بۆ ڕاى گشتى.. ژیانى هاوڵاتیان و ژینگەى هەڵەبجەى شەهید لەبەردەم مەرگو ژەهراویبوندایە

Saturday, 17/09/2011, 12:00

682 بینراوە



پاش تێپەڕبوونى زیاتر لە 23 ساڵ بەسەر كیمیا بارانى شارى هەڵەبجەى شەهیدو پاش ئەوەى چەندەها جار دانیشتوانى ئەم شارە شەهیدە ، بەرپرسانیان ئاگادار كردۆتەوە لەمەترسى ژەهراویبونى ژینگەو ژیانى هاوڵاتیان لەپاشماوەى چەكى كیمیاوى پاش كیمیابارانكردنى ئەو شارە لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە لەساڵى 1988، وێڕاى ئەوەى بەردەوام بریندارانى چەكى كیمیاوى ناوبەناو بەهۆى نەبوونى چارەسەرى پێویستەوە بەدەم ئازارەوە گیان لەدەست دەدەن ، لەبەرانبەر خەمساردى حكومەتى هەرێم و گوێ نەدان بەدۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو بۆ ئەم كێشە مەترسیدارە، ئەوەتا جارێكى تر و لەڕێگەى دۆزینەوەى بۆمبێكى كیمیاوى نەتەقیوەوەكە بەڕێكەوت لەلایەن شارەوانى هەڵەبجەى شەهیدەوە دۆزراوەتەوە ، جارێكى تر ژیانى خەڵكى ئەم شارە خێر نەدیوە دەكەوێتە بەردەم مەترسى مەرگو ژەهراویبونەوە ، بەبەڵگەى ئەوەى هەر لەسەرەتاى دۆزینەوەى ئەم بۆمبە چەند كەسێك برینداربوونو تووشى تەنگە نەفەسى و ژەهراوی بوون ئەمەش جارێكىتر بەڵگەیەكى حاشا هەڵنەگرە ، كە خاكو ئاوو هەواى ئەم شارە هێشتا لەمەترسی ژەهراویبوون ڕزگارى نەبووە، لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە كەپاش ئەم چەندەها ساڵەو دەست بەكاربوونى حكومەتى هەرێم هێشتا كەسانى پسپۆڕو شارەزا نى یە بۆ پوچەڵكردنەوەى ئەم بۆمبە كیمیایى یانە هەربۆیە داوا دەكەین لەڕێگەى ئەم بەیاننامەوە كەچى تر حكومەتى هەرێمى كوردستان خەمساردى نەنوێنێ و ئەركو بەرپرسیارێتى بگرێتە ئەستۆى حۆى بۆ جێبەجێكردنى ئەم خاڵانەى خوارەوە:
1- دەست بەجێ تیمێكى پسپۆڕو شارەزا پێك بهێنێ بۆ ڕوپێوكردنى سەرجەم گەڕەكانى هەڵەبجەى شەهیدو ناوچەكانى دەوروبەرى بۆ دۆزینەوەى پاككردنەوەى ئەم شارەلەهەر جۆرە پاشماوەیەكى كیمیاوى
2- تیمێكى ژینگەیى پسپۆڕ پێك بهێنرێ بۆ پشكنینى ئاو هەواو خاكو بەروبوومى كشتوكاڵى ئەم ناوچەیەو ڕێو شوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ پاككردنەوەى ژینگەكەى
3- پێكهێنانى تیمێكى پزیشكى تایبەتمەند بۆ پشكنینى سەرجەم دانیشتوانى هەڵەبجەى شەهیدو چارەسەركردنى بەپەلەى توشبوانى چەكى كیمیاوى، ئەوانەى تائێستا چارەسەر نەكراون.
كۆمیتەى قەزاى هەڵەبجەى شەهید
حزبی شیوعى كوردستان
15/9/201


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە