پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات بکەن بە گۆمی خوێن


له‌كفری، ته‌قه‌كردن له‌پۆلیس‌و ئاسایش بووه‌ته‌ مۆدێل

Wednesday, 01.13.2010, 12:00

934 بینراوە


■ ئا: ئیحسان مەلا فوئاد
ته‌قه‌كردن له‌هێزه‌كانی‌ پۆلیس‌و ئاسایش له‌ شارۆچكه‌ی‌ كفری، خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی‌ بۆ هه‌ندێ‌ له‌كه‌سانی‌ ئه‌و هێزانه‌ دروست كردوه‌. به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاسایش له‌ كفری‌، زۆربه‌ی ئه‌و كرده‌وانه‌ی‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت "هه‌ر ئه‌و كه‌سانن كه‌ له‌لایه‌ن یاساوه‌ داواكراون، كاتێك هێزه‌كانمان ده‌چن بۆ ده‌ستگیركردنیان، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پله‌‌و پایه‌یان هه‌یه‌، یاخود كه‌سی‌ نزیكی‌ هه‌ندێ‌ به‌رپرسن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌و هه‌ندێ‌ جار ته‌قه‌شمان لێده‌كه‌ن".
سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئاسایش باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كه‌سێك شه‌ڕی كردوەو،‌ ئه‌وانیش كاتێك چۆن بۆده‌ستگیركردنی‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ خۆی نه‌داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌قه‌ی‌ لێكردوون ئه‌و وتی‌ "ئه‌و كه‌سه‌ به‌ ته‌قه‌كردن كه‌وته‌ ناومان‌و سواری ئۆتۆمبیله‌كه‌ی‌ بوو رۆیشت بۆ ته‌پۆڵكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی‌ كفری، وه‌كو پێشمه‌رگه‌ی‌ جاران دای به‌ شاخدا، ئێمه‌ش نه‌مانتوانی ده‌ستگیری بكه‌ین، دواتر زانیمان ئه‌و كه‌سه‌ زۆر نزیكه‌ له‌به‌رپرسێكه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ چوو هێنایه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر راده‌ستی‌ ئاسایشی نه‌كرد، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م رووداویش نییه‌، به‌ڵكو زۆر له‌و كرده‌وانه‌ دووباره‌و چه‌ند باره‌ ده‌بنه‌وه‌".
هه‌ر له‌ شارۆچكه‌ی‌ كفری،‌ به‌ وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌پۆلیس، چه‌ندین تۆمه‌تبار هه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ له‌لایه‌ن یاساوه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌یه‌، كه‌چی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناتوانن ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن، هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ وتی‌ "وه‌ره‌ له‌به‌رده‌م باره‌گای‌ پۆلیس دانیشه،‌ چه‌ندین تۆمه‌تبارت پێ نیشانده‌ده‌م به‌ به‌رده‌م باره‌گا‌و بنكه‌ی‌ پۆلیسدا تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام كه‌س ناوێرێت ده‌ستگیریان بكات، چونكه‌ كه‌سی‌ نزیكی به‌رپرسه‌كان‌، به‌ڵام بۆ خه‌ڵكی بێ‌ پشت‌و هه‌ژار ئه‌م حاڵه‌ته‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌".
دیارده‌ی‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانی‌ تۆمه‌تباران‌و هه‌ندێ‌ جار ته‌قه‌كردن له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، رۆشنبیران‌و رۆژنامه‌نووسانی‌ شاره‌كه‌شی‌ هێناوه‌ته‌ قسه‌ ئه‌وه‌تا رۆژنامه‌نووس سه‌باح عه‌لی قاره‌مان، كه‌ دانیشتوی‌ كفرییه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ خه‌ڵكی ئاسایی ناتوانێت ته‌قه‌ له‌پۆلیس‌و ئاسایش بكات، ده‌ڵێت "حه‌تمه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ ده‌كه‌ن، یان خزمی به‌رپرسێكن یان خوی‌ له‌سلكی سه‌ربازیدا كار ده‌كات". سه‌باح نمونه‌ی‌ به‌وه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ چه‌ندین كه‌س له‌ئاستی به‌رپرسیارێتیدان فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیشیان هه‌یه‌، كه‌چی ده‌ستگیر ناكرێن، ئه‌و وتی‌ "كه‌ ئه‌وانه‌ ده‌ستگیر نه‌كران، ئیدی خه‌ڵكیش حساب بۆ یاسا ناكات، كه‌ی ئه‌وانه‌ راده‌ستی‌ یاسا كران، ئه‌وا كه‌سانی‌ خواریشه‌وه‌، ناتوانن له‌ یاسا رابكه‌ن‌و ته‌قه‌ له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكه‌ن". له‌ درێژه‌ی‌ وته‌كانیدا ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی‌ كفری‌، باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌ندێكجار هه‌بووه‌ به‌رپرسی‌ له‌ یاسا ده‌رچووش ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام له‌ژێر فشاری‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ ده‌سترۆیشتوو ئازاد كراوه،‌ هه‌ر وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت "به‌ڵگه‌م لایه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابوردوودا به‌رپرسێكی ئاسایش تاوانێكی گه‌وره‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌و له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆی پێشووه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا، كه‌چی دواتر به‌ فشاری چه‌ند به‌رپرسێك ئازاد كرا، كه‌ ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ ده‌بینرێت، ئیدی چۆن خه‌ڵك حساب بۆ یاسا ده‌كات".
یه‌كێك‌ له‌و پۆلیسانه‌ی‌ كه‌ رووبه‌ڕووی‌ ئه‌و گرفته‌ بووه‌ته‌وه،‌ قسه‌ی‌ بۆ ئاوێنه‌ كرد، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌رووی‌ خۆیه‌وه‌ كێشه‌ی‌ بۆ دروست نه‌كه‌ن، نایه‌وێت ناوی‌ ئاشكرا بكرێت، باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ رۆژێك له‌ناو كفریدا له‌كاتی‌ بەئه‌نجامگه‌یاندنی‌ كاری‌ رۆژانه‌یان، ویستویانه‌ كه‌سێك ده‌ستگیر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ رایكردووه‌، ئه‌وانیش ته‌قه‌یان به‌سه‌ردا كردووه‌، ئه‌ وتی‌ "ئه‌و كه‌سه‌ شۆفێرێك بوو ئۆتۆمبیله‌كه‌ی‌ شكاندووه‌ به‌سه‌رماندا‌و رایكرد، ئێمه‌ش به‌ناچاری‌ ته‌قه‌مان لێكردو بریندار بوو، پاش ئه‌وه‌ له‌ جیاتی‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بكرێت‌و ده‌ستگیر بكرێت، لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا كرا، نزیكه‌ی‌ 58 رۆژ زیندانی كراین، دواتر به‌ هه‌زار دۆلار سوڵحی عه‌شایه‌ریمان كرد".
هه‌ر ئه‌و پۆلیسه‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌م دیاردانه‌ بووەته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌یان فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن‌و یاسا به‌ گرنگ نه‌زانن، ئه‌و ده‌ڵێت "له‌و كێشه‌یه‌دا ئێمه‌دا لایه‌نی پۆلیس‌و حكومه‌ت نه‌ك پاڵپشت‌و هاوكارمان نه‌بوو، به‌ڵكو تاوانباریشی‌ كردین، بۆیه‌ رۆژ به‌رۆژ خه‌ڵكی ئاسایی حساب بۆ یاساو حكومه‌ت ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆمان بووه‌ته‌ گرفت".
هه‌ندێ‌ له‌ رۆشنبیرانی‌ شارۆچكه‌كه‌ پێیان وایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ عه‌شایه‌ری‌ زاڵه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌یاندا، ئه‌م حاڵه‌تانه‌ چاره‌سه‌ركردنیان ئه‌سته‌م بووه‌، هه‌ر وه‌ك پشتیوان حسێن، رۆشنبیر‌و دانیشتووی‌ كفری‌ ده‌ڵێت "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نی عه‌شایه‌ری‌ زاڵه‌ به‌سه‌ر ئه‌م شاره‌دا، ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ هێزی پۆلیس‌و ئاسایش چاره‌سه‌ر ناكرێت، بۆیه‌ ده‌بێت هێزێك له‌سه‌ره‌و بێت‌و هه‌موو كه‌سانه‌ ده‌ستگیر بكات كه‌ فه‌رمانی‌ گرتنیان هه‌یه‌، به‌ڵام تاوانباران هیچ باكیان نییه‌‌و به‌ ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌".
چه‌ند پۆلیسێك جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ زۆر جار گه‌نجێك ته‌قه‌یان لێده‌كات‌و هه‌ڵدێت، به‌ڵام ئه‌وان فه‌رمانی ته‌قه‌كردنیان نییه‌و ناتوانن هیچ بكه‌ن، یه‌كێكه‌ له‌و پۆلیسانه‌ وتی‌ "دواتر مه‌سئولێك یان كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ دێنه‌ لای‌ پۆلیس‌و ئاسایش‌و به‌ وه‌عدو قسه‌ی‌ عه‌شایه‌ری‌ كۆتایی به‌و كێشه‌یه‌ ده‌هێنن، ئه‌گه‌ر زۆریش سزای‌ بده‌ن دوای‌ چه‌ند رۆژێك زیندانیكردنی، دواتر ئازادی‌ ده‌كه‌ن".
له‌ به‌دواداچوونی‌ ئه‌م باسه‌دا ئاوێنه‌ په‌یوەندی‌ كرد به‌ رائد ئومێد مه‌جید به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كفری، به‌ڵام به‌ پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رو‌و خۆیانه‌وه‌ پێیان راگه‌ینراوه‌ كه‌ نابێت لێدوان بۆ راگه‌یاندنه‌كان بده‌ن، ئاماده‌نه‌بوو هیچ لێدوانێك بدات.
ئاوێنە پەیوەندی كرد بە مولازم داود حسێن، لەپۆلیسی‌ كفری‌، به‌ پاساوی‌ هه‌مان هۆكار لێدوانی‌ نه‌دا ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی‌ وت "ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێكیش له‌سه‌ر ئێمه‌ بنووسرێت، وه‌ڵامتان ده‌ده‌ینه‌وه‌".