كێ دەبێتە سەرۆكى هەرێمى كوردستان؟

Monday, 25/05/2009, 12:00

10838 بینراوە


خۆكاندیدكردنى چەند دەنگێكى جودا بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بە پێى ئەو مەرجانەى كە كۆمسیۆن دایناوە گرینگە كە كەسی پاڵێوراو رابوردوى پاك بێت, خۆى لەخۆیدا ئەمە پێچەوانەى ئەو چەمكەیە كە هەرگیز سەرۆكى هەنووكەى هەرێم و زۆرینەى كەسایەتییە حیزبییەكانى نێو هەردوو حیزبەزلهێزەكەى كوردستان بێبەشدەبن لە خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم چونكە رابوردوى زۆرینەیان روون و ئاشكرایە,یان بەمانایەكى دى هێنانە پێشەوەى مرۆڤكەلێك كە كار بۆ هەڵتەكاندى رەگى گەندەڵى و كوشتنى رۆحى حیزب لەسەرجەم دامەزراوەكانى حكومەت دەكەن,ئەنجامێكى نوێ لەململانێ و بەرەوپێشچونى پرۆسەى هەڵبژاردنمان نیشان دەدەن.
ئەگەر سەرۆكى هەرێم وەك سەرۆكى حیزبێك هەلّبژێردرایەوە بە پێى پلانى ستراتیژى هەردوو حیزب ,پۆستە گرنگەكانى سەرۆكى هەرێمى و سەرۆكى حكومەت دابەش كرا وئەنجامى دیموكراسی هەڵبژاردن بەرەو دیكتاتۆرى رۆچوو لە گومانى دووبارەبوونەى باڵادەستى حیزب نزیكمان دەكاتەوە كە ئەگەرى دووبارە بوونەوەى هەمان شكستى پلان و كارى حكومەت دەبینین هەروەك چۆن لەم چەند ساڵەى دوایدا بینیمان هەر لە دادگاى نەكردنى جاش و موستەشارەكان و بنبڕنەكردنى گەندەڵى و یەكلایى نەكردنەوەى كێشەى كەركوك و كۆمەڵیك كێشەى دى لەدۆزى هەستیارى كورد.
شیمانەى بەدەستهێنانى كەسێكى جودا بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێمى كوردستان نەك هەر لاوازە بەڵكو ئەگەرێكى بێئومێدە, بەڵام لەهەمان كاتدا هەڵگرى بەخۆداچوونەوەى دەستەڵاتى هەردوو حیزبەكەى هەرێمە هەروەك چۆن بوونى چەندین قەوارەو لیستی جودا بووەتە هۆى شۆكى لیستى هاوپەیمانى بەهەمان ئەندازەى خۆ كاندیدكردنى چەند كەسایەتییەكى بەئەزموون كە وەك كۆمسیۆن دەڵیت مەرجە رابوردوى پاك بێت ئەوە دەستەڵاتى بەرەو بەخۆدا چوونەوە بردووەو هەروەك چۆن دەبینین ودەبیستین لە راگەیاندنە حیزبییەكانەوە بەر لە ساتى هاتنى ریكلامى هەڵبژاردن بۆ حیزبەكان ئەوە رابوردوى رووخاوى شارەكانى كوردستان لە پێش هەڵبژاردنى ساڵى1991 پیشان دەدات لەكاتێكدا لەهەموو دونیادا شار هێندەى بەرەو پێشەوە دەڕوات بۆ دواوە ناڕوات ,ئەوەى دەیبینین لە تیڤییەكانەوە بەراووردكارییەكى بێ مانایە كە گوایە كارو پرۆژەى ئەم حیزبانەیە كە نێوى حكومەتیان لەخۆیان ناوە ,چ جاى ئەوەى بوودجەى تایبەتى تاكى كوردی خۆیبووە بۆى خەرجكراوە بەڵام دەستەڵاتى كوردیى بە شەڕى ریكلامى هەڵبژاردن دەیفرۆشێتەوە.
ئەوەى ئەمڕۆ لە گۆڕەپانى هەرێمى كوردستان دەگوزەرێت چاوەڕوانییەكى گەورەى نووسەران و رۆشنبیران وكەسانى خاوەن قوربانى و دڵسۆزەكانى خاك و كەسانى تۆراوى حیزبەكانى كوردستانە بۆ پرۆسەى هەڵبژاردن ,ئەمە ناكاتە ئەوەى كە خودى ئیرەیى بێت لە لیستى هاوپەیمانى لەهەمانكاتدا هەڵگرى ئایدیاى گەڕاندنەوەو جوانتركردنى ململانێى سیاسییە لە كوردستان بۆ هەنگاونان بەرەو فراوانكردنى دەروازەكانى دیموكراسی ورازاندنەوەى هۆڵى پارلەمان بە دەنگ و رەنگى جوداوە,خودى پرۆسەى هەڵبژاردن لە هەناوى خۆیدا هەڵگرى چەمكگەلى تۆلرانس و گۆڕانى ئەو پنتە لاوازانەى كە كە كۆمەڵگەى لەسەر رۆنراوە,گرینگ نییە كێ دەبێتە سەرۆكى هەرێم ئەوەى كە گرینگە كەسێكى سەربەخۆى دوور لە ئایدیاى حیزبیی ببێتە سەرۆكى هەرێم بۆ ئاشتكردنەوەى تاكى كوردى و دەستەڵات تاكو كوردستان هەمیشە نیشتمانى جوانبێت .

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە