گۆڕان چى كرد؟

Wednesday, 13/04/2011, 12:00

1181 بینراوە


دواى دەركردنى بەیاننامە حەوت خاڵەكە لەلایەن بزوتنەوەى گۆڕانەوە، ئیدى شەقامى كوردى جوڵەیەكى گەورەى ناڕەزایى تێكەوت، ئەم جوڵەیەش هەڵكشا بەرەو خۆپیشاندان و دواجار لە حەڤدەى شوباتدا دەسەڵات وەك پڵنگێكى بریندار خوێنى لە سەر شەقام رشت و هێندەى تر دۆخەكەى ئاڵۆزتر كرد.
ئەوەى لەم ماوەیەدا لەسەر ئاستى سلێمانى و زۆرێك لە شار و شارۆچكەكان بەدى دەكرا، بێشك ئەنجام بوو. ئەنجامى ئەم هەموو كەڵەكەبوونى توڕەییە بوو لەبەرامبەر كەڕى دەسەڵاتدا. لێرەوە ئەم دۆخە هەر دەبوو دروست بێت و لەوەها دۆخێكیشدا خۆپیشاندان و ناڕەزایى و گرتنى شەقامەكان سادەترین و مەدەنیترین وەزیفەى خۆپیشاندەرانە.
سەبارەت بە هێزەكانى ئۆپۆزسیۆن، بۆ یەكگرتوو و كۆمەڵ ئەم دۆخە تاقیكردنەوەیەكى گەورە بوو. ئەم دوو هێزە لەم ماوەیەدا ڕادیكاڵتر بوون و باش هاتنە پێشەوە و بۆ یەكەمجار زۆر داواكارى دەسەڵاتیان ڕەت كردەوە و گرنگترینیشیان ڕەتكردنەوەى دانیشتن بوو لە ئێران لەگەڵ یەكێتى و پارتى. ئەمەو سەربارى ئەوەى زۆر سودیان لەوە بینى كە ئایین بگەڕێتەوە بۆ شەقام و كەم تا زۆر دیمەنى پیاوانى ئاینى لەبەردەم خۆپیشاندەراندا جوانتر بوو.
بەڵام بۆ بزوتنەوەى گۆڕان بەجۆرێكى ترە. بێشك گۆڕان لەم دوو هێزە ڕادیكاڵتر بوو. بەڵام وەك ئەم دوو هێزە ڕێكخستەكانى تۆكمە نیە و تا ئێستاش ستراتیژى دوورمەوداى گۆڕان دیار نییە. گۆڕان چونكە بەیاننامە حەوت خاڵەكەى دەركرد، بۆیە بەرپرسیارێتى گەورە دەكەوێتە ئەستۆى ئەم هێزە. گۆڕان خۆپیشاندانى مسر و تونسى بەستەوە بە كوردستانەوە، دیارە بێشك لێكچوون لەنێوان دەسەڵات لە هەرێمى كوردستان و مسر و تونسدا هەیە، بەڵام لەو دوو ولاتە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات ڕەت كرایەوە، كەچى لە كوردستان ئۆپۆزسیۆن بە گفتوگۆ ڕازى بوو. ئەمە ئەو هەڵەیە بوو كە گۆڕان بەسەریدا تێپەڕى. بەبڕواى من گۆڕان و سەرۆكەكەى، یەكێتى و پارتى باش دەناسن كە ئەم دوو هێزە سیاسەت ناكەن و گفتوگۆ لەگەڵیان هیچ سودێكى نیە، ئەى خێرە لە كەناڵەكانتەوە گەنجانى ئەم دەڤەرە لە دەسەڵات پڕ دەكەیت و سەرئەنجام دەچى لەگەڵ دەسەڵات دادەنیشیت و مۆز و سێو بەیەكەوە دەخۆى؟ برادەران كە خوێن ڕژا حكومەتى ئینتیقالى و بنكە فراوان بە كەس و كارى شەهیدەكان چى؟ تۆ كە نەتوانى تەقەكردن ڕاگرى، دەسەڵاتێك سەرگەرمى دسگیركردنى پیاوانى ئاینیە و كەرامەتى خەڵك لەم دەڤەرە دەشكێنێت پێم ناڵێن برادەران هەڵبژاردنى پێشوەخت ماناى چى؟ بەڕاستى گۆڕان لەسەرەتاوە چ لە بەیاننامەكەى و چ لەسەر ئاستى ڕاگەیاندنەكەیان سەرگەرمى بەمسر و تونسكردنى كوردستان بوو، ئەمەش لاى زۆرێك لە خەڵك بە بنبەستگەیشتن بوو لەگەڵ دەسەڵات، كەچى پاش ماوەیەك ڕازیبوون لە گفتوگۆ.
دیارە من لەگەڵ دیالۆگم و كێشەكانى ئەم هەرێمەش هەر دەبێت بە دیالۆگى عەقڵانى چارەسەر بكرێت. بەڵام تۆ لەسەرەتاوە لە ڕاگەیاندنەكانتەوە جۆرێك خەڵك هان دەدەیت دژ بە دەسەڵات و دەشزانى كە دەسەڵات تەقە دەكات، بەبێ ئەوەى بەخۆت بزانیت ژمارەى پیاوكوژەكان لەم هەرێمە زیاد دەكەیت. تۆ دەزانى یەكێتى و پارتى چەكدارەكانیان لەنێوان خۆپاندا دابەش كردووە، دەبێ ئەوەش بزانى كە گەر ئەم هێزانە بریندار بكەیت تەقەت لێدەكەن. ئەو كاتەى كە مەترسى دەكەوێتە سەر خۆت وەك بزوتنەوەى گۆڕان، ئامادەى چەك هەڵبگریت و هاوار بۆ خەڵك بكەى لەدەورت كۆ ببنەوە، ئەى چى بەو خۆپیشاندەرانە دەڵێى كە دەسەڵات وەك نێچیر شوێنیان دەكەوێت و دەستگیریان دەكات و دەیانكوژێت و كەسیش نیە بەرگریان لێبكات؟
دەبوو بزوتنەوەى گۆڕان بێپرسى كەسوكارى شەهیدان هیچ دیالۆگێكى لەگەڵ یەكێتى و پارتى نەكردایە. چیە برادەران ئێوە دەتانەوێ خوێنى خەڵك بكەنە قەڵغان و بەسەریدا سەركەون و لەگەڵ دەسەڵات دانیشن و باس لە حكومەتى بنكەفراوان بكەن؟ چ دەبوو لە كۆبونەوەكانتاندا چەند ئەندامێكى ئەنجومەنى سەراى ئازادیتان لەگەڵ بوایە، لانى كەم بۆ ئەوەى بڵێن ئەوە نوێنەرى خەڵكن و فەرموون لەگەڵ ئەوان قسە بكەن.
ئەم جۆرە لە سیاسەت كۆمەك بە بزوتنەوەى گۆڕان ناكات و دووبارەبوونەوەى هەمان جیهانبینى یەكێتى و پارتیە، بۆ ئەم دۆخەش ئەوەى زەرەرمەندى یەكەمە ئەو مرۆڤانەن لەم دۆخەدا خەمبار بوون و خوێنى دۆستەكانیان ڕژا. ئێستا قوربانى لەسەر شەقامە و هێزێكى وەكو گۆڕانیش بەناوى نوێنەرى قوربانیەوە سەرگەرمى مفەوەزاتە. ئەمەش ئەو هەڵەیەیە كە گۆڕان كردى و بەناوى شەقامەوە كەوتە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات، دەسەڵاتێك كە تا ئێستا پیاوكوژەكانى ڕادەستى یاسا ناكات "سەربارى گۆمانەكانیشمان لەو یاسایە ".
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە