تێکۆشه‌ری شیوعی مامۆستا ئه‌حمه‌د شیخۆ

Saturday, 09/07/2011, 12:00

1876 بینراوە


مامۆستا ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل ناسراو به‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د شێخۆ رێکه‌وتی 1/6/2011 دڵه‌ گه‌وره‌که‌ی له‌ لیدان که‌وت و ماڵئاوایی له‌ که‌س و کار و هاوڕێ یه‌کانی کرد . عیشقی مامۆستا ئه‌حمه‌د بۆ هه‌ولێر عیشقێکی پیرۆز و گه‌وره‌ بوو.به‌ نه‌خۆشی گه‌رایه‌وه‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خاکه‌که‌ی بخه‌وێت .نووسین دەربارەی خۆشەویستەکی خۆت ئاسان نی یە . قەڵەم بۆی ناکرێت ئەوەی لە دڵدتدا دەخوڵێتەوە بیخەیتە سەر کاغەز و بە دەورو بەرەکەت ئاشنای بکەیت ، من لێرەدا هەوڵدەدەم ئەوەی دەبیتە هەوێنی ئەو نووسینە کە ناگاتە چۆکی مامۆستا ئەحمەد شیخۆ بیخەمە دەرەوە ئەگەرچی لە توانای من دەرچووە کە بتوانم سۆز و هەستم بدرکێنم . ئەوە کۆستێکی گەورەیە تۆ دڵسۆزێکی خۆت لەدەست بدەیت و بزانیت جارەکی تر ئیتر پیی ئاشنا نابیتەوە ، دەربارەی بنووسیت ، مامۆستا ئه‌حمه‌د شێخۆ له‌ ساڵی 1939 له‌ گوندی مێرخوزار له‌ خێزانێکی هەبوون و ده‌وڵه‌مه‌ند له‌دایک بووه‌ ، دەشتی هەولێر قوتابخانەی کەم هەبووە بۆیە سه‌ره‌تا له‌ گوندی دوگرتکان ده‌ستی به‌ خوێندن کرد و پاشان هاتۆته‌ هه‌ولێر له‌ ماڵی باوکم خوێندنی ناوه‌ندی و خانه‌ی مامۆستایانی ته‌واوکرد . گوندی دوگرتکان وەکو ناوەندێکی خوێندن قوتابخانەی هەبووە . لە گوندی مێرخوزار بۆ گوندی دوگرتکان ئاسان نەبووە کە بچیتە قوتابخانە بەڵام خۆشەویستی بۆ خوێندن وای لە مامۆستا ئەحمەد شێخۆ کردووە کە بەردەوام بێت هەتا دێتە هەولێر . مامۆستا ئەحمەد شێخۆ گەلێک جار باسی ئەو قوتابیانەی دەکرد کە لە دەشت هاتبوونە هەولێر و دەیانخوێند وەکو مامۆستایان عومه‌ر شێخه‌ڵلا و محه‌مه‌د سه‌رسپی و حه‌یده‌ر هه‌مزه‌ و فه‌رهاد دوگرتکانی و له‌شکری یابه‌ و لاوکۆ و عه‌بدوڵلا مه‌ولود و سه‌ید مه‌حمود و ئه‌حمه‌د شه‌ریف و عه‌لی هه‌ژار و ئه‌بو زێد و چه‌تۆ حه‌سه‌ن و مه‌ولود جه‌میل و جه‌لیل و خه‌لیل شه‌قڵاوه‌یی و حه‌سه‌ن خۆشناو و جه‌مشید حه‌یده‌ری و عەبدولکەریم حاجی و گه‌لێکی تر که بەداخەوە هەندەکیان ‌ ناویانم له‌بیرکردووه‌ . هەنووکەش نەمزانی کێ بووە هۆی هاندانی مامم بۆ کارکردن لە ریزی حزبی شیوعی عێراق ، بەڵام دیارە شارەزای سیاسەت بووە بۆیە کاتێک ‌ ئه‌من له‌ ساڵانی 1958 و 1959 له‌دایک بوویمه‌ ، مامم ئه‌حمه‌د شێخۆ به‌ناوی دامه‌زرێنه‌ر و سکرتێری حزبی شیوعی عێراق فه‌هد [یوسف سه‌لمان یه‌سف ] ناوی ناوم [فەهد] . هه‌تا هه‌ولێرم به‌جێ هێشت مامۆستا محه‌مه‌د سه‌رسپی شه‌هید به‌ دایکمیی ده‌گووت دایکی یوسف و به‌ خۆشمی ده‌گوت فه‌هدی پڵینگ . ئه‌وه‌ به‌ دیارده‌خات مامم هه‌ر له‌و کاته‌دا هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی شیوعیه‌ت بووه‌ . وه‌کو تێکۆشه‌رێکی شیوعی هه‌ولێر ناوبانگی ده‌رکرد و گەلێک چالاکی نواندووە بە تایبەت لە یەکێتی نه‌قابه‌ی مامۆستایان ده‌ورێکی باشی گێراوه ‌. قوتابی یەکانی بە ڕیزەوە سەیریان دەکرد و هەردەم خۆی بە هاوڕێ و برادەرانی گەنجان دادەنا ئیستاکە هەندک لەو قوتابیانە بوونه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز . مامۆستا ئەحمەد شێخۆ یەکەمجار له‌ گوندی گردعازه‌بان و ئۆمه‌راوه‌ مامۆستایی کردووه‌ و پاشان هه‌ر له‌ هه‌ولێر لەسەر پیشەی مامۆستایی به‌رده‌وام بووه‌ لەناو خەڵک خۆشەویست بووە و بەشداری خۆشی و ناخۆشی کردوون . لە باخچەی ماڵەکەی لە گەڕەکی ڕۆناکی گفتوگۆی کوردایەتی و سیاسەت دەکرا بەتایبەت ئەو کاتەی چاڵاکی ئەندامانی مەلایی و جەلالی [هەردووباڵی پارتی] و شیوعی لە کوردستاندا هەبوو ، من بۆخۆم گوێگری گەلێک باس و خواستی سیاسەت و کۆمەڵایەتی ئەوکاتە بوویمە. بەراستی بەرەی یەکگرتووی سیاسەت لەوکاتەدا لە ماڵی مامۆستا ئەحمەد شێخۆ بووە . هەر هەموو ئەو سیاسیانە بەبێ گوێ دانی بیروباوەڕ دڵسۆز و خۆشەویستی یەکتر بوون . ماڵی مامۆستا ئەحمەد شێخۆ شوێنی شیوعی یەکان بووە بۆ کاروچاڵاکی لە دژی رژێمی فاشی بەعس و هەر لەوێش پیلانی ڕاپەڕین و چالاکیەکان رێک دەخرا . لەتەک مامۆستا ئەحمەد شێخۆ دایکی هەژاری هاوسەری دەورێکی چاڵاکی دەنواند بۆ گواستنەوەی بەریدی حزبی و هاوڕێ یان . مامۆستا ئەحمەد شێخۆ کە هاتە سوێد لە بڕی ئەوەی بحەسێتەوە و ئێش و ئازاری رژێمی بەعس لەبیرخۆی بباتەوە و بیرەوەری یەکانی بۆ نەوەی تازە بنووسیتەوە توشی نه‌خۆشی هات و چه‌ند جارێک جه‌ڵته‌ی مێشک دووچاری هات و یادگاری یه‌ شیرین و تاڵه‌کانی ڕه‌شکرده‌وه‌ و جارجاره‌ به‌ زه‌حمه‌ت ئێمه‌ی ده‌ناسیه‌وه‌ . خۆشەویستی وڵاتەکەی وای لیکردبوو کە ئەو مردن بمرینیت و لە سوید گۆڕغەریب نەبێت بۆیە بە پێی خۆی گەراوە تاوەکو لە تەنیشت باب و دایک و براکانی بۆ یەکجاری چاوەکانی بخاتە سەر و ماڵئاوایی لە هاوڕێ کانی بکات و تێر تێر لەباوەشی پیرە هەولێر بحەسێتەوە . مامۆستا ئەحمەد شێخۆ ماڵئاوایی لە هاوسەری ژیانی [مامۆژنم عەیشان] و هەژار و بەختیار و ڕێزان و زۆزان و سازان کرد .
چەپکە گوڵێک بۆ سەر گڵکۆی مامۆستا ئەحمەد شێخۆ .
  9/7/2011ستۆکهۆڵم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە