يادى پارتى چیمان پێ ئەڵێت؟!

Monday, 20/08/2012, 12:00

1787 بینراوە



ناو سلێمانى لە پایزێکى پێش وەخت ئەچێت! ئەمجارە دارو بەرد و عەمود و دیوار یەکپارچە زەرد بووە، شار ڕەنگى مردووى لێ نیشتووە، هەڵبەتە مەبەستم پایزە کە نیشانەى کۆتایى سەوزایى و مردنى گەڵا و گوڵى درەختەکانە، لەهەر شوێنێکدا بووەستیت، پەڕۆیەکى زەرد لە دیوارەکەى تەنیشتتەوە هەڵواسراوە و وتەیەکى جوانى موزەیەفى تیادا نووسراوە، لەهەر شەقامێکەوە بپەڕیتەوە دەبێت بەناچارى بەژێر دروشمە پەڕاوییەکانى پارتیدا تێپەڕیت، ئەمەش ساویلەکەیى عەقڵى پارتیمان بۆ دەردەخات کە بیەوێ بەم وتە بریقەدارانە پایزەکەیانمان بۆ سەوزبکات.
ئەگەر بەم وتە و قسە و دروشمانە بێت کە پارتى لەسەر لافیتەکان بانگەشەى بۆ ئەکات، ئەوا هیچ حیزبێک نییە لەجیهاندا هێندەى پارتى، دیموکراتخواز بێت، لە یەکێک لەو دروشمانەى کە دەڵێت (هەر کەسێک بیر لەخیانەت و جاشایەتى بکاتەوە ئەوا بۆى نییە لەسەر خاکى پیرۆزى کوردستان بژى)، ئەم دروشمە لەکاتێکدایە کە لەم ڕۆژانەى داهاتوودا بەرەو یادى (31 ى ئاب) دەڕۆین کە گەورەترین خیانەتى پارتییە لەمێژووى میللەتەکەماندا، لەیەکێکى تر لەو دروشمانەدا نووسراوە (نەوت موڵکى میللەتەو هەموو تاکێکى ئەم گەلە مافى خۆیەتى بەشى هەبێت تیایدا)، بەڵام هەموو کەس ئاگادارەو بەبەرچاوى میللەتەوە چۆن نەوت فەرهود دەکرێت و داهاتەکەشى ئەچێتە گیرفانى چەند کەسێکى دیارى پارتییەوە، دروشمێکى تر دەڵێت (ئامانجى پارتیمان جێبەجێکردنى ماددەى 140)ە، بەڵام هەموو کورد شاهیدە کە تا ئێستا بۆ تەنها جارێکیش یەک پەرلەمانتارى ئەم حیزبە لەپەرلەمانى عێراق نەهاتۆتە دەست و دەنگى ناڕەزایى بەرزبکاتەوەو هەنگاوێک بنێن بۆ جێبەجێکردنى ئەم ماددەیە، دروشمێکى ترم بینى ئەیوت (لاوان سەرمایەو دەستەکەوتى ئەم نیشتیمانەن)، بەڵام هەموومان بینیمان کە چۆن لاوانى شارى سلێمانى و کەلارو چەمچەماڵ لەبەردەمى لقەکانى پارتیدا درانە بەر دەستڕێژى گوللـە، ئەمانەو چەندین دروشمى تر.
بەڵام بەداخەوە ئەو دروشمانەى کە پارتى بانگەشەى بۆ کردووە لەڕابردوو، ئێستاو داهاتووشى لەگەڵدا بێت، ئەوا هەرگیز ناتوانێت جێبەجێیان بکات، چونکە ئەگەر پارتى ڕاستى بکردایە، ئەوا حاڵى بەم حاڵە نەدەگەیشت کە ئێستا تیایەتى، کاتێک بوو کە هەموو کورد پارتى بووەو لەگەڵ پارتیدا بووەو هەموو کوردستان ویستوویەتى لەڕێى پارتییەوە ڕزگارى بۆ کوردستان بەدەستبهێنێت، ئەوە مێژووى شۆڕشى ئەیلوول و دەستکەوتەکانى شاهیدن کە رێکەوتننامەى (11 ى ئازارى 1970)ى لێکەوتەوەو ئۆتۆنۆمى بۆ کوردستان دەستەبەرکرد، بەڵام بەهۆى ڕێکەوتنى ژێربەژێرى ولاتانى ئیقلیمى و ناهۆشیارى دەسەڵاتى سیاسى کورد لەو کاتەدا هەموو کورد بوو بەقوربانى یەک وشەى مەلا مستەفا، کە ئەویش (ئاشبەتاڵ) بوو، کە هەموو کوردى بێئومێد کرد، هەر ئەمەش واى کرد کە شۆڕشى نوێ سەرهەڵبداتەوە، بەڵام ئەمجارە بەدەستى کەسانى ترو دوور لەچەترى پارتى، لێرە بەدواشەوە جەماوەرێتى پارتى ڕووى لەکەمى کردو تا دواجار لەهەڵبژاردنى ساڵى 1992 دا بۆمان دەرکەوت کە پارتى تەنها نیوەى خەڵکى لەگەڵدایەو سیاسەتى هەڵەى پارتى وایکرد کە لێرە بەدواشەوە جەماوەرى خۆى زیاتر لەدەستبدات و هەموو جارێک لەو هەڵبژاردنانەى کە کراوە جاربەجار زۆرترین خەڵکى لێ دوورکەوتۆتەوە، لەدوا هەڵبژاردنیشدا بەو هەموو تەزویرەشەوە دەرکەوت کە تەنها 30% خەڵک دەنگیان بۆ داوە، کە ئێستا دڵنیام لەهەڵبژاردنى داهاتوودا 25% زیاتر ناهێنێت.
پاشگەزبوونەوەى جەماوەر لەو لایەنەى کە چەندین ساڵ دەنگى بۆ داوە هەروا ئاسان نییە، چونکە کاتێک بووە ئەم جەماوەرە ئامادەش بووە کە خۆى بکاتە قوربانى لەپێناویدا، بەڵام ئەو حیزبە بێباکە لەئاست جەماوەرەکەیداو تەنها لەکاتى پێویستتدا لایان لێ دەکاتەوە، ئەمەش ئەنجامى هەموو حیزبێکى خۆسەپێنە کە بیەوێ بەزۆرو بەهێزو بەدروشمى بێبنەما خۆى لەدڵى خەڵکدا بکاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە