گۆڕانیزم

Saturday, 05/09/2009, 12:00

1774 بینراوە


گۆڕان ئەو تەوژمە بوو كە میللەتى كوردی كوردستانی باشور خەونی پێوە دەبینی هاتە دی، خەون بە ئۆپۆزسیۆن، بە بوونی گرووپێكی بوێرو كە بتوانێت بەرامبەر دوو حزبی گەندەڵی رێكخراوو سیستماتیك بووەستێتەوە، بتوانێت چاوی میللەت بكاتەوە كە دەنگ هەڵبڕێت، بتوانێت خەڵك فێری ناڕەزایی دەربڕین بكات و بە ئاشكراو نەترسەوە بڵێت نەخێر ئێوەمان ناوێت، ئێوە گەنەى چەستەى ئێمەن نەخێر هەزار جار نەخێر، ئەوەبوو خۆشبەختانە ئەو پاڵپشتییە جەماوەرییە درووست بوو، ئەویش (گۆڕان و گۆڕانیزمەكان) بوون.
لەبەر ئەوەى گۆڕان تەپڵی بە دوو حزب و سەركردەو بەرپرسەكانی لێدا، پێویست بۆ لەمەودوا بكرێت بە رێبازێك، رێبازی بوێریی بە ناوی (گۆڕانیزم) و فەلسەفەى تایبەت بە خۆی هەبێت كە پێناسەكەى بریتی بێت لەچاونەترسی و وەستانەوەو دروستكردنی میللەتێك كە هەمیشە ناڕازی بن و بڵێن نەخێر، بوێر بن بڵێن بەڵێ ئێوە بە ملیارەها دۆلاری ئێمە دەدزن، ئێوە چەندین دەزگاى سیخوڕیتان تەنها بۆ سیخوڕیكردن بەسەر میللەتەوە دروستكردووە نەك بە مەبەستی ئاسایشی نەتەوەیی،.. لەدونیاداو لەناو میللەتێكدا نەبووەو نییە حزب دروستكرابێت بەمەبەستی چەوساندنەوەو سیخوڕِیكردن بە سەر تاكەكانی كۆمەڵگەكەیەوە كەچی لەم كوردستانەى خۆماندا سەرەڕای ئەوەى تەواوى وڵاتانی دەوروبەر لەسەر ئاستی بەرژەوەندی باڵا مەترسین بۆ سەرمان، كەچی نموونەى وەكوو یەكێتی و پارتی بۆ ئەمڕۆ زۆر لەو وڵاتەنە مەترسیترو خەتەرناكترن، چونكە دوژمنی ناوخۆیی لەدوژمنی دوورە دەست فۆبیایەكی گەورەترە، بەكورتی سەد خۆزگە ئەو چوار فیشەكەشتان نەتەقاندبایە كە ئەمڕۆ لەسایەیدا دەمانچەوسێننەوە.
بودجەیەك كە خوێنی میللەتە لەتاریكیدا ئاودیو دەكرێت، رۆژانە تاكەكانی كۆمەڵگەیەك بەحزبی دەكرێن، چەندین دەزگاى داپڵۆسێنەر بۆ داپلِساندنی تاكی كورد دروستكراوە، نەزان و نەخوێندەوارو نائیدارى و موستەشار دەكرێت بە پەرلەمانتارو وەزیرو بەرپرس، وڵاتتان كردووە بە بەرهەمهێنی فەرمانبەرى مشەخۆر، خوێندكارو مامۆستاو دكتۆرو فەرمابەرتان كردووە بە كویلەو بەس، رەخنەو رەخنەگرتن و زمان هەڵهێنان كفرو قەدەغەیە، دەبێت لەمنداڵێكەوە بۆ گەورەیەك، لەتاكێكەوە بۆ تەواوى كومەڵگەى كوردی تەنهاو تەنها بۆیان هەیە بڵێن بەڵی وایە، راستدەكەن، ئێوە خاوەن حەقن، ئێوە نەبن ئێمە هیچ نین، بە هەموو شتێك و ناعەدالەتییەك بكێشن بە ملیانداو بڵێن (ئەشهەدوبیلا وایە)، 18 ساڵە بگرە پێشووتریش ئا ئەمە داهێنەرو بەرهەمی یەكێتی و پارتی بووە،... ئا ئەمە بوو بەرهەمی ئەو پێشمەرگایەتییەى كە كردتان؟؟؟؟؟؟؟؟؟!.
بەڵام خۆشبەختانە ئەمڕۆ دواى نیو سەدە چەوساندنەوەو بەكۆیلەكردنی میللەتی كورد، تەوژمێك لەدایك بوو كە فیڕیكردین چیتر بە جوڵاندنی هەست و سۆزو نمایشكردن و باسكردنی پرسە نەتەوەییەكان هەڵنەخەڵەتێین، چیتر فێر ببین بە بیرخستنەوەى بەعس و ئەنفال و شەهیدو پێشمەرگایەتی و رابوردوو، دەنگ نەدەین، بەڵێ گۆڕان وانەیەكی بیرنەچووەوەى هەتا هەتایی بوو كە لەمێشك و زهنی هەموو تاكێكی كوردا بوو بە دیارییەك كە هەمیشە لەبەرچاومان بێت، ئەو وانەیەی كە فێری كردین بڵێین نەخێر بۆ ئێوە بەڵێ بۆ ئەو لیستەى كە دەوێرێت بە هەموو شتێكدا هەڵگژێت، لێ ئەگەر ئەو تەوژمەی گۆڕان بتوانێت وەكوو منێكی زوڵملێكراو بدوێت و دەنگ هەڵبڕیت و لێرەوە دەست پێبكات بە چاودێریكردنی دەسەڵات، ئەوا گەورەترو بەربڵاوتر دەبێت لەسەر ئاستی جەماوەرى، بۆیە درۆ ناكەین گە بڵێین گۆڕان لەمێژووى میللەتی كورددا خۆی تۆماركرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە