ماڵ وحاڵەکەی کاوەو شیرین

Monday, 16/12/2013, 12:00

1687 بینراوە







 (ئێمە دەبێ بپرسین ئەو خەڵکەی کە قەت چۆکی بۆ ئەو هەموو زوڵمەی بەعس دانەدا، بۆچی وا ئێستا زەلیل و بێدەسەڵاتە لەبەردەم ئەم دەسەڵاتە مرۆڤ کوژو کێویانەدا؟ کە وەك مەڕی قوربانی هەر ڕۆژەی بەبەرچاویانەوە ئازاترین و بوێرترینیان لێ سەردەبڕێ؟)
 

هەر ئەو کاتەی کاوە، وەکو هەژارو بوێرترین مرۆڤ، ئەو دەنگە تۆمارکراوەی مە‌حە سەنگاوی بڵاو کردوەو، خستیە بەردەم وژدان و هۆشی هەموولایەك، هەر ئەو کاتە دەبوایە ئەم نارەزایەتی دەربڕین وخۆپیشاندانو چالاکیانە وەکو ئێستا سەرتاسەری دنیای بگرتایەتەوە، بۆ ئەوەی کاوە هەستی نەکردبایە کە لەو کارە گەورەیەیدا چەن تەنیاو بێکەسە. کاوە زۆر بەوردی، باشترین بەڵگەی پیشانی دۆست ودوژمنانی میلەت دا. تەنانەت خزمەتێکی گەورەی بەو مرۆڤە هەڵخەڵەتاوانەش کرد کە خزمەتکارو کۆیلەی دەسەڵاتن، بەڵام ئەفسوسسسس، کەس ئەوەندە بەهەند وەری نەگەرت. نە یەکێتی تۆزێک شەرم گرتی و مەحە سەنگاوی دورخستەوە، نە مەحەش ئەوەندە هەستی بە ئابڕوچوون کرد کە یەکپارچە ڕووی خۆی رەش کات (نەك تەنها سمێڵی) و خۆی بەیەك جاری لە دنیای سیاسەت دووربخاتەوە. نە ئەو خەڵکەش کە کاوە خۆی بۆ بەکوشت دان هیچیان کرد. بەڵکو هەر ئەوکاتە میلەت بەو جنێو وهەرەشانەی مەحە سەنگاوی راستەوخۆ، هەر بەزیندوی مەرگی کاوەی قبوڵکرد، بەڵام ناراستەوخۆ بەڵێنیان بە کاوەدا کە لەپاش مەرگی گەورەترین کامپینی جیهانی بۆ بەڕێبخەن.

ئەوە بۆ ئێمە واین؟ هاتا خوێن نەبینین ناجوڵێن، ئەقڵمان بەهیچا ناشکێت؟ بۆچی دەسەڵاتیش، کە رەنگدانەوەی ئاستی هۆشیاری ئێمەیە، هەموو گرفتەکانی ناو کۆمەڵگا بە هەرەشەوخوێن حەل دەکات؟ ئەوە نییە هەتا ئێستا زۆر بەباشی بۆی چووتەسەر؟ سۆرانێك دەکۆژێ، یەك دوو مانگ هاتوهاوارو کامپینو خۆپیشاندان، دوایش هەموو کەفوکۆڵێك دادەمرکێتەوە، هەموولایەك دەچنەوە سەرماڵوحاڵو کاری خۆیان، ئەنجا سەردەشتێك، دوای ئەوە کاوەیەك.. هەمان بەزمورەزم دووبارە و سێ بارەو چواربارەو... هتد.

کاوە گیان.. لێم ببورە ئەگەر بڵێم ئەو خەڵکە بە رۆشنبیرو خەڵکی سادەوە قەت شایەنی ئەوە نەبوون کە تۆ ئاوا لە خۆت بکەی بۆیان. تۆ دەتتوانی قەڵەمەت یان (بێدەنگی) بەپارەیەکی باش بفرۆشیتەوە، کە بە مەمنونیەوە دەسەڵات لێیان دەکڕیت. ئەنجا دەتوانی بە ترۆمبێلو خانوی باشەوە لە تەلەفزۆنەکانەوە، بەقاتو بۆینباغی رەنگاورەنگەوە قسەی زلی نیشتمان پەروەی بفرۆشیتەوە. خۆ تۆ نمونەی مەرگی سەردەشت لەبەردەستا بوو، کە جاڕی مەرگی خۆی بۆ هەموولایەک بەیان کرد، گەلیش هەموو هەڵوێست و توڕە بوونێکی خۆی تەئجیل کرد بۆ دوای مردنی.

چەن مەرگی ئەم دوو مرۆڤە بوێرو خۆنەویستە (سەردەشت وکاوە) لەیەک دەچوو؟ چەن جیاواز بوو لە مەرگی هەر ئازادی خوازێکی تر؟ ئەم دوو مەرۆڤە گەورەیە بەر لە مردن، لەمەرگی خۆیان ئاگاداریان کردینەوە، بەڵام بەداخەوە.. ئەم میلەتە زۆری ماوە..ئەڵێی دەرزی بەنجی لێدراوە، ناتوانێ وازوو دەرك بە کارەساتی پشتی هەرەشەیەك بکات، بۆیە نە یەکسەر هەڵوێست وەردەگرێت نە قەتیش پێی شۆك دەبێت، چاوەرێ دەکات هەتا دەقەومێ.

ئێمە دەبێ بپرسین ئەم خەڵکەی کە قەت ‌قەت چۆکی بۆ ئەو هەموو زوڵموسەتەمەی بەعس دانەدا، بۆچی وا ئێستا زەلیلو داماو بێدەسەڵاتە لەبەردەم ئەم دەسەڵاتە مرۆڤ کوژو کێویانەدا؟ کە وەك مەڕی قوربانی هەر ڕۆژەی بەبەرچاویانەوە ئازاترین و بوێرترینیان لێ سەردەبڕێ؟

دەبێ خەڵکی بگەڕێنەوە، بە هەمان نەفەسی سەردەمی بەعس بەرانگاری ئەم مرۆڤە کێویو ترسنۆکانە ببنەوە. چونکە بچوکترین نەرمی نواندەن لە ژێرناوی زروفی ناسك و حکومەتی خۆمانەو، کورد بوون وئەوشتانە، دەبێ هەموو رۆژێ چاوەڕوانی لەمە خراپتر بکەین. کاتی ئەوە هاتوە کە خەڵك بگەڕێتەوە بۆ هەمان نەفەسی ئەو ڕقو بێزەی کە لە مرۆڤێکی بەعسی هەی بوو، کە چۆن بەشێوەیەکی گشتی لەناو کۆمەڵگادا کەسی بەعسی و پیاوی بەعس بە سوك سەیر دەکراو، خەڵکی تا بۆی دەکرا دژایەتی دەکردن. هەندێکیان هەتا ئەمڕوش کە ناویان دێت، خەڵکی وەکو پەڵەیەکی رەش ئاماژا بۆ بەعسی بوونیان دەکات. دەبێ بەهەمان نەفەسەوە خەڵکی بگەرێنەوەو، ئەندام بوون لەم حیزبانەدا ئاوا سەیربکەن. لەگەڵ بینینیان، ئۆتۆماتیکییەن خۆێنی بەناهەق رەژاوی مرۆڤە ئازادیخوازە راستەقینەکانیان بیر بکەوێتەوە، تا ئاستێك کە تەواو هەستی پێ بکرێت لەناو کۆمەڵگادا. بەراستی ئەم دەسەڵاتانە بۆیە وا بۆیان چووەتەسەر چونکە زۆر لێزانانە کوردایەتی و خەبات ومەبات و کوردبوونیان تێکەڵی هەموو شتێ کردوە. هەموو رۆژێکیش لە راگەیاندنەکانیانەوە لەگەڵ یادگاریە تاڵەکانی بەعسدا دەمانژێنن، وەکو ئەوەی ئێستا سەردەمێکی نوێ بێت لە ژیانی خەڵكدا و، قۆناغی بەعس بەتەواوی بەسەرچوو بێت!

موزایەدە کردنی ئەم دەسڵاتە یەک لەدوای یەکانە بەسەر قوربانیەکانیانەوە. ئەوەندەی تر سەری لەو خەڵکە شێواندوە. کاتێ کە پارتی و یەکێتی خەڵکی ئازادی خواز دەگرن ودەکوژن، تاوان بەرامبەر بە خەڵکی ئەنجام دەدەن. پاشماوەی بەعسیەکان دەڵێن جا سەردەمی بەعس عەیبی چی بوو؟ یان چی لە وەزعەکە گۆڕاوە؟ هەر نەبێ بەعس بە حکومەت ئەچوو، تا رادەیەك نیزام هەبوو، ئێراق بۆ نمونە خاوەنی باشترین سیستەمی تەندروستی بەلاش بوو لە هەموو عالەمدا، یان کەی گەندەڵی وەکو ئێستا تا سەرئێسقانی کۆمەڵگا ڕۆشتبوو؟ ئەنجا کاتێ پارتی تاوانێکی گەورە بەرامبەر گەنجێکی ئازادیخواز ئەنجام دەدا، یەکێتی نانو پیازی پێوە دەخواو، خۆی لێئەبێ بەئازادیخوازو داکۆکیکەر لە مافی دەربڕین. کاتێکیش لەژێر قەڵمڕەوی یەکێتی دا تاوانێکی وەکو کوشتنی کاوە گەرمیانی دەقەومێ، پارتی دەچێتە سەرهەمان سفرەو دەستئەکات بەنانوپیاز خواردن و موزایەدە کردن پێوەی!! خەڵکێکی زۆریش، ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر سەرقاڵە بەم بەراودکارییانەوە. تا ئێستاش بۆی ساغ نەبوەتەوە کە ئەم بەراودکاریە چەن زیانی گەورەی لە وشیاربوونەوەی ئەو خەڵکە داوە. رۆژك پێیوایە کە ئەوە لەهەموو شتێ گرنگ ترە کە حکومەتەکە لە خۆمانە! یان ئەتونین بەزمانی خۆمان قسەبکەین، یان..! دەبێ ئیتر ئەو خەڵکە دەرگا لەو بەراوردکاریانە بۆ هەتا هەتایە دابخات. بە یەك چاوو سەیری ئەم دەسەڵاتە یەك لە دوای یەکانە بکات. ئەگەر لە هەنگاوی یەکەم دا ئەمە نەکەین ئەوە بە دڵنیایەوە دەبێ چاوەڕوانی چارەنوسێکی زۆر لە ئەمڕۆ خراپتر بکەین.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە