دەزگا تەندروستیەكەى دلێرى سەید مەجید و دەزگاى سەردەم دوو ڕووى یەك دراون

Saturday, 07/08/2010, 12:00

1842 بینراوە



هەڵدانەوەى لاپەرەى دزى و گەندەڵیەكانى دەزگاى سەردەم بۆتە باس و خواستى خەڵكى كوردستان و سەرجەم دام و دەزگا حكومى و حزبیەكانیش ، بەشێوەیەك فەرمانگە نیە ڕۆژانە كارمەندەكانى دانەنیشن باسى فەسادى و گەندەڵیەكانى ئەم دەزگایە نەكەن .
ئێمە وێراى دەستخۆشى گەرممان لەكاك شوان ئەحمەد ، هەرچەند جارێكیش نووسینەكانى بەرێزیان لەسەر دەزگاى سەردەم ئەخوێنینەوە رێك هەمان تاس و حەمام دەزگاى تەندروستى خۆمان دێتە بەرچاو كەئەویش هاوشانى سەردەمە و لەكۆمەڵێك خاڵ و برگەدا وەك یەك وان و ناتوانی جیایان بكەیتەوە ، كەئێمە پێمان وایە و هیچ گومانى تیانیە سەرجەم دەزگاكانى ترى یەكێتی هاوشانى ئەم دوو دەزگایەن ئەگەر لەوان پركارەسات بارتر و خراپتریش نەبن .
دەزگاى تەندروستى بەناو پێشمەرگە و كەسوكارى شەهیدانیش وەك سەردەم مێََژووەكەى دەگەڕٍێتەوە بۆ ساڵى 1998 كاتێك بەناوى نەخۆشخانەى شۆرش وەك یەكەیەكى خزمەتگوزارى تەندروستى لەسلێمانى دامەزرا بۆ خزمەتكردنى كەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگە بەخۆرایى ، ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر دەستى كۆمەڵێك كادیر و خەڵكى تێكۆشەر و دڵسۆز و ماندوو دروست بوو كە زۆربەیان خەڵكى هەولێر بوون ، بەڵام دوایى ئەوەى نەخۆشخانەكە كەوتە سەر پێ بە پیلانى دكتۆر محەمەدخۆشناو یەك بەدواى یەك ئەم خەڵكانە دەركران و فەسڵ و نەقڵ كران تا ئەم چركە ساتەش كەسێك نەى پرسیوە ئەم هەموو خەڵكە بۆ دەركران و بۆ كوێ چوون ؟ تەنها ئەوەنەبێ كەخۆشناو نەقڵ كە فەسڵ كە دەربكە حەقى كەست نەبێ ، ئەمە ناونیشانى ئەو دەسەڵاتە سەیرە بوو كە بەرپرسانى فەرماندەیى گشتى بەدكتۆر محەمەدخۆشناویان دابووە تا بێ ووچان ئیشى لەسەر بكات .
لێرەدا جێى خۆیەتى و بەفرسەتى دەزانین دووبارە بپرسینەوە كوان ئەوانەى نەخۆشخانەكانى شۆرشیان دروست كرد ؟ بۆ خەڵك لە نەخۆشخانەكانى شۆرش جێگاى نابێتەوە ؟ كارمەندێك ، فەرمانبەرێك كەسەرەتا دائەمەزرێت لەهەر فەرمانگە و شوێنێك بێت بەشێوەیەكى گشتى تائەو ڕۆژەى خانەنشین ئەكرێت هەر لەو دەوائیرەى خۆى ئەبێت و خزمەت ئەكات ئەى بۆ ئەم نەریتى كاركردنە لە نەخۆشخانەكانى شۆرشدا نیە ؟ ئایا ئەو خەڵكانە هەموویان هەر خراپ بوون ؟ هەموویان هەر بەكرێ گیراو و تێكدەر و دەست لەپشت دراو و ئاژاوەچى و دز و گەندەڵ بوون ؟ ئەى كوان كەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگە ؟ پۆستەكانى دەزگاى تەندروستى ئێستا و ڕابردوو چەندیان بۆ ئەم جۆرە خەڵكانە بووە ؟ هەموو ئەم پرسیارانە و سەدان پرسیارى ترى هاوشێوەى ئەمانە با بۆ مەكتەبى سیاسى و بەرپرسانى ترى یەكێتى بن ؟ بائەم پرسیارانە بۆ ووتە بێژە موحتەرەمەكەى مەكتەبى سیاسیى و سەركردایەتى یەكێتى و خاوەن فایلەكانى بەعس و خاوەن فایلە ڕٍەشەكانى دزى و گەندەڵى بێت كەعومەر فەتاح سەرۆكایەتیان ئەكات و سەركردایەتى نوىًَ ى یەكێتى پێك ئەهێنن.
واتا لەساڵى 1998 ەوە تا ئەم چركە ساتە بەسەدان و سەدان دكتۆر و پزیشك و ئەفسەر و یاریدەدەرى پزیشك و كارمەند و كادیرى تەندروستى و پاسەوان و شوفێر لەنەخۆشخانەكانى شۆرش تەنها و تەنها لە ڕقى دكتۆر محەمەد خۆشناو و دروستكردنى كێشە بۆیان دەركراون و فەسڵ كراون تائێستا بەرپرسێكى یەكێتى لە مەكتەبى سیاسى و سەركردایەتى و فەرماندەیى گشتى نەی پرسیوە و بەدواداچوونی بۆ نەكردوە بڵێن ئەرێ كاكە خۆشناو خێرە ئەو هەموو خەڵكە نەخۆشخانەكانى شۆرشیان جێهێشتووە ؟.
نەخۆشخانەى شۆرش ئەو كاتەى دروست بوو لەسەر فەرماندەیى گشتى بوو ، جەبارفەرمان هەموو هاوكارى و پشتگیریەكى خۆشناوى ئەكرد و لەلایەن سكرتاریەتى تاڵەبانى و كۆسرەت ڕەسوڵیش وەك سەرۆكى حكومەتى ئەوساى سلێمانى و دواتر وەزارەتى تەندروستیش هاوكارى ئەكرا .
لەگەڵ بوونى دكتۆرمحەمەدخۆشناو بەوەزیرى تەندروستى لە ئیدارەى سلێمانى لەگەڵ خۆى نەخۆشخانەكانى شۆرشى لە فەرماندەیى گشتیەوە خستە سەر حكومەت و وەزارەتى تەندروستى ، بەر لەتێكەڵ بوونەوەى ئیدارەى سلێمانى و هەولێریش دوایى ئەوەى محەمەدخۆشناو زانى نابێتەوە بەوەزیرى تەندروستى لە ئیدارەى یەكگرتوودا ، بۆ ئەوەى بتوانێ بەئاسانى بێتەوە نەخۆشخانەكانى شۆرش و درێژە بە دزى و گەندەڵى بدات ، بەفەرمانێك نەخۆشخانەكانى شۆرشى خستە سەر وەزارەتى كاروبارى پێشمەرگە و لە پۆستێكى زۆر سەیر و عەجایبدا و لە سیناریۆ و كۆبوونەوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراودا لەگەڵ شێخ جەعفەرى وەزیرى پێشمەرگە ، بەزۆر خۆى كرد بەسەرپەرشتیارى گشتى نەخۆشخانەكانى شۆرش ، هەر لەگەڵ هاتنەوەى دووبارەى دكتۆرمحەمەدخۆشناو بۆ نەخۆشخانەكانى شۆرش دەنگى ناڕەزایى دكتۆر و كارمەند و ئەفسەرانى نەخۆشخانەكانى شۆرش لە هەموو لایەكەوەبەرز بوویەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەى شێخ جەعفەر و هاشمى ئیدارە و بەرپرسانى ترى فەرماندەیى گشتى و مەڵبەندى پێشمەرگایەتى و دەزگاى زانیارى پشتگیریان لە هاتنەوەو مانەوەى خۆشناو ئەكرد ((چونكە ئەوەى خۆشناو بۆ ئەوانى ئەكرد لە پێدانى پارە و دەرمان و دیارى و دوورینەوە و هێنانى سۆزانى هیچ كەسێكى تر ئامادەنەبوو بۆیان بكات)) بۆیە ئەم هەموو دەنگە ناڕازیانە هیچ كاردانەوەیەكیان نەبوو بە پێچەوانەوە بۆ كپكردنى ئەم هەموو دەنگە ناڕازیە دووبارە بەفەرمانى خۆشناو و شێخ جەعفەر و هاشم نەخۆشخانەكانى شۆرشیان لەوەزارەتى كاروبارى پێشمەرگەوە خستەوە سەر فەرماندەیى گشتى و دواتر بەفەرمانى تاڵەبانى كردیان بەدەزگا و دووبارە خۆشناویان كردەوە بە كەڵەگا و بەعەنتەر و كردیان بە سەرۆكى دەزگا ، تادواجار بەهەوڵ و هیمەتى كوردستانپۆست و كۆمەڵێك بەڵگە و قەڵەم و نووسینى ئازا و بوێر لەتەختى دەسەڵات هێنایانە خوارەوە و سەرگەردانى ئەردەنیان كرد و ئێستاش دووبارە هێرۆى برایم ئەحمەد هێناویەتیەوە بۆ سلێمانى تاسەرپەرشتى نەخۆشخانە ئەهلیەكانى بنەماڵەى جەلال تاڵەبانى بكات ، ئەو ماوەیەشى كە حەمەخۆشناو وەزیر بوو كەناڵەكانى ڕاگەیاندنى ینك بە تایبەت كوردساتە بەناو فەزایەكە بەردەوام پڕوپاگەندەیان بۆ ئەكرد كەوەزیرێكى زۆرخزمەتگوزارە و بەردەوام شاشەى كوردساتى بەكرێ گرتبوو ((كەخەڵك دوایى لە نهێنى ئەو پیاهەڵدان و نیشاندانانەى كوردسات گەیشت كەخانمى سەرۆك دز هێرۆى برایم ئەحمەد شەریكى ئەم پرۆژانە بوو بۆیە وەك چاى مەحمود و كاپۆچیناكە بەردەوام ڕیكلامیان بۆ خۆشناو ئەكرد و پەردەیان ئەدا بەسەر سەدان دزى و گەندەڵیدا)) .
خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ...
تەنها مەبەستمان لەو پێشەكیە ئەوە بوو كەبزانن ئەم دەزگایە لەساڵى 1998 ەوە تائێستا چۆن چۆنى هەر ڕۆژە و لەژێر ناوێكدا و هەر ڕۆژە لەسەر وەزارەت و دەزگا و ئیدارەیەكدا چۆن بوجەی خەیاڵى بەناوەوە براوە و دزراوە ، لەكاتێكدا نەخۆشخانەكانى شۆرش لەژێر دەسەڵاتى سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت و وەزارەتى تەندروستى و وەزارەتى شەهیدان دانین ، سەربە هیچ دەسەڵات و دامەزراوەیەكى حكومى نین ، لەسەر بوجەى وەزارەتى تەندروستى و حكومەتى هەرێم و پارەى ئەم میللەتە دروستكراون بەپێچەوانەى هەموو بنەماكانى ئیدارە و قانوون نەخۆشخانەكانى شۆرش لەسەر حكومەتەوە خراونەتەوە سەر حزب ،((ئەمەیە حزبى سۆشیال دیموكرات)) ئەمەیە دامەزراوەى حكومى و مەدەنى دەزگایەك تەنانەت موچەشى هەر لەسەر حكومەتە ، دەرمان و پێداویستى تەندروستى و ئامێر و چاكردنەوەی و .. .. هەمووى لەسەر وەزارەتى تەندروستى حكومەتى بەناو هەرێمى كوردستانە و لەوێ دابین كراوە و دابین ئەكرێ ، كەچى كراوە بەدەزگا و خراوەتە سەر فەرماندەیى گشتى و كراوە بە موڵك و تاپۆى یەكێتى و كۆمپانیایى نۆكان ، لەكوێ خەوتووى سەرۆكایەتى هەرێم ، حكومەت ، پەرلەمان ، ئۆپۆزسیۆن ...
بۆیە ئێمەش بەپێویستمان زانى لەم چەند دێڕەى خوارەوەدا زیاتر ئەم بەراوردكردنە بخەینەڕوو ئەوسا ئێوە بڕیاربدەن چ جیاوازیەك هەیە لەنێوان دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەو دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم ...
دەزگای تەندروستى پێشمەرگەش هاوشانى سەردەم ، سەردەمێك بووبوو بەبەدناوترین شوێن بەتایبەت كاتێك چیڕۆكەكانى دوورینەوەى پەردەى كچێنى ئەو كچانەى لەلایەن گورگە مەسولانى یەكێتیەوە ئەتك ئەكران بڵاوكرایەوە ، واتا ئەم دەزگایەش هاوشانى دەزگاكانى ترى یەكێتى و سەردەم و بنەماڵەى جەلال تاڵەبانى بێ بەش نەبووە لەفەساد و فەزیحەتى ئەخلاقى ....
دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە هاوشانى سەردەم و دەزگاكانى تر چەندین ڕاپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایى لەسەرە كەدواترینیان ئەو ڕاپۆرتە بوو كەپارساڵ بڵاوكرایەوە كەتەنیا لەماوەى یەك ساڵدا زیاتر لەیەك ملیاردینارى چاپى نوێ دزراوە و براوە بەناوى خزمەتكردن بەكەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگە و هەمووشى لەبوجەى گشتى ئەو میللەتە براوە . كەلەدەقى ڕاپۆرتەكەدا هاتووە و ئەڵێ ....
لەسەر فەرمانى دەزگاى چاودێرى دارایى گشتى ژمارە (20 / 12 / 33) لە 28 / 2 / 2009 دەست بەكاربوون و ئەڵێ ..... ئەم دەزگایە مانگانە (870000000) (هەشت سەد و حەفتا ملیۆن دینار لەخەزێنەى ناوەندى فەرماندەیى گشتى وەردەگرێ بەڕەزامەندى دلێرى سەید مەجید .
لەماوەى 1 / 1 / 2008 تا 31 / 12 / 2008 بڕى (10298300700) دینار (دە ملیار و دوو سەد و نەوەد و هەشت ملیۆن و سێ سەد هەزار و حەوت سەد دینار وەرگیراوە .
لەبڕگەى پاش ئەمەدا كەبڕگەى خەرجیەكانە لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە و ئەڵێ ....
لە 1 / 1 / 2008 تا 31 / 12 / 2008 بڕى (9065661750) دینار (نۆ ملیار و شەست و پێنج ملیۆن و شەش سەد و یەك هەزار و حەوت سەد و پەنجا دینار بۆ مەبەستى خەرجى گشتى سەرفكراوە .
لەبڕگەى تێبینیەكاندا لیژنەكە لەڕاپۆرتەكەیاندا ئەنووسن بڕى بوجەى تەرخان كراوى ئەم دەزگایە لەخەزێنەى ناوەندى هێزى پێشمەرگە بڕى (870000000) هەشت سەد و حەفتا ملیۆن دینار وەرئەگرێت ، بەڵام ئەوەى جێگاى سەرنجە هیچ مانگێك ئەم بڕە پارەیە هەمووى سەرف ناكرێ و بڕێكى لێ ئەمێنێتەوە بەبێ ئەوەى بچێتەوە سەر ڕەسیدى مانگانەیان و دووبارە بۆیان خەرج بكرێتەوە .
واتا تەنیا لەماوەى یەك ساڵدا بڕى (1232638950) دینار (یەك ملیار و دوو سەد و سى و دوو ملیۆن و شەش سەد و سى و هەشت هەزار و نۆسەد و پەنجا دینار) دزراوە و براوە .
جگەلەمە دەزگاى تەندروستى پێًشمەرگە یەكێكیشە لەو دەزگایانەى كەلەژمارە 131 ى گۆڤارى لڤین دا ناوى هاتووە دەڵێ ...
دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە یەكێك بووە لەو هەشت دەزگایەیى یەكێتى كە 500 ملیاریان لەبوجەى گشتى ئەو میللەتە بردوە ...
هەروەك چۆن سكرتاریەتى تاڵەبانى دەڵێ شێركۆ و دەزگاكەى سەردەم زۆر لەوە زیاتر دەهێنن و لەكۆنگرەى حزبیش جەنابى شێركۆ حزوری دەبێ بەهەمان شێوە ساڵى پاریش كاتێك جەلال تاڵەبانى عێراقچى لەگەڵ تاهیر هەورامى و ڕێكەوت و ژمارەیەك دكتۆر دانیشت بوو لەسلێمانى ووتبووى ئەوەى لەبارەى حەمەخۆشناوەوە دەیڵێن دوورە لەڕاستى و ئەوە دكتۆرى منە كاكەى خۆشناو ، بەهەمان شێوەى شێركۆ دیمان چۆن ئەویش لەكۆنگرە لەڕیزى پێشەوە بوو و هاوشانى عومەر فەتاحە دز و گەندەڵە شەریكەكەى چۆن لێیى دانیشت بوو ...
كاك شوان چۆن دەفەرمووێ و دەڵێ بڕۆن لەحوسێن عارف پرسیار بكەن ؟ ئێمەش بەهەمان شێوە دەڵێین بڕۆن لەو هەموو دكتۆرە بەڕێزە پرسیار بكەن كەبەلێشاو نەخۆشخانەكانى شۆڕشیان جێ هێشتووە ؟ بڕۆن لەو هەموو كارمەندە تەندروستیى و ئەفسەرانە بپرسن ؟ بڕۆن لەو پاسەوانانەى سەرۆكى پێشووى دەزگا بپرسن كەوا ئێستا بە دەساڵ زیندانى حوكم دراون كەچى گوزراوە لەنەخۆشخانەكانى شۆڕش و دەزگاى تەندروستى بەناو پێًشمەرگەدا....
هەروەها ئەم دەزگایەش هاوشانى سەردەم ساڵانە پارەیەكى خەیاڵى وەهمى زۆرى بەناوى چارەسەرى دەرەوە و لیژنە و میواندارى دزراوە و براوە كەلەڕاپۆرتەكەدا ئەمە ڕوونكراوەتەوە كەبەپێیى سندى قیدى ژمارە 5 لە 24 / 4 / 2008 پارەیەكى خەیاڵى زۆر بەو ناوە براوە بەبێ ئەوەى ئاماژە درابێ بەمیواندارى دكتۆرەكان و ژمارەى میوانەكان و دەعوەتەكان و ناوەكان ڕوون كرابێتەوە ؟ .
بەڵێ خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ....
بڕۆن و سەیر بكەن و بزانن ساڵانە چۆن منداڵ و كەسوكار و هاوسەرانى بەرپرسانى یەكێتى لەڕێگەى نەخۆشخانەكانى شۆڕشەوە بە ناوى چارەسەرى بەدرۆوە سەفەرى دەرەوەیان پێ ئەكرێ ؟ ((پێش پڕۆسەى ئازادى عێراق بۆ بەغدا و ئێستاش بۆ ئوردن و تاران و ئەوروپا)) واتا هەر بەناو بۆ كەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگەیە ، وەتامنداڵى شەهیدێك چارەسەر ئەكرێ سەدان نەخۆشى عیادەى دكتۆرەكان ئەنێردرێنەوە بۆ نەخۆشخانەكانى شۆڕش ؟ سەدان كادیرى فاشیل و دۆڕاوى ڕێكخستنەكان لەسەر حسابى كەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگە لەنەخۆشخانەكانى شۆڕش چارەسەریان بۆ ئەكرێ .
بەڵێ هاوشانى شێركۆ بێكەس ، خۆشناویش هەر خۆى هەموو كارێكى كردووە وەك سەرۆكى دەزگا بەبێ گەڕانەوە بۆ ستافى دەزگا تەنانەت لەڕاپۆرتى چاودێرى دارایشدا ئەمە هاتووە ...
كە محەمەد خۆشناو سەرجەم خەرجیەكانى بەشێوەیەكى سەربەست ئەنجام داوە لەجۆر و بڕ و نرخدا پێشتر دەرخستەى بۆ نەكردوە و ڕەزامەندى پێش ئەنجامدانى خەرجى لەسەر وەرنەگیراوە ، تەنانەت ڕەزامەندى ئیدارەى هێزى پێشمەرگە و دلێرى سەید مەجیدیش وەرنەگیراوە ((دز دزى لەدز كردوە ، سەدان ملیۆن دینار بەم شێوە براوە)) ، بەپێی مستند سەرفى ژمارە 286 لە 8 / 9 / 2008 ، مستند قیدى ژمارە 1 لە 28 / 12 / 2008 ، مستندى سەرفى ژمارە 87 لە 4 / 5 / 2008 ، مستند قیدى ژمارە 50 لە 23 / 12 / 2007 ، مستند قیدى ژمارە 171 لە 29 / 6 / 2008 ، مستند قیدى ژمارە 48 لە 17 / 12 / 2008 لەگەڵ بەڵگەى دزى و گەندەڵى دەیان مستند قیدى تر كەسەدان ملیۆن دینارن ...
هەروەها هاوشێوەى سەردەم سەرجەم ئامێر و كەلوپەلە ملیۆن دۆلاریەكانی دەزگاى تەندروستى لەلایەن براى سەرۆكى دەزگاوە هێنراون ((وریا قادر خۆشناو)) كەهەموویان ئامێرى سینى لەكاركەتوون و بەچەند هەزار دۆلارێك هێنراون كەچى بەملیۆنان دۆلار لەسەر حكومەت كردوویانەتە ماڵ كەلەڕاپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایدا ئەمە هاتووە و هەر بۆ نمونە و بیرخستنەوەى هەموو لایەك لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە و ئەڵًێ ....
((ئامێرى قەستەڕەى دڵ بەبڕى یەك ملیۆن و شەش سەد و پەنجا هەزار دۆلار كڕاوە بۆ نەخۆشخانەى قەلاچۆلان و بۆ ماوەیەكى زۆر لەبەر باران بووە لەبەرنەبوونى شوێنى گونجاو بۆ دانانى ئەم ئامێرە دواتر بەبڕیارى بەڕێز دلێرى سەید مەجید ئەم ئامێرە بەخشراوە بەڕێكخراوى منداڵپارێزى كوردستانى هێرۆى برایم ئەحمەد ئەمە جگە لەو هەموو ئامێرانەى تر كەلەكاركەوتوون و بەسەدان ملیۆن دۆلاریش كڕاون و لەگەنجینە كەوتوونەتەوە و هێڵراونەتەوە ..)) ...
هەر لەم بارەوە لیژنەكە زیاتر ئەنووسێ و ئەڵێ ...
((ئەو ئامێرانەى بۆ ئەم نەخۆشخانەیە (مەبەستى شارى پزیشكى قڕگەیە) كڕاون زیاد لەساڵێكە و مەزندە دەكرێت بەچەندان ملیۆن دۆلار كەلەكاتى كڕینیدا پێویست نەبوون و ماوەیەكى زۆرە بەبێ بایەخ و زانیارى لەگەنجینە ماونەتەوە واتا مەبەست خەرجكردنى بڕى پارەكە بووە نەك پێویست بوون بە ئامێرەكان كەجێگاى سەرنجمانە)) ..
هەر بۆڕوونكردنەوەى زیاترى هەمان بابەت لەڕاپۆرتەكەدا لیژنەكە تێبینى ترى خستۆتە ڕوو و دەڵێ ....
((پێش ئەوەى شوێنى بەكارهێنانى ئەو ئامێرانە ئامادە بكرێت ئەو ئامێرانە كڕاون ، كەبەبڕواى ئێمە بەهۆى مانەوەى ئامێرەكان لەگەنجینەدا بۆ ماوەیەكى درێژ بۆتە هۆى تێپەڕینى ماوەى یاسایى بەستنى ئامێرەكانیش لەلایەن كۆمپانیایى ئامادەكارەوە هەر بۆیە بەستنى ئەو ئامێرانە ناكەوێتە ئەستۆى كۆمپانیاكان لەمەودوا)) .
یەكێكى تر لەو خاڵە هاوبەشانەى نێوان ئەم دوو دەزگا دز و گەندەڵ و بۆگەنە ئەمەیە كەلەدەزگاى تەندروستیش پارەیەكى خەیاڵى زۆر بەناوى چاكردنەوەى سەیارە و كڕٍینى سەیارە و وەفد و خول سەرفكراوە جگەلەو هەموو سەیارە لەكاركەوتووانەى بنەماڵەى سەرۆكى دەزگا كەبەپارەى خەیاڵى بەدەزگاى فرۆشتوونەتەوە بەپێیى مستند سەرفى ژمارە 2 لە 30 / 9 / 2007 كە بیست و شەش ملیۆن و هەشت سەد و نۆزدە هەزار دینارە ، لەگەڵ هەموو مەسروفاتێكى سەیارەكانى خۆیان كەهەر لەڕاپۆرتەكەدا ئەڵێ ...
یەك ملیۆن و شەش سەد و هەشتاو حەوت هەزار دینار بەمستندى سەرفى ژمارە 215 لە 28 / 7 / 2008 خەرجكراوە بۆ مەبەستى جوانكارى ئۆتۆمبیلى ژمارە 1 ى تەندروستى تایبەت بەلێپرسراوى دەزگا دكتۆر محەمەد خۆشناو .
هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئەڵێ ...
یەك ملیۆن و سێ سەد و حەفتاوهەشت هەزار دینار بەپێیى مستندى سەرفى ژمارە 73 لە 22 / 4 / 2008 خەرجكراوە بۆ مەبەستى كڕینى یەك سێتى كۆمپیوتەر بۆ كلینكى ڕاوێژكارى شۆڕش كەتایبەتمەندى لێپسراوى دەزگا دكتۆر محەمەد خۆشناو بووە و هیچ پەیوەندیەكى بەدەزگاى تەندروستى پێشمەرگەوە نەبووە .
لەهەمووى سەیرتر چۆن لەدەزگاى سەردەم سێ بەناو ڕۆشنبیرى كورد هاوشانى سكرتاریەتەكەى جەلال تاڵەبانى كەوتنە داكۆكى كردن لەدزى و گەندەڵیەكانى شێركۆ بێكەس ، بەهەمان شێوە لەدەزگا تەندروستیە دز و گەندەڵ و بازرگانیەكەى تەندروستى پێشمەرگەش دەیان دكتۆرى وەزن قورسى وەك تاهیرهەورامى و ڕێكەوت و تەها مەحوى و قەلەندەر كەسنەزانى و چڵكاوخۆرەكانى وەك جەبارى سەندیكا و دكتۆر سەعیدى ڕانیەیى دەزگاى زانیارى قڕگە و دەیانى تر ئەمڕۆ كەوتوونەتە داكۆكى كردن و شاردنەوەى دزى و گەندەڵى و كارە ئابڕووبەرەكانى حەمەخۆشناو كەئەوەتانێ بەدەیان بەڵگە تەنها دزى و گەندەڵیەكانى ساڵێكى ڕوونكراوەتەوە كەچ كارەساتێكە بۆخۆى ؟ ئەى ئەبێ ئى ماوەى پۆستى وەزیرایەتى چەندبێ جەنابى ئەل دكتۆر تاهیرهەورامى و فەخامەتى ئەل دكتۆر ڕێكەوت حەمە ڕەشید ؟ ..
خاڵە هاوبەش و لێكچووەكانى نێوان ئەم دوو دەزگایە گەلێك زۆرن نازنین باسى كامیان بكەین باسى كڕینى ئامێر و كەلوپەلەكان كەهاوشانى سەردەم هیچ مەرجێكى یاسایان نیە ؟ یان باسى ئەوەى كەشێركۆ چۆن نامەى شەرم ئابڕووانەى ئاڕاستەى كاك جەلالى سام ئاغا كردوە حەمەخۆشناویش چۆن و بەهەمان شێوە كاتى خۆى ئەویش حاجى شاخەوان خۆشناوى ساختەچى بڕاى ئاڕاستەى كاك جەلال كردوە تابەهەموو عەقڵى گەوجانەى خۆیان لەڕێگەى دەعوەت و دانیشتن و درۆ و ساختەیى جەنابى كاك جەلال لەخشتەبەرن و ڕاپۆرتەكانیان بۆ دیزە بەدەرخۆنەكا ؟ یان باسى ئەوەى چۆن چاپخانەى سەردەم چوار ملیۆن دۆلارى تێچووە لەسەر گیرفانى بەرهەم ساڵح كتێبیان چاپ كردوە چۆن لەدەزگاى تەندروستیش بەهەمان شێوە دەیان ملیۆن دۆلار بەناوى كڕینى ئامێرى پزیشكى گران بەهاوە سەرفكراون كەچى بەئامێرەكانى وەزارەتى تەندروستى كارەكانیان ڕاى كردووە ؟ یان باسى چاكردنەوەى ئەو هەموو ئامێر و كەلوپەل و هێنانى دەرمان و پسوڵەى نەخۆش و داهات و كێشانەى تربكەین كەلەسەر وەزارەتى تەندروستیى بۆیان دابین كراوە ؟ یان باسى ئەو هەموو كارمەندانەى كەوا چۆن و لەسەرچى لەنەخۆشخانەكانى شۆرش دەركراون و نەقڵ و فەسڵ كراون ؟ یان باسى بیناكانى نەخۆشخانەكانى شۆرش كەبەسەدان ئامێرو ئیسعاف و كەلوپەلەوە كراون بەموڵكى یەكێتى و تاپۆى فەرماندەیى گشتى لەسەرووى هەمووشیانەوە شارى پزیشكى قڕگە و نەخۆشخانەكانى ترى شۆرش وەك نەخۆشخانەى شۆرشى شارەزوور و قەلاچۆلان و چوارقورنە و گەرمیان و.. هتد كەهەموویان بیناى حكومین و لەسەر بوجەى حكومەتى هەرێم و وەزارەتى تەندروستى دروست كراون و كراون بەموڵكى یەكێتى و لەسەر دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە و فەرماندەیى گشتى و كۆمپانیایى نۆكان تاپۆكراون ؟ یان باسى ئەو سەدان ئوتۆمبێل و ئیسعافەى كە موڵكى وەزارەتى تەندروستى و حكومەتن كراون بە موڵكى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە و بەفەرمانێكى ڕاستەوخۆى ئەوساى دكتۆرمحەمەدخۆشناو سەرجەم ڕەقەمى سەیارەكانیان لەڕەقەمى شینى وەزارەتى تەندروستیەوە گۆراون و لێكرانەوەو كراون بە ڕەقەمى سەوزى تایبەت بە دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە بەبێ گەڕانەوە بۆ پرەنسیب و بڕیارەكانى هاتوچۆ و وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى تەندروستى و حكومەت و پەرلەمانەوە ، كەبەسەدان ئۆتۆمبێل و ئیسعاف ڕەقەمەكانیان گۆڕاوە و كەسیش نوقەى لێوە نەهات . ئائەمەیە حكومەت و ئیدارە ، ئائەمەیە سەروەرى یاسا و قانوون ، دكتۆرێك بەئارەزووى خۆى سیاسەتى ئابورى و تەندروستى و قانوون بۆ خەڵك و حزب و حكومەت دابرێژێت ؟ .
ئێوە بڵێن خوێنەران لەكام سەردەم و حكومەت و دەسەڵاتێكى دیكتاتۆرانەدا غەیرى دەسەڵاتى پارتى و یەكێتى نەبێت شتى وا هەبووە و بووە ، دكتۆرێك دەیان نەخۆشخانەى حكومى خزمەتگوزار و سەدان ئوتومبێل و سەدان ئیسعاف و سەدان ئامێر و كەلوپەلى تەندروستى كەبەبوجە و پارەى ئەم میللەتە كڕاون بكات بەناوى حزب و ئیدارەى حزب و لەسەر حزب و كۆمپانیاى نۆكان تاپۆیان بكات ، لەكاتێكدا بەبەرچاوى هەموو خەڵكى كوردستان و حكومەت و ئیدارەوە ئەم نەخۆشخانانە هەندێكیان لەسەر بوجەى بڕیارى 986 و لەسەر بوجەى وەزارەتى تەندروستى و بوجەى ئەو میللەتە دروستكراون و بەكون فەیە كونێك كراون بەكەرتى تایبەت و شەخسى و حزبى ؟ نازانین باسى چى بكەین ؟ باسى بردنى ئەو هەموو پارەیە بكەین كەلەڕێكخراوى یونیسێف وەریان گرت و بردیان ؟ ((دكتۆرمحەمەدخۆشناو هەر سەرەتا كەبوو بەوەزیرى تەندروستى لە ئیدارەى پێشووى سلێمانى پارەیەكى زۆرى وەرگرت لە ڕێكخراوى یونیسێف بۆ دكتۆر و كارمەندانى تەندروستى ، چونكە ئەوكات ڕێكخراوى یونیسێف لە كۆتایى ساڵى 2002 بوو بڕیاریدا كەوا یارمەتى 3 مانگ بدات بە دكتۆر و كارمەندانى تەندروستى كە بڕەكەى لە نێوان 250 تا 500 دۆلار دابوو ، كە لیستەكان ڕێكخران بۆ ڕێكخراوى یونیسێف نزیكەى 6000 پزیشك و كارمەندى تەندروستى سوودمەند بوو لەو بڕە یارمەتیەیى ڕێكخراوى یونیسێف ، بەڵام بەرلەناردنى ناوەكان دكتۆرمحەمەدخۆشناو بڕیاریدا ووتى ئەو ناوانە زیادبكەن بۆ 10000 هەزار ناو ، ئەو ناوانەى كە زیادكران ناوى وەهمى بوون و ئیمزاى تەزویریشیان بۆكرا و نێردرا یۆ ڕێكخراوى یونیسێف ، كە پارەكە هات خۆشناو دەستى گرت بەسەر ئەو پارەیەیى كە بەناوى ناوە وەهمیەكانەوە وەرگیرابوو و خستیە ژێر كۆنترۆڵى خۆیەوە و دوایى بەئەسپایى بۆ گیرفانى ، بێ ئەوەى یەك وەسڵ بكات بۆ سەرف كردنى یان بخرێتە خەزێنەى دەوڵەت و حكومەتەوە كە نزیكەى 150000 سەدوپەنجاهەزار دۆلار بوو ، تەنانەت پارەى ئەوانەشى نەدا كەمۆڵەتى دایكایەتى و نەخۆشیان هەبوو)) یان باسى بردنى ئەو 150 دەفتەر دۆلارە بكەین كەلە 59 پاسى بە ئیسعاف كراودا بردیان و خواردیان ((بڕۆن سەیرى ژمارە 137 ى ڕۆژنامەى ڕۆژنامە بكەن)) ..
بەڵێ خوێنەرانى بەڕێز ...
جەنابى دكتۆر محەمەد خۆشناو تەنها لە پاسە بە ئیسعاف بووەكاندا كە ژمارەیان 59 پاسى بە ئیسعاف بووە ، زیاتر لە 150 دەفتەر دۆلار ئەبات و قازانج ئەكا ؟؟ ئەى ئەبێت لە هێنانى ئامێرى تەندروستى سینى بە ئەڵمانى كراودا ، لە هێنانى كەلوپەلى پزیشكى و دەرمان و مقاوەلاتى بینا سەقەتەكانى وەك بنكەى تەندروستى و نەخۆشخانەكاندا ، لە ئەنفلەوەنزاى باڵندەدا چ گەندەڵیەكى كردبێت و چ بوجەو پارەیەكیان لەگەڵ عومەرى كوڕى فەتاحدا خواردبێت و بردبێت؟ كە پاسیان كرد بە ئیسعاف و لە هەر پاسێكا 26 هەزار دۆلاریان خستە تەنگەى باخەڵیانەوە ؟ لەگەڵ دەیان یان و یانى تر لەسەرووى هەموویانەوە دزین و بردنى ئەو هەموو پارە زیادەیەیى سێكتەرى تەندروستى لەبڕیارى 986 كەدرا بەوەزارەتى تەندروستى و ئیدارەى سلێمانى .... هتد .
بەڵێ خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ..
ئەوەتا شێركۆبێكەس خۆى ناوەرۆكى ئەو نووسینەى ئێمە پشت ڕاست ئەكاتەوە ...
شێركۆ بێكەس نەى شاردۆتەوە كەلەگەڵ دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە یەك كار و ئەركیان هەبووە و بوونەتە هاوكارى یەكتر و سەردەم بووە بەدەزگاى تەندروستى پێشمەرگە و خۆیان ئەم لێكچوواندن و نووسینەى ئێمە پشت ڕاست ئەكەنەوە ...
شێركۆ نووسیویەتى گەلێ جار یارمەتى ئەو هاوڵاتیانەمان داوە كەنەخۆش بوون و پێویستیان بەسەفەرى تاران هەبووە بەتایبەت كەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگە ((واتا لێرە شێركۆ بۆتە سەرۆكى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە بەوەكالەت بەڵام هەر لەناو دەزگاى سەردەم كارەكانى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەى ڕاپەڕاندووە)) .
هەروەها چۆن شێركۆ بێكەس گوتوویەتى ئەو هاوكاریانە بەناوى شەخسى خۆمەوە دێن نەك بەناوى سەردەم و ئەنجومەنى سەردەم ، ڕێك هەمان كارەسات و نەهجى ئیش كردن و لێدوان لاى حەمەخۆشناویش هەیە ، ئەمیش كاتێك ئەو هەموو ئامێر و كەل و پەل و دەرمانانەى كەلە گومرگ و بازگە و خاڵە سنووریەكان دەستى بەسەر دائەگیرا كاتێك بەقاچاغ ئەبران بۆ ئێران كەدەستیان بەسەر دائەگیرا لەلایەن ئیدارەى ئەوساى سلێمانیەوە ئەكرانە دیارى و ئەبەخشرانەوە بەنەخۆشخانەكانى شۆڕش ، حەمەخۆشناو هەموو ئەو ئامێرو كەلوپەلانەى جیائەكردنەوە و یەكسەر ڕاوانەى دێكەى خۆیانى ئەكردەوە لەخۆشناوەتى و دواتر لەلایەن براكانیەوە ئەبرانە بازاڕى ڕەش و ئەفرۆشرانەوە دواتر حەمەخۆشناو زۆر بێ منەتانە بەهەمان نەهج و زمانى شێركۆ ئەیگووت ئەمانە بەناوى منەوە هاتوون نەوەك بەناوى شۆرش بۆیە مافى خۆمە هەرچیەكیان لێ بكەم ((پاسەوانە حوكم دراوەكانى دانیان بەهەموو ئەمانەدا داناوە)).
حەمەخۆشناو هاوشانى شێركۆ جگەلەوەى بەوەزیر خانەنشینە مووچەیەكى ترى لەفەرماندەیى گشتى هەیە لەگەڵ مووچەى ژمارەیەك پاسەوان و تەنانەت مەسروفاتى بنەماڵەكەشى لەسەر نەخۆشخانەكانى شۆڕش بوو ، هاوشانى شێركۆ مانگانە دەیان ملیۆن دینارى لەنەسریەیى دەزگاى ئەبردەوە و هاوشانى شێركۆش جگەلەوەى زەوى بۆ خۆیى بۆ كوڕەكانى براكانى ئامۆزاكانى چڵكاوخۆرەكانیشى وەرگرتووە ، گشت خزمەكانى هەولێر و كۆیە و خۆشناوەتیشى لەسەر دەزگاى تەندروستى و نەخۆشخانەكانى شۆڕش دامەزراندوە و مووچە و زەوى بۆ وەرگرتوون ، لەگەڵ دەیان حاڵەتى ترى وەك بڕوانامەى تەزویر و نەجمە و پۆست و كەلەڕاپۆرتەكانى چاودێرى دارایدا بەتەفاسیلى ئەمانە هاتوون و باسكراون .
بەڵێ خوێنەرانى كوردستانپۆست ...
ئەمەیە كارەسات ئەمەیە وەك ئەڵێن دكتاتۆرەكان لەدایك نابن بەڵكو دروست ئەكرێن بەڵام ئەوەتا یەكێتیش دەیان و سەدانى وەك شێركۆ بێكەس و دلێرى سەید مەجید و عومەرفەتاح و ئازادجوندیانى و مەلابەختیار و هێرۆ و حاكم قادر و دكتۆر محەمەد خۆشناوى نەوەك هەر دروست كردوون بەڵكو كردونیەتە كەڵەگا بەسەر خەڵك و نوخبەى ڕۆشنبیر و بەسەر كارمەندانى حكومەت و تەندروستیدا بەسەر هەموو ئەوانەوە كەلەئەوان دڵسۆزتر و ماندوو تر و خاوەن خەبات و تێكۆشەرترن.
چەندى بینووسین و باسى بكەین تەواو نابێ ئەمە كۆى دزى و گەندەڵیەكانى ئەم دەزگایەیە لەماوەى چەند ساڵێكدا ئەى ئەبێت لەماوەى هەموو تەمەنى نەخۆشخانەكانى شۆڕش كە دوانزە ساڵە ئەبێت چى كرابێت و چى گوزەرابێت ئێوە خۆتان بڕیار بدەن ؟ .
لە كۆتایدا هەر ئەوەندە هەیە كە دووبارە و هەزارجاربارە بەناوى هەموو ئەو كارمەندە تەندروستیانەى كەئێمە بەنوێنەرى خۆیان ئەزانن پڕبەدڵ دەستخۆشى لەكوردستان پۆستى خۆشەویست بكەین بۆ دەرخستنى ڕووى ڕەشى زیاترى گەندەڵیەكانى كەرتى تەندروستى و هەموو بەرپرسە گەندەڵەكانى ترى ئەم مەملەكەتە گەندەڵستانە بەو هیوایەیى لەنزیكترین دەرفەتدا بكەونە بەر ڕقى پیرۆزى گەل و هەرچى سەروەت و سامانى ئەم میللەتە هەژارو داماوە هەیە كەدەستیان بەسەردا گرتووە بیگەڕێنینەوە بۆ خەزێنەى میللەت .
گروپى چیایى كوردستانپۆست .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە