شاری قەڵاو منارە دە با ئیتر بەس بێت دەستەڵاتی بنەماڵەیی

Friday, 11/03/2011, 12:00

2155 بینراوە




شاری قەشەنگ لە چواردەوری شاردا وە زێرابە بۆگەنەکانی نێو گەڕەکەکان،شاری بنیادنراو لە ئێستادا لە بینا بەرزەکانی پیاوە دەست ڕۆشتووەکانی حزب و لە خانوە وێرانەکانی هەژاران،شارێک پڕ لە دەوڵەمەندە حزبییەکان و لەوە زیاتر پڕاو پڕ لە خەڵکانی هەژارو عەربانە گێڕ،شارێکی داگیرکراو لەلایەن دەستەڵاتی بنەماڵەیی و پیاوە بچوکەکانیانەوە وە خەڵکێکی بێدەستەڵات تێیدا دەژی و ئەو دەستەڵاتە وەهای لێکردوون ئەو خەڵکە بەدبەختە ناوێرن زمانیش هەڵبهێنن.
ئەی شاری خۆڕاگر لەبەردەمی حزبی بەعسدا،ئەی شاری هۆلاکۆ بەزێن،ئەی شاری گەنجەکان لە ئێستادا،ئەی پیرە بەدبەختەکان،ڕۆشنبیران مامۆستایان خوێندکاران،ژنان پیاوان هەموو چین و توێژەکان،هەستنە سەرپێ پڕ بەخۆتان هاوار بکەن داوای مافەکانی خۆتان بکەن ڕێگە مەدەن سەرکوت بکرێن با کۆیلەو لاواز نەبن لە بەردەمی ئەو دەستەڵاتەی هەروەکو دەستەڵاتی بەعسە، مەیەڵن، مەیەڵن پارتی یاری بە هەستتان بکات، ئێوە گەلن وەک هەمیشە ووتومە هیچ هێزێک نییە لەبەردەم هێزی گەلدا خۆی ڕابگرێت،مردن یەکجارە هەموومان قەرزاری ئەو مردنەین من دڵنیام باوەڕتان بەوە هەیە کە مردن هات ناگەڕێتەوە،لە هەر شوێنێک بیت هەر کاتێک بێت کە وایە لێی مەترسن،ئێمە نامانەوێت بتان دەین بە کوشت ئێمە دەمانەوێت سەربەرزانە بژین،ژیانێکی ئازاد هەڵبژێرن،ژیانێکی خۆشترو جوانتر هەڵبژێرن.

ئەی شاری قەڵاو منارە ئێوە خۆتان لە خۆتان ناپرسن بۆ پارتی لە سلێمانی جێگەیان نابێتەوە،ئێوە نەتان پرسی ئەو هێزە زێرەڤانییەی پارتی هێنای بۆ سلێمانی بۆ نەیانتوانی خەڵک بترسێنن،ئێوە ئەزانن پارتی هێندە عەقڵێکی بچوکی هەیە وای دەزانی بەو هێزە سلێمانی سەرکوت دەکات؟!نا ئەوان لە خەوندا بوون نەیانزانی ئەو شارە هەرگیز ڕێگە نادەن داگیربکرێن لەلایەن هێزی حزبەوە هەرگیز نایەڵن هێچ کەسێک،هیچ حزبێک ،هیچ لایەنێک کۆیلەیان بکات ئەوان کۆیلایەتییان ڕەت کردۆتەوە.

ئەی شاری ناخ پاکەکان ئێمە لێتان تێدەگەین،بەڵام دەبێت توانای ئێوە گەورەتر بێت لە توانای حزب،ئێوەش دەستە خوشکی سلێمانین هیچتان کەمتر نییە لە هەموو ڕوویەکەوە لە سلێمانی،دەورنە سەرشەقامەکان بەهێمنی ئەگەر ئەوان هێندە بەهێزن با ئەو خەڵکە هەمووی بکوژن،دڵنیا بن ئەگەر بەجەماوەری بەڕێژەیەکی بەرچاو بێنە سەر‌شەقامەکان ناتوانن هیچ بکەن بەرامبەرتان،ئەگەر ئەم هەلە لە دەست بدەن هەرگیز ڕزگارتان نابێت لەو دەستەڵاتە.تکاتان لێدەکەین بێ ئومێدمان مەکەن،بێزاربووین لە چاوەڕوانی،داواش ئەکەم لە نوسەران و ڕۆشنبیرانی شاری هەولێر لە دەرەوە ئەوانەی کە بەتەمان بگەڕێنەوە نەڕۆن بۆ سلێمانی بۆ ووتاردان لە بەردەرکی سەرا ڕۆژانە دەیان ووتار لەوێ ئەخوێنرێتەوە،ووتاری ئێوە پێویست نییە لەوێ ووتاری ئێوە لە هەولێر پێویستە ئەگەر ئێوە ڕاستگۆن و دەتانەوێت گۆڕانکاری بکرێت ئەوا گەنجەکانی هەولێر پێویستی پێدانە دەبڕۆنەوە لە وێ پشتگیر و پاڵپشتیان بن،ئێ خۆ ئێوە هاوڵاتی ووڵاتێکی ئەوروپین لە چی ئەترسن؟
هێندە ماوە کە بڵێم هیوادارم چاوەڕوانییەکەمان لەمە زیاتر نەخایەنێت شاری هەولێریش بێنە مەیدان و داوای مافەکانی خۆیان بکەن،بەردەوام بن هەتا مافەکانیان بەدەست دەهێنن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە