ئەو کچە کوردەی بە پانزە هەزار یۆرۆ فرۆشرا

Sunday, 25/04/2010, 12:00

1500 بینراوە


کچێکی تەمەن (14) ساڵی کورد (وێنە) لە بەرلینی پایتەختی ئاڵمانیا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە 15500 یۆرۆ فرۆشرا.

رۆژنامەکانی ئاڵمانیا ئەم روداوەیان بەڕوداوێکی چاخی ناوین وەسف کرد کە لەناوەڕاستی بەرلین کچێکی مناڵکارە لەلایەن دایک و باوکێکەوە وەک کۆیلە مامەڵەی پێبکرێ.

ئۆزلەم (نازناو) لەدایکبو و گەورەبوی ئاڵمانیایە و دایک و باوکی خەڵکی باکوری کوردستانن. باوکی تەمەنی (58) ساڵ و لەناوەندێکی ئاگرکوژێنەوەدا کار دەکا. ئۆزلەم بەهاری ساڵی رابردو لەبەرامبەر 15500 یۆرۆ لە مورادی تەمەن (19) ساڵ مارە کرا کە کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە.

رۆژنامەی (B.Z) بڵاویکردەوە؛ ئاوریلی 2009 لەگرێبەستێکی هاوسەرگیری بڕوانەکراودا، ئۆزلەم لە موردا کە پێنج ساڵ جیاوازی تەمەنیان هەیە، مارە کرا و بۆ ئەوەی باوکی رازی بکرێت 15500 یۆرۆ بە بنەماڵەی ئۆزلەم دراوە.

باوکی ئۆزلەم بەرۆژنامەکەی راگەیاند: ئەو نرخە بۆ بوک لە کولتوری ئێمەدا زۆر ئاساییە. بەشێکی ئەو پارەیە بۆ جلوبەرگ و زێڕی بوک تەرخان دەکرێ. سەبارەت بەوەی کە تەمەنی کچەکە یاسایی نیە، دەڵێ "ئەوان بە رێککەوتن گەیشتون و بەگوێرەی یاساکانی ئیسلام ئەو رێککەوتنە ئەنجامدراوە."

دروست ساڵێک دواتر: ئێستا ئۆزلەم تەمەنی پانزە ساڵانەیە و مناڵێکی هەشت مانگانەی لە سک دایە. بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن مێردەکەیەوە ئەشکەنجە دراوە و کێشە کەوتۆتە نێوانیانەوە، لێک جیا بونەتەوە و ئۆزلەم لە ماڵی باوکیەتی. ئۆزلەم دەڵێ مێردەکەم بەشەق و زللە لێی دەدام.

موراد بەتاوانی دەستدڕێژی بۆ سەر مناڵ دادگایی دەکرێ، بەڵام لەهەمانکاتدا ئەویش سکاڵایەکی لەدادگا تۆمار کردوە. ئەو دۆسیەیە کە کەوتۆتە نێوان بەرداشی کەلتوری ئیسلامی و یاساکانی ئاڵمانیا، نها لەلایەن دادگای بنەماڵەیی لەئاڵمانیا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ و دادگا رایگەیاندوە بەزوترین کات بڕیار دەدات.

بەگوێرەی یاساکانی ئاڵمانیا، کچی ژێر تەمەنی 16 ساڵ تەنانەت ئەگەر بنەماڵەش رەزامەندی دابێ، قەدەغەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە