كۆیلەى حەزێكى ناشیرین

Wednesday, 28/12/2011, 12:00

1336 بینراوە


لەخوێندن فەشەلى هێنابوو،لەلایەنى دەرونى و كۆمەڵایەتیەوە هەستى بە كەموكورتى دەكرد،نەیدەزانى ئەو كەلێنە چۆن پڕ بكاتەوە ،چونكە هاوڕێكانى دەبینى هەریەكەیان دەرچووى كۆلێژو زانكۆیەكە و خاوەنى كەسایەتى دیارو پایەى كۆمەڵایەتى باش بوون، بە مامۆستا و دكتۆر بانگ دەكران ، ناحەقى نەبوو ئەو هەستەى لا دروست ببێ و توشى گرێى خۆ بەكەم زانین ببێت.هەرچى سەرى دەهێنا و دەبرد جێگەیەك نەبوو ئاسوودەو ئارام لێى بژی، هەركات هاوڕێكانى دەبینى زیاتر پەست و بێزار دەبوو،هەمیشە لەگەل دەرونى خۆى لە مشت و مڕدا بوو لەخۆى ئەپرسى چۆن ؟كەى ؟لەكوێ؟ وەكو كەسێكى خاوەن كەسایەتى دیار لەناو كۆمەڵگەدا ناو ببرێم.
دواجار ئەو ڕێگەیەكى گرت گەیاندى بە هەندێك لە حەزەكانى، وەلێ ئەو لەكوێ و هاوڕێكانى لەكوێ؟؟؟ئەوان هەمیشە بەرێز و خۆشەویست بوون،بێ زیان و خاكى بوون،بەڵام ئەو ڕێگەیەكى گرتەبەر و بەشوێنێكى گەیاند كە خۆشەویستى ناو كۆمەڵگەى پێ نەبەخشى،تەنها ڕێزێكى ناچارى ناوخەڵكى پێدا، چونكە ئەو بە دەرونێكى پڕ شكستەوە چووە ناو حیزبەوە و دەیویست لەو ڕێگەیەوە لەو فشارە دەرونیەى پێوەى ئەیناڵاند دەربازى ببێ و كەسایەتى خۆى بسەپێنێ.
بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو زۆر شتى نەشیاو بكات،دەبوایە ڕاپۆرت لەسەر براكەى بنوسێ و دەنگى لێدا ببڕێ بۆ ئەوەى حیزب دەستخۆشى لێبكەن، چونكە بیرو باوەرو تێگەیشتنى سیاسى براكەى جیاواز بوو لە ئایدۆلۆژیاو سیاسەتى حیزبەكەى ،ئەو وەكو حیزب بیرى دەكردەوەو بریارەكانى حیزبى بێ قەید و شەرت جێ بەجێ دەكرد،دەیویست هاوڕى َوخزمە نزیكەكانى وەكو ئەو بیربكەنەوەو وەكو ئەو بڕیاربدەن، ئەگەر وەهاشیان نەكردایە لاى دەزگاكەى لێى دەخوێندن، تا بەو هۆیەوە وەك پەیژەیەك بەسەر كەسە هەرەنزیكەكانیدا سەركەوێت،هەتا بیسەلمێنێت چەند دڵسۆزو بەئەمەكە بەرامبەر بە حیزب؟! ئەمەشى تەنیا لە نەدى و بدی خۆیەوە بوو، چونكە واى دەزانى سیاسەت و حزبایەتى دەبێ وابێ و ئەگەر ئەوە نەكات حیزب لێى زیز دەبێ و پلەكانى شەرەفى حیزبایەتى نابڕێت ؟!دواجاریش ئەو تەنیا ئامانجى خۆدەرخستن بوو لەڕێگەى بەدەستهێنانى كەمەكێك دەسەڵاتەوە.
ئەو كە زۆر درەنگ خۆى بە حیزبەوە هەڵواسى ڕۆژێك سنگى دەرئەپەڕاندو باسى سەختى خەباتى شاخى دەكرد و جارێكیش ئەهاتە سەر باسى مەترسیەكانى كارى نهێنى ناو شار ، هەر دەبوو وابكات،چونكە پێویستى بە پڕوپاگەندە گەلێكى زۆر هەبوو تا لە هەڵبژاردنى حیزبدا دەنگى زۆر كۆ بكاتەوە و وەكو مەسئول دەربكەوێت و لەو تەنگژە دەرونییەى تیایدا ئەژیا دەربازى ببێت،بەڵام هێشتا هەموو ئەو هەڵویێستانەى ئەو، بەشى گەمەكانى حیزبایەتى و شەفاعەتى خڕكردنەوەى دەنگ و بردنە پێشەوەى بۆ نەكرد هەربۆیە لە دواهەڵبژاردنى ناوخۆی حیزبدا شكستى هێنا.
ئاخر بێ ئاگا بوو لەوەى چیترپێ فرۆشتنەوەى خەباتى شاخ و كارى نهێنى شار نوكتەیەكى سواوى سەر زمانى ئەم نەوە نوێیەیە،لەبەر ئەوە هەرجارێك ئەو، بانگەشە سواوەكانى ئەجویەوە لە هەرزانترین هەراجدا فرۆشیارێكى زەرەر مەندبوو، چونكە لەم سەردەمى تەكنەلۆژیاى زانیاریەكان و مۆدێرنەدا لاوان بەدواى بەدیهێنانى خەونەكانیان و دنیاو داهاتوویەكى باشترەوەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە