ئاشكرابوونى فەزاحەتێكى ترى بوجە .

Monday, 16/08/2010, 12:00

1389 بینراوە


دواى ئەوەى لەنووسینێكدا پاڵپشت بەڕاپۆرتێكى دەزگاى چاودێرى دارایى سلێمانى باسى گەندەڵیەكان و بردن و بەهەدەردانى ملیۆنان دۆلارى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەمان كرد لەماوەى ساڵێكدا ، دكتۆرێكى بەڕێز لەناو دیوانى وەزارەتى تەندروستى لەئیمێڵێكدا پەیوەندى پێوەكردین و بڕى بوجەى ئەمساڵى وەزارەتى تەندروستى كەبۆ پاڕێزگاى سلێمانى دابین كراوە بۆ ناردووین و ئەڵێ بەراوردى بكەن بەو بوجەیەیى كەبۆ دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە دابین كراوە و خستۆتانەڕوو ، ئێمە وێڕایى سوپاس و دەستخۆشى گەرمان بۆ ئەو دكتۆرە بەڕێزە لەخوارەوە بەراوردەكردنەكەتان بۆ ئەخەینەڕوو ئەوسا ئێوە هەر خۆتان بڕیاربدەن كە چ كارەسات و فەزیحەتێكە بۆخۆى ..
گۆڤارى بەڕێزى لڤین لەژمارە 131 دا باسى بردنى پارەیەكى خەیاڵى سەیر ئەكات كە500 ملیارە و لەلایەن هەشت دەزگاى یەكێتیەوە براوە كەپارە و بوجەى ئەو میللەتە ماڵوێرانەیە ، یەكێك لەو دەزگایانە دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەیە ئەمە لەكاتێكدایە ئەم دەزگایە دەرمان و ئامێر و كەلوپەل و سەیارە و ئیسعاف و تەواوى پێداویستیە پزیشكیەكانى لەسەر وەزارەتى تەندروستى بووە كەچى لەولاشەوە بوجەیەكى خەیاڵى ترى بەناوەوە براوە و دزراوە .
ئەوەى ئێمە مەبەستمانە بەراوردكردنى بوجەى ئەم دەزگایەیە كەپێك هاتووە لەچەند نەخۆشخانەیەك ئەویش نەخۆشخانەى شۆڕشى قڕگە لەسلێمانى و شارەزوور و چوارقوڕنە و گەرمیان و قەلاچۆلان و ماوەیەكیش كۆیە ، بەراورد لەگەڵ دەیان نەخۆشخانە و مەڵبەندى تەندروستى و سەدان بنكەى تەندروستی سنوورى پارێزگاى سلێمانى كەسەر بەوەزارەتى تەندروستین بەئیدارەى گەرمیانیشەوە چ بوجەیەكیان بۆ دانراوە ، بەراورد كردنەكە خەیاڵًیە و عەقڵ دەوستێ لەئاستیان كەدەزگایەكى حزبى چەند نەخۆشخانەیى چ پارەیەكى بردوە سەدان نەخۆشخانە و بنكەى تەندروستیش كەخزمەتى زیاتر لەملیۆنێك ئینسانى كورد دەكەن چەندیان بۆ تەرخان كراوە .
ئێوەى بەڕێزیش لاى خۆتان دووبارە بەووردى بەراوردى بكەنەوە و بزانن چ فەزاحەتێكە بۆخۆى و ئەمانە چۆن گاڵتە بەعەقڵى ئەو میللەتەوە دەكەن ؟ .
واتا بوجەى ساڵێكى ئەم دەزگا حزبیە بازرگانیەیى یەكێتى كەپارەیەكى خەیاڵى ساڵانە لەسەر حسابى ئەم میللەتە و كەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگە بردوە هێندەى بوجەى دوو ساڵ و نیوى بوجەى تەرخان كراوى ئەمساڵى وەزارەتى تەندروستیە بۆ هەموو پاڕێزگاى سلێمانى بەئیدارەى گەرمیانیشەوە ، ئەوەى ئێمە مەبەستمانە بەراوردكردنى بوجەى ساڵێكى ئەم دەزگایەیە كەلەڕاپۆرتەكەدا هاتووە بەبووجەى ئەمساڵى وەزارەتى تەندروستى كەبۆ پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان تەرخانكراوە بەم شێوەی خوارەوە ...
بەپێیى ڕاپۆرتێكى دەزگاى چاودێرى دارایى گشتى ژمارە 20/12/33 لە 28 / 2 /2009 ئەڵێ لیژنەیەك لەسەر فەرمانى دەزگاى چاودێرى دارایى سلێمانى دەست بەكاربووین لە (دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە) ، لەڕاپۆرتەكەى ئەواندا هاتووە ئەم دەزگایە مانگانە (870) ملیۆن دینارى لەخەزێنەى ناوەندى فەرماندەیى گشتى هێزى پێشمەرگە وەرگرتووە واتا ئەم دەزگا سێ چوار نەخۆشخانەیە ..
لە 1 / 1 / 2008 تا 31 / 12 / 2008 بڕى (10298300700) دە ملیار و دوو سەد و نەوەد و هەشت ملیۆن و سێ سەد هەزار و حەوت سەد دینار وەرگیراوە بۆ ئەم دەزگایە .
ئەمە لەكاتێكدایە كۆى گوژمەى پێویستى ئەمساڵى 2010 ى بوجەى وەزارەتى تەندروستى بۆ پاڕێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان (4176000000 ) چوار ملیار و سەد و حەفتا و شەش ملیۆن دینارە .
واتا بوجەى ساڵێكى ئەم دەزگا حزبیەیى یەكێتى هێندى بوجەى دوو ساڵ و نیوى گوژمەى پێویستى بوجەى وەزارەتى تەندروستی ئەمساڵ بووە بۆ هەموو پارێزگاى سلێمانى بەئیدارەى گەرمیانیشەوە .
ئێمە نووسین و قسە و بەڵگە و بەراوردمان گەلێك زۆرە لەسەر ئەم مەسەلەیە بەڵام بۆ ئەوەى نووسین و بابەتەكە زۆر درێژ نەكەینەوە بۆ ئێوەى بەڕێزى جێ دەهێڵین .
بەڵێ خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ..
ئێستا ئێوەى بەڕێز خۆتان بڕیار بدەن و بزانن ساڵانە چۆن بوجەى ئەم میللەتە لەلایەن چەند كەس و دەزگا و ناوەندێكەوە تەخشان و پەخشان و تەراتێن و شاباشى پێ كراوە ؟ ئێستا حەقى خۆمانە بپرسین لەكوێن خەبیر و ڕاوێژكار و پسپۆڕە دابەستیەكانى حكومەت و وەزارەتى تەندروستى ؟ .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە