەئەنقەست ئەدزێت بۆخۆى :
هەمووان ئەزانین كە بودجەى گشتى ساڵانەیە ، واتە بۆ دوانزە مانگى دارایى خەرجیەكانى حكومەت تەرخانكراوە ، ئەوەشى لاى هەمووان ئاشكرایە كە فەرمانبەر پێویستە هەموو (30) رۆژ جارێك مووچەى خۆى لە حكومەتەوە بۆ دابین بكرێت ، بەڵام كاتى وەكو ئەوەى ئیستا ئەگوزەرێ (40) رۆژ جارێك یان زیاتر مووچە بدرێ بە فەرمانبەرەكان ، ئەوكات ئەگەر بێت و (40) رۆژەكە كەڕەتى (9) مانگ بكەین .. ئەنجامەكە (360) رۆژ دەكات ، كەئەمەش ساڵێكى تەواو كەم پێنج رۆژ دەكات .... كـــەواتە لەكۆتایى ساڵدا بە پراكتیكى و بەفیعلى حكومەتى هەرێم لەبرى (دوانزە مانگ) تەنها (نۆ) مانگ موچە دەدات بە فەرمانبەران و (سێ) مانگى رەبەق و تەواوى بەفیعلى بۆ خۆى دەدزێت ، كە ئەمەش سەدان ترلیۆن دینارى عێراقى دەكات .
پاساوى روكەشى و ساختەكارى حكومەت بۆ دواخستنى مووچە هەموو جارێك بوونى سیولەى نەقدیە لەبانكەكاندا ، واتە بەكوردیەكەى بانك پارەى دەستى تیانیە ، بەڵام فەرمانبەران مافى خۆیان نیە بپرسن : باشە لەو پەنجا ملیار دینارەى بۆ نۆژەنكردنەوەى مەزارى مەلا مستەفا و ئیدریسى كوڕى تەرخانكراوە ، یان ئەو ملیار دینارەى بۆ جوانكارى قاپى دەرەوەى ڤیلا (300) دۆنمیەكەى نیچیرڤان تەرخانكراوە (لەبودجەى گشتى) .. ئایا ئەكرێ بانك بوێرێ یەك فلس لە خەرجكردنى دوابخات بەپاساوى ئەوەى پارە لەبانكدا نیە ؟؟!! ، بێگومان نەخێر نەبووە و نابێ چونكە (مەزارى نەمران) و ڤیلاكەى نێچیرى خاوەن شكۆ هێڵى سوورن بۆ هەموو كەموكورتی و دواكەوتنێك .
لەكۆتاشدا پێویستە راشكاوانە ئەو راستیە بوترێت كە بەڵى (عیماد ئەحمەد) ى نۆكەر و كۆیلە راستى فەرموو كاتى وتى لەهەمووشتێكدا 100% شەریكى ئەم حكومەتەین ، لەبەرئەوە ئەم جەردەییەش بەتەنها پارتى لێى بەرپرس نیە بەڵكە سەرانى یەكێتیش كە تەواو تەسلیم بە بنەماڵەى مەسعود بوون ئەوانیش شەریكە دزى ئەم ئابرووچوونە و تەواوى كارەساتەكانى ئەم وڵاتەن كە هاوڵاتى سادە باجە قورسەكەى دەدات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە