فەزیحە و گەندەڵیەكى گەورەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ئاشكرا بوو !

Monday, 01/08/2011, 12:00

1554 بینراوە






گومانى تێدا نیە لە دوایى دەست بەرداربوونى نێچیرڤان بارزانى لە كابینەى پێنجەم و سەرۆكایەتیكردنى كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێم لەلایەن د.بەرهەم , كێشە و ململانێكانى نێوان پارتى و یەكێتى ڕۆژ لە دوایى ڕۆژ پەرەدەسێنى َ و ئاڵۆز دەبێت و بە وتەى زۆرێكیش لە چاودێرانى سیاسى لەم نزیكانە كۆتایى بە ئەو ڕێككەوتنە ستراتیژیە دێ كە لە نێوان پارتى و یەكێتى دا هەیە و ئەگەر و خوێندنەوەى ئەوەش دەكرێت كە بە هۆى هەڵوەشانەوەى ئەو ڕێككەوتنە كوردستان دەچێتەوە دۆخى سەرەتاى نەوەدەكان و پێشبینى هەڵگیرسانى شەڕێكى خوێناوى سەرتاسەرى لە كوردستان دەكرێت ! دیارە ئەو هۆكارانەش زۆرن بۆ ئەگەر و پێشبینیانە , كە من لێرەوە هەوڵدەدەم لەسەر هۆكارێكى سەرەكى بوەستمەوە ئەویش كابینەى شەشەمى حكومەتە كە ئیستا لە لایەن یەكێتى و خودى بەرهەم ساڵحەوە بەڕێوە ببردرێت , ڕەنگە بپرسیت ئاخۆ سەرۆكایەتى كابینەى شەش مافى یەكێتى نیە ؟ لە كاتێكدا لە ماوەى دوو كابینەى ڕابردوو پارتى حكومەتى بە دەستەوە بووە ؟ لە وەڵامدا بەڵێ . بەڵام كێشەكە هەر ئەوەندە نیە بەڵكو كێشەكە ململانێیەكى نا تەندروستە . كە خودى بەرهەم ێالح و هەڤاڵانى لە ئەنجومەنى وەزیران دەستیان پێكردووە . كە بۆتە مایەى بێزارى و ڕقئەستورى و تەنانەت پەلاماردانى یەكترى لەگەڵ كەسە پارتیەكانى ناو ئەنجومەنى وەزیران بە تایبەت ئەو كەسانەى كە بە نێچیرى ناسراون , كە دواجار ئیستا ئەم كێشانە براوەتە سەرۆكایەتى هەرێم .
بەرهەم ێالح لەگەڵ دەست بەكاربوونى پێى وابوو كە ئەگەر یەكێتى كەوتۆتە ژێر كاریگەر و ڕێنماییەكانى پارتى بەڵام ناكرێ ئەوە لە سلكە حكومیەكەى وابێ , بۆیە هەر زوو دەستیكرد بە كۆنتڕۆلكردنى ئەنجومەنى وەزیران و دانانى كەسانى یەكێتى لە شوێنە حەساسەكانى ئەنجومەنى وەزیران , تەنانەت هەوڵى دا بەهۆى شكایەتە یەك لەدوایى یەكەكانى لەلایەن سەرۆكى هەرێم سەبارەت بەو كاربەدەستە پارتیانەى ناو حكومەت كە هیچ كات حیسابیان بۆ د.بەرهەم و بڕیارەكانى نەدەكرد , ئەو كەسە پارتیانە دابنرێ كە بەرهەم بۆ خۆى پیشنیارى دەكرد , بۆ نمونە فەوزى فرنسۆ هەریرى , كە بەردەوام لە ژێر كاریگەر و فەرمانەكانى بەرهەمە بەبێ ئەوەى بیر لەوە بكاتەوە كە پارتى دایناوە , تەنانەت چەند جارێك لە ناو ئەنجومەنى وەزیران ووتویەتى بۆ ڕازیبونى د.بەرهەم هەمو شتێك دەكەین .
ڕەنگە تا ئێرە ئەمە شتێكى ئاسایى بێت بەڵام ئەوەى جێگاى سەرسوڕمانە ئەوەیە كە وەك سەرچاوەیەكى ئاگادار لە ئەنجومەنى وەزیران پێى ووتم : كە ساڵانە بڕە پارەیەك لە بودجە بۆ هاوكارى دانراوە لە ئەنجومەنى وەزیران , كە ئەو پەڕى ساڵانە دەگاتە (100,000000) سەد ملیۆن دینار كە ئەویش بۆ هەمو كەسێكە بەبێ جیاوازى , كەچى تەنها لە ماوەى ساڵێكى سەرۆكایەتى حكومەت لە لایەن د.بەرهەمەوە بڕى(1,50.000000) یەك ملیار و پەنجا ملیۆن دینار بۆ هاوكارى خەرج كراوە كە بە بەڵگە لامانە تەواوى ئەو پارەیەش بەرهەم بە ئیعازى مەڵبەندەكان بەسەر ئەندامانى یەكێتى دابەشى كردووە بە ناوى هاوكاریكردنى خەڵك .
ئەگەر واشمان دانا كە ئەمە سەرۆكى حكومەتە و تواناى ئەوەى هەیە هاوكارى خەڵك بكات , بەڵام ئەوەیان چ عەقڵ و مەنتقێك قبوڵى ئەوە دەكات كە تەنها بەڕێوەبەرێكى سادەى ناو ئەنجومەنى وەزیران مانگانە بڕە پارەیەك دەدزێ بە نا یاسایى كە بە پێى ئەو بەڵگە و دیكۆمێنتانەى لەبەر دەستى منن كە تەنها بڕى ئەو پارەیەى كە ئەو بەڕێوەبەرە دەیدزێ بۆ یەك مانگ دەتوانرێ چاكترین قوتابخانەى لێ دروست بكەى و نەخۆشخانەیەكى پێ نۆژەن بكرێتەوە . كە سەیرى سیناریۆ و شێوازى ئەو بەڕێوەبەرە دزە بكەن كە خۆى و باندێكى تر ئەو كارە دەكەن . ئەو بەڕێوەبەرە ناوى (د.عزت ملا على) یە بەڕێوەبەرى كارگێرى و دارایى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمە و پارتیە و لەگەڵ ئافرەتێك بەناوى (ئەدیبە) كە بەڕێوەبەرى ووردبینە لە ئەنجومەنى وەزیران كە یەكێتیە , كە مانگانە د.عزت بە ملیۆنەها دینار بە ناوى وەهمیەوە (بە ناوى هاوكارى كردنى خەڵك) لیستێك دروست دەكات لە ناوى خەڵك كە هەموشیان وەهمین و لەو ڕێگایەوە قوت و سامانى ئەو میللەتە دەدزێ كە لەو بڕ پارەیەى كە مانگانە بەو شێوازە وە دەستى دەخات بەشێكى لێ دەداتە ئەو بەڕێوەبەرە ئافرەتە یەكێتیەى كە ناوى (ئەدیبە) یە و بەڕێوەبەرى ووردبینە (ڕازیكردووە كە دەنگ نەكات) كە دواجار هەردوكیان لە لایەن د. ئامانجى بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەرۆكى حكومەت (د. بەرهەم) , پاڵپشتى دەكرێن و جەنابیشیان بەشێكى سەرەكین لەو دزییە . بۆیە لێرەوە دەلێم جەنابى سەرۆكى هەرێم تۆ بەدوایى بەڵگە دەگەڕێى و دەتەوێ گەندەڵى بنبەبڕ بكەى و چاكسازى ئەنجام بدەى , جا ئەگەر بەڕاستى پەرۆشى ئەمەى و دەسەڵاتت هەیە و خۆشت بەشێك نیت لەو گەندەڵیەى كە خەریكە دەبێتە كلتور , فەرموو ئەم بەڵگانەى سەرەوە هاوكارى تۆیە و دەست بەكار بە . بۆ سەلماندنى ڕاستى قسەكانى ناو ئەو نووسینەشم سەرێك بدە لە ئەنجومەنى بە ناو وەزیرانى هەرێمى كوردستان و سڵاوێك لە و برادەرانە بكە كە من ناویانم هێنا و بگرە ئەوانیتریش بزانە لە ئەنجومونى وەزیران چ باسە !!! ؟؟؟ ..
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە