(یەكێتی و پارتى)، بۆچى لە سەر (مافى ژنان) دژى (گۆڕان و كۆمەڵى ئیسلامى و یەكگرتوو) دەوەستنەوە

Monday, 02/11/2009, 12:00

1784 بینراوە


ئەوەى هەموومان لەسەرى كۆكین ئەوەیە كە هەمیشە دەسەڵاتى عەلمانیی لە هەوڵى ئەوەدایە هەموو چەوساندنەوەو ماف زەوتكردنێكى ژنان بخەنە ئەستۆى بەرانبەرەكانیان و خۆیان بێبەرى بكەن، بەڵام ئەگەر بە وردى ئەم بابەتە بخەینە بەر نەشتەر ئەوا بۆمان ڕوون ئەبێتەوە، كە ئەوە یەكێتى و پارتى ن نایانەوێ ژنان بێنە پێشەوەو مافخوارویان ئەكەن، نەك كۆمەڵو یەكگرتوو، مەبەستیشم لێردەا ئەوە نیە بابەتەكە بخەمە چوارچێوەى ئایینەوە چونكە ئەوە لیستى گۆڕانە وەك یەكێتىو پارتى بیر ناكاتەوە.
بە پوختى ئەوەى مەبەستمە ئاماژەى پێبدەم دوایین هەڵوێستى هەردوو حزبە حاكمەكەى كوردستان كە بەرامبەر ژنانو ئافرەتانى كوردستان كردیان، ئەوەش بە دوو خاڵ ڕوون ئەكەمەوە:
یەكەم: بۆچى یەكێتىو پارتىو حزبى سۆشیالیستو زەحمەتكێشانو شیوعىو تەنانەت بزووتنەوەى ئیسلامی ڕازى نەبوون وەزارەتى ژنان دروست بكرێت؟
لە كابینەى ئەمجارەشدا دیسان یەكێـتىو پارتى ڕازى نەبوون بەوەى وەزارەتێك بۆ ژنانو ئافرەتانى كوردستان پێكبهێنرێت، ئەوەش دیارە چەندین مەبەستى شاراوەى لە پشتەوەیە، ئەوان ئامادەن چەندین ملیار دۆلار لە دروستكردنى بینایەى ڕێكخراوە ژنانەییەكانى خۆیاندا سەرف بكەن، بەڵام تەنها لەو چوارچێوەیەدا، ئەگینا هەر ئەو دوو حزبەن كە تا ئێستا ئامادە نین ڕێژەیەك لە سەركردایەتى حزبەكانیاندا بدەنە ژنان، چى جاى ئەوەى بێن خەمى ژنانى پاشماوەى ئەنفالو كیمیابارانو ژنانى لێقەوماوى كوردستان بخۆن، ژنانى جەرگ سوتاوى شەڕى ناوخۆ..
لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەى یەكێـتىو پارتىو هاوكۆلكەكانیان ئەوە كۆمەڵو یەكگرتوو، لیستى گۆڕان بوون كە دەستیان هەڵبڕىو داواى دروستكردنى وەزارەتێكى تایبەت بە ژنان یان كرد.
دووەم: بۆچى تەنیا 1 ژن بوویە وەزیر، لە كابینەى شەشەمدا؟
پاش ڕاگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەكانى 25ى تەمموزو بردنەوەى زۆرینەى كورسیەكانى پەرلەمان بە تەزویرو خروقات لە لایەن لیستى كوردستانى یەوە ، ئەوان بۆ خۆیان حكومەتى ئەمجارەیان تەشكیل كرد، بۆیەش ئەگەر وەك ئەڵێن لێیان ناگیرێ، بەڵام دیسانەوە ئەوە خەمێكى گەورەى ژنانە، كە بۆچى لە كۆى 19 وەزیر تەنیا 1 كەسیان ژن بێت، كە بە ڕێژەى 33%ى پەرلەمانیش بێت كە هەر خۆیان دایان ناوە ئەوا ئەم تەنیا وەزیر لە ژێر سفرەوەیە، ئەوەش دیسانەوە خوێندنەوەى جیاواز هەڵئەگرێت، كە ئایا لە ناو یەكێتىو پارتیدا تەنیا 1 ژن بە كەڵك هات بكرێتەوە وەزیر، یان ژنان زۆر كەمن لاى ئەوان كە بەو شێوەیە لە بیریان ئەكەن.
لە كۆتاییشدا هیوادارم كە جەماوەرى بەشەرەفى كوردستان بە گشتىو ژنانو ئافرەتان باشتر لە هەڵوێستى ناحەزى یەكێتىو پارتى تێبگەن، لە گەڵ ئەوەشدا ئەو پرسیارەش بوروژێنن كە بۆچى (حزبى سۆشیالیستو زەحمەتكێشانو شیوعىو تەنانەت بزووتنەوەى ئیسلامی) ش ئامادە نەبوون دەنگ بدەنە وەزارەتى ژنان؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە