نامەیەكى كراوە بۆ بەڕێز نەوشیروان مستەفا.....چى ئەكەى بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم لەڕێگاى پەرلەمانەوە نەبێت؟

Wednesday, 17/06/2009, 12:00

2731 بینراوە


"یجب أن یكون ترشیح رئیس الاقلیم عن گریق البرلمان لا عن گریق الانتخابات المباشرە من قبل الناخبین" واتە "پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ رێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ بێت نه‌ك هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆ"
ئەم قسەیەى سەرەوە، ووتراوى بەڕێزتە لەگەڵ دیمانه‌کاریک -(ڕۆژنامەى الزمان) لە بەروارى 14/6/2009 بڵاكراوەتەوە، من ئەپرسم كە بەڕێزتان چیتان كردوەو چى ئەكەن كە هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم لە ڕێگاى پەرمانەوە بێت و بەدەنگدانى گشتى نەبێت؟ ئایا ئەو خۆ كاندید كردنەى كاك مەسعود بارزانى سەرۆكى پارتى و پێنج كاندیدەكەیتر تەنها سیناریۆیەكەو مەسەلەى هەڵبژاردنى سەرۆك لەدەرەوەى پەرلەمان عەمەلى نابێتەوە؟ ئەو سەرقاڵیەى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان و چونى بارزانى بۆ خۆناونوس كردن و پێدانى ژمارە بە كەسەكان و ...هتد، هەمووى بەم قسەیەى بەڕێزتان كەڕەتى سفر ئەكرێنەوە؟
نزیكەى مانگێك ئەبێت كە مەسعود بارزانى لەناو پارلەماندا ووتى "ئەگەر هەڵبژرادنى سەرۆك بەدەنگدانى گشتى نەبێت، ئەوا خۆم بۆئەو پۆستە كاندید ناكەمەوە" بۆچى لەوكاتەوە تا ئێستا لەم بارەیەوە بەڕێزتان هیچى نەووت؟ ئایا ئەو بێدەنگیەتان هەڵەیەك بووە كەبەسەرتاندا تێپەڕیوەو ئێستا ئەتانەوێ چاكى بكەنەوە، یان ئێستا گەیشتنە ئەو قەناعەتەى كە ئەگەر مەسعود بارزانى بەدەنگدانى گشتى ببێتە سەرۆكى هەرێم ئەوا پەرلەمان ئەكاتە دەزگایەكى لاوازتر لەوەى ئێستا؟
بەبڕواى من هاوكێشەكە بەزیانى بەڕێزتانەو ناتوانن ئەم پرۆسەى "هەڵبژاردنەى سەرۆكى هەرێم بەدەنگدانى گشتى" ڕابگرن، بەڵام ڕێگایەكیتر هەیە كە هەر لەئێستاوە وەك كارتى فشار ئەتوانن بەكارى بهێنن تا سەرەنجام سەرۆكى پارتى لەو مەسەلەیە پاشگەز بێتەوە، ئەویش ئەوەیە كە ڕاشكاوانەو لە ڕێگاى دەزگاكانى ڕاگەیاندنەكانتانەوە ڕایبگەیەنن كە ئێوە لایەنگرى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم نین لەدەرەوەى پەرلەمان، وە بلێن ئەگەر لەسەرو ئیرادەى ئێمە ئەو مەسەلەیە فەرزكرا، ئەوا ئێمەش پشتیوانى یەكێك لەو كاندیدانە ئەكەین كە لەبەرامبەر مەسعود بارزانى و بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم خۆیان كاندید كردوە. بەمە ئەتوانن لایەنى بەرامبەرتان لاواز بكەن و "گەمەى دیموكراسى"یەكەش قوڵترو گەرمتر بكەنەوە. ئەم هەڵوێستەش سێ سوودى هەیە:
1- ڕەنگە لەژێر ئەو فشارەدا كاك مەسعود بارزانى پاشگەر بێتەوەو ئەو مەسەلەیە ڕەوانەى پەرلەمان بكاتەوە.
2- بەم هۆیەوە ڕێژەیەكى زۆرى دەنگەكانى بارزانى ئەچێت بۆ ئەو كاندیدەى كە ئێوە بچنە پشتى، بەمەش بارزانى ئەگەر یەكەمیش بێت ئەوا بەڕێژەیەكى كەم ئەبێتە سەرۆك و ئەوسا بەو قەبارەیەوە ناتوانێ ڕۆڵى پەرلەمان كەم بگرێت و باز بدات بەسەر بڕیارەكاندا، یان بتوانێ بە بڕٍیارێك هەڵوەشێنێتەوە (هەروەك هەندێ سەرچاوەى ناو پارتى ئاماژە بەوە ئەكەن كە كار بۆ ئەم مەسەلەیە ئەكەن).
3- دەنگى زۆرێك لەنەیارەكانى خۆتان لەناو یەكێتى كە هاوكات نەیارى سەرسەختى پارتیشن بۆ خۆتان لیستەكەتان ڕائەكێشن، ئەمە جگە لەو دەنگانەى كە ناڕزاین بە كاركردى 18 ساڵى ڕابردووى ئەو دوو حزبە سەرەكیە.
بەغەیرى ئەمەى سەرەوە، هەركارێكیتر یان بێدەنگە لێكردن لەم مەسەلەیە، كاریگەرى ئەبێت بۆسەر سەنگتان لەناو خەڵكانى خۆتان و دەرەوەى ئەوانیش، جدیەتى ئێوەو تەواوى قسەو بەرنامەو پرۆژەكەتان ئەخاتە ژێر پرسیارەوە.
من لایەنگرى ئەوەم كە سەرۆكى هەرێم لەڕێگاى پەرلەمانەوە دیاریبكرێت و هەر پەرلەمان خۆیشى بتوانێ وەلاى نێت، ئەمەیە هۆكارى سەرەكى ناردنى ئەم نامەیە بۆبەڕێزتان.

16/6/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە