بۆ رای گشتی وجەماوەری كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستوری کوردستان...

Thursday, 25/06/2009, 12:00

2339 بینراوە


ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان پێمان وایە داڕشتنی دەستوورێكى دیموكراتى دەبێتە بنەمایەك بۆ جێگیركردنی سیستەمی دیموكراتی بە پێچەوانەوە داڕشتنی دەستورێكی نادیموكراتی یاخود نیوە چڵ دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم سەقامگیربوونی بنەماكانی دیموكراتیدا و ئەمەش كارێكی تر بۆ تێكۆشەرانی دیموكراتی زیاد دەكات، ئەویش گۆڕینی دەستوورە. لەهەمان كاتدا پێمان وایە چەندە بوونی دەستوورێكی دیموكراتی گرنگە، لەوە زیاتر هۆشیاری دەستووری و یاسایی گرنگە. چونكە هاوڵاتیەكی هۆشیار لەروویی یاساییەوە وئاشنا بەئەرك ومافەكانی دەتوانێت باش ئەو ئەركانەی جێبەجێ بكات كەدەستوور بۆی دیاری بكات یاخود دەكەوێتە سەرشانی، شانبەشانی ئەمە لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەكانیشیدا تێكۆشان بكات. لەم كاتەدا كە پەرلەمانی كوردستان دەستووری هەرێمی كوردستان پەسەند كرد و بەنیازن بیخەنە دەنگدانەوە ولەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان وسەرۆكی هەرێمی كوردستاندا ریفراندۆمی لەسەر بكرێت وئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دەخوازن دەستوورەكە لەلایەن گەلەوە پەسەند بكرێت. ئێمەش بەئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە خاوەنی هەڵویست بین. چونكە لەرابردوو وئێستاشدا ئێمە لایەنێك بوین لەو لایەنانەی كە هەمیشە نەبوونی دەستوورێكی دیموكراتیمان لەهەرێمی كوردستاندا رەخنە كردووە ویەكێك لەو خاڵانەی وەكو ئەرك بۆ خۆمانمان دانا بوو لەكاتی هەڵبژاردندا و جێگیریشمان كردبوو لەبەرنامەی لیستی هیوا دا كاركردن بوو بۆ داڕشتنی دەستوورێكی دیموكراتی ـ پێشتریش كە پرۆژەی دەستووری هەرێم خرایە ناوگفتوگۆوە ئێمە تێڕوانینی خۆمانمان بە نووسراوەیی پێشكەشی لیژنەی پێداچوونەوەی دەستوور وراگەیاندنەكان ورای گشتی كرد. ئەو رەشنووسەی دەستوور كە 22-6-2009 بڵاوكرایەوە و 24-6-2009 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كرا تا رادەیەك تێبینی و پێشنیارەكانی ئێمەو لایەنەكان ورێكخراوەكان و كەسایەتی وراگەیاندنەكانی تێدا رەچاو كراوە، بەڵام زۆر لایەنی هەیە كە بە پێوانەی دیموكراتی پێوانەی بكەین، ناكۆك دەبێت. هەر لە بەر ئەوە داوا لەپەرلەمان ودەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەمڕەنگە ئەو پرۆژەیە نەخەنە دەنگدانەوە، چونكە ئەگەر پەسەند كرا ئەوا گۆڕینی زەحمەت دەبێت و ئەوكاتە دەبینە خاوەنی دەستوورێكی كرچ وكال و ئەوەی لەمەش بەرپرسیار بێت دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێم دەبێت. هەروەها ئەگەر ئێمە بخوازین داڕشتنی دەستوور ببێتە هەنگاوێكی پۆزەتیڤ بەئاراستەی سەروەری یاسادا ئەوا دەبێت دەرفەت بدرێتە جەماوەرو بەشێوەیەكی باش و لەچوارچێوەی هەڵمەتێكی بەرفراوان وبەردەوامدا ئەم پرۆژەیە بكەینە بابەتی گفتوگۆی ناوجەماوەر و ماددە بەماددەی قسەی لەسەر بكەین، هەتا هۆشیارییەكی یاسایی دروست ببێت، وهاوڵاتیان بزانن دەنگ بەچی دەدەن و بۆچی دەدەن. هەموو لایەك دەزانن ئەمڕۆ ئەوەندە كاتمان بەدەستەوە نییە كە كار بۆ ئەم پرۆژەیە بكەین ولەلایەكی ترەوە بانگەشە ی هەڵبژاردن رێگە نادات جەماوەر سەرنجیان بچێتە سەر دەستوور وئەمەش ریفراندۆمەكە و پرۆژەی دەستووركە بێ واتا دەكات.
لەپێناوی دەرفەت دان بەجەماوەر ولایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كەباش ئەم پرۆژەیە تاوتۆی بكەن و هۆشیارییەك سەبارەت بە دەستوورەكە دروست ببێت وهەروەها لەپێناوی گەڵاڵە كردنی دەستوورێكی دیموكراتدا ، داوا دەكەین كە پرۆژەكە لەگەڵ هەڵبژاردندا نەخرێنە دەنگدانەوە، ئێمە لەئایندەیەكی نزیكشدا تێرۆانینی خۆمان سەبارەت بە ناوەڕۆكی دەستوورەكە دەخەینە روو.

دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
25-2-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە