کوردەکان لەبەرامبەر سێکسدا زیندان هەڵدەبژێرن

Friday, 10/07/2009, 12:00

3981 بینراوە


کاتێک بتەوێت باس لەنەهامەتییەکانی پەنابەرانی کورد بکەیت لەوڵاتانی ئەوروپا، بێگومان هەریەکەیان سەرگوزشتەیەکی جیاوازو تایبەت بەخۆی هەیە. من لێرەدا ئەوەی هەستی پێدەکەم‌و یەکێکە لەو هۆکارانەی چەندین کوردی راپێچی نێو زیندانکردووە، سەرچاوەکەی(سێکس)ە. هەریەکێک لەئێمە هەزاران کیلۆمەتری بەنێو سنورە ترسناک‌و بەمەرگ چێنراوەکاندا بڕیوە تا گەیشتووه‌تە ئەو شوێنەی مەبەستی بووە. کەچی بەهۆی هەڵەیەکی کاتیەوە لەپڕ دەکەوێتە زیندانەوە بۆ چەندین ساڵ.
كاوه‌ ره‌ش ـ به‌ریتانیا

کاتێک پۆلیسی مەدەنی لەشەوێکی سارددا، لەشەقامەکانی شاری نۆتینگهام، بەدوای کڕیارو فرۆشیارانی سێکسدا لەبۆسەدابوو، کوردێک کەوتە بۆسەکەیانەوە. پۆلیس دوای نیشاندانی ناسنامەکەی‌و خۆناساندنی، کچەکەیان لەئوتۆمبێلی کوردەکە هێنایەدەر، بەجیاکەوتنە پرسیارکردن لەکوڕەکوردەکەو کچە ئینگلیزەکە.. پۆلسێکیان کە ناوی(ئاندی کلۆس) بوو، لەکوردەکەی پرسی خەریکی چین بەم شەوە لەناو ئوتۆمبیله‌دا لەسەر ئەم شەقامە؟
ئەگەرچی بەر لەگرتنیان پۆلیس بەکامێرا چاودێری کردن تۆماری دەکرد، کە کوڕە کوردەکە چۆن لەو شەوە ساردەدا دەویست خۆی لەقەدو باڵای کچە قژ زەردو چاو شینە ئینگلیزەکە بئاڵینێت لەناو ئوتۆمبیله‌یکەدا بەرامبەر بەبڕێک پارە. سەرەتا کوردەکە نکۆڵی لەوەکرد کە لەبەرامبەر پارەدا لەگەڵ ئەو کچەدا بێت، بەڵام کاتێک پۆلیسەکەی تر پرسیاری لەکچە ئینگلیزەکە کرد کە لەبەرامبەر چەند رازیبوو سێکس لەگەڵ ئەو کوڕەدا بکەیت؟ بێ پێچ‌وپەنا گوتی: لەبەرامبەر 15پاوەندا، مامەڵەمانکردوە.
ئیدی پۆلیس لەکوردەکەی پرسی: راستیمان پێ بڵێ ئەگەر نا، ئەو پارەیەی لای کچەکەیە بەپەنجەمۆر دەتوانین بزانین هی تۆیە یان نا؟
بۆیە کوڕەکە دانی بەوەدا نا کە بۆ سێکسکردن لەگەڵ ئەو کچە، بڕی 15 پاوەندی داوە. کاتێک پۆلیس پرسی ئایا(کۆندۆم)تان بەکارهێناوە؟ وتیان: نەخێر.
پۆلیسەکە دووبارە پرسییەوە: ئایا ناترسن لەسێکسی سەرجادە تووشی نەخۆشی ترسناک ببن؟
کوردەکە کەوتە بەرگری‌و پاساو هێنانەوە بەوەی کە بەناچارییەکی زۆر پەنای بۆ ئێرە هیناوە. تەنهایەو ناتوانێت ژن بهێنێت‌و هاوڕێی کچییشی نیە، بۆیه‌ پەنای بۆ سیکسی سەرجادە بردووە.
ئەوە بەسەرهاتی کوردێکە کە من لەو بەرنامەیەدا بینیم کە زۆربەی شەوان لە کاتژمێر 1ی شەو لەکەناڵی (itv)ی به‌ریتانیاوە بەناوی (night watch crime) پێشکەش دەکرێت. هەندێک لەوانەی کە جاربەجار دەکەونە بۆسەی پۆلیسی مەدەنیەوە کوردن. لەبه‌ریتانیادا گەر تۆ ئارەزوو بکەیت دەتوانی خۆت بکەیت بەیانەیەکی تایبەت بەسێکس، کە لەژێر چاودێری تەندروستیدایە. بەڵام بۆت نیە لەسەر شەقامەکان بەدوایدا بگەڕێیت. سێکسی سەرشەقامەکان جگە لەوەی دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەو گواستنەوەی نەخۆشی ترسناک لەلایەک، لەلایەکی ترەوە سزای یاسایشی بەداوەیە، بۆیە بەتایبەت شەوان پۆلیسی مەدەنی چاودێری ئەو شوێنانە دەکات کە گومانی ئەو کەسانەی لێدەکرێت ئەو کارەی لێبکەن.
ئەگەرچی لەوڵاتێکی وەک به‌ریتانیادا، بەیاسا سێکس کردن چ لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر یاخود هاوڕەگەزی خۆت ئازادە. جگە لەوانەی لەخوار تەمەنی هەژدە ساڵییەوەن، کە یاسا سزای زۆر قورسی بۆ داناون. ئه‌مڕۆ دەیان کورد، بەهۆی نەبوونی هوشیاری یاسایی، دەربارەی یاسای وڵاتانی ئەوروپاو بەهۆی بوونی پەیوەندی لەگەڵ کچانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ، کەوتوونەتە نێو زیندانەکانی ئەوروپاوە، لەنێویشیاندا به‌ریتانیا ژمارەیەکی بەرز لەخۆدەگرێت. ئەو کەسانەی کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ئەو هەرزەکارانەشدا دەکەن بەووشەیەکی ناشیرین بانگ دەکرێن، کەبەئینگلیزی پێیدەگوترێ (peadophilese).
بالێرەدا بەکورتی چەند هۆکارێک بخەینەڕوو، کە بوونەتە هۆی چونە نێوزیندانی ئەو کوردانە: یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکان، زۆر بەزووی‌و ئاسان رازی بوونی ئەو کچە هەرزەکارانەیە بۆ گەنجە تەمەن سەرو هەژدە ساڵەکان. ئەوه‌ش بەهۆی کڕینی جگەرەو خواردنەوە کحولیەکان بۆیان، چونکە لەبه‌ریتانیادا، ئەگەر لەخوار تەمەنی هەژدە ساڵیەوەبیت، بەهیچ شێوەیەک مەشروب‌و جگەرەت پێنافرۆشن. بۆیە لەرێگای ئه‌وانه‌ی له‌ سەروو تەمەنی خۆیانەوەن بەدەستیده‌هێنن. دواتر رەنگە هەر خۆشیان سکاڵات لەلای پۆلیس لێبکەن یان لەلایەن کەس‌و کاریانەوە بەگرتبدرێیت. چونکە ئەوانە تەمەنی یاساییان تێنەپەراندووە کەسوکاریان مافی ئەوەی هەیە بداته‌ بەدادگا.
یەکێکی تر لە نەگبەتییەکانی کوردە پەنابەرەکان ئەوەیە، کە زۆرێکیان مافی پەنابەرییەکەی رەتکراوەتەوە. بەمەش ناتوانێت کەسێک بهێنێتە نێو ژیانی هاوسەری خۆیەوە، بەتایبەت کە هاوزمانی خۆتبێت‌و لەوڵاتەکەی خۆت بتەویت. بۆیە بەناچارییەکی زۆر پەنا بۆ لای ئەو هەرزەکارانە دەبەن، کاتێکێکیش بەئاگا دێنەوە لەزینداندان. سزای زیندانی کردنەکەشی هاوشێوەی سزای کوشتنە ئەگەر کەمتر نەبێت. دواتریس دیپۆرت کردنەوەیه‌ بۆ ئەو وڵاتەی لێیەوە هاتووە.
وەنەبێ بەتەنها نەبوونی مافی پەنابەری هۆکارێک بێت بۆ تووشبوون بەو هەڵەیە، بەڵکو هۆیەکی تر، ترس لەکولتورو دابونەریتی جیاوازە. زۆرێک لەوانەشی مافی پەنابەرییان هەیە، ترسی لەوە هەیە ئەگەر بێتو ژیانی هاوسەری لەگەڵ کچە کوردێک پێکبهێنێت ناتوانێت قبوڵی ئەو هەموو کرانەوەیه‌ی ئێرە بکات، لەو مافانەی ژنانی ئێرە هەیانە بۆ ژنە کوردەکەی قبوڵ بکات. لەراستیشدا لێرە بڕیارەکان دەکەونە دەست ژنەکانەوەو یاسا زیاتر لەبەررژەوەندی ئەواندایە. بۆیە هەر ئەوەش تا ئێستا، بۆتە هۆی روودانی چەندین کارەساتی دڵتەزێن لەنێو خێزانە کورده‌ پەنابەرەکانی ئەوروپادا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە